سەرەڕای سامانی نەوت، هەژاری و نائومێدی لە عێراق زیادیکردووە

عێراق سەرچاوەیەکی بەهێزی نەوتە، بەڵام خەڵکەکەی لەپێناو ژیانێکی شایستە خەبات دەکەن، شارەزایانی ئابووری پێیانوایە کێشەی عێراق پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی خراپ و دابەشکردنی نادادپەروەرانە هەیە، کە ڕێژەی هەژاری بۆ ٪٢٥ زیاد کردووە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- بەگوێرەی سەرچاوەکانی بانکی عێراق، یەک لەسەر سێی دانیشتوانی عێراق لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، سەرەڕای ئەوەی یەدەگی دارایی بە ١٠٠ ملیار دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراقدا مەزەندە دەکرێت، کە گەورەترین یەدەگە لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکە.

 

شارەزایانی ئابووری و دارایی پێیانوایە، کێشەی عێراق پەیوەندی بە سامانەکەیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی خراپ و دابەشکردنی نادادپەروەرانە هەیە، کە وایکردووە دانیشتوانەکەی خەبات لەپێناو بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە بکەن.

 

لە ئەمساڵدا بانکی ناوەندی ڕایگەیاندووە کە یەدەگی نەختینەی ٩٩ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی بێهاوتایە لە ساڵی ١٩٦٠ەوە، بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانان، ڕێژەی هەژاری لە وڵاتدا بۆ ٪٢٥ بەرزبووەتەوە، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩  نزیکەی سێ لە سەد زیادیکردووە.

 

عەبدولزەهرا ئەلهنداوی، وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند، دوایین داتای ڕێژەی هەژاری لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٪٢٢.٥ بووە، پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

 

هەژاری لە عێراق لە بەرزبوونەوە دایە

بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە پاشهاتەکانی پەتای کۆرۆنا لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ و ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوتەوە هاتە ئاراوە، هەرچەندە حکومەت چەند ڕێوشوێنێکی گرتەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی کەسانی کەمدەرامەت و هەژاران، وەک بەرزکردنەوەی مووچەی ئەو کەسانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە و باشترکردنی سیستمی کارتی بەشەخۆراک کە خۆراکی سەرەتایی بۆ خێزانە عێراقییەکان دابین دەکات، بەڵام هاوکارییەکان هێندە کەمبوون کە تەنانەت پێویستی سەرەتای خێزانەکانیشی پڕ نەکردەوە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەکانی وەزارەت، زیاتر لە دە ملیۆن کەسی هەژار لە وڵاتەکەدا هەن و کۆی ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٤٢ ملیۆن کەس بووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢، خالد بەتل ئەلنەجم، وەزیری پێشووی پلاندانان ڕایگەیاندووە، کاردانەوەکانی دوای پەتای کۆرۆنا هۆکارێکی سەرەکی بووە، کە ژمارەی هەژارانی عێراقی زیادکردووە و گەیشتووەتە ١١.٤ ملیۆن کەس، هەروەها ڕێژەی هەژاریش بۆ ٪٣١.٧ بەرزبووەتەوە، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ کە ڕێژەکەی ٪٢٠ بووە.

 

پێشبینییە نوێیەکان ئاماژەیان بەو هەرێم و قایمقامیەتانە نەکردووە کە زۆرترین ڕێژەی هەژارییان تێدایە، داتاکانی پێشوو دەریانخستووە، نیوەی دانیشتوانی پارێزگاکانی باشووری، دیوانیە، زیقار، میسان لە ئاستی هەژاریدا بوون و ڕێژەکە لە پارێزگاکانی باکوور و ڕۆژئاوا نزیکەی ٪١٠ بووە.

 

شارەزایانی دارایی پێشبینیان کردووە، هەڵاوسانی ئابووری لە ئەنجامی بەردەوامی گۆڕانی نرخی دراو، دۆخی سەختی خێزانە کەمداهاتەکان زیاتر دەکات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، هەروەها زۆرجار ڕێژەی بەرزی هەژاری پەیوەست دەکرێت بە نەبوونی هەلی کار و گرانیی تێچووی ژیان و بەرزبوونەوەی نرخی موڵک و ماڵ و موڵک، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە خێزانە کەمدەرامەتەکان لە زەوییە کشتوکاڵی و دەوڵەتییەکان بژین.

 

شارەزایان مەزەندە دەکەن، عێراق پێویستی بە زیاتر لە دوو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ هەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی نیشتەجێبوون کە بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان دروست دەکات، لیژنەی وەبەرهێنانی پەرلەمان دەڵێت چارەسەر لە دروستکردنی کۆمەڵگەی گەورەی نیشتەجێبوون دایە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتووان لەو ناوچانەی کە یەکەیەکی نیشتەجێبوونیان نییە.

 

پارێزگای بەسرە ناوەندی بەرهەمهێنانی نەوتە بەڵام هاوڵاتیانی بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنن

پارێزگای بەسرە نزیکەی ٪٧٠ نەوتی خاو لە عێراق بەرهەم دەهێنێت، کە لە دوای سعودیە دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاکە بە تایبەتی بەهۆی زۆرێک لەو کێشانەی کە عێراق پیایدا تێدەپەڕێت، هێشتا هەوڵی چاکبوونەوە دەدات لە ساڵانێک شەڕ و دەمارگیری دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣.

 

بە پێی ئامارە فەرمییەکان بێکاری لە بەسرە ٪٢٠ بۆ ٢٥ی خەڵکی گرتووەتەوە و کاریگەری لەسەر نزیکەی ٪٣٠ی گەنجانی بەسرە کردووە، ئەمەش بەراورد دەکرێت بە ڕێژەی نیشتمانی کە ٪١٣.٧یە، بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی.

 

پارێزگای بەسرە و چوار ملیۆن دانیشتووانەکەی، بەردەوام گرفتیان هەیە لە دابینکردنی ئاو و کارەبا، تا دەگاتە ڕێگاوبانەکان و پیسبوونی ژەهراوی کەشوهەوا، کە بەهۆی دەرهێنانی هایدرۆکاربۆنەکانەوە دروست دەبێت، هەندێک وەبەرهێنان کراوە، وەک یاریگایەکی نوێ کە لە قۆناغی دروستکردن دایە و پاڵەوانێتی تۆپی پێی جامی کەنداوی ساڵی ٢٠٢٣ی تیادا بەڕێوەبرا.

 

لە ساڵی ٢٠٢١ بودجەی عێراق نزیکەی ١٣٠ ترلیۆن دیناری عێراقی بوو کە دەکاتە ٨٩ ملیار دۆلار، بەڵام بۆ بەسرە کەمترە لە یەک ترلیۆن، کە ڕەنگە لەسەدا ٠.٧ی کۆی بودجە بێت، لەکاتێکدا زیاتر لە ١٠٨ تریلیۆن داهات لە بەسرەوە دێت.

 

بەسرە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٨دا جێگای ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان بوو، ئەمەش پێشەنگێک بوو بۆ ناڕەزایەتییە نزیکەکانی سەرتاسەری وڵات، کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ەوە وڵاتەکەی هەژاند، توڕەیی لە بەسرە سەریهەڵدا لەسەر گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.