ژنانی پیشەسازی لە بامیان لە نێوان ترس و گەڕان بەدوای داهاتدان

ژنان لە بامیان دوای ئەوەی لە کارکردن و خوێندن قەدەغە دەکرێن، ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵەنگاری پەرەسەندوو دەبنەوە، ئەمەش ناچاریان دەکات پشت بە پیشەسازی دەستی ببەستن وەک تاکە سەرچاوەی داهاتیان.

بەهاران لەهیب

 

بامیان-ژنانی ئەفغانستان، بە تایبەتی ئەوانەی خەڵکی پارێزگای بامیان، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پیشەسازی و بازرگانیدا، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی پەروەردە و بەشداری کۆمەڵایەتی، بەڵام نەیانهێشتووە سنووردارکردنی پیاوسالاری یان توندڕەوی ڕێگرییان لێبکات، زۆرێکیان بەردەوامن لە بەشداریکردنی چالاکانە لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی دەستی، هەوڵدەدەن بۆ پشتگیریکردنی خێزانەکانیان لە ڕووی ئابوورییەوە و بەهێزکردنی بوونی خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا.

 

وەک زۆرێک لە ژنان لە سەرانسەری ئەفغانستان، ژنانی بامیان ڕوویان کردە کاری دەستی دوای ئەوەی تاڵیبان سنووردارکردنی بەرفراوانی سەپاند کە ڕێگری لە ژنان کرد کە لە دامەزراوە حکومی و تایبەتەکاندا دەکرد و نەتوانن بەدواداچوون بۆ خوێندن بکەن، هەرچەندە ئەم کەرتە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی قووڵی لە بامیان هەیە، بەڵام ئێستا بووەتە تاکە سەرچاوەی داهات بۆ زۆرێک لە ژنان کە پشتی پێدەبەستن بۆ بژێوی خێزانەکانیان و بەشداری لە پێشانگە ناوخۆییەکانی بامیان و کابول دەکەن بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان.

 

سەرەڕای ئەم ئیرادەیە، ژنانی پیشەسازی ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵەنگاری زیاتر دەبنەوە، جگە لە قەیرانی ئابووری و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی، ئاماژە بە نەبوونی پشتیوانی و بانگەوازی کاریگەر دەکەن، کە ئەمەش بازاڕی بەرهەمەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە، پێگەی فەرهەنگی و هونەری پیشە دەستڕەنگینییەکانی بامیان لە ژێر ڕۆشنایی نەبوونی پێویستی و ئەو سنووردارکردنە توندانەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە سەپێندرابوو، هەروەها پراکتیزەکردنی ئەم کارەی لە هەموو کاتێک قورستر کرد.

 

لە یەکێک لە پارکەکانی پارێزگاکەدا پێشانگایەکی بچووکی کاری دەستی بەڕێوەچوو، کە لەلایەن ژنانی بامیانەوە دروستکراون، سەردانی پێشانگاکەمان کرد و تێبینیمان کرد کە ژمارەی کۆشکەکان سنووردار بوون، زۆربەیان جلوبەرگی دەستی و هەندێک بەرهەمی دورینیان دەفرۆشت، لە دەروازەی چوونە ژوورەوە، ژنانی دەستنیشانکراو لەلایەن تاڵیبانەوە، گروپی بەرپرسیار لە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ، پشکنینی نمایشەکانیان دەکرد و سەردانکەرانیان لە وێنەگرتن ئاگادار دەکردەوە.

لەناو پێشانگاکەدا، بەیاوەری بەرپرسانی تاڵیبان، فرۆشیارەکان چەندین جار ئاگاداریان کردینەوە کە وێنەگرتن، چ ستیل و چ ڤیدیۆ، بە توندی قەدەغەیە و پێشێلکردنی ئەم یاسایە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕێکاری یاسایی، ئەم کەشوهەوای چاودێری و ترسە بە ڕوونی لە ئەزموونەکەدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، سەرەڕای هەوڵی بەرچاوی ژنان بۆ پاراستنی تاکە سەرچاوەی داهاتیان، تەنانەت کاتێک هەوڵمان دا وێنەی بەرهەمەکان بگرین، ڕێگریمان لێکرا، ئێمە بانگەشەی ئەوەمان دەکرد کە یەکێک لە هاوڕێکانمان جلێکی هەڵبژاردووە و دەمانەوێت وێنەی بگرین، بەڵام فرۆشیارەکە لە کۆشکەکەی دەرکردین.

 

لەلایەکی دیکەوە زۆرێک لە فرۆشیارەکان گلەیییان لە دۆخی پێشانگاکە کرد، دەیانوت ئەم جۆرە بۆنەیانە دەتوانن سەکۆیەک بۆ دۆزینەوەی کڕیاران و نمایشکردنی بەرهەمەکانیان دابین بکەن، بەڵام سنووردارکردنی توند بووەتە بەربەست لە سەرکەوتنی ئەو بەرنامانە، قسەمان لەگەڵ فاتمە وەلی کرد، کە وتی: پێش پێشانگاکە ئاگادارکراینەوە کە هیچ تاک و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆی نییە ڕیکلامی بۆ بکات، هەروەها ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەرموو کەسێک دەگیرێتەبەر کە ڕێگە بدات کۆشکەکەیان وێنە یان ڤیدیۆی بگیرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لەوەش نرخی کۆشکەکان لەڕادەبەدەر بەرز و گران بووە، زۆرێک لە ژنان توانای کڕینی ئەو کۆشکانەیان نەبووە، هەر بۆیەش نەمتوانی بەشداری پێشانگاکە بکەم و بەرهەمەکانم نمایش بکەم.

 

سەبارەت بەو ئاڵەنگاریانەی لە بامیان ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، ڕوونیکردەوە، کە پایتەختی پارێزگاکە شارێکی بچووکە و دانیشتووانی کەمە، واتە توانای کڕین سنووردارە، زۆرێک لە دانیشتووانیش توانای کڕینی بەرهەمی دەستییان نییە، هەروەها نەبوونی بانگەشەکردن، بەشداریکردن لەم پێشانگانەدا تێچووی زۆری دەوێت، چ لەڕووی بەکرێدانی کۆشکەکان و چ لەڕووی دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ بەرهەمهێنان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لە ژنانی پیشەسازی هیواکانیان بەم پیشانە دەبەستنەوە، دوای ئەوەی تاڵیبان، گروپێک کە پێشێلکاری بەرفراوانی مافی مرۆڤیان ئەنجامدا، دەرگای کار و خوێندنیان بەڕووی ژناندا داخست، دەرفەتی زۆریان نەما بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، پێی وایە دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ پاڵپشتی و بەبازاڕکردن دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان بتوانن بەرهەمەکانیان نەک تەنها لە چوارچێوەی بامیان، بەڵکو لە پارێزگاکانی دیکەشدا بفرۆشن، ئەمەش دەرفەتێکی زیاتری سەربەخۆیی ئابوورییان پێدەبەخشێت.

 

شایانی باسە، سەرەڕای بەرتەسکی بەربڵاو و فشارە ئابوورییەکان و سیاسەتە توندەکانی تاڵیبان، ژنانی بامیان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ پاراستنی بوونی خۆیان لە کۆمەڵگە و دابینکردنی داهات بۆ خێزانەکانیان لە ڕێگەی کاری دەستییەوە، بەڵام نەبوونی پشتیوانی و سنووردارکردنی ڕیکلام و تێچووی زۆری پێشانگاکان، ئاڵەنگاری بەرچاوی بۆ چالاکییەکانیان دروستکردووە، ئەو ژنانە وتیان: ئەگەر دەرفەتی پێشکەشکردن و فرۆشتنی بەرهەمەکانیان پێبدرێت، ئەوا دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگتر لە ئابووری خێزان و کۆمەڵگەدا بگێڕن.