ماوەی سێ مانگە مووچە نییە و حکومەت خۆی لێ بێدەنگ کردووە
ململانێکانی ناوان پەدەکە و حکومەتی ناوەندی عێراق بووەتە هۆکاری ڕاگرتنی پێدانی مووچە و مامۆستایەکیش دەڵێت: ئەمە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێ متمانەبوونی دەسەڵاتە لەلایەن هاوڵاتیانەوە.
شنیار بایز
سلێمانی- ماوەی چەند مانگێکە دووبارە حکومەتی هەرێم دەستی گرتووە بەسەر مووچە و داهاتی مووچەخۆراندا، هەرچەندە بە پێی ڕێکەوتنەکان پێویستە حکومەتی ناوەندی عێراق هەستێت بە پێدانی بڕێک لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم،ئەویش لە بەرامبەر چەند ڕێککەوتنێکدا، بەڵام پەدەکە لەژێر ناوی حکومەتی هەرێمدا هیچ کام لە ڕێککەوتنەکان جێبەجێ ناکات.
نەبووی مووچە دۆخی هاوڵاتیان بەرەو قەیرانی ئابووری دەبات و ئاستی بژێوی مامناوەند، بەرەو هەژاری دابەزیوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات.
"حکومەتی هەرێم داهاتی نەوت و ناخۆی هەرێم قۆرخ دەکات، مووچەش بە مووچەخۆران نادات"
شنە عەلی، مامۆستا و چالاکوان، دەربارەی نەبوونی مووچە باسی لەوەکرد، بە درێژایی وەرزی هاوین و کاتی پشووی خوێندکاران، واتە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە تا ئێستا کە مانگی ئەیلوولە تەنها یەک مووچە وەرگیراوە، ماوەی دوو مانگ و نیوە هیچ مووچەیەک نەدراوە بە مووچەخۆران، هۆکارەکەشی بۆ نەفامی و نەزانی دەسەڵات دەگەڕێنێتەوە کە لە ئێستادا حکومڕانی ئەم هەرێمە دەکەن، چونکە ئەم دەسەڵاتە ڕاستگۆ نییە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراقی و داهاتی ناوخۆیی ناگەڕێنێتەوە بۆیان، بۆیە عێراقیش بودجەی پێویست نادەنە هەرێم.
ئەو مامۆستایە وتیشی: حکومەتی هەرێم ئامانجیەتی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ قۆرخ بکەن و نەیدەنە دەسەڵاتی ناوەندی عێراق، لە بەرامبەریشدا داوای مووچە دەکەن، هۆکاری کێشە سەرەکییەکانی هەرێم هەبوونی دەسەڵاتێکی لەم شێوەیەیە، بەڵام خەڵکی هان دەدەن لە حکومەتی عێراقی تا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ دروستبوونی نا سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵیەتی لەناو کۆمەڵگەدا.
"دۆخی ئابووری کاسبکاران و هاوڵاتیانی دیکەش پەیوەستە بە مووچەخۆرانەوە"
شنە عەلی ڕوونیکردەوە، لە باسکردنی دۆخی ئابووری مووچەخۆراندا پێویستە باس لە دۆخی ئابووری تەواوی چینەکانی کۆمەڵگە بکەین، چونکە هەموویان تێکهەڵکێشی یەکتر کراون، لە خراپی دۆخی هەر لایەنێکیاندا ئەوەی دیکەش کاریگەر دەبێت، بۆ نمونە کاتێک باس لەوە دەکرێت مووچەخۆر مووچەی پێنەدراوە، بێگوومان کاریگەری دەکاتە سەر بازاڕی کاسبکارانیش، بەمەش بازاڕەکان سست دەبن و داهاتی گشتی کۆمەڵگە کەم دەبێتەوە.
وتیشی: مووچە خۆران داهاتەکانیان لەناو بازاڕەکاندا سپی دەکەنەوە، نەک وەک دەسەڵاتداران لە وڵاتانی دیکە بیدەن بە بادا، دۆخی ساڵانی ڕابردووی کاسبکاران شاهیدی ئەوەیە کە وەک مووچەخۆران دەڕژانە سەر شەقامەکان لە پێناو داواکردنی مووچە و کەسابەتی خۆیان، لە ئێستادا حکومەت ڕێگری دەکات لەوەی مووچەخۆر بچێت کارێکی دیکە بکات، مووچەخۆران و چینی مووچەخۆریان لە قاڵب داوە و ژێردەستیان کردوون.
"بە تەواوی خەڵکیان چەوساندووەتەوە و هەژاریان کردوون"
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا بەهۆی نەبوونی مووچەوە دۆخی مووچەخۆران لەوپەڕی خراپیدایە و گەیشتووەتە ئاستی هەژاری، چینی ناوەندی نەماوە ژیانیان بووە بە مەمرە و بژی، چونکە قەیرانەکان یەک لە دوای یەک ژیانیان داگیر کردووە وەک قەیرانەکانی ئابووری، کارەبا و ئاو، واتە لەم هەرێمەدا شتێک نەماوە هاوڵاتیان دڵیان پێی خۆشبێت، لە کاتێکدا خاوەنی یەکێکین لە هەرێمە دەوڵەمەندەکانی سەر ڕووی زەوی، چەندین خێزان هەن لەبەر نەبوونی مووچە و خراپی دۆخی ئابووری هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش گرفتی کۆمەڵایەتی و خێزانی دروست دەکات، هۆکارێکە بۆ زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە، لە ئێستادا مامۆستاکان هێزی ئەوەیان نەماوە بچنە ناو خوێندکارەکان و داوایان لێبکەن بخوێنن، چونکە دەزانن خوێندکارەکانیان هان نادرێن لەکاتێکدا پێشڕەوەکەیان هەزارەها گیروگرفتی هەیە کە مامۆستاکەیانە.
"دەسەڵات و حکومەت لەبەر مووچەی بندیواری خۆیان فریای مووچەخۆرانی دیکە ناکەون"
مامۆستا شنە ئاماژەی بەوەدا، مووچەخۆران شایستە داراییەکانی خۆیان پێنادرێت و وەک خۆبەخشێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، لە کاتێکدا بە عەقد واژوویان کردووە ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچە وەربگرن، بە هیچ یاسایەک ڕێگەپێدراو نییە مووچە خۆران لە پاش ٣٠ ڕۆژەوە مووچەکانیان وەرنەگرن، وتیشی: هەر لەبەر ئەم هۆکارانە دڵی مووچەخۆران پڕ بووە و گیرفانیان بەتاڵ، بۆیە وەک مامۆستایانی ناڕازی ناتوانین بەم دۆخە بچینە ناوەندەکانی خوێندن و وانە بڵێینەوە، داوا دەکەم هەموو مامۆستایان و مووچەخۆران کۆدەنگ بن و داوای مافەکانیان بکەن.
مانەوەی دەسەڵات و حکومەت دەبەستێتەوە بە بێدەنگی گەلەوە و ڕوونیدەکاتەوە، کە ئەگەر گەل بێدەنگ نەبووایە، دەمێک بوو ئەم دەسەڵاتدارانە لەناودەچوون، ئەگەر گەل یەکگرتوو بێت دەتوانێت هەمووان بە مافەکانی خۆیان بگەن، ئەمەش سود بە هەموو چینەکانی کۆمەڵگە دەگەیەنێت و سودی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەبێت، چونکە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت، نەوەی داهاتوو هەوڵ نادەن بۆ فێربوون و ڕۆشنکردنەوەی داهاتوویان، چونکە ئەمانە بوونە هۆکار بۆ لەناوبردنی ئامانجی گەنجان.
بە پێویستی دەزانێت هاوڵاتیان یەک هەڵوێست بن لە پێناو داواکردنی مافی تەواوی چینەکانی کۆمەڵگە، نەک کاسبکاران و مووچەخۆران، بەڵکو بەخێوکەران و هەموو ئەندامانی خێزان بچنە سەر شەقامەکان بۆ لەناوبردنی دەسەڵات.