ژنان لە کێڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە کرێیەکی کەم کاردەکەن

ژنانی کرێکار لەناو کێڵگەکاندا ڕەنج و زەحمەتییەکی زۆر دەکێشن، بەڵام بە گشتی لە بەرهەمهێناندا ناخرێنە بەرچاو، سەرەڕای کرێ کەمەکەیان بژێوی ژیانی خێزانەکانیان دابیندەکەن و هیچ بیمە و دڵنیاییەکی تەندروستیشیان نییە.

سروە ئەحمەدی

 

کرماشان- ژنانی کرێکار کە لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن، لە ڕەنجکێشاندا پشکێکی گەورەیان هەیە بەڵام بە گشتی نەبینراون لە بەرهەمهێناندا، ئەو ژنانەی کە بە شێوەی وەرزیی کار دەکەن بەبێ بەرامبەر لەسەر زەوی و زاری خۆیان یان بە بڕێک پارەی زۆر کەم لەسەر زەوی کەسانی تر.

 

بەگشتی وه‌ك به‌شه‌كانی دیكه‌ی کار، ئه‌وانیش سەلامەتی كار، بیمه‌ و خانه‌نشینییان نییه‌ و له‌ پرۆسه‌یه‌كی كاره‌ساتباردا ده‌كرێت بوترێت تا مردن یان كه‌مئه‌ندامی ناچار ده‌كرێت كار بكه‌ن، جا چ لە کێڵگەکانی گیلان و مازەندەران بێت، یان لە باخەکانی پارێزگاکانی ڕۆژئاوا وەک ورمێ، کوردستان، ئیلام، کرماشان، یاخود کارکردن لەسەر زەوییە وشکەکان وەک دروێنەکردنی نۆک.


         


        

 سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە، لەم ساڵانەدا وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بارانبارین کاریگەری لەسەر  کشتوکاڵ دروستکردووە، هاوکات لەگەڵ وەرزی دروێنەی هاوین لە شارەکانی ئیلام، پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان، بوونی ژنان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان دەبینرێت، کە جگە لە ڕۆڵی دایکایەتی، ناچارن کاری قورس و ماندووکەر بکەن کە بەگشتی لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێت، لەم حاڵەتانەدا پیاوان هاوبەشی ژنانن لە دروێنەکردندا، بەڵام ئەوان خاوەنی کێڵگەکانن، چونکە ژنان زیاتر کار دەکەن و هەندێکجاریش پارەیەکی کەمتر وەردەگرن لە چاو پیاوان.

 

خاوەن کێڵگەکان زیاتر ئامادەن کرێکاری ژن دابمەزرێنن، ئەو ژنانەی خۆیان سەرپەرشتیارن و ئەوانەی دۆخێکی خراپی ئابووریان هەیە لە کۆمەڵگە کە باری قورسی بەرپرسیارێتی خێزانی بە ماندووبوونیان هەڵدەگرن.

 

ژن وێناکردنی ناسکی و ڕەنگینییە، کە ئارامیی دەروونی دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ماڵ هەبێت، بەڵام لەم شارانەدا کە بە گشتی بێبەشن لە مافەکانیان و دەرفەتی کارکردنیان سنووردارە، بەتایبەتی بۆ ژنان خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی کەم دەستەبەربووە بۆیان و بیمەیان نییە، ژنانی گەنج و ژنانی تری تەمەن مامناوەند کە توانای کارکردنیان هەیە لە وەرزەکاندا کار دەکەن، نە پاشەکەوتیان هەیە و نە لە هیچ شوێنێکەوە پشتگیریان هەیە، ڕۆژانەش زیاتر لە ١٠ کاتژمێر سەرەڕای ماندووبوون لە ژێر خۆری سووتێنەردا یان لە بەرامبەر سەرمای دڕندانەی زستاندا بە کرێیەکی کەم کار دەکەن.


         


        

میلۆس هەرچەندە هاوسەرگیری نەکردووە، بەڵام دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی لە ئەستۆ دایە و بەرپرسیارێتی دایک و باوکی و کاری ماڵەوە لە ئەستۆ دەگرێت، دەڵێت لە پێنجی بەیانییەوە تا ئێوارە دەست بە کارکردن دەکات، لەگەڵ ژنانی دیکەی گوندەکە، ناچارن بچنە کێڵگە و باخەکانی شارەکانی دەوروبەر بۆ دروێنەکردنی فاسۆلیا سەوز و تەماتە و بیبەر و بامیە و پاقلە و خەیاری چینی لە سەرما و گەرمادا.

 

میلۆس ڕۆژانە لە ژێر گەرمای خۆردا کاردەکات لەشی ژێر جلەکانیدا سوتاووە و دەڵێت: "تەمەنم ٣٨ ساڵە و لە گەنجیدا پیر بووم و ئیتر خەونم نییە، گەرما بۆ من زۆر بە ئازارە و هەموو پێستی دەست و دەموچاوم سووتاوە"، شوێنی مەبەستی میلۆس و کرێکارانی تری وەرزی بە شێوەیەکی سەرەکی بریتین لە سەرپیل زەهاب، گیلغەرب، ئیسلام ئاباد، غەرب شەباد، ئیلام، سەحنە، کامیاران، سەلاس باباجانی، قەسرشیرین، دینور.


         


        

ئێران تەمەنی ٦٠ ساڵە و دەڵێت: من خێزانەکەم بەڕێوەدەبەم و هاوژینەکەم کۆچی دوایی کردووە، ئیشکردن لەسەر زەوی خەڵک کاری بەردەوامی منە، هەر شار و گوندێک بیەوێت کاری تێدا بکرێت دەچم بۆئەوێ ئیتر گرنگ نییە لە کوێیە.

 

نەزەر، ژنێکی دیکەیە و دەڵێت تەمەنی ٥٣ ساڵە، ماوەی سێ ساڵە کار دەکات، هاوژینەکەی بێکارە و هەندێک جار لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ سەر زەوی، خاوەنی سێ منداڵن و کچەکەی خوێندکارە، نەزەریش نیگەرانە لە داهاتووی. ئەو بژێوی خێزانەکە دابین دەکات و بە ئاهێکی قووڵەوە گلەیی دەکات کە پیر بووە.