چالاکوانانی تونس لەبەرامبەر قەیرانی موچەی ژنانی کارمەند "زەنگی مەترسی" لێدەدەن

قەیرانی موچەی ١٩ مانگە، ژنانی فەرمانبەری یەکێتی نیشتمانی ژنانی تونسی ڕووبەڕووی پەرەسەندنی ئاستەنگەکانی ژیان و دەروونی کردوەتەوەو چارەنووسی یەکێک لە کۆنترین ڕێکخراوەکانی ژنانی وڵاتەکەی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس ـ لەو کاتەوەی یەکێتی نیشتمانیی ژنانی تونس بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکە مێژووییەکەی لە بەرگریکردن لە مافی ژنان و پشتگیریکردنیان، کارمەندانی ناو یەکێتییەکە تووشی قەیرانێکی بێوێنە بوون پاش ئەوەی نزیکەی ١٩ مانگە موچەکانیان دواکەوتووە، لە دیمەنێکدا کە پرسیار سەبارەت بە داهاتووی یەکێک لە کۆنترین ڕێکخراوەکانی ژنانی تونس دەوروژێنێت.

 

لە نێوان میراسێکی تێکۆشاندا کە لە دوای سەربەخۆییەوە درێژدەبێتەوە، دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری تێکچوودا، دەنگی چالاکوانانی پارێزگای قەسریەن بەرزدەبنەوە بۆ داواکردنی ڕزگارکردنی دامەزراوەکە و پاراستنی مافی کارمەندان، جەخت لەوە دەکەنەوە کە قەیرانەکە تەنها دارایی نییە، بەڵکو بووەتە دۆسیەی کەرامەت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.

لەم چوارچێوەیەدا، رانیە نەسری، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێتی نیشتمانیی ژنانی تونس لە کاتی دامەزراندنییەوە پێکهاتووە لە یەکێک لە گرنگترین ئەو دامەزراوانەی بەرگری لە مافی ژنان دەکەن، بەشداری کردووە لە بەهێزکردنی ژنان و پشتگیریکردنیان لە سەرجەم بوارەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا وتی: بنەمای قەیرانی ئێستای یەکێتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوای شۆڕش، کاتێک قەرزەکان کۆبوونەوە و ڕێکخراوەکە نەتوانی پابەندبوونە داراییەکانی جێبەجێ بکات، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریکردە سەر دۆخی کارمەندان و بەردەوامی چالاکییەکانی یەکێتییەکە.

 

ڕوونیکردەوە، کە یەکێتییەکە تەنها دامەزراوەیەکی کار نەبوو، بەڵکو مەیدانێکی کۆمەڵایەتی بوو کە پێشوازی لە ژنان دەکرد بە هەموو توێژەکانیانەوە، لە کارمەند و دایکی ماڵەوە و ژنانی جیابووەوە و توندوتیژی لێکراو و بەتەمەن و خاوەن داهاتی سنووردار، لە ڕێگەی بەرنامەکانی ڕاهێنان و داڕشتنەوە و پشتگیری کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام کۆبوونەوەی قەرزەکان وەک خۆی وتی وایکرد موچە بۆ چەندین مانگی درێژ دواکەوێت، کە ئەمەش لە سەرەتادا وایکرد کرێکاران بێدەنگ بن، چاوەڕێی چارەسەری کاتی بن، پێش ئەوەی ڕوون بێتەوە کە قەیرانەکە قووڵتر و ئاڵۆزترە.

 

وتیشی: کارمەندان دەرگای لایەنە فەرمییەکانیان گرت، لە سەروو هەموویانەوە وەزارەتی خێزان و ژنان و منداڵان و بەتەمەن و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆ داواکردنی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا، بەڵام ئەو هەوڵانە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەیان نەبووە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە موچە بۆ کارمەندان تەنها بەرامبەر کار نییە، بەڵکو تەنها ڕێگەیە بۆ دابینکردن پێداویستییەکانی خێزانەکانیان، لە پێدانی قیستی ئاو و کارەبا و کرێی خانوو تا دابینکردنی خۆراک و چارەسەر و تێچووی خوێندن، هەروەها نەبوونی موچە زۆرێکیانی ناچار کردووە قەرز بکەن و باری زیاتر هەڵگرن، لەوانە تێچووی هاتوچۆ بۆ شوێنی کار لە سەرچاوەی خۆیانەوە، لە سایەی پاشەکشەی مافە کۆمەڵایەتییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان.

 

بەپێی شایەتحاڵی رانیە نەسری، لێکەوتەکانی قەیرانەکە تەنها لایەنی ئابووری نەگرتەوە بەڵکو درێژبووەوە بۆ ژیانی دەروونی و خێزانی کارمەندان، کە فشاری ناو خێزانەکان زیاد کرد، حاڵەتەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزانی بەرز کردەوە، هەندێک لە ژنان مەترسی دەرکردنیان لە ماڵەکانیان لەسەر دروست بوو یان ڕووبەڕووی توندوتیژی و بێڕێزی بوونەوە بەهۆی نەتوانیان لە جێبەجێکردنی پابەندبوونە داراییەکانیان.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە یەکێتیی نیشتمانیی ژنانی تونس لە درێژەی دەیان ساڵدا پەناگەیەک بووە بۆ ژنانی جیابووەوە و توندوتیژی لێکراو و پێویست، بەو پێیەی بەردەوامبوونی ڕاگرتنی دانانی موچە سەقامگیری ئەم توێژانە دەخاتە مەترسییەوە و بێبەشیان دەکات لە تاکە سەرچاوەی بژێوییان، هەروەها فەرمانبەرێک کە ڕۆژانە کارەکەی جێبەجێ دەکات سەرەڕای ناڕەحەتی هاتوچۆ و دۆخی قورس، پاشان موچەکەی وەرناگرێت، بە شێوازێکی پلەبەندی متمانە و گروتینی لەدەست دەدات، ئەوەش کاریگەری نەرێنی دەبێتە سەر بەرهەمی پیشەیی و دۆخی دەروونیی.

 

رانیە نەسری داوای چارەسەرێکی خێرای کرد بۆ پاراستنی مافی کارمەندان، وتی: گفتوگۆ و ناڕەزایەتی ئاشتیانە بە باشترین ڕێگە دەمێننەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە، پێش ئەوەی شایەتحاڵییەکەی کۆتایی پێبهێنێت بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی فەرمانبەرانی یەکێتییەکە تەنها ژمارە نیین لە دۆسیە داراییەکاندا، بەڵکو ئەوان ژنانێکن خاوەن کەرامەت و مافی مرۆڤایەتین کە شایەنی دادپەروەریین.

 

بەهای مێژوویی و کۆمەڵایەتی یەکێتییەکە

 

ئامال فالح، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ بینی کە قسەکردن لەسەر قەیرانی ئێستا ناتوانرێت جیا بێت لە مێژووی درێژی یەکێتیی نیشتمانیی ژنانی تونس، کە لە ساڵی ١٩٥٦ دامەزرا، لە درێژەی دەیان ساڵدا خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی پێشکەش کرد کە کردیە یەکێک لە دیارترین ڕێکخراوە نیشتمانییەکانی پشتگیریکەری ژنان و خێزان.

 

وتیشیڥ یەکێتییەکە ڕۆژێکی پێشەنگانەی گێڕا لە بوارەکانی هۆشیارکردنەوە، بە تایبەت لەوەی پەیوەندیدارە بە تەندروستی منداڵبوون و تەندروستی خێزان، هەروەها یەکێک بوو لە یەکەمین ڕێکخراوەکان کە هاندەری خوێندنی منداڵانی کچ بوو و بەرەنگاری وازهێنانی زووی خوێندن بووەوە، بە تایبەت لە ناوچە هەژارەکان و کەمداهاتەکاندا.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەندامانی یەکێتییەکە دەستپێشخەری هاوسۆزییان پێشکەش دەکرد بۆ قوتابییانی خێزانە هەژارەکان، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی جانتا و پێداویستییەکانی خوێندن و دووبارە ڕێکخستنەوە و رازاندنەوەیان، تا منداڵان بتوانن لە کورسییەکانی خوێندن لە دۆخێکی باشتردا ئامادە ببن، وتی: یەکێتییەکە یەکێکیش بوو لە یەکەمین پێکهاتەکان کە بەرەنگاری دیاردەی هاوسەرگیری منداڵانی کچ بووەوە لە ڕێگەی کەمپینەکانی هۆشیارکردنەوە و کاری مەیدانییەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە کارمەندان و ئەندامان هەوڵێکی زۆریان دا بۆ پاراستنی بەردەوامی ئەم دامەزراوەیە، بەڵام بێ سوود بوو، پەشیمانی خۆی بۆ بەردەوامی قەیرانی موچە دەربڕی و وتی: هیچ ڕێکخراوێک ناتوانێت بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی ئەگەر کارمەندانی لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش بکرێن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە یەکێتییەکە لە مێژووی خۆیدا بە وێستگەی قورس و قەیرانی جیاوازدا تێپەڕیوە، بەڵام لە هەموو جارێکدا سەرکەوتوو بوو لە تێپەڕاندنیان، هیوای خواست کە بتوانێت قەیرانی ئێستاش تێپەڕێنێت، سەرەڕای ئەوەی دۆخی ئابووری شاهیدی گرانبوونی نرخەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانە، ئەوەش ئازاری کارمەندان و خێزانەکانیان دوو هێندە دەکات لە سایەی پابەندبوونە ڕۆژانەکاندا، لە کرێ و پسوولەکان و گەڕانەوەی خوێندن و تێچووی بنەڕەتی.

 

وتیشی:چدەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە بكرێت بە جددی، بە لەبەرچاوگرتنی بەهای مێژوویی و کۆمەڵایەتی یەکێتییەکە، پێشنیار دەکەم دەست پێبکرێت بە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بۆ ناساندنی ڕۆڵ و خزمەتگوزارییەکانی، لەگەڵ گەڕان بە دوای سەرچاوەی دارایی نوێ کە بەردەوامی دامەزراوەکە مسۆگەر بکات و کارمەندان بکاتە خاوەنی گەڕانەوەی موچە و مافەکانیان بە تەواوی.

 

شایەتحاڵی رانیە نەسری و ئامال فالح لە یەک خاڵدا کۆدەکەنەوە کە پەیامێکی تاکە، ئەوەیە کە قەیرانی موچە ئیتر کێشەیەکی کارگێڕی یان دارایی نییە، بەڵکو بووەتە کێشەیەک کە دەست بۆ ماف و کەرامەتی ژنان دەبات، هەڕەشە لە بەردەوامی دامەزراوەیەک دەکات کە بۆ دەیان ساڵ ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە پشتگیریکردنی ژنانی تونس و خێزان و کۆمەڵگەدا، هەروەها لە نێوان چاوەڕوانییەک کە نزیکەی ١٩ مانگی خایاند، کارمەندان هەر بەو هیواوە ماونەتەوە کە قەیرانەکە چارەسەرێک بدۆزێتەوە، مافەکانیان دەستەبەر بکات و دامەزراوەیەک بپارێزێت کە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە دیارەکانی بزووتنەوەی ژنان لە تونسدا.