چوار ساڵە سۆمای ئەندازیار کاری خێرخوازی دەکات
ژنێکی گەنجی دانیشتووی خورماڵە، دەرچووی بەشی ئەندازیاری میکانیکیە و لەڕێگەی کارە خێرخوازیەکانییەوە توانیویەتی ڕیکخراوێک بکاتەوە بە ناوی ڕێکخراوی سۆما بۆ گەشەپێدان و هاوکاری مەدەنی.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- سۆما حەمە سەعید، ژنێکی گەنجی دانیشتووی خورماڵە سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، سۆما دەرچووی بەشی ئەندازیاری میکانیکیە، لەکاتێکدا سەرقاڵی سەردانیکردنی یەکێک لەو خانووانە بوو کە بۆ ماڵە هەژارێک دروستیکردووە، باسی لە ژیان و کارەکانی خۆی کرد کە دەرچووی بەشی میکانیکی ئەندازیارییە، لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و ژینگە کاریکردەوە، ڕێکخراوێکی خێرخوازی بە ناوی "سۆما بۆ گەشەپێدان و هاوکاری مەدەنی" دامەزراندووە و ئامانجی هاوکاری کردنی ئەو کەسانەیە کە باری ماددیان زۆر خراپە.
سۆما باسی لەوەکرد کە هەر کەس هانای بۆ ڕێکخراوەکەیان بردبێت توانیویانە پێداویستییەکانی پڕبکەنەوە و وتی: گەنجمان هەبووە پێویستی بە خانوو نەبووە، پێویستی بە ئاڵتوون هەبووە هەستاوین ئاڵتوونەکەمان بۆ کڕیوە، یان پێداویستی خانوومان دابینکردووە هەریەک لای خێرخوازێکەوە.
"پێویستە ڕێگری لە ژنان نەکرێت"
سۆما سەرقاڵی کاری خێرخوازی و ئەندازیارییە و خاوەنی ڕیکخراویشە، ئاماژەی بەوەشدا کە هەرگیز سڵی لە کارەکانی نەکردووەتەوە و خێزانەکەشی هاوکارین، وتیشی: پێویستە خێزانەکان ڕێگر نەبن لەبەردەم ژناندا، تا کار لە دەروونیان نەکات، ڕێگری کردن لە ئازادی ژنان، دەروونی ژنان تێکدەدات.
ماوەی چوار ساڵە سۆما حەمە سەعید بەشێوەی خۆبەخشانە کاری خێرخوازی بۆ هەژاران دەکات، پاش ئەوەی لەناو خەڵکدا متمانەی بەدەستهێناوە، ڕێکخراوێکی دامەزراند و لە ماوەی دوو ساڵی ڕێکخراوەکەدا توانیویەتی تاوەکو ئێستا چوار خانوو دروستبکات و لە ئیستاشدا بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هەژاران و گەنجان و بێسەرپەرشتان.