لە خولێکدا ژنانی خورماتوو دەبنە خاوەنکار و بژێوی خۆیان

لە خولێکدا کە لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین و ئەنبار بەڕێوەدەچێت، ژنانی شارۆچکەی خورماتوو سودمەند دەبن و دەتوانن ببنە خاوەنکار و بژیوی خۆیان.

هاوژین شکور

 

گەرمیان- دوێنێ لە شارۆچکەی خورماتوو لە مەراسیمێکدا خەڵاتی بڕوانامەی نێودەوڵەتی بەخشرایە کۆمەڵێک ژنی بەشداربووی خولێکی کارکردن، کە ئامانج لێی فێربوونی پیشەییانەی ژنان و خستنەسەرکار و دروستکردنی متمانەی ژنانە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان بەتایبەت لە عێراقدا کە لە دۆخێکی دژواردایە لە ڕووی ئابورییەوە.

 

خولەکە لەلایەن ڕێکخراوی مرۆیی لەسەر ئاستی عێراق بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی و دابینکردنی هەلیکار و بژێوی ژیانی بێکاران و گەڕانەوەی متمانەی ئاشتی کۆمەڵایەتی، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین و ئەنبار کراوەتەوە و شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین لە چوارچێوەی پرۆژەکەدایە.
 

"بەهۆی نەبوونی داراییەوە خوێندنەکەم وەستاندووە"

فاتمە موئەیەد، یەکێکە لە بەژداربووانی خولەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: لە خولەکدا بەشداریم کردووە و سودی باشم لێ بینیوە تا لە داهاتوودا دوای ڕاهێنانێکی باش و وەرگرتنی ئەزموونی زیاتر بتوانم ببمە خاوەنکاری خۆم، ئاشکرایە دۆخی وڵات سەختە بۆ بژێوی ژیان، قەیران دوای قەیران لەم وڵاتەدا دروستدەبێت، بۆیە پێویستمان بەوەیە کە ئێمەی ژنان پشت بە خۆمان ببەستین و پشیوانی ماڵەوە و خێزان و کەسوکارەکانمان بین لە دابینکردنی بژێوی ژیان.

 

فاتمە لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە خوێندکاری قۆناغی دووی پەیمانگایە، بەڵام بەهۆی سەختی  بژێوی ژیان نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات، دەشڵێت: ئەمساڵم دواخستووە تاوەکو بتوانم دارای پەیدابکەم و ساڵی داهاتوو دووبارە دەستبکەمەوە بە خوێندن لە پەیمانگا.

 

نەسرین غانم مەولود، ڕاهێنەری خولی شیرینی و هەویرەمەنی، ئاماژەی بەوەدا کە لە خولەکەدا تونیویەتی سود ببینێت و سود بگەیەنێت، وتیشی: ئێمە بیرۆکەکەمان گەیاند و لەگەڵ فێرخوازانیشدا ئێستا دەتوانین پرۆژەکانمان دەست پێبکەین و سەرچاوەی داهات دروستبکەین.

 

بە بڕوانامەکان ژنان دەتوانن ببنە خاوەنکاری خۆیان

ڕەشا نەزهەت، ڕاهێنەری جوانکاری وتی: من وەک راهێنەری جوانکاری توانیم ئەوەی پێمە بیگەیەنم و توانیمان ڕاهێنان بە ٢٥ ژن بکەین لە بەشی ڕاهێنانی پیشەیی و هەموویان وڵامدانەوەیان باش بوو و سودیان لەم ڕاهێنانە بینی و ئەو بڕوانامەیەی وەریان گرتووە دەتوانن بۆ وەرگرتنی کار یان دامەزراندنی پرۆژەی خۆیان سودی لێ ببینن.

 

ژوان نەوزاد، سەرپەشتیاری ئۆفیسی ڕێکخراوی ڕێکخراوی مرۆیی HRF لە خورماتوو، ئاماژەی بەوەدا کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە دەستیان پێکردووە، پرۆژەکەیان خۆی دەبینێتەوە لە سێ پرۆژە نیوەی ژن و نیوەی پیاو، هەروەها لە پرۆژەیەکی ٤٠ ڕۆژیدا بە ناوی "کاش بەرامبەر کار" توانیویانە ٤٥٠ کەس لە ژن و پیاو سودمەند ببێت، "١٥٠ ڕاهێنانی پیشەیمان هەبوو کە ٧٥یان ژن بوون و سێ خولی هەویرەمەنی، دروومان و ئارایشتگایان بینیوە، هەروەها ٥٠ کەسی دیکە لە پرۆژەیەکی دیکەدا کە پشتگیری پرۆژەی بچووکە یارمەتیان دەدەین پرۆژەیەکی خۆیان بنیاد بنێن".