لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین فیستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کرایەوە
لە ڕانیە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین فیستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بە بەشداری ژنان کرایەوە
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- لە ڕانیە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین یەکەمین فیستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بە بەشداری ژنان کرایەوە، ئەم فیستیڤاڵە ماوەی سێ ڕۆر دەخایەنێت و بەرهەمە کشتوکاڵی و شیرەمەنیەکان و کاری دەستی ژنان نمایش دەکرێت، چەندین ژن بە بەرهەمەکانیان بەشداری ئەم فیستیڤاڵەیان کردووە.
ڕازاو ئیسماعیل، بەشدار بووی فیستیڤاڵ بە بەرهەمی دۆی خۆماڵی بەشداری کردووە و دەربارەی فیستیڤاڵەکە وتی: " پیویستە ساڵانە نەک جارێک چەند جار ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە بکرێتەوە خەڵک ئاشنا بکرێت بەم بەرهەمە خۆماڵیەکان، بەرهەمەکەی ئێمە هیچ زیانێکی نیە و بەرهەمێکی خۆماڵیە پێویستە ئەم کەسانەی تازە پێدەگەن ئاشنا بکرێن بەم بەرهەمە خۆماڵیانە چونکە زۆر کەس هەیە شارەزاییان نیە، ڕکابەری دەکرێت ئەگەر بۆ خۆمان ڕکابەرێکی باش بین بەڵام لەوانەیە هەندێک جار بۆ خۆمان ئەو ڕکابەرە نەبین نەتوانین ئەوە بکەین وەک ژنیش دەتوانێت هەمو کات لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن، کاربکەن و بەشداری ئەم فیستیڤاڵانە بکەن. "
عایشە عەبدوڵا، بەشداربوویەکی دیکەبوو باسی لە گرنگی فیستیڤاڵەکە کرد و وتی: " ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە زۆر باشە بۆ بازاڕ کردن، من بە دروستکردنی کەلانە بەشداریم کردووە، جوتیاران و ژنانی تریش بە چەندین دەستڕەنگینی بەشداریان کردووە کاری دەستی خۆیان دادەنێن بۆ نمایشکردن و فرۆشتنی بەرهەمەکانیان."