لە نێوان فشارە ئەمنی و ئابوورییەکاندا، ژنانی بامیان بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ درێژەدان بە کارەکانیان

لە سێبەری ئەو سنووردارکردنانەی کە بزووتنەوەی تاڵیبان سەپاندوویەتی و بووەتە هۆی کەمکردنەوەی هەلی کار بۆ ژنان لە ئەفغانستان، ژنانی بامیان هەوڵ دەدەن پەنا بەرنە بەر هەندێک کاری دەستی بۆ دابینکردنی داهاتێکی سەربەخۆ و بەشداریکردن لە خەرجییەکانی خێزانەکانیان

بەهاران لەهیب

بامیان ـ دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و توندکردنی سنووردارکردنەکان لەسەر کاری ژنان، هەندێک لە ژنانی ئەفغانستان پەنایان بردووەتە بەر کارە دەستییەکان بۆ دابینکردنی خەرجیی خێزانەکانیان و پاراستنی سەربەخۆیی ئابوورییان، پیشەسازیی فەرش، چنین، دوورمان، دروستکردنی خشڵ و کەرەستەی پێستی، ئامادەکردنی خۆراکی ماڵەوە، لەو چالاکییانەن کە ژنان لە ماڵەکان و وۆرکشۆپە بچووکەکاندا ئەنجامی دەدەن.

 

بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و قەیرانی ئابووری وای کردووە کارە دەستییەکان ببێتە یەکێک لەو کەمترین ڕێگە بەردەستکراوانە بۆ زۆرێک لە ژنان بۆ پەیداکردنی داهات، هەروەها هەندێک لە دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هاوکاری دەکەن لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە ڕێگەی ڕێکخستنی خولی ڕاهێنان و پێشانگا و دروستکردنی بازاڕی ئەلیکترۆنی.

 

گرنگی ئەم چالاکییانە تەنها بۆ دابینکردنی داهات نییە، بەڵکو دەرفەت بۆ ژنان دەڕەخسێنێت کە شارەزایییە نەریتییەکانیان بپارێزن و ئامادەییان هەبێت لە ژیانی ئابووریدا، لەگەڵ ئەوەشدا، کەمی بازاڕی گونجاو، کەمی کەرەستەی سەرەتایی، کێشە دارایییەکان، ئەو سنووردارکردنانەی لەسەر هاتووچۆ و بەشداریکردن لە پێشانگاکان هەیە، لە دیارترین ئەو ئاستەنگانەن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

 

 

لە بامیان، ئاژانسەکەمان چاوی کەوت بە بەسیرە حەیدەری، کە یەکێکە لە دانیشتووانی ناوچەی "مەلا غلام" لە ناوەندی بامیان، بە شارەزایی و وردبینییەوە کار لەسەر دروستکردنی جلوبەرگ دەکات، دیزاینی جلوبەرگی ژنانە دەکات کە تازە لە بازاڕەکانی ئەفغانستاندا باو بووە و بە دیزاینێکی جوان جێبەجێیان دەکات، وتی: کار لە بواری دوورماندا دەکەم، بە تایبەتی لە بەشی چنین و نەخشی دەستی لەسەر جلوبەرگ، نزیکەی سێ ساڵە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکەم، پێش ئەوەش بۆ ماوەی دوو ساڵ لە هەمان بواردا ڕاهێنانم دەکرد.

 

ّ"پێویستە ژنان هەرگیز کۆڵ نەدەن"

دەربارەی چۆنیەتی بڕیاردانی بۆ دەستپێکردنی کار لەم بوارەدا، باسی چیرۆکێکی بۆ کردین کە هانی دا بۆ ئەو کارە، وتی: بۆنەیەکی ئاهەنگی هاوسەرگیریی یەکێک لە خزمەکانم هەبوو، دیزاینێکی کراسمان لە ئینتەرنێت دەستکەوت، هەرچەندە لە زۆر شوێن گەڕاین، بەڵام لە بازاڕدا دەستمان نەکەوت، کەسێک ئامۆژگاری کردم بچمە شوێنێک کە ئەو جۆرە چنینانە دەکەن، بەڵام بڕێکی زۆر پارەیان داوا کرد، زۆر قورس بوو بۆمان تێچووی شەش پارچە جل دابین بکەین.

 

وتێشی : لەو کاتەدا دوورمانم دەزانی، بەڵام بە سنوورداری، خوشکە گەورەکەم ئامۆژگاری کردم، لەبەر ئەوەی هەندێک شارەزاییم هەبوو، بچمە ئەو شوێنە و لەوێ کار بکەم، تێچووی جلەکان لە ڕێگەی فێربوونی پیشەکەوە بدەم، ئەم شتە، لەگەڵ هاندانی خوشکەکەم، پاڵنەر بوو بۆ بەردەوامبوونم، تا ئەمڕۆ گەیشتمە ئەوەی کە ئێستا لەم بوارەدا هەم

 

بە لەبەرچاوگرتنی چالاکیی ژمارەیەکی زۆری ژنانی پیشەگەر لە بامیان، باس لەوە دەکرێت، کە هەندێکیان پشتگیریی دامەزراوەکانیان بەدەستهێناوە، بەڵام بەسیرە حەیدەری ئەو پشتگیرییەی بەدەست نەهێناوە، وتی: بەداخەوە، هیچ دامەزراوەیەک لەم بوارەدا هاوکاری نەکردوم، تا ئەمڕۆ کارەکەم بەو سەرمایەیەی کە خۆم هەمبوو بەردەوام کردووە، بە هاوکاریی خێزانەکەم، لە بەرامبەردا چالاکیی ژنان لە بامیان بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی "دەستەی فەرمان بە چاکە و نەێهشتنی لە خراپە"، کە ڕۆژانە سەردانی شوێنی کاری ژنان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە حیجابەوە، هەرورها سکاڵا لەو سەردانە دووبارانەی ئەندامانی دەستەکە دەکات، ”ئەوان هەمیشە بەبێ مۆڵەت دەچنە شوێنی کارەکەیەوە بەبێ داپیرە

 

بەسیرە حەیدەری لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ژنانی ئەفغانستان سەرەڕای هەلومەرجی سەخت پابەندن بە بەردەوامی و خەباتکردن، وررلدتێان: “ئافرەت نابێت هەرگیز واز نەهێنێت، دەبێت تەنانەت لە بچوکترین کارەوە دەست پێبکات، تا بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت و خەرجی کەسی یان پێویستییەکانیان چیتر وابەستەی مێرد یان باوکیان نەبێت، هەروەها دەبێت ببنە یارمەتیدەرێک لە ئابووری خێزانیشدا، بەتایبەتی لەم هەلومەرجەدا.