لە سەردەشت ژنان دەستیان بە کۆکردنەوەی ترێی ڕەش کردووە

ترێی ڕەش لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان لەلایەن ژن و پیاوی ماڵەوە و کرێکارانی وەرزییەوە کۆدەکرێتەوە، ژنان بەشدارییەکی زۆریان لە سووڕی ئابووری ماڵدا هەیە و لە بەرهەمهێنانەوە تا کۆکردنەوە و فرۆشتن ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.

لانە قادری

 

سەردەشت - مانگی ئەیلوول و سەرەتاکانی مانگی تشرینی یەکەم، وەرزی کۆکردنەوەی ترێی ڕەشە لە شاری سەردەشت. شاری سەردەشت، یەکێکە لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، بە شاری ترێی ڕەش ناسراوە و خەڵک لە شارە جیاوازەکانەوە دێن بۆ کڕینی و خواستێکی زۆری لەسەرە. کرێکاران لە کاتژمێر ٥ی بەیانیەوە دەست بە کارەکانیان دەکەن و تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبن، پاشان ترێ دەگوازنەوە بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکانی شاری سەردەشت، کۆمپانیاکانیش ترێ هەناردەی شارەکانی تر دەکەن.

 

هەروەها لە شارە گەورەکاندا ترێ دەکرێتە شەربەت. بە شاراوەییش شەراب بە کوالیتی بەرز دروست دەکرێت و هەناردەی وڵاتانی دیکەی دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی قازانجی ئەم کارە  دەگوازرێتەوە بۆ گیرفانی کۆمپانیا گەورەکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی دەستپێشخەری و ژنانی کرێکاری وەرزیش سوودمەند نابن لێی.

 

کرێکارانی وەرزی بە مووچەی ٦٠٠ هەزار تمەن کار دەکەن و خاوەن کێڵگەکان بە زۆری نانی نیوەڕۆیان بۆ ئامادە دەکات، داهاتی کاری وەرزی بۆ ژنان بە بەراورد لەگەڵ کاری سەخت و ماندووکردنیان کەم وێنەیە جگە لە بەکارهێنانی دەستی کاری ژنان بۆ قازانجی خۆیان، کۆمپانیا دەستپێشخەرەکانی ترێی ڕەش لە سەردەشت قازانجێکی ئەوتۆ ناکەن و فرۆشیاری سەرەکی نین. ئەوان نێوەندگرن لە نێوان خاوەن کێڵگەی ترێی ڕەش و کۆمپانیا گەورەکانی شارەکانی تر.

 

ڕوناک.و ژنێکی کرێکاری وەرزیی ٥٨ ساڵە، دەڵێت: ئەمساڵ لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە هەموو ڕۆژێک دێمە سەر کاری وەرزی، مووچەی ڕۆژانەمان ٦٠٠ هەزار تمەنە و زۆر ماندوو دەبین، بەڵام کارێکی جێگیر نییە، دەبێت وەرزی بێینە سەر کار، زۆربەی ژنانی ناوچەی رەبەت و نەلاس و سەردەشت لە وەرزی هاویندا سەرقاڵی کاری وەرزین. کارێکی قورسە و لە ڕۆژدا زۆرجار ئازاری پشتم هەیە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ کاردا ئازارێکی زۆرم پێ بگات، بەڵام ناچارم بەردەوام بم چونکە لە ڕێگەی ئەم کارەوە بژێوی ژیانم دەستدەکەوێت. کاری وەرزیش زیانەکانی خۆی هەیە، چونکە شەش مانگ لە ساڵدا بێکار دەبین و بە ناچاری داهاتی کارەکانمان لە زستاندا خەرج دەکەین.

 

زیبا.ل جووتیارە و هاوشانی پیاوانی ئەو خێزانە و کرێکارانی وەرزی بۆ کۆکردنەوەی ترێی ڕەش هاتووەە، ئەو دەڵێت: هەموو ڕۆژێک لە کێڵگە لەگەڵ پیاوان کار دەکەم، جگە لە کارکردن، لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا، منیش خواردنیان بۆ دروست دەکەم. ئەمساڵ ترێی ڕەش کوالیتی بەرزە، دەرمانی زۆرمان پێدا تا سەرما کاریگەری لێنەکات و بەرهەم کەم نەبێت، لێی ڕازین، هەروەها ترێی سوور و کوالێتی خراپی تێدا نەبووە، دوای کۆکردنەوەی ترێی ڕەش، دەیانخەینە ناو سندوقی دار و پلاستیکی و دەیانگوازینەوە بۆ کۆمپانیای زیربەت. کۆمپانیاکە ترێی ڕەش لە ئێمە دەکڕێت بە ٢٠ هەزار تمەن بۆ هەر کیلۆیەک و ترێی کوالێتی خراپ بە ١٢ هەزار تمەن دەکڕێت. پاشان کۆمپانیاکە دەینێرێت بۆ کۆمپانیا گەورەکانی شارەکانی دیکەی ئێران.

 

حسێن.ت بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک کە جووتیاران ترێی ڕەشی پێ دەفرۆشن، دەڵێت: ترێی ڕەش لە باخچەی سەردەشت و دەوروبەری دەکڕین، هەروەها ترێی سوور کە کوالێتی نزمترە، هەناردەی کارگەکان دەکەین بۆ بەرهەمهێنانی شەربەت، ئەمساڵ قازانجی ترێی ڕەش بۆ خاوەن کۆمپانیا بچوکەکانی سەردەشت زۆر کەم بوو، چونکە من دابینکەری ڕاستەوخۆ نیم و ئێمە نێوەندگیرین، تێچووی گواستنەوە و تێچووی ئامێر و کرێکاران گرانتر بووە. لە شاری سەردەشت کارگە و پێداویستی پێشکەوتووی ترێی ڕەش نییە.

 

مریەم. ن لە ترێی ڕەش شەربەتی دروست کردووە و دەڵێت: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستمان کردووە بە هەڵگرتنی ترێی ڕەش بۆ ئامادەکردنی شەربەتی ترێی ڕەش بۆ وەرزی زستان و پایز، چونکە تامێکی زۆر خۆشی هەیە، لە فرۆشگاکان دەیفرۆشین و بۆ بەکارهێنانی ماڵەوەش بەکاری دەهێنین، ترێی ڕەش تایبەتمەندی زۆری هەیە، ئێمەش کشمشی لێ دروست دەکەین.

 

سەحەر.ق، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسێکی ژنانی دانیشتووی شاری سەردەشت سەبارەت بە کاری وەرزیی ژنان دەڵێت: زۆرێک لە ژنانی شارە جیاوازەکان چەند مانگێکی ساڵ بەشێوەی وەرزی کارکردن بەسەر دەبەن، کارێکی وەرزی نیوە کاتییە و داهاتێکی کەمی هەیە، ژنان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە کاری وەرزی و چاندن و دروێنەکردنی بەروبووم و هەروەها سووڕی ئابووریشدا، ئەوان لە ماڵەوە ئاگاداری منداڵەکان دەبن، دەچنە سەر کارەکانیان لە کێڵگەکاندا، جگە لە کارکردن، چێشت لێنانیشیان لە ئەستۆیە، بە گشتی مووچەکەیان بە بەراورد لەگەڵ ماندووبوونیان کەمە و پشکێکی زۆریان لەم خولە ئابوورییەدا نییە.

 

لە کۆتاییدا دەڵێت: زۆربەی ئەو ژنانە سەرۆکی خێزانن یان جیابوونەتەوە و بەرپرسیارن لە بژێوی ژیانیان، کاری وەرزی یارمەتی سەربەخۆیی ئابوورییان نادات، تەنها دەتوانن پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان بۆ دابین بکەن، دەرئەنجامی بەرهەمی ترێی ڕەش بۆ شاری سەردەشت نییە و زۆربەی کۆمپانیاکان و ئەو کرێکارانە نێوەندگیرن و بۆ شارەکانی دیکەی ئێران بۆ دروستکردنی شەراب دەیگوازنەوە. شارە بچووکەکانیش خزمەتگوزارییان نییە و ناتوانن بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی خۆیان بە باشی بەکاربهێنن.