پێشانگایەکی ژینگەیی: ژنانی غەززە داروپەردوو دەگۆڕن بۆ بیناسازی
پێشانگای "کاریگەری سەوز - غەززە دروست دەکات"، کە پەیامی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی گەلە، دووپاتی دەکاتەوە، کە غەززە توانای سەرهەڵدانەوەی هەیە، ئەمەش لە سایەی هەوڵی ژنان و گەنجەکانی کە ئازار دەگۆڕن بۆ داهێنان.
رەفیف ئەسلیم
غەززە- سەرەڕای داروپەردوو و بێبەشی و شەڕی بەردەوام، خەڵکی غەززە پێداگرن لەسەر ئەوەی ژیان بکەنە شوێنی داهێنان و هیوا، بە دروشمی "کاریگەری سەوز – غەززە دروست دەکات"، یەکەم پێشانگای دۆستی ژینگە دەستیپێکرد، کە پەنجەرەیەکی نوێی پێشکەش بە توانای ژنان و ژنانی گەنج لە غەززە کرد بۆ گۆڕینی کەرەستەی دووبارە بەکاهێنراو بۆ بەرهەمی داهێنەرانە کە پەیامی خۆڕاگری و بەهێزکردنی ئابووری دەگەیەنن.
بە دروشمی "کاریگەری سەوز – غەززە دروست دەکات"، کۆمەڵەی ڕزگارکردنی داهاتووی گەنجان، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵانی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەورووپا، یەکەمین پێشانگای دۆستی ژینگەیان لە ماوەی دوو ساڵدا ڕێکخست لە دوای هێرشەکەی سەر غەززە، پێشانگاکە کە لە ١٢ی کانوونی دووەم کرایەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژی لەسەریەک بەردەوام دەبێت، دەیان ژن و ژنی گەنج نمایشی بەرهەمەکانی ژینگەدۆستی بەکارهێنانەوە دەکەن، ئەمەش نیشان دەدات کە چۆن ژینگە دەتوانێت ببێتە بوارێک بۆ داهێنان و کردەوەی کۆمەڵایەتی.
''بەهێزکردن لە ڕێگەی ئابووری سەوزەوە''
ئیبتیهال شەراب، ڕێکخەری پڕۆژەی گەنجان بۆ داهاتوویەکی سەوز، وتی: ئامانجی پڕۆژەکە بەبەهێزکردنی ئابوورییە بۆ گەنجان و ژنان، بەتایبەتی ئەو ژنە خاوەنکارانەی کە لە کاتی هێرشەکەدا کارەکانیان لەدەستداوە، پڕۆژەکە تیشک دەخاتە سەر ئابووری سەوز و دۆزینەوەی چارەسەری جێگرەوە بۆ قەیرانەکانی بەردەم کەرتی غەززە.
سەبارەت بە گۆشەکان و بەرهەمەکانیان ڕوونیکردەوە، ٢٢گۆشە بەشدارن لە پێشانگاکەدا، کە هەندێکیان تایبەتمەندن لە دانانی چێشتخانەی گەڕۆک بۆ ژنان لە کاتی ئاوارەبوون یان ئەوانەی بە هەمیشەیی لە چادردا دەژین، گۆشەیەک هەیە تایبەتە بە دروستکردنی پاککەرەوە و سابون، بەتایبەتی لەکاتی قەیرانی پاککەرەوە کە بەر کەرتەکە کەوتووە، هەروەها گۆشەیەکی دیکە تایبەتە بە کشتوکاڵی ئۆرگانیک، نوێکردنەوەی جل و بەرگ، چنین، نیگارکێشان لەسەر شووشە و کارە ژینگەدۆستەکانی تر.

''ئەو بەرهەمانەی کە لە کەرەستەی خاوی بەکارهێنراو دروست دەکرێن''
ڕوونیکردەوە، کە کەرتی غەززە پڕە لە تاکی داهێنەر کە سەرپێچی لە هەموو ئەگەرەکان دەکەن بۆ دروستکردنی بەرهەمێک کە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ قەیرانەکە پێشکەش بکەن، مافی ژیانیان بۆ خۆیان و جیهان دەسەلمێنن، هەروەها بەهێزکردن کلیلی پەرەپێدانی ئەم پڕۆژانە و یارمەتیدانیان بۆ گەیشتن بە توانا تەواوەکانیان، جا پەیوەندییان بە میراس، بووکەڵە و یاری، خواردنی تەندروست یان کاری دەستی دار بەکارهێنانەوە هەبێت.
نەبوونی کەرەستەی خاو بیرۆکەی سەرەکی پشت پێشانگاکەیە، ئیبتیهال شەراب، وتی: هەموو شتێک لە پێشانگاکەدا لە کەرەستەی بەکارهێندراو دروستکراوە کە لەلایەن ژنان و گەنجانەوە بە بەکارهێنانی سەرچاوە بەردەستەکان دروستکراون، ئەوان لە ڕێگەی ئاوارەبوونی دووبارە و مەترسی مەیدانی و گرانی نرخەوە خۆڕاگر بوون، هەروەها کارکردن لەسەر ئەم پڕۆژانە لە قۆناغی کارکردنەوە تا قۆناغی بەرهەمهێنان بە درێژایی ئەم ماوەیە ئاسان نەبووە.
پێی وایە ڕێژەی بەشداریکردن لە پێشانگاکەدا بە هۆکارێکی سادە لە چاوەڕوانییەکانی زیاتر بوو، خەڵکی غەززە بیری ئەو ژیانە دەکەن کە پێش هێرشەکە هەیانبوو، بۆیە بەشداریکردن لە پێشانگاکەدا بە بۆنەیەکی نایاب و ناوازە دەزانن، بەتایبەتی کە کۆمەڵێک بەرهەمی هەمەچەشن پێشکەش دەکات کە زۆرێک لە پێداویستییەکانیان دابین دەکات، پەیامەکەی ئاراستەی جیهان دەکات کە کەرتی غەززە و دانیشتووانەکەی شایەنی دەرفەتی فراوانن بۆ ئەوەی داهێنەری خۆیان لە هەردوو بواری بەرهەمهێنان و داهێناندا نیشان بدەن.
''چێشتخانەیەکی گوازراوە کە دۆستی ژینگەیە''
منور فەرا، ئەندازیار، کە بەشداری لە پرۆژەی بەکارهێنانەوەی دارەکان دەکات بە دروستکردنی چێشتخانەی زیرەک و گەڕۆک، وتی: بیرۆکەکە لە پێداویستییە سەختەکانی ژنان و ئاوارەبوونی زۆرەملێیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها ئەو ڕاستیەی کە بەسەر ژنانی فەڵەستینیدا سەپێنراوە، چێشتخانەی ماڵەوەی ئەو سندوقێکە لەسەر ویلەکان کە دەتوانرێت لە لای چەپ و ڕاستەوە بکرێتەوە و بۆ قاپ شۆردن، وەک مێزی کارکردن یان وەک شوێنی هەڵگرتنی سەرەتایی بەکاربهێنرێت.
ڕوونیکردەوە، کە بەدەستهێنانی کەرەستەی خاو بۆ دروستکردنی چێشتخانەکە قورسە، بۆیە بە سینکی ئستیل و بەلۆعە و تەنانەت ئەو ئیکسسواراتانەی کە لە بازاڕی ناوخۆییدا بەردەستن دەستیپێکردووە، لە شارەوە دەستی بە گەڕان کرد بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، بەدوای شتێکدا دەگەڕا کە یارمەتی بدات بیرۆکەکەی بەدیبهێنێت و بیگۆڕێت بۆ بەرهەمێکی بەرجەستە، هەروەها کەرەستەی بەکارهێندراوی بەکارهێناوە، وەکو پالێت و قاچی دار، کە لە ژێر داروپەردووی خانووە وێران و بۆردوومانکراوەکان ڕزگاری کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر بیری لەم جۆرە پڕۆژانە نەکردۆتەوە. ئەو بیناسازێک بوو کە بەرپرسیار بوو لە چەندین پڕۆژە و ناوەندی بازرگانی، بەڵام هێرشەکە ناچاری کرد ببێتە کەسێکی ئاوارە، بەردەوام لە جوڵەدا بوو، تاکە سەرنجی مانەوە و دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی بوو.

''جل و بەرگی بەکارهێنراو بە نەخشی چنین و وێنەی جیاواز''
لە گۆشەیەکی تردا عائدە حەمید ڕوونیدەکاتەوە، کە بەشداری لە گۆشەیەکدا دەکات بەناوی "نفس" ''هەناسەدان'' کە تایبەتە بە بەکارهێنانەوەی جلوبەرگ بە تێکەڵکردنی چنینی فەڵەستینی بۆ ئەوەی هەر پارچەیەک ژیانێکی نوێ ببەخشێت، بیرۆکەکە ئەوەیە کە هەر شتێکی کۆن کە لە داروپەردوودا هەڵکەندرابێت یان خاوەنی بەهای هەستیاری بێت، تێکچووبێت و فڕێدانی بۆ خاوەنەکەی قورس بێت، بە شێوەیەکی ناوازەی خۆی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بتوانرێت بەکاربهێنرێتەوە.
ئەم شێوازە تەنها لە حاڵەتە تایبەتەکاندا سنووردار نییە. وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، زۆرێک لە ژنان جلوبەرگیان دڕاندووە و توانای کڕینی جل و بەرگی نوێیان نییە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نرخی لەڕادەبەدەری جلوبەرگی هاوردەکراو و داخستنی دەروازەکان و گەمارۆدانی بەردەوام.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە زیادکردنی چنینی فەڵەستینیەکان بۆ شاردنەوەی فرمێسکەکان نەک تەنها جلوبەرگەکە چاک دەکاتەوە بەڵکو شوناسی نەتەوەیی ژنێک دەگەڕێنێتەوە، کە لە ماوەی دوو ساڵ ئاوارەبوونیدا لەدەستیداوە، هەروەها جلوبەرگی سەردەمی و نەریتی تێکەڵ دەکات، چەندین جلی چنین و چاکەتی پان بەرهەم دەهێنێت کە ئەمڕۆ ژنانی گەنج بە شێوەیەکی بەرفراوان لەبەری دەکەن.
سەبارەت بە سەختییەکانیش ڕوونی کردەوە، کە نەمانی کەرەستەی خاو لە بازاڕەکان و هەندێک لەو ڕەنگانەی کە پێویستن بۆ وێنە و چنین بەربەستێکی گەورەیە، ئەمە جگە لەوەی چەندین کاتژمێری درێژخایەنی پچڕانی کارەبا و بێتوانایی سەرچاوەی وزەی جێگرەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمییەکە، جگە لەوەش نەبوونی دار ڕێگری دەکات لە تەواوکردنی زۆرێک لە پارچە میراسییەکان، بەرزی تێچووی کەرەستەی خاو نرخ بۆ بەکاربەر زیاد دەکات، بەمەش کڕین و خواست لەسەر ئەم بەرهەمانە کەمدەکاتەوە، کە هیوادارە بیگۆڕێت بۆ نیشانەیەکی بازرگانی تۆمارکراوی نێودەوڵەتی بە ناوی "نفس" ''هەناسەدان''.

''بوکەڵەی قوماشی دۆستی ژینگە''
لە گۆشەی بووکەڵەدا، مەها عەواز ڕوونیدەکاتەوە، کە دوای هێرش بۆ سەر غەززە و لە ئەنجامدا کەمیی کەلوپەلی هاوردەکراو بڕیاریدا دەست بە دروستکردنی بووکەڵە بکات، ئاماژە بە پێویستی بەردەوامی دایکان دەکات، کە بووکە شووشەیەکی سادەیان بۆ منداڵەکانیان هەبێت، چونکە مافێکی بنەڕەتییە کە دۆخی ئێستا لێی بێبەش کردووە، بووکە شووشە دروست دەکات کە بە تەواوی پارێزراوە بۆ منداڵان، هیچ کانزا و پلاستیکێکی تێدا نییە، تەنها قوماش و هەندێک کەرەستەی بەکارهێندراوی وەک دوگمەی جل و بەرگی کۆن و پڕکردنی پەتوو لە بالیفە نەخوازراوەکان و ئەو قوماشانەی کە کارگەکان نایانهەوێت فڕێی بدەن.
مەها عەواز چەندین جۆری بووکە شووشەی قوماش دروست دەکات، ئەمەش ڕێگە بە دایکان دەدات وێنەی منداڵەکەیان بۆ دابین بکەن و بووکەڵەیەک دروست بکەن کە لەگەڵ وێنەکەیاندا بگونجێت یان تەنانەت ناوی خۆیان لەسەر بنووسرێت، هەروەها گۆشەکە کۆمەڵێک شێوە و ڕەنگی جیاوازی تێدایە، ڕوونیدەکاتەوە، کە بەشداریکردنی لە پێشانگاکەدا گرنگە بۆ بەبازاڕکردنی خۆی و بەرهەمەکانی، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فیدباکە ئەرێنییەی دایکان وەریانگرتووە، لە کاتێکدا بەرهەمەکە خۆی گەورە نییە، بەڵام سەرچاوەیەکی داهاتی بۆ دابین دەکات کە یارمەتی دابینکردنی هەندێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی دەدات.
''خەونی ژنێکی گەنج لە ڕێگەی چێشت لێنانەوە بەدیدێت''
سالی بەربەری، لە گۆشەیەکدا بە ناوی "چێشتەکانمان ناوازەن" باس لەوە دەکات، کە چۆن ئامادەکردنی خواردنە جیاوازەکان لە ڕووی ئابوورییەوە ژنێکی گەنج بەهێز دەکات و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دابین دەکات، هەروەها ئەم بەشداریکردنە بۆی گرنگە، وەک چۆن هەمیشە لە دەورووبەری بیستوویەتی کە ژنانی گەنج بەهۆی گەنجییەوە ناتوانن بە تەنها پڕۆژە ئەنجام بدەن، بۆیە دەیەوێت ببێتە چێشتلێنەر و کڕیارەکانی داوای خواردنەکانی بکەن.
ڕوونیشیکردەوە، سەری سوڕماوە لە کاردانەوەی سەردانکەرەکان، بەتایبەتی کە زۆرێک داوای ژمارەی پەیوەندیکردنی پڕۆژەکەیان کردووە بۆ ئەوەی خواردنی زیاتر تاقیبکەنەوە، هەستی بە شانازییەکی بێئەندازە دەکرد کە دەیزانی لە ڕێگەی خولیاکەیەوە دەتوانێت کارێکی تایبەتی خۆی دەستپێبکات، لە کۆتاییدا ئاماژەوەی بەوەش کردووە، وەک ژنانی دیکەی غەززە، ئەم ڕووداوانە وەک تیشکێکی بوژانەوەی شارەکە دەبینێت، ئەمەش بەهۆی هەوڵەکانی ژنانی ئەو شارە کە بەردەوامن لە هەوڵدان بە سەرچاوەیەکی زۆر سنووردار.