لە ئەنتاکیاوە بۆ کۆنتێنەرەکان؛ گەشتی ژنێک بە دوای پارێزراوی

نەعیمە دەدە هاوشێوەی هەزاران ژنی دیکە، لە بارودۆخێکی سەختدا لە کۆنتێنەرەکاندایە، دوای سێ ساڵ لە کارەساتی بوومەلەرزەکە، بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و سەختی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیان و کارکردنەوە دەناڵێنێت.

بنەفش ستێرک

 

هاتای- سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ بەسەر بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی هاتای و مەرەش، کاردانەوەی کارەساتەکە بەردەوامە و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژیانی ژنان هەیە، زۆرێک لەوانە کە هێشتا لە کۆنتەینەرەکاندا دەژین، ڕەتکردنەوەی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە ژیان لەم بارودۆخە سەختەدا دەردەبڕن.

 

بوومەلەرزەکە هەموو شتێکی گۆڕی، ژنانیش باجەکەی دەدەن.

نەعیمە دەدە وردەکارییە بە ئازارەکانی گەشتەکەی دەگێڕێتەوە دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە ڕووی لە ئنیکا کرد، ڕاستەوخۆ دوای کارەساتەکە، پەنای بۆ ماڵی خێزانەکەی برد، کە پەناگەیەکی کاتی لە باخچەکەدا دانرابوو، وتی: ئەو شەوەمان لەگەڵ نزیکەی ٣٥ کەسی دیکە لە پەناگەکەدا بەسەر برد، تا بەیانیەکەی دیکە، هەروەها نزیکەی ساڵێک لەناو چادرەکاندا ژیاین، ژیان زۆر سەخت بوو، لە زستاندا باران هەموو شتێکی بە لافاو دەبرد، هەروەها بەشی ئەوەمان نەبوو کە کەلوپەلەکانمان بپارێزین، لەسەر هەر هاوکارییەک کە دەستمان دەکەوی دەژیان، چونکە کەس نەیدەتوانی لە ماڵەکەی خۆیدا میوانداریمان بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژیان لەناو چادرەکاندا پڕ بوو لە ئاڵەنگاری، دوای ساڵێک لە چوومە ناو کۆنتێنەرەکان، بەڵام ژینگەیەکی ژیانی تەندروست نین، هێشتا لێرە دەژیم چونکە توانای کرێم نییە،  دەوترێت خانووەکەم زیانێکی کەمی بەرکەوتووە و لە ئێستادا چاکدەکرێتەوە، بەڵام دەبێت لەم شوێنانەدا بمێنمەوە تاوەکو چاککردنەوەکان تەواو دەبن.

 

ئاماژەی بەو ئاستەنگە بەرچاوانە کرد، کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە بە بەراورد بە شوێنەکانە نەرتیەکانی تر، وتی: لە هاویندا پلەی گەرمی ناو کۆنتێنەرەکان بە شێوەیەکی بەرگە نەگیراو بەرز دەبێتەوە و ناتوانیت بە تەندروست کار بکەیت، کڕیارەکان ناتوانن دابنیشن چونکە گەرمە، ئەمەش وایکردووە شوێنەکە بۆ کارکردن نەگونجێت، هەر بۆیە ناچار بووم ئامێرێکی سارد کەرەوەی کۆن بکڕم و خۆم دایبمەزرێنم.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە زستاندا ئەگەر ژوورەکە بە باشی قەپات نەکرێت، ئاو دزە دەکاتە ژوورەوە و کەشی ناوەوەی وەک ئەوە وایە لە هەوای کراوەدا بژیت،  ئەم بارودۆخانە وا دەکات بەردەوامبوون لە کارکردین ڕۆژانە ببێتە ئاڵەنگاری.

 

نەعیمە دەدە، وتی: پچڕانی بەردەوامی کارەبا و ئاو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کارەکەی و ژیانی ڕۆژانەی هەیە، ئەم کێشەیە بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم بەردەوامبوونی لە پیشەکەیدا، هەروەها ئەم پچڕانانە کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانمان هەیە، هەندێکجار کاتێک دەمانەوێت ئاوی گشتی بەکاردەهێنین تەنها قوڕ دێتە دەرەوە، ئەمەش وا دەکات تەنانەت بۆ خواردنەوەش بەکارنەهێنرێت، ناچار دەبین بە بەکارهێنانی ئاوی پلاستیکی یان کوڵاو خواردن ئامادە بکەین، چونکە ئاوی گشتی چیتر پارێزراوی نییە بۆ بەکارهێنان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بارودۆخە سەختانە ناچارمان دەکەن بەدوای چارەسەری جێگرەوەدا بگەڕێین، بەڵام هەمیشە بەردەست نین یان بەس نین، ئەمەش ژیان و کارکردن قورستر دەکات.

 

"ژیان لەناو کۆنتێنەردا ڕاستیەکی تاڵە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە"

نەعیمە دەدە ئاماژەی بەوەدا، کە کارەکانی زۆر پەیوەستە بە بەردەستبوونی کارەبا و ئاو، هەروەها پچڕانی بەردەوامی کارەبا ڕاستەوخۆ کارەکانی لەکار دەخات، وتی: بیهێنە بەرچاوت کڕیارێک دێتە ژوورەوە، هەر کە دەستم کرد بە ڕێکخستنی قژی یان پێشکەشکردنی هەر خزمەتگوزارییەک، لەناکاو کارەبا دەکوژێتەوە، هەوڵدەدەم تا دەتوانم کارەکانم ڕێکبخەم، بەڵام زۆرجار ناتوانم خزمەتگوزارییەکە تەواو بکەم، بۆیە کڕیارەکان دەبێت بچێتە دەرەوە بەبێ ئەوەی ئەو شتە بەدەستبهێنن کە بۆی هاتوون، چونکە هیچ جێگرەوەیەکم نییە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ کارەبا دەژین، هەندێکجاریش لە دوو بۆ پێنج کاتژمێرەوە، لە هەندێک ناوچەدا پچڕانەکە دەتوانێت ڕۆژێکی تەواو یان زیاتر بخایەنێت، شوێن هەیە چەند ڕۆژێک کارەبای نیشتیمانی نییە، ڕەنگە بۆ ماوەی هەفتەیەکی تەواو ئاو ببڕدرێت، بۆ نموونە لە ناوچەیەکی نزیک کۆنتێنەرەکە، لە ڕاستیدا دانیشتووانەکەیان هەفتەیەکی تەواو بەبێ کارەبا و ئاو مانەوە.

 

نەعیمە دەدە لە ژوورێکی پێش دروستکراودا دەژی کە لە ٢١ مەتر چوارگۆشە گەورەتر نییە ئەو بارودۆخی ژیان بە ماندووکردن و ناتەندروست پێناسە دەکات، بەتایبەت بۆ منداڵەکەی، وتی: ئەمە ژینگەیەکی گونجاو نییە بۆ ژیان، نە بۆ من و نە بۆ منداڵەکەم، دۆخی ئێستا زۆر سەختە، باوەڕم پێ بکەن، زۆر کەس لێرە لە هەمان بارودۆخدا دەژین، هیچ شتێک وەک خۆیان نییە کە دەڵێن، لە کاتێکدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە شتەکان باشتر بوون، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ شتێک بۆ باشتر نەگۆڕاوە، هاوڵاتیان ماندوو بوون و بەزەحمەت دەتوانن بوەستن، تەنانەت داواکارییەکانمان بەشێکیشیان جێبەجێ نەکراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی نیشتەجێکردنی حکومی "تۆکی"، لەڕێگەی کارگێڕی گەشەپێدانی نیشتەجێکردنی تورکیاوە خانووی دابینکردووە، بەڵام بەچاوی خۆمان بینیمان کە چۆن ئەو ماڵانە بە باران لافاویان گرتووە، ئاو لە هەموو شوێنێک دزە دەکات و هەموو ئەوانەی لەوێ بوون تووشی هەمان سەختی بوون، تەنانەت ئەوانەی ئەو ماڵانەیان وەرگرتووە لە دۆخێکی باشتردا نەبوون،  ئەوانیش ڕووبەڕووی سەختییەکی بەرچاو بوونەتەوە.

 

هەروەها ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ منداڵەکەی، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی شوێنی یاریکردنی دیاریکراو، وتی: بەداخەوە منداڵەکەم ناتوانێت بە ئازادی یاری بکات، هیچ گۆڕەپانێکی یاریکردن یان پارکێک نییە بتوانێت بچێتە ئەوێ، لە هەموو شوێنێک تۆز و دوکەڵ و قوڕ هەیە، هەروەها شوێنێکی پارێزراو و پاک و خاوێن نییە بۆ ئەوەی ڕابکات یان بگەڕێت، هەندێک کەس باس لە پێویستی دوورخستنەوەی منداڵان لە مۆبایل و ئامێرەکان دەکەن، بەڵام ئەو ڕاستییە پشتگوێ دەخەن کە منداڵ سەرەتا پێویستی بە شوێنێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی ماڵەوە یاری بکات، بەداخەوە یەکێکیان نییە و ئەمەش وا دەکات منداڵەکە هەست بە بێزاری بکات و نەزانێت چۆن کاتەکانی بەسەر ببات.

 

نەعیمە دەدە، لە درێژەی قسەکانیدا، باس لە بارودۆخی ژیان و کارکردنی دەکات، وتی: من لەگەڵ هاوژین و کوڕەکەم لە کۆنتێنەری تەنیشت شوێنی کارەکەمدا دەژیم،  شوێنێکی بچووک و حەوشەی هاوشێوەمان دروستکرد، ئەم شوێنەش پێشتر خانووی کۆنی خێزانەکەم بوو، بەڵام لە بوومەلەرزەکەدا ڕووخا، لەبەر ئەمەش بوو کە کۆنتێنەرەکە لێرە دروستکرا، ئێستا هەموومان لەم شوێنە سنووردارەدا دەژین و بەهۆی پاڵپشتیی هەندێک ڕێکخراوی خێرخوازی، توانیمانە کۆنتێنەرەکە بپارێزین سەرەڕای بارودۆخە سەختەکە لێرە بژین.

 

"هیچ هیوایەک بۆ گۆڕانکاری نییە ئەگەر شتەکان وەک خۆیان بەردەوام بن"

نەعیمە دەدە بەهۆی هەڵکەوتەی لە ناوچەیەکی کارەساتبار کە خزمەتگوزاری سەرەتایی تێدا نییە، ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو دەبێتەوە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییە پێویستەکان بۆ کارەکەی، وتی: ئێمە لە ناوچەیەکی دوور لە بوومەلەرزە دەژین و ناتوانین بە ئاسانی دەستمان بەو شتانە بگات کە پێویستمانە، بازاڕەکان دوورن، ئامێرە سەرەتاییەکانیش بەردەست نین، بەبێ گواستنەوە، هاتووچۆکردن دەبێتە شتێکی زۆر سەخت، هەندێکجار دەمەوێت شتێکی سادە بکڕم، بەڵام ناتوانم چونکە گەیشتن بەو شوێنە پێویستی بە هەوڵێکی زۆرە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گەورەترین ئاڵەنگاری ئێمە بەدەستهێنانی جلوبەرگ و پێداویستییە، هەندێک ڕۆژ، دەبێت هەموو ڕێگاکە گەشت بکەین بۆ ئەسکەندەرون بۆ ئەوەی ئەو شتانە بکڕین کە پێویستمانە، چونکە ئەم شتانە لێرە بەردەست نین، ئەگەریش هەبن، نرخەکانیان لەڕادەبەدەر بەرزە، تێدەگەم کە خاوەن دوکانەکان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبنەوە، بەڵام نرخەکان بوونەتە هۆی بێزاری وتوڕەی، هەندێک جار بە خۆم دەڵێم گەشتێک دەکەم بۆ دەرەوەی شار بۆ ئەوەی ئەو شتانە بکڕم کە پێویستم پێیانە و دواتر دەگەڕێمەوە، هەست دەکەم ئەرکێکی درێژە، نەک تەنها گەشتێکی سادەی بازاڕکردن.

 

ئەو بە تۆنێکی خەمناک کۆتایی بە وتارەکەی هێنا کە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیە سەختەیە کە زۆرێک لە ناوچەکەی خۆیدا تووشی دەبن، وتی: بەداخەوە چیتر هیوایەکی زۆرم بۆ داهاتوو نییە، ڕاستە هەمیشە وتمان، ئێمە گەشبینین یان هیوادارم شتەکان باشتر بن، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێموانییە شتەکان بگۆڕدرێن تەنانەت لە ١٠ ساڵی داهاتووشدا، پاشان بانگەوازێکی جوڵاوی بۆ ژنان، بەتایبەتی ژنانی گەنج کرد، وتی: داوا لە هەموو ژنێک، هەموو ژنێکی گەنج دەکەم، هەستن و لەسەر دوو پێی خۆیان بوەستن، هەوڵبدەن شتێک بکەن، گرنگ نییە چەندە بچووک بێت، ناتوانین لە ماڵەکانماندا قەتیس بمێنینەوە یان چاوەڕێی هاوکاری کەسانی دیکە بین، دەبێت بجوڵێین، دەبێت دەست پێبکەین، دەبێت بیسەلمێنین کە توانای گۆڕانکاریمان هەیە.