سینەماکارێک یادەوەری عێراق بۆ گێڕانەوە و بەڵگەنامەیەکی زیندوو دەگۆڕێت

فیلمی "دیواری باران" لە دەرهێنانی ئیمان خوزەیر، دەرهێنەر و نووسەری عێراقی خەڵاتی باشترین سیناریۆنووسی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی فیمتۆ بەدەستهێنا، ئەم فیمە یادەوەری عێراق بۆ گێڕانەوە و بەڵگەنامەیەکی زیندوو دەگۆڕێت.

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- سینەمای دۆکیۆمێنتاری و گێڕانەوەی ئیمان خوزەیر، دەرهێنەری عێراقی، بە ئامانجی نیشتمانیی ڕوون و بەدیکۆمێنتکردنی یادەوەری بەکۆمەڵ و مێژووی هاوچەرخی عێراق، گۆڕینی پرسە سیاسییەکان بۆ پۆرترێتی مرۆڤایەتی، جیا دەکرێتەوە.

 

فیلمی "دیواری باران" لە دەرهێنانی ئیمان خوزەیر، دەرهێنەر و سیناریۆنووسی عێراقی لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی فیمتۆ کە لە شاری ئەسکەندەریەی میسر بەڕێوەچوو، خەڵاتی باشترین سیناریۆنووسی بەدەستهێنا.

 

"دیواری باران" چیرۆکی هونەرمەندێک کە خۆی لە پشت مێزی دادگا دۆزیەوە

ئیمان خوزەیر، دەرهێنەر و سیناریۆنووسی عێراقی ڕوونیکردەوە، سیناریۆی فیلمی "دیواری باران" لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستەقینە بووە، بەڵام بە وردی پابەند نەبووە بە ڕاستییەکانەوە، توخم و چارەسەری دراماتیکی زیاد کرد بۆ ئەوەی بیگۆڕێت بۆ کارێکی سینەمایی تەواو.

 

ئەو هیوای خۆی دەربڕی کە فیلمەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی پێشکەش بکرێن بۆ ئەوەی خەڵک سوود لە بیرۆکە و ئەزموونەکانیان وەربگرن، ئاماژەی بەوەشکرد، هەمیشە دەفتەرەکانم هەیە کە چیرۆکەکانی تێدا دەنووسم، هەندێکجاریش ئەو دۆخانە تۆمار دەکەم کە لە شەقامدا شاهیدی دەدەم، دەزگای زیندانییە سیاسییەکان کە بەرهەمهێنەری فیلمەکە بوون، بانگهێشتی کۆمەڵێک دەرهێنەریان کردووە، لەنێویاندا خۆی، بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو فیلمانە بکەن کە بەدواداچوون بۆ چیرۆکی زیندانیانی زیندانەکانی عێراق دەکەن لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا.

"ئێمە نیشتمانێکمان دەوێت"... بەڵگەنامەکردنی یادەوەری تیشرین

ئیمان خوزەیر هەروەها باسی لە فیلمی "ئێمە نیشتمانێکمان دەوێت" کرد و وتی: ئەزموون و شێوازی کارکردنی تەواو جیاوازە لە فیلمی "دیواری باران".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، مێژووی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ تا ٢٠٠٣ بە شێوەیەکی گونجاو لەلایەن فۆتۆگرافەر و سینەماکارانەوە بەڵگە نەکراوە بەهۆی سنووردارکردنی هەڵگرتن و بەکارهێنانی کامێرا، کامێراکان تەنها لە بازاڕدا بە شێوەی نموونەی سادەی ماڵەوە بەردەست بوون.

 

ڕوونیکردەوە، ئەو ڕووداوە گرنگانەی عێراق پێیدا تێپەڕیوە خۆئەرشیف نەبوون، بەڵکو دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ ئەرشیفکردنەکەدا کردووە و تەنها هەندێک ڕووداو لەڕووی مێژووییەوە دیکیۆمێنت کراون، وتی: شۆڕشی تشرينی یەکەمی ٢٠١٩ ئەزموونێکی جیاواز بووە، بۆ یەکەمجار چڕییەکی باوەڕپێنەکراوی فۆتۆگرافەرەکانم لە مەیدانەکەدا بینی، هەفتانە نزیکەی پێنج ڕۆژ لەگەڵیان بووم بۆ ئەو حەوت مانگەی شۆڕشەژە بەردەوام بوو، وێنەم دەگرت، سەرەڕای ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی دارایی و پشتیوانییەکی داراییم نەبوو.

 

ئەو نەیدەویست پشتگیری لە هیچ ڕێکخراوێک وەربگرێت، بە لەبەرچاوگرتنی "هەستیاری بابەتەکە"، بەڵام یارمەتی هاوڕێیەکی وەرگرت کە خاوەنی کامێرا بوو و فۆتۆگرافەرێکی سەرەتایی بوو، دواتر لەگەڵ چەند خۆپیشاندەرێکی ژن و پیاو هاوکاری کرد کە فیلمی بۆ گرت، بەتایبەتی لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکاندا.

 

لە ساڵی ٢٠١٩ دەستم بە کارکردن کرد لەسەر فیلمەکە، بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ بەردەوام بووم لە هەوڵی بەرهەمهێنانی، چونکە تێچووی مۆنتاژم نەبوو، هەروەها دواتر توانیم بڕێکی کەم پارە کۆبکەمەوە و فیلمەکە بەرهەم بهێنم، بەڵام مۆنتاژەکەم بەدڵ نەبوو، لە ساڵی ٢٠٢٥دا سەرلەنوێ بە فیلمەکەدا چوومەوە و پێداگریم کرد لەسەر بەرهەمهێنانی بۆ جاری دووەم، هەروەها تێچووی نوێم لە ئەستۆ گرت، بڕیارمدا تەنانەت ئەگەر ناچاریشم بۆ ئەوەش قەرز بکەم، چونکە بزووتنەوەی تشرینی یەکەم دەبێت شایستەی خۆی بەدەستبهێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ جاری سێیەم مۆنتاژکردنی فیلمەکەی کردووەتەوە وتی: بزووتنەوەی تشرین ئەرشیف و پاراستنی یادەوەری عێراقییە  هیوای خواستبوو بە توانای خۆپیشاندەران بۆ دروستکردنی ئەوەی کە بە کۆماری خۆیان پێناسەی کرد لەناو مەیدانی ئازادیدا.

 

سینەمای عێراقی: لە نێوان قەیرانی سیناریۆ و بودجە

ئیمان خوزەیر دۆخی سینەمای عێراقی بە جێگەی داخ پێناسە کرد و ڕەخنەی لە میکانیزمی پارەدان و پرۆسەکانی هەڵبژاردنی پڕۆژە گرت، جەختی لەوە کردەوە ،کە گروپێکی سنووردار کۆنترۆڵی بودجە و تەرخانکردنی پارە و هەڵبژاردنی پڕۆژەکان دەکات، هەندێک لە ئەندامانی لیژنەکانی هەڵسەنگاندنی بەرهەم و سیناریۆکان هەرگیز دەرهێنانی فیلمێکیان نەکردووە، ئەمەش بە کێشەیەکی ڕاستەقینە لە پیشەسازی فیلمدا دەزانن.

 

دووپاتی کردەوە، کێشەی دووەم لە سیناریۆنووسیدایە، تەنانەت لەنێو هەندێک ئەکادیمی لە بەشەکانی فیلمدا، زۆربەی ئەو فیلمانەی کە بینیویەتی بەدەست کێشەی سیناریۆوە دەناڵێنن، وتی: بڕبڕەی پشتی سینەما سیناریۆیە و بەهێزی یان لاوازی فیلمێک پەیوەستە بەوەوە.

 

ڕوونیکردەوە، کێشەی سێیەم بریتییە لە بودجە. تەنانەت کاتێک کە بودجە لەبەردەستدا بێت، لایەنی پێویست نییە بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی فیلم، لە کاتێکدا کاری سەربەخۆ پێویستی بە تێچووی بەرچاو هەیە، لەوانە وێنەگرتن، ئامێرەکان، مۆنتاژکردن، گرافیک و مۆسیقا.

 

پێیوایە عێراق بەدەست کێشەیەکی ڕاستەقینەوە دەناڵێنێت لە سیناریۆنووسیدا، جا چ بۆ زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان، فیلمە درێژەکان، تەنانەت بەرنامەکانی ڕادیۆیی. داوای نمایشکردنی فیلم لە ئەکادیمیا و پەیمانگا و سینەماکان و کردنەوەی گفتوگۆی تایبەتمەند سەبارەت بە سیناریۆنووسی و میکانیزمەکانی و هەڵبژاردنی بیرۆکەکان کرد.

 

ئیمان خوزەیر، دەرهێنەری سینەمایی عێراقی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو کەسێک سینەمایان خۆشدەوێت، ئەوە جێگەی خۆشحاڵییە، بەڵام لە هەمان کاتدا ماندوێتییەکی زۆری لەخۆدەگرێت، هەروەها کارکردن وەک دەرهێنەر، وەک بەرهەمهێنەر، پێویستی بە سەبر و پارە و پاڵپشتی هەیە، هەروەها بەرهەمهێنانی تاکە فیلمێک دەتوانرێت لەلایەن ئۆرگانەکانی فەرمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی هەواڵ و ئەوانی ترەوە پاڵپشتی بکرێت، لەم جۆرە هاوکارییە لە عێراقدا بە ڕادەی پێویست بەردەست نییە، ئێمەش هێشتا ئەم کولتوورەمان نییە.