گەمارۆدان چالاکییە ئابوورییەکان لاواز دەکات و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر خێزانەکان دەبێت
دەستەی ئابووری ژنان لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی شاری حەلەبی سووریا کاردەکات بۆ دابینکردنی بودجە و بەرهەمهێنانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان و ئاڵەنگاری ڕاستی گەمارۆدانەکە.
سیرین محەمەد
حەلەب-لیژنەی ئابووری ژنان لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی شاری حەلەبی سووریا، بەدواداچوون بۆ پڕۆژە ئابوورییەکانی خۆی کرد، پرۆژەی خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنانی دامەزراند بۆ خێراترکردنی تێکەڵبوونی کاریگەرانەی ژنان لەگەڵ هێزی کاری ئابووریدا.
کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن چەکدارانی هەتەشەوە بەسەر گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی شاری حەلەبدا سەپێندرا، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خێزانەکان هەیە، ئەم گەمارۆیە کە نزیکەی سێ مانگی خایاندووە، بووەتە هۆی کەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکو سووتەمەنی گازۆیل و ئارد، ئەمەش وایکردووە نانەواخانەکان لە کار بکەون لە نێوان دۆخێکی نالەباری کارەبادا.
دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە لە نێو پلەکانی گەرمای ڕادەبەدەر نزمدا، بە تایبەت لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا، لە مافی گازێۆیل بێبەشن، منداڵان، ژنان، بەتەمەنەکان و نەخۆشەکان بەدەست سەرماوە دەناڵێنن، ئەمەش نەخۆشییەکانیان زیاتر دەکات، لەکاتێکدا خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی بەهۆی کەمی پێداویستییە پزیشکییەکان و چارەسەرکردن بەرەو خراپبوون دەچن.
"گەورەترین پشکی قازانج بۆ ژنانی کرێکار دەڕوات"
یاسمین نەجار، ئەندامی لیژنەی ئابووری ژنان لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی بەسەر هەردوو گەڕەکەکەدا سەپێندراوە، پڕۆژەکانیان کاریگەری نەرێنییان لەسەر بووە، وتی: ئەو بازگانەی لەلایەن حکومەتی کاتییەوە دانراون ڕێگری دەکەن لە هاتنە ناوەوەی کەلوپەلی پێویستی پێویست بۆ دوکانەکان، ئەمە جگە لە کەمی کەرەستەی کشتوکاڵی، کە زیان بە پڕۆژەی کشتوکاڵی لیژنەکە دەگەیەنێت و ژیانی ئاسایی لەکار دەخات.
کاری لیژنەکە کە ئامانجی بەدەستهێنانی خۆبژێوی ئابوورییە بۆ ژنان و پاڵپشتیکردنیان بۆ ئەوەی بتوانن کاربکەن و کەسایەتییەکی بەهێز و ئیرادەی سەربەخۆیان پەرەپێبدەن و ڕۆڵ و پێگە و دەنگێکی کارایان لە کۆمەڵگەدا هەبێت.
سیستەمی کار وەک ڕوونیکردەوە، لەسەر بنەمای بەرز نرخاندنی هەوڵی کرێکاران دامەزراوە بە دابەشکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە قازانجی پڕۆژەکە بەسەریاندا، کە لیژنەکە تەنها ٢٥٪ وەردەگرێت.
یاسمین نەجار ڕوونیکردەوە کە هەموو ئەوانەی لە بەڕێوەبردنی پرۆژە کاردەکەن ژنن و لەم ڕوانگەیەشەوە لیژنەکە هەوڵ دەدات بۆ دامەزراندنی پڕۆژە، تەنانەت بچووکیش، گرنگ بۆ لیژنەی ئابووری ژنان ئەوەیە کە ژنان سوودمەند بن و گەشە بکەن، وتی: ژن توانای بەڕێوەبردنی ماڵ و پەروەردەکردنی منداڵیان هەیە، هەروەها توانای بەڕێوەبردن و ڕێکخستنیان هەیە.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان، خوێندکارانی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، بەهۆی نەبوونی گاز ئۆیل لە پۆلەکانیاندا بەدەست سەرما و نەخۆشیەوە دەناڵێنن.
بۆیە ژنانی ئەو گەڕەکانە دەنگیان بەرز دەکەنەوە و ڕەتکردنەوەی خۆیان بەرامبەر بە پراکتیزەکانی حکومەتی کاتی دژ بە دانیشتووان دەردەبڕن، خوازیاری کۆتایی هێنان بەم ئامانجکردنەن.
پڕۆژەکانی لیژنەی ئابووری ژنان
یاسمین نەجاڕ ڕوونیشیکردەوە، دوایین پڕۆژەی لیژنەکە بریتی بوو لە چاندنی سیر، بەڵام بەهۆی گەمارۆدان و کەمی پێداویستییە کشتوکاڵییە پێویستەکان، پڕۆژەکە شکستی هێنا، پێش ئەوە لیژنەکە وەبەرهێنانیان لە کێڵگەیەک لە ناوچەی شەقیف کردووە، کە لەلایەن ژنێک و هاوژینەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت، لیژنەکە ئاودێری و پێداویستی و هەموو شتێکی دیکەی پێویستی بۆ زەوی و بەروبوومەکان دابینکرد، بەردەوامیش لە چاودێریکردنی پڕۆژەکە، جگە لەوەش لیژنەکە لەم دواییانەدا دوکانێکی لە گەڕەکی ئەشرەفیە کردۆتەوە کە دایکی منداڵێک بەڕێوەی دەبات، کاتێک گەمارۆکە لەلایەن حکومەتی کاتیەوە بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا سەپێندرا، زیانێکی بەرچاوی بەر دوکانەکە کەوت، یاسمین نەجار وتی: ئەو ژنە نەیتوانیوە کاڵا بهێنێتەوە، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر هەردوو لا هەبووە.
لە کۆتاییدا یاسمین نەجار، ئەندامی لیژنەی ئابووری ژنان لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود داوای کرد ئەو گەمارۆیە هەڵبگیرێت کە بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا سەپێنراوە، ئەو هێرش و پێشێلکاریانەی کە لەلایەن چەکدارانی هەتەشەوە ئەنجام دەدرێن، بە پلەی یەکەم بژێوی هاوڵاتیان دەکەنە ئامانج.