کافیە ئەحمەد بە دەرزی و دەزوو کولتووری ڕەسەن دەپارێزێت
کاتێک ویست و ئیرادە کۆسپەکان دەبەزێنن، تەمەن و ئاستی خوێندن نابنە ڕێگر لەبەردەم سەرکەوتندا. کافیە ئەحمەد، ژنە کۆڵنەدەرەکەی شاری کۆیە، نموونەیەکی زیندووی ئەو ژنانەیە کە نەک هەر ڕادەستی بارودۆخی سەختی ژیان نەبوو، توانی خۆی لە بواری دروومان بدۆزێتەوە.
شلێرکۆیی
کۆیە- زۆرن ئەو ژنانەی بەربەستەکانی ئازارو تاڵی ژیان دەبڕن، دەبنە بەهێزترین ژن و کار بۆ کۆمەڵگەو ژنانی دیکە دەکەن، کافیە ئەحمەد لە کۆیە دوای ساڵانێک لەناو بارودۆخی ناهەموواردا بووەتە پارێزەری کولتووری رەسەن و بە ئیرادەوە کار دەکات.
کافیە ئەحمەد لەساڵى ١٩٧٦ لەشارى کۆیە لەدایک بووە، هەرچەندە زۆر زیرەک بووە بەڵام بەهۆى بارودۆخەوە تەنیا شەشى سەرەتایی تەواو دەکات، بەڵام ئەوە واینەکردووە کافیە بێ ئیش دابنیشێت، بەهرەى خۆى دۆزیوەتەوە لەکارى درومان و دیزاینى جلوبەرگى کوردى ودرووستکردنى ئێکسسواراتى تایبەت بە جلى کوردى، ئاژانسەکەمان بەگرنگى زانى ئەوتوانایانە دەربخات تا ببێتە هاندەر بۆ ژنانى دیکە و هەریەکەو وەک کافیە بەهرەکانى خۆیان بدۆزنەوەو کاربکەن، ببنە خاوەن داهاتى خۆیان وخزمەت بە بوارێک بکەن.
"یەکەم مامۆستام دایکم بوو"
کافیە ئەحمەد لەبارەى دەستپێکردنى بەکارەکەى وتى: لە منداڵیەوە حەزم لە کارى دەستى ودروومان بوو دایکم بەرەحمەت بێت لەژیان نەماوە، ئامێری دروومانى هەبوو منیش لەگەڵ ئەو جارجار شتم دەدوورى دایکیشم هاوکارم بووم بۆیە یەکەم مامۆستا وفێرکارى من لە دروومان دایکم بوو پاشان ئەو حەزو خولیا زۆرەى هەمبوو هاندەرم بوو، سەرەتا تەنیا لەماڵەوە ئیشم دەکرد لەگەڵ کارى ماڵم ومنداڵ بەخێوکردن، تا ١٥ پانزە ساڵان کارى دیزاین ودروومانم دەکرد، بەڵام ئاواتم ئەوەبوو کە خۆم دوکانێکم هەبێت چونکە لەناوماڵ ئیش هەندێک ئەستەم ترە بۆیە ئەوئاواتەم هاتە دى ئەوە چوار ساڵە ئەو دوکانەم هەرلەنزیک ماڵەکەم دانا تا ئاگام لە ماڵ ومنداڵیش بێت وئیشەکەش بکەم هەرچەندە ئیستا منداڵەکانم لە زانکۆن.
کافیە ئەحمەد وتیشی: رۆژانە خواخوامە خێرا بێمە دوکانەکەم چونکە ئیشەکەم ودوکانەکەم بەشێکە لەژیانم زۆرم خۆشدەوێن,دڵم پێى دەکرێتەوە کە ئەو کڵاو جلوبەرگانەى دیزاینیان بۆدەکەم بەشداریان پێدەکەم لە پیشانگاکان، کەرەستەکانى من دروستیان دەکەم لە کڵاو سەڵتەو کۆڵوانە لەسەر شێوازى کۆن و ڕەسەنى کوردین بۆیە داواکاریان زۆرە لەسەرە.
"زۆر کەس هەوڵی ساردکردنەوەیان دەدام بەڵام بەردەوام بووم"
باسی لەوەشکرد کە هەرکەسەو خوا بەهرەیەکى پێ بەخشیوەو پێویستە بیدۆزێتەوە لەخۆىداو ئیشى لەسەربکات و چاوى لەدەستى کەس نەبێت، وتی: من خۆم کەدەستم پێکرد زۆرکەس ساردى دەکردمەوە دەیانوت بۆچیتە و پێویستت نیەی بۆ خۆت ماندوو دەکەى بەڵام هیوایەتى خۆم بوو سەلیقەو تواناى دەێت و من زۆر دڵم پێى خۆشە کە شتێک دەدوورم دەستخۆشیم لێدەکەن زۆر دڵم پێى خۆشە، هەوڵمداوە هەموو کات لەگەڵ ژنەکان ئارام بم وشتەکان لەکاتى خۆى تەواو بکەم، پابەندى کاتى تەواو بوونى شتەکان بم، هەرگیز ناهێڵم مشتەرى بێت جلەکەى نەدوورابێت و من بێ بەڵێن دەرچم.
کافیە ئەحمەد وتیشی: کار کردن شورەیی نییە بەڵکو شانازیەو نابێت ژن چاوى لەدەستى باوک و براو دایکى یان هاوژینی بێت، پێویستە ژن خۆشى هەوڵبدات، چونکە بەوە کەسایەتیەک بۆخۆت دروست دەکەىت وهەست بە بوونى خۆت دەکەىت، خۆت دەسەلمێنى کەتۆ هەىت و توانایەکت هەیە، ئیش زۆر خۆشە رۆژانە خەڵک دەبینم و گفتوگۆدەکەین بیروبۆجوونەکان تێکەڵ دەکەین، هاوکات ژنى کەش چاوت لێدەکەن، زۆر ژن هەبوون هاتوون وتویانە فێرم بکە، بەشانازیەوە بێ بەرامبەر من فێرم کردوون، هەرچەندە هیوایەتم پەرستارى بووە ئەگەر بمخوێندایە دەبوومە پەرستار چونکە زۆرم حەزلێبوو بەڵام بارودۆخەکە بۆم نەگونجا خوێندن تەواو بکەم.
"خەڵک گەڕاوەتەوە سەر شێوازە ڕەسەنەکەی کولتوور"
سەبارەت بە جلى کوردى کافیە شارەزایەکى باشى هەیە لە شێوازى دوورینى جلوبەرگى کوردى وتی: من تا ئیستاش تەنیا لە سەر شێوازى کۆن دروومان دەکەم، لە ئیستادا خەڵکیش گەراوەتەوە سەر شێوازە ڕەسەنەکەى کولتوورى کوردى چونکە بەم دوایانە جلوبەرگى کوردى زۆر شێواندرابوو، بەڵام هەر جلى خۆمان و شێوازە کۆنەکەم پێجوانە، لەگەڵ جلەکان و دیزاینى ئێکسسواراتیان بۆ دروست دەکەم لە سەر داواى مشتەریەکان خواستى خۆیان،ئەوانیش زۆر دەستخۆشی دەکەن بەوەش من ماندوو بوونم بیر دەچتەوە کە هەرچەندە دروومان ماندوو بوونە، شان وپیل ومل لاقت هەمووى هیلاکە، بەڵام کە کارێکى جوان پێشکەش دەکەىت هەموویت بیردەچێتەوە، بۆیە لەکۆتایی دا داواکارام ژنان هەوڵدەن خوابەهرەى داوەتە هەموو کەسێک دەبێت بیدۆزنەوە کارى لەسەر بکەن هەرچاویان لە دامەزراندن نەبێت.