لە هەڵەبجە دەروازەیەک بۆ ژنانی بێکار کرایەوە
لە هەڵەبجە لەلایەن ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستانەوە هەلیکار بۆ ٦ ژن ڕەخسا و بڕێک هاوکاری ماددی بەسەریاندا دابەشکرا.
هەڵەبجە
لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستاندا، کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیانداوە سەرجەم کارەکانیان لە خزمەت ژنان و منداڵاندا بێت، هەلیکار و پاڵپشتی داراییان بۆ ٦ ژنی خاوەن بیرۆکە ڕێکخست، لە مەراسیمێکیشدا هاوکاری داراییان بەسەریاندا دابەشکرد.
لەو بارەیەوە پەریا بەشیر، ئەندامی ڕێکخراوی لانەی منداڵان بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد لە چوارچێوەی پەرەپێدانی تواناکانی ژنان و کچان لە هەڵەبجە پرۆژەیەکیان هەبووە بۆ ٥٠ ژن لە هەڵەبجە کە کۆرسی تایبەت بە خۆیان وەرگرتووە و لەم چوارچێوەیەدا پاڵپشتی داراییان بۆ ٦ ژنی خاوەن بیرۆکە ڕەخساند کە بۆ دامەزراندنی بناغەی کارەکەیان بووە.
بیرۆکەی جیاواز و ژنانی بێکار خرانە سەر کار
لە کۆی ئەو ٥٠ ژنەی لەلایەن ڕێکخراوی لانەی منداڵانەوە سیمیناریان پێشکەشکرا، شەش ژن بوونە خاوەنکاری خۆیان، وەک پەریا بەشیر ئاماژەی پێدا ئەو ژنانە بیرۆکەی جیاوازیان پێبووە، لەوانە کردنەوەی خوێندنگەی تایبەت بە دایت، کردنەوەی شوێنکاری شۆردنی ئۆتۆمبێل و چەندین بیرۆکەی دیکە، کە دووبارە نین، "بۆ ئەم بیرۆکانە پاڵپشتی دارایی پێشکەش کراوە، هەریەک لە پڕۆژەکانیش پێویستە ژنانی دیکە بخەنە سەرکار و کاری تێدابکەن".
کوردستان جەمال، یەكێکە لەو ژنانەی کە پرۆژەکەی پەسەند کراوە، وتی: پڕۆژەکەم بریتیە لە شوێنکاری شۆردنی ئۆتۆمبێل و فەرش شۆری، بەو بڕە پارەیەی وەرمانگرتووە دەستبەکار دەکەین و لە ماوەی داهاتوودا شوێن کارەکەمان بە ڕووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە.
ئەم کارەی ڕێکخراوی لانەی منداڵان لە چوارچێوەی "پڕۆژەی پاراستنی مافەکانی ژنان و كچان لە هەڵەبجە" دایە کە ڕێکخراوی لانەی منداڵان لە ماوەی ٧ ڕۆژ لە ڕێگەی سیمینارەوە لە بواری بارزگانی و بەڕێوەبردنی دارایی بۆ ٥٠ ژن بەڕێوەی برد، دوای قۆناغی هەڵسەنگاندنی بیرۆکەی پڕۆژەکانیان ٦ ژنی بەشداربوو توانیان ببنە خاوەنی پاڵپشتی دارایی بۆ دەستکردن بە کاری خۆیان.