هاوکاری ئەڤین... لە بەرهەمهێنانەوە بۆ بونیادنانی کەشی تەبایی و بەهێزکردنی ژنان
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە هاوکاری ژنانی ئەڤین لە شاری وان لە باکووری کوردستان وەک کەشێک بۆ ئەوەی ژنان لە دەوری بەرهەمهێنان و هاودەنگی و کاری بەکۆمەڵ کۆببنەوە، هەوڵی پاراستنی میراسی ناوخۆیی دەدات.
مەمیهان هلبین زەیدان
وان- لە بەرامبەر هەوڵەکانی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ژنان لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، دەستپێشخەرییەکانی ژنان دەگۆڕدرێن بۆ کەشی بەهێزکردنی ژنان بۆ ئەوەی بەرهەمدار بن و بەشداری لە بڕیاردان بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، هاوکاری ژنانی ئەڤین لە شاری وان لە باکوری کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەردەوام کاردەکات، نموونەیەکی بەرجەستە پێشکەش دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ئابووری و ئەو فشارانەی بەسەر ژناندا سەپێنراون، هەروەها بۆ بونیادنانی شێوازێکی ژیانی بەکۆمەڵ لەسەر بنەمای هاودەنگی و بەرهەمهێنانی هاوبەش.
شەهریبان ئادساز، دەرچووی دیزاینی جلوبەرگ و نزیکەی سێ ساڵە وەک ڕاهێنەر و بەرهەمهێنەر لە هاوکاریەکەدا کاردەکات، پێی وایە هاوکاریەکە زیاترە لە تەنها کەشێکی کارکردن یان نموونەیەکی ئابووری.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە لە هاوبەشییەکە لە دوو بواردا کاردەکەین کە بریتین لە بونیادنان و بەرهەمهێنانی خۆراک، وت: بەشداریکردنم لە هاوکارییەکەدا، پێش هەموو شتێک، لە ژنبوونمەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو توندوتیژی و فشار و دیکتاتۆرییانەی کە لەلایەن بیرکردنەوەی پیاوسالارییەوە لەناو کۆمەڵگەدا بەسەر ژناندا سەپێنراون، هەوڵەکان بۆ بەردەوامکردنی وێنەی ژن وەک ”ئەڵقەی لاوازتر”، وای لێکردم بەدوای کەشێکدا بگەڕێم کە بتوانم بەرەنگاری ئەم ڕاستیە و ڕووبەڕووی ببمەوە.
ڕوونیکردەوە، بەدرێژایی ساڵان بەشداری لە چالاکیی و دەستپێشخەرییەکاندا کردووە کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان و بەهێزکردنیان لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، لە ڕێگەی ئەم گەشتەوە پەیوەندی بە گاوکاری ژنانی ئەڤینەوە کرد، وتی: ئێستا نزیکەی سێ ساڵە لەناو هاوکاریەکەدا کاردەکەم، سەرەتا بە لەبەرچاوگرتنی پسپۆڕی و دەرچوونم لە بەشی دیزاینی جلوبەرگ، ڕۆڵی ڕاهێنان و بەرهەمهێنانم لە بواری قوماشدا وەرگرت ئەمڕۆ وەک ئەندامێکی کارا بەشداری لە هاوکاریەکەدا دەکەم.
فراوانکردنی مەودای کۆمەڵەکە
شەهریبان ئادساز ڕوونیشیکردەوە، هاوکاریەکە تەنها بە حەوت ژن دەستیپێکرد، پێش ئەوەی وردە وردە فراوانتر ببێت و ٢٠ ژن لەخۆبگرێت، وتی: بەهێزکردنی ژنان بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانی تواناکانیان یەکێکە لە ئامانجە گرنگەکانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکارییەکەمان تەنها نموونەیەک نییە بۆ کارکردن و درووستکردنی داهات، بەڵکو کەشی ڕاستەقینەیە بۆ هاودەنگی، لێرەدا ژنان پاڵپشتی یەکتر دەکەن و پێکەوە بەرهەمدەهێنن و بەکۆمەڵ بڕیار دەدەن، هەوڵدەدەین بەشداری ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا زیاد بکەین و کەشێکی ئازادتر و یەکسانتر و دیموکراتیتر دروستبکەین، لەسەر ئەو بنەماینەی کە مافی ژنان دەپارێزن بۆ ئەوەی چالاک و کاریگەر بن لە کۆمەڵگەکانیاندا.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوکاریەکە بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی دامەزراوەیی و چەسپاندنی پێگەی خۆی، شەهریبان ئادساز ئاماژەی بەوەدا، چەندین پڕۆژە هەن کە ئامانجیان پەرەپێدانی پێگەی هاوکارییەکەیە، هەروەها پێشنیاز و پڕۆژەی پێویستیان ئاراستەی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.
ڕوونیکردەوە، دوای پێشکەشکردنی پڕۆژەکانمان، وەڵامی ئەرێنیمان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەرگرت، پلانمان هەیە بە زووترین کات جێبەجێیان بکەین، دڵنیام لەڕێگەی کاری هاوبەش لەگەڵ ژنان و بە بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە، دەتوانین بگەینە ئامانجەکانمان و بەدیهێنانی ئاواتەکانمان.
بەرهەمەکانی هەڵگری نیشانەی ژنان و پاراستنی میراس
سەبارەت بە بەرھەمھێنانی هاوکاریەکە، وتی: ئێمە بە بەرھەمھێنانی جلوبەرگی ئامادەکراو دەستمان پێکرد، بەڵام ئەمڕۆ زیاتر سەرنجمان لەسەر جلوبەرگی نەریتین، ھەوڵدەدەین بۆ پاراستن و زیندووکردنەوەی میراسی کولتووریمان لەڕێگەی کار و بەرھەمھێنانەوە، ھەروەھا تەکنەلۆژیا و شێوازە نوێیەکان ڕێگەمان پێدەدەن پەرە بە تواناکانی ژنان بدەین و تواناکانیان لەکارە دەستییەکان بەرزبکەینەوە، لە ھەمووی گرنگتر ئەم کارە سەرچاوەیەکی داهاتیان بۆ دابین دەکات و بەشدارە لەبەھێزکردنی ئەوان سەربەخۆیی و متمانە بەخۆبوون ئەو ژنانەی لێرە لەگەڵ ئێمە کاردەکەن نەک تەنها داهاتێکی دارایی بەدەستدەهێنن، بەڵکو هەستی بەهێزکردن و متمانەی خۆیان بەدەستدەهێنن چونکە درک بەوە دەکەن کە بەشداربووی چالاکن لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا و توانای دروستکردنی شتێکیان هەیە بە دەستی خۆیان.
سەرەڕای ئەو بەرهەمە جیاوازانەی کە هاوبەشییەکە بەرهەمی دەهێنێت، ژنان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری سەرەکی دەبنەوە، وەک کەناڵە سنووردارەکانی بازاڕکردن و فرۆشتن، شەهریبان ئادساز ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستاش هیچ شوێنێکی دیاریکراو بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان نەماوە، ئەمەش هاوکاریەکەی ناچارکردووە بۆ فرۆشتنی کەلوپەلەکانیان پشت بە دامەزراوە و ڕێکخراوە جیاوازەکان ببەستێت، هەروەها بەشداری پێشانگە و بۆنە و ئاهەنگەکان دەکەن، کۆشک دادەنێن بۆ ناساندنی بەرهەمی ژنان و گەیشتن بە بەکاربەران.
ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی ئابووری ئێستا پرۆسەی بەرهەمهێنان و بازاڕکردن خراپتر دەکات، قەیرانی ئابووری کە کاریگەری لەسەر کەرتە جیاجیاکانیش هەیە، کاریگەری لەسەر ئێمەش هەیە، جارجارە لە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانمان و دەستەبەرکردنی شوێنەکانی فرۆشتندا تووشی ئاستەنگی دەبینەوە، بۆیە پێویستمان بە پاڵپشتی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە و بەردەوامبوون لە کارکردن.
لە کۆتاییدا وتی: بە تێپەڕبوونی کات توانیومانە کەشێکی خێزانیی لە نێوانماندا دروست بکەین، ئەم شوێنەش بووەتە کەشێک کە ژنان کۆدەکاتەوە و بەهێز و پشتیوانیان دەکات، من باوەڕم وایە کاتێک ژن باوەڕی بە تواناکانی هەیە و ئەو کەشە دەدۆزێتەوە کە توانای کارکردن و بەرهەمهێنانی پێبدات، دەتوانێت زۆر شت بەدەستبهێنێت، هیچ شتێک نییە ژنان ئارەزووی نەکەن و نەتوانن بەدەستی بهێنن ئەگەر هەلومەرج و ئیرادە و کەشی گونجاویان پێ بدرێت، ئامانجی ئەمڕۆمان ئەوەیە کە بگەینە ژنانی زیاتر، دەرگای هاوکاریەکە بەڕوویاندا بکەینەوە، بەردەوام بین لە کارکردن بۆ فراوانکردنی ئەم ئەزموونە و پتەوکردنی هاودەنگی لەنێوان ژناندا.