دێرەزۆر، چاندنی لە خانووە پلاستیکییانەدا ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی

زۆرێک لە ژنانی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان و دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزۆر- کشتوکاڵ یەکێکە لەو بنەما گرنگانەی کە خەڵکی گوندەکانی دێرەزۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتی پێدەبەستن، چونکە پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراکیان بۆ دابین دەکات، شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە چەندین جۆری بەرووبووم بەناوبانگن، بە یەکێک لە پایەکانی ئابووری دادەنرێت و  زۆرێک لە ژنانی دێرەزۆر کار لە کێڵان و چاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکەن و پشت بە چاندنی سەوزە دەبەستن و بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان.

 

بەهۆی نزبوونەوەی نرخی لیرەی سوری و گرانبوونی نرخی سەوزەوات، ژنان ئاماژەیان بەوە کرد، سەوزەیان لە خانووە پلاستیکییەکاندا چاندووە بەمەبەستی یارمەتیدان و باشترکردنی بژێوی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان.

 

هیند جاسم، خەڵکی گوندی هەجینە، یەکێکە لەو ژنانەی پشت بە خۆی دەبەستێت و کار دەکات، ڕوونیکردەوە کشتوکاڵ پێویستی بە گرنگیدانی تایبەت هەیە لەڕووی هەڵبژاردنی جۆرە گونجاوەکان و دروستکردنی کەشێکی گونجاوی گەرمی و شێ و ئاگاداربوونیان و ئاودێریکردنیان و پیتاندنیان، وتیشی: لە مانگی شوباتدا چاندن لەناو خانووە پلاستیکیەکاندا دەستپێدەکات، تۆوەکان دەچێنین و بە کیسی نایلۆن دایدەپۆشین تاوەکو کەمێک گەشە دەکەن و ئامادە دەبن بۆ چاندن، دواتر لە سەرەتای مانگی نیساندا دەیانگوازینەوە بۆ خانووە پلاستیکیەکان، بەڵام هەندێک سەوزە پێویست ناکات لە خانووە پلاستیکیکاندا بچێنرێن.

 

ڕوونیکردەوە، هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی شێوازەکانی چاندنی بەروبووم و سەوزەوات، بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو سەختییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دیارترینیان کەمی ئاوە، سەبارەت بەو جۆرە سەوزانەی کە دەیچێنن، دەڵێت: ئێمە هەموو شتێک دەچێنین کە بازاڕ پێویستی پێیەتی، وەکو بیبەر، باینجان و تەماتە و خەیار و کولەکە، نرخی تۆو و پێو و دەرمانی کشتوکاڵی زۆر بەرزە، داهاتی دارایی کەمە و ئەمەش وایکردووە دۆخەکە سەختتر بێت.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە زەویەکە دەکێڵین، لە گژوگیا پاکی دەکەینەوە، ئاوی پێدەدەین و لەژێر خۆری گەرمدا دەیپۆشین و بەم شێوەیە تا سەوزەکان پێدەگەن، بەشێکی بەسەر دراوسێکاندا دابەش دەکرێت و بەشێک بۆ پێداویستییەکان ئامادە دەکرێت و دەفرۆشرێت.