ئاوێستا کولتووری کوردی تێکەڵ بە هونەرەکەی دەکات

ژنانی کورد هەرچەندە بەشێکیان ڕێگری دەکرێت لەبەردەم کارەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا کولتووری خۆیان لەبیر ناکەن و هەوڵی بەرەوپێشچوونی دەدەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان هەمیشە پێشەنگ بوون لە بەرەو پێشبردنی بوارەکانی ژیاندا، بە تایبەتی کولتوور و هونەر، لە ئێستاشدا زۆربەی ژنان دەستیان کردووە بە کار کردن و پشت بە تواناکانی خۆیان دەبەستن بۆ بەڕێوەبردنی بژێوی خۆیان، لەگەڵ کار کردنەکەیان گرنگی بە کولتووری کوردی دەدەن و لە خەمی زیندوو هێشتنەوەی کولتوور و هونەرەکەیانن، دەیانەوێت، ئەو هەڵوەشانە کولتوورییەی بە سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەر لە ڕێگەی دراما و بەرنامەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بە هونەرەکەیان بیپارێزن.

 

دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی دەستی کردووە بە کار کردن

ئاوێستا عەبدوڵا، ژنێکی گەنجی خاوەن کاری شاری سلێمانییە و دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی دەستی کردووە بە کار کردن، ماوەی ٥ ساڵە کاری نەخش و ڕازاندنەوە دەکات لەسەر کوپ، سەرەتا لە قوتابخانەدا لە ڕێگەی مامۆستای هونەرەوە کاری زەخرەفەی کردووە، دواتر گەشەی بە هونەرەکەیدا و لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە کارەکانی دەفرۆشێت، لەبەر ئەوەی کارێکی جیاواز دەکات، لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی باش لە کارەکانی ئەم ژنە گەنجە کراوە، وەک خۆی دەڵێت: لە کۆمەڵگەی کوردیدا کاتێک ژنێک دەست دەکات بە کارکردن کۆمەڵێک ڕێگری دێتە بەردەمی، بەڵام جێگەی خۆشحاڵییە من ئەو ڕێگریانە نەهاتووەتە بەردەمم و خێزانەکەم و هاوژینەکەم هاوکارییەکی باشیان کردووم.

 

ئاوێستا هونەر لەسەر شوشە دەنەخشێنێت

کارەکانی ئاوێستا زیاتر لە کوپ و قاپ و بابەتی شوشە پێکهاتووە، واتە هونەر لەسەر شوشە، لەبەر ئەوەی کولتووری کوردی لە کارەکانیدا بەکاردە‌هێنێت خەڵکی خواستیان لەسەر کارەکانیەتی، زۆربەی کارەکانی بیرۆکەی خۆیەتی و بە پێی داواکاری خەڵکیش نەخش دەکێشێت.

 

ئاوێستا دەڵێت: کاتێک دەوڵەتانی تر دەبینین گرنگی بە کولتووری خۆیا دەدەن هەستێکی وام لا دروست دەبێت، کە پێویستە ئێمەش کولتووری خۆمانمان خۆشبوێت و بە جیهانی دەرەوەی بناسێنین، کولتووری کوردی بەرەو کاڵبوونەوە ڕۆشتووە، منیش حەزم کرد وەکو ژنێکی گەنج لە ڕێگەی کارەکەمەوە کولتوورەکەمان زیندوو بکەمەوە، هەرکەسێکیش دەستی کردبێ بە کار کردن و داوای هاوکاری کردبێت بە پێی پێویست هاوکاریم کردووە.

 

کارەکەی بووە بە هۆکارێک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی

ئاوێستا پەیامی ئەوەیە بۆ ژنان کە دوای تەواوکردنی خوێندن چاوەڕێی کەس نەبن و خۆیان هەوڵبدەن کارێک بکەن و پشت بە توانای خۆیان ببەستن، چونکە ئابووری سەربەخۆ زۆر گرنگە بۆ ژنان، هەر بیرۆکەیەکیان هەیە بیکەن بە کار و وردە وردە گەورەی بکەن، بە دڵنیایەوە پشتگیریش دەکرێن، چونکە ئاوێستا سەرەتای کار کردنی هیچ قازانجێکی نەدەکرد، بەڵام لەبەر بەردەوامبوونی، ئێستا کارەکەی زۆر ناسراوە و بووە بە هۆکاریک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، ئاوێستا دەیەوێت لە داهاتوودا کارەکەی گەورە بکات و لە پاڵ ئەوەشدا دەست بداتە کاری تر، بەڵام کولتوورەکەی خۆی لەبیر نەکات و کولتوور بکات بە بەشێک لە کارەکەی.

 

ئاوێستا لە بەشێک لە کارەکانیدا وێنەی ژنی نەخشاندووە، هەروەک خۆی دەڵێت: ژن دروستکراوێکی جوانە و لەگەڵ ئەوەشدا باسی ژیانی کۆنی کردووە کە ژنان هەوری و جلی کولتووریان لەبەر دەکرد و بە گۆزە ئاویان لە کانی دەهێنا.

 

لە کۆتاییدا ئاوێستا وتی: زۆر جار کێشەی نەمانی ڕەنگەکانمان بۆ دروست دەبێت و دەستمان ناکەوێت، لەسەر کوپەکان شیعری کوردی کلاسیکیش دەنووسین، بۆیە لە وڵاتانی دەرەوەش داوای کارەکانمان دەکرێت لە. کاتیکدا هونەری وڵاتەکەی خۆیان دەوڵەمەندە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هونەری کوردیش دەوڵەمەندە و هیچی کەمتر نییە لە هونەری وڵاتانی تر.