بەشداری ژنان لەناو بواری سینەمای کوردیدا

سینەما سمبولی ناسینەوەی گەلانە، لە کوردستاندا لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠وە پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە لە ڕووی بەشداریکردنی ژن لە فیلمەکاندا، هەنگاوەکانی سەر خۆڵەمیش یەکێکە لەو درامایانەی گەزیزە عومەر کاری دەرهێنانی بۆ کردووە

سلێمانی

 

سینەما مێژوویەکی کۆنی هەیە و بووەتە سمبولی ناسینەوەی گەلان و پەیامی جوانی و مرۆڤدۆستی و لوتکەی چێژ بەخشییە، له‌ دونیادا سینەما بووه‌ته‌ ڕێگه‌یه‌ك بۆ خۆناساندن و ئاشنابوون به‌ گه‌لانی جیهان، بەو پێیەی هونەری سینەما کاراترین هونەرەکانە و حەوتەم دەسەڵاتی مرۆڤە لە بینینەوەی دونیا و وێناکردنەوەی دونیا، بەڵام سینەمای کوردی دەستپێکێکی درەنگی هەیە و لە سەرەتاکانی سینەمای کوردی بەهۆی دۆخی ناسەقامگیری پارچەکانی کوردستانەوە و ڕێگری کردن و چەوساندنەوەی کوردەکان نەیانتوانیوە فیلم بە زمان و ناوەڕۆکی کوردی بەرهەمبهێنن، بەتایبەت لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، لە باشووری کوردستانیش بەهۆی کلتوری کوردی و ڕێگریەکانی کۆمەڵگەی کوردی و نەبوون و نائامادەیی ئەکتەری ژن لە فیلم و دراما کوردیەکاندا، پیاو لە بری ژن ڕۆڵی بینیوە و پاڵه‌وان و حیكایه‌ته‌كانی له‌ لایه‌ن پیاوه‌وه بووە و جۆرێک لە پیاوسالاری پێوە دیار بووە، کەم سەیرکردنی تواناکانی ژن و کەم بایەخدان پێی، پەیوەندی بە چەمکی کولتوور و فەرهەنگ و مێژووی کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە، بە گشتی بەشداریکردنی ژن لە فیلم و دنیای سینەمای کوردیدا لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠وە پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە.

 

هونەری حەوتەم

لە دنیادا و لە کوردستانیش فیلم لە لە کادرەکانی شانۆوە سەری هەڵداوە، ئاشکرایە سینەما ناسراوە بە ھونەری حەوتەم، بەو ھونەرە باڵایە ناوەند دەکرێت کە توانیوویەتی ھەر ٦ ھونەرەکەی دیکە لەخۆدا کۆبکاتەوە، هەر میللەت و نەتەوەیەك سینەمای تایبەت بە خۆی هەیە، چونكە ڕەنگدانەوەی مێژوو و فەرهەنگ و كەلتووری ئەو نەتەوەیەن و ئامڕازێکە بۆ جووڵاندنی فیکری تاک و ئامڕازێکە بۆ گەشەی ئابووری، هەرچەندە فیلم کۆنترین میدیای دەنگی و وێنەییە و لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ساڵی ١٩٢٠ گەیشتە چەند شارێکی کوردستان،  بەڵام سینەمای کوردی دەستپێکێکی درەنگتر لەمەی هەیە، هەژمونی سیاسی لەو وڵاتانەی کە نەتەوەی کورد لێی نیشتەجێن، ڕێڕەوی سانسۆر و جیاکاری تایبەتی بەرامبەر بەرهەمهێنان و نمایش کردنی ئەو فیلمانەیان گرتۆتە بەر کە بابەت و زمانەکەیان کوردی بووە.

 

سەرەتاکانی سینەما لە کوردستان پێش ساڵانی نەوەدەکان

لە باشووری کوردستان ساڵانی شەستەکان و سەرەتاکانی نواندن و نمایشی فیلمی کوردی بە سەردەمی زێڕین و ئاڵتونی هونەری نواندن و درامای کوردی دادەنرێت، بەڵام جیهانێکە ڕه‌نگڕێژكراوە به‌ ده‌ستوپه‌نجه‌ و خه‌یاڵ و فانتازی و دواجاریش بیرکردنەوە و ڕوانین و نیگای پیاو، جیهانێكە كه‌ تیایدا پیاو گێڕه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌كته‌ر و نمایشكارە، ده‌رهێنه‌ر و وێنه‌گره، سیناریست و نووسه‌ر‌ە، هه‌م تەکنیکارە و هه‌م ماكیاژكه‌ره.... هتد، پاشان لە کۆتای ساڵانی حەفتاکانەوە هێدی ‌هێدی ئەکتەری ژن لە فیلمەکاندا دەردەکەوتن و ژن بە فیزیک و جەستەی خۆیانەوە دەبینران، کۆمەڵە ژنێکی ئازا و لەخۆبردوو دەستیان پێکرد و قۆناغەکەیان گۆڕی و ڕێچکە شکێنیان کرد و ئەو ئەرکەیان لە کۆڵ پیاو کردەوە، وەک ئەختەر خان، عەتێ خان، مامۆستا بەدیعە دارتاش، گەزیزە عومەر، سەمیعە خان و ئاڵا عومەر و چەندین کەڵەژنی تر لەم نێوەندەدا بونیان هەیە، بەڵام بەگشتی ژنان ڕۆڵی لاوەکیان پێدراوە، لەگەڵ ئەوەی لەم قۆناغەدا ژن خۆیان ڕۆڵیان لە نێو فیلمەکاندا دەبینی بەڵام جۆرێک لە سنوردارکردن و ڕێگری هەبووە بەرامبەر بەو ڕۆڵانەی کە ئەکتەرە ژنەکان بەرجەستەیان دەکرد، ئازادی تەواویان پێنەدراوە چ لەلایەن کۆمەڵگەوە یاخود خێزانەوە بێت، کە هەمیشە ڕەچاوی دابونەریتی کۆمەڵگە دەکرێت و ئازادیەکی تەواو لە سینەمادا نییە، بۆ نموونە دەرکەوتنی ژن و ڕۆڵگێڕانیان لە پەیوەندییەکی خۆشەویستیدا، کەم ژن هەبوون بوێرانە ئەو ڕۆڵە ببینێت ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فیلمە کوردییە سینەمایەکان کەوتونەتە ژێر کۆمەڵێ فشاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، ئاینی، کلتور و فەرهەنگی مێژووییەوە.

 

لە باکووری كوردستان بەهۆی ڕێگریەکانی حکومەتی تورکیاوە بۆ کوردەکان فیلمگه‌لێك به‌رهه‌م هاتوون كه‌ بابه‌ته‌كانیان له‌ سه‌ر كورد بووه‌ و كاره‌كته‌ره‌كان به‌ زمانی كوردی قسه‌یان نه‌كردووه‌، بەهەمان شێوە کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی سیاسەتی حوکمەتەکانیانەوە و سانسۆرکردنیان نەتوانراوە ئەو فیلمانەی کە ناوەڕۆکەکەیان باس لە کورد بکات یاخود زمانی کوردی بێت بەرهەم بهێنرێت، هەربۆیە هەندێکیان هەوڵیان داوە ئەو ڕوانینە و دیدگایەی کە هەیانە لە ڕێگەی فیلمەکانیانەوە بە زمانی دوژمن بەرهەم بهێنن.

 

فیلم و درامای کوردی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئێستا

لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارە یەک بەدوای یەکانەی کە بەسەر کوردستاندا هاتوون بەتایبەت لە باشوور، هەر لە ئاوارەبوون و خراپی دۆخی ئابوری و گوزەرانی خەڵک و شەڕی برا کوژی، نەتوانراوە هیچ فیلمێک یان درامایەک بەرهەمبهێنرێت، تەنها چەند بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی هەبوون وەک بەرنامەی کەشکۆڵ لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ – ١٩٩٥ بەرهەمهێنراوە، هەروەها کەم تا زۆر هەوڵدراوە لە ڕیگەی دراماوە بەرهەمهێنان بکەن، بۆ ئەوەش چەندین درامای تەلەفیزیۆنی بەرهەمهێنراون وەک ژاڵە، گوڵاڵە، کەوەکانی قەرەچوغ، پاداشت و کۆمەڵێکی تر کە هەموویان دەرهێنەرەکانیان پیاو بوون، ئەو درامایانەی کە لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠ بەرهەم هاتوون وەک ڕەشەی پۆلیس، حەسەنە فەنی، نمە خان، جومعە، سڵاو گوڵەکانی پایز، گەڕان بە دوای سێبەرەکان، وەسیەتنامە، خەمی چۆلەکەکان، ساتەکانی ژیان، گەردەلوول، مەم و زین، چپەی ڕابردوو، سایە، گۆڵمەز، هەنگاوەکانی سەر خۆڵەمێش، سەراب، پەناگەی هیوا، ماڵەکەی مەعروف و پڕۆفیشاڵ و کۆمەڵێکی تر هەن، لە کۆی هەموو ئەو درامایەنە تەنها یەک دراما هەیە کە دەرهێنەرەکەی ژنە هونەرمەند گەزیزە عومەر بووە، ئەویش هەنگاوەکانی سەر خۆڵەمێش-ە، ناوەڕۆکی دراماکە دەربارەی بەشێک لە کێشە و گرفتی ژنان بووە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لەم فیلمەدا چەند ژنێک ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینن وەک بەیان عوسمان، سروشت کامەران و هەواڵ عوسمان و کۆمەڵێکی تر، ساڵی ٢٠١٥ درامای پەناگەی هیوا بەرهەمهێنرا لە سیناریۆ و دەرهێنانی جانۆ ڕۆژبەیانی، ناوەڕۆکی دراماکە باس لە ژنێكی ١٤ ساڵان دەكات كە چۆن بە شوو دراوە و پاشان لەلایەن مێردەكەیەوە چەوساوەتەوە و دواتریش كوژراوە، تەلار هیرانی، چیا هەورامی، گوڵی خەیاتی و هودا خەلیل وەک ئەکتەری ژن بەشداریان تێدا کردووە.

 

ئەو فیلمانەی لەلایەن سینەماکارانی جیهانەوە لەسەر کوردستان و ژنانی کورد بەرهەم هێنراون

فیلمی زارە، یەکەمین فیلم لە مێژووی سینەمای کوردیدا بەرهەمی یەکێتی سۆڤیەتی پێشووە لە ساڵی ١٩٢٦، فیلمەکە پیشاندەری دیمەنی بەڵگەنامەیی کوردە ئێزێدیەکانی دانیشتووی ئەرمەنستانە، کە لە دەرهێنانی فیلمسازی ئەرمەنی، هامۆ بێکنازاریان بووە، چیرۆکی فیلمەکە باس لە خۆشەویستی نێوان کچێکی کورد (زارە) و شوانێکی لاو (سیدۆ) دەکات کە لەژێر سەرکوت و چەوساندنەوەی دەسەڵاتداراندا بۆ ژیان دەجەنگن.

 

هەر لە ساڵی ١٩٢٦ دا فیلمی قەڵغان بەرهەمهێنرا، قەڵغان فیلمێکی بێدەنگە و دەرهێنەرەکەی ناوی حەمۆبێگ نەزریران بووە و خەڵکی قەوقاز بووە، لە فیلمەکەدا هەلومەرجی ژیانی ژنانی کوردی ئەرمەنستانی بەشێوەیەکی ئەنترۆپۆلۆژیانە وێنا کردووە و ژن ڕۆڵی بینیوە، پاشان لە نیوان ساڵەکانی ١٩٣٣بۆ ١٩٦٧چەندین فیلمی دیکە لەلایەن دەرهێنەرە ئەرمەنی و ئیتاڵی و ئەڵمانییەکانەوە سەبارەت بە کوردەکان بەرهەمهات کە زۆربەیان دیمەنێکی خراپیان لە کورد پیشان دەدا.

 

نەزریران دواتر لە ساڵی ١٩٣٣ دا گرنگترین فیلمی خۆی بە ناوی کوردە یەزیدیەکان بەرهەمهێنا، ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتاریە بەشێوەیەکی ئەنتۆلۆژی (مرۆڤناسی وێنەیی) بەرهەمهات، سەرلەبەری فیلمەکە کوردییە و وێنەی دابونەریت و کلتوری کوردە چادرنشین و کۆچەریەکانی کێشاوە.

 

جیا لەمە لە شەستەكانی سەدەی رابردوو بەدواوە چەند فیلمێك لەبارەی كوردەوە لە ئێران بەرهەمهێنراون، لەوانەش فیلمی داڵاهو لە دەرهێنانی سیامەك یاسەمی كە ساڵی ١٩٦٧ لە شاخەكانی كرمانشان وێنە گیراوە. 

 

ساڵی ٢٠١٨ فیلمی فرمێسک بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی مریم پیرباند-ی بەڕەگەز ئێرانی، کورتە فیلمەکە بە هاوبەشی لەلایەن ئێران و ئەمریکاوە بەرهەمهێنراوە، ئەو فیلمە چیرۆکی کچێکی کوردە لە هەرێمی کوردستان، کە دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر گوندەکەیان ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە و ژیانی تێکچووە، هەریەک لە ناز براڤۆ، مریەم شێخ مامۆندی و لەیلا میر وەک ئەکتەری ژن بەشداریان لەم فیلمەدا کردووە.

 

فیلمی دار گوێز فیلمێکی ئێرانیە لە دەرهێنەری فارس محەمەد حسێن مەهدەویان لە ساڵی ٢٠١٩ بەرهەمهێنراوە، زمانی فیلمەکە بە کوردی-فارسی-ئازەربایجانیە، فیلمەکە گێڕانەوەیەکە لە ڕووداوی ڕاستەقینەی بۆردومانی کیمیایی شاری سەردەشت و بەسەرھاتی پیاوێک دەگێڕێتەوە بە ناوی قادر، کە لە کاتی ھێرشی فرۆکە عێراقییەکان لە دەرەوەی شاری سەردەشت بووە و ژن و منداڵەکەی لە گوندا کەوتوونەتە بەر شاڵاوی بۆردومانی فڕۆکەکان، ژنە ئەکتەری کورد مینو شەریفی وەک یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکیەکان لەم فیلمەدا بەشدارە.

 

ساڵی ٢٠٢٠ فیلمی ژیر لە بەرهەم هێنراوە لە دەرهێنەری فارس (بەهار ڕۆحانی)، ماوەی فیلمەکە ٦١ خولەکە، فیلمەکە نەریتێکی ئایینیی کۆن و لەبیرکراوەی ناوچەی هەورامان دەگێڕێتەوە و باس لە ڕۆڵی ژن دەکات لە گوندەکاندا. 

 

ئەو فیلمانەی لەلایەن کوردەکانەوە بەرهەم هێنراون ژنان ڕۆڵیان تێدا بینیوە

لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک سەرەتایەک بۆ فیلمی کوردی لە باشووری کوردستان، تەنها بەرهەمی تەلەفیزیۆنی بەرهەم دەهێنران، لەو سەردەمەدا کۆمەڵگەی کوردی پێوستی بە ئەکتەری ژن هەبووە بۆ هەندێ کاری هونەری وەك شانۆ و نواندن لە فیلمدا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەکتەری ژن یان دەگمەن دەستکەوتنی ئەکتەری ژن پیاوان ئەو ڕۆڵەیان بینیوە، چونکە تا ئەوکاتە ژنان ئامادە نەبوون ئەو تەوقەی کۆمەڵگە بشکێنن، چونکە نواندنی ژن سوکایەتی بوو بە کەسوکار و کلتور بە کورتی شتێکی نامۆ و تازە بووە، ئەم قورسایی و ئاڵۆزییەی کەلتوری کوردی خستبووییە سەر هونەر و جۆرەکانی، وای کردبوو پیاو ڕۆڵی ژن ببینێت.

 

 لەگەڵ ئەوەی لە شانۆدا بەشداری ژنان هەبووە وەک نەرمین ناکام و بەدیعە دارتاش و چەندانی تری ڕێچکەشکێن، بەڵام کە کار دەهاتە سەر تەلەفیزیۆن جۆرێک لەڕێگری هەبوو، بۆیە ناچار بە زەبری ماکیاژ پیاو ڕۆڵی ژنی بەرجەستە ئەکرد، وەک لە بەرهەمە تەلەفیزیۆنەکانی ژن بە ژن، مارەیی، چڵپاو، جەنابی موفەتیش، پیسکەی تەڕپیر، مامە خەمە، باوەژن خوا بناسە و چەندەها بەرهەمی تر هەبووە، ئەو ئەکتەرە پیاوانەی ڕۆڵی ژنیان بەرجەستە کردووە وەک عومەر چاوشین، مامۆستا ئەحمەد دەنگ گەورە، تەها خەلیل، ڕەفیق چالاک و حەمە ڕەشید هەرەس و چەندینی تر، لە بەرهەمە تەلەفیزیۆنیەکان عومەر چاوشین پشکی شێری هەیە و دیارترینیانە کە زۆرترین جار ڕۆڵی ژنی بەرجەستە کردووە، بەگشتی لە بەرهەمە تەلەفیزیۆنەکانی ئەو سەردەمەی باشوور پیاو وەک پاڵەوان دەبینرێت، ئەو ئەکتەرە پیاوانەشی کە دەوری ژنیان بینیوە کارەکتەرە کۆمەڵایەتییە ئاساییەکەیان بەرجەستە کردووە، بەو شێوەیەی کە چیرۆکەکە پێویستی کردووە .

 

 لە کۆتای ساڵانی حەفتاکانەوە کۆمەڵێک بەرهەمی تەلەفیزیۆنی هەن کە لێرەدا ژن خۆیان ڕۆڵ دەبینن وەک هەبو نەبو، میراتی، لاس و خه‌زاڵ، خانزاد، مۆڵەت، گریان و بوکی ژێر دەواری ڕەش ...

 

لە باشووری کوردستان سەرەتای دەستپێکردنی فیلمی سینەمای دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٤ کە فیلمێکی دۆکیومێنتاری بێ ئەکتەر بوو لە بەرهەمهێنانی هونەرمەند حاجی مەکی، فیلمەکە دەربارەی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار دروستکراوە و چەند ڕۆژێک لە سینەما لە سلێمانی پەخش کراوە، لەدوای ئەوەوە چەند هەوڵێک هەبووە بۆ دروستکردنی فیلم لەوانە سیناریۆی ڕەهێڵە لە نوسینی کامەران موکری، دەتوانین بڵێین یەکەم فیلمی سینەمایی لە کوردستان، فیلمی نێرگز بوکی کوردستان بووە کە کۆمپانیایی بابلی عێراقی بەرهەمی هێناوە لە ساڵی ١٩٨٩، چیرۆک و سیناریۆی محەمەد فەریق حەسەن و دەرهێنانی جەعفەر عەلی بووە، لەو فیلمەدا ژمارەیەک ئەکتەری ژن بەشداریان کردووە لەوانە مامۆستا بەدیعە دارتاش و عەتێ خان و کچەکەی، چیرۆکی فیلمی نێرگز بوکی کوردستان دەربارەی خۆشەویستی نێوان کچ و کوڕێکە.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی ١٩٨٤ فیلمـێکی دیکۆمێنتاری بەرهەم هێنراوە بە ناوی (نان و ئازادی) لە دەرهێنانی فیلمسازی بەڕەگەز کورد تەیفوور بەتحایی، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە ژیان و کار و شەڕ و بەرگری دەکات.

 

لە باکووری کوردستان ساڵانی شەستەکان فیلمەکانی نووسەر و دەرهێنەری بەڕەگەز کورد یەڵماز گونەی بەرهەم هاتوون کە دەرهێنانی بۆ چەندین فیلم کردووە لەوانە ئومید، دیوار، مێگه‌ل و رێگا و زۆری تر، هه‌رچه‌ند قسه‌كردن به‌ زمانی كوردی له‌و كاته‌ی كه‌ گونەی ئه‌و فیلمانه‌ی به‌رهه‌مهێناوه‌ قه‌ده‌غه‌ بووە، به‌ڵام بابه‌تی فیلمه‌كانی و كاراكته‌ری فیلمه‌كانی كورد بوون، گونەی توانی زۆر به‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ باكوری كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیا‌ نیشان بدات، ئه‌و له‌ ماوه‌ی ژیانی خۆیدا زۆر داهێنه‌ر و توانا بوو، له‌ ڕێگای فیلمه‌كانیه‌وه‌ توانی كاریگه‌رییه‌كی زۆری هەبێت له‌ سه‌ر وشیاری خه‌ڵكی كورد له‌ باكور، هه‌ر ئه‌وه‌بوو زۆربه‌ی ده‌رهێنه‌رانی كورد له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان وه‌كوو هێمایه‌ك لەناو دنیای‌ سینه‌مای كوردی ناوی دەبەن.