نووسەرێکی تونسی میراسی مۆسیقایی ژنان لە نووسینەکانیدا بەرجەستەدەکات
بوسینە غەریبی، ڕۆژنامەنووس و نووسەر ،نووسینی لەسەر هونەرمەند سالیحەی هەڵبژارد نەک تەنها لەبەر ئەوەی دەنگێکی ناوازەی ژنە لە مێژووی مۆسیقای تونسیدا، بەڵکو لەبەر ئەوەی چیرۆکی ژیانی گۆڕانکارییەکانی ژنێک لەخۆدەگرێت، کە بە ناڕەحەتیەکی زۆراد ڕۆشتووە.
نەزیهە بوسەعیدی
تونس- بوسینە غەریبی، ڕۆژنامەنووسی تونس، پەرتووکێکی لەسەر هونەرمەندی کۆچکردوو سالیحە "سەلوحە بنت ئیبراهیم بن عەبدول حەفید" نووسیوە، کە دەنگە ئاوازەکەی کوالیتییەکی دیاریکراوی بەدەوی هەبووە، کە هەموو قۆناغەکانی ژیانی دەگرێتەوە، لە منداڵییەکی سەختەوە تا سەرهەڵدانی بۆ ناوبانگ و هونەر.
نووسینەکانی بوسینە غەریبی بەدواداچوون بۆ ژیانی ئەو ژنە هونەرمەندانە دەکات کە یادەوەری هونەری تونسیان لە قاڵبداوە، لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی پەرتووکێکی نوێیە دەربارەی حەبیبە مسیکە، کە یەکێک لە گۆرانیبێژ و ئەکتەرە دیارەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لە تونس، بە وردبوونەوە لە بارودۆخی کوشتنی لەسەر دەستی هاوژینەکەی.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی بۆ گەڕان بەدوای ژیانی هونەرمەند سالیحە، ڕوونی کردەوە، کە سالیحە تەنها دەنگێکی ناوازە نییە لە مێژووی مۆسیقای تونسیدا، بەڵکو خاوەنی ژیاننامەیەکی سەرنجڕاکێشە کە گۆڕانکارییەکانی ژنێک لەخۆدەگرێت، کە لە نێوان منداڵییەکی لاواز و شێوازێکی هونەری توندا ژیاوە.
ئەو بە وردی باسی لەوە کردووە، لە پەرتووکەکەمدا، "سەلوحە سالیحە: ژیاننامەیەک لە نێوان دوو کەناردا"، هەوڵمدا گەشتەکەی سالیحە بخوێنمەوە، نەک هەر وەک هونەرمەندێک بەڵکو وەک نموونەیەک کە وێنای دەکات چۆن بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسی کاریگەری لەسەر دروستبوونی کەسایەتی هەیە، چۆن منداڵێکی سادە دەگۆڕێت بۆ هونەرمەندێکی گەورە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەسپێکردنی سالیحە بۆ جیهانی هونەر ئاسان نەبووە، بەرگەی جۆرەها هەراسانکردن و ئازاردانی سۆزداری گرتووە، لە زۆر شت بێبەش بوو، بۆ ئەوەی لە بوارێکدا بژی کە میهرەبان نەبوو لەگەڵ ژنان، لە کۆتاییدا وتی: هەر بۆیە من وەک جەنگاوەرێک دەیبینم نەک تەنها وەک هونەرمەندێک.
وتیشی: سالیحە بەشداری کردووە لە پاراستنی میراسی مۆسیقای تونس لە کاتی دامەزراندنی راشیدیە لە ساڵانی ١٩٣٠، کاتێک ئاسان نەبوو دەنگێک بە قووڵی و دەوڵەمەندییەکەی بدۆزرێتەوە بۆ بەردەوامکردنی ئەم میراسە، بوونی ئەو خۆشگوزەرانیەکی هونەری نەبووە، بەڵکو پێویستییەکی کولتووری بووە، سالیحە چەندین وێنە بەرجەستە دەکات، کە وێنەی نەوەی منە، وێنەی نەوەکانی داهاتووە، وێنەی ئەو ژنانەیە کە پێش ئێمە هاتوون، ژنێکی تونسی لە ساڵانی ١٩٣٠ تا ١٩٥٠، لە سەردەمی داگیرکاری و نەبوونی ڕێکخراوەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان ژیاوە.
"مێژوویەکی تەواو و چیرۆکی تەواوی کۆمەڵگەیەک"
بوسینە غەریبی وتی: جارێک لەخۆم پرسی، سالیحە لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوێکی بەجێهێشتووە کە قورسایی زۆری لە یادەوەری تونسیدا هەڵگرتووە، ئەمڕۆ ئێمە تەمەنمان درێژترە، بەڵام زۆرجار بەو شوێنەدا تێدەپەڕین بەبێ ئەوەی شوێنەوار بەجێبهێڵین، هەروەها سالیحەش ژنێک بوو لە چوارچێوەیەکی زۆر توندتر لە من ژیاوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندەی دەستکەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پرسیارە کەسییە منی بردە لای، سەبارەت بەو هۆکارە بابەتییانەی کە وایان لێکردم لەسەری بنووسم، هەر بەڵگەنامەیەک کە دۆزیبوومەوە سالیحەی پێشم دووبارە شێوەی خۆی گۆڕی و بەرەو لێکۆڵینەوەی زیاتریم برد، تا هەستم کرد کە ئەو تەنها تاک نییە، بەڵکو مێژوویەکی تەواو و چیرۆکی تەواوی کۆمەڵگەیەک بووە.
جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی زۆرترین جووڵەی پێکردووە و بەردەوام بووە لە ناچارکردنی بۆ نووسین، دوایین کۆنسێرتەکەی سالیحە بووە لە ساڵی ١٩٥٣، چونکە دوای نەشتەرگەریەکەی کە لە نەخۆشخانە بووە، پزیشکەکەش ئاگاداری کردبووەوە لە کاریگەرییەکانی گۆرانی وتن لەسەر تەندروستی، بەڵام وا ڕوویدا کە بۆ یەکەمجار لە تونس کۆنسێرتێکی مەغریبی ڕێکدەخرا، بۆیە بەبێ ڕاوێژکردن بە پزیشک بڕیاریدا نەخۆشخانەکە بەجێبهێڵێت، لەبەردەم ئامادەبووان گۆرانی دەگوت، لە دەموچاویدا نیشانەکانی ماندوێتی دەرکەوت، لەکاتێکدا دەستی بە کورسییەکەوە گرتبوو، خەڵک ئەو ڕۆژە پێیان سەیربوو، ئایا سالیحە گۆرانی دەگوت یان دەگری؟.
ڕوونیشیکردەوە، کە دوا گۆرانیی "مريض فاني" بوو، دوای دوو هەفتە کۆچی دوایی کرد، هەروەها وتیشی: سالیحە دەرگای بۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی لەسەر ژنانی هونەرمەندی تێکۆشەر بنووسێت، دوای سالیحە نووسینەوەی ژیاننامەی هونەرمەند حەبیبە مسیکە هەڵبژارد، کەسایەتییەکی ئاڵۆزەو و هەستی کرد چیرۆکەکەی ناتەواوە.

"هونەر گۆشەگیر نەبوو"
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی وای لێکردووە ئەو کارە بکات، ئاساییبوونەوەی مەترسیدارانەی توندوتیژییە، کاتێک لێکۆڵینەوەی لە مردنی حەبیبە مسیکە کرد، چەندین وتەی دۆزیەوە کە پاساو بۆ کوشتنەکەی دەهێنێتەوە، تەنانەت لەلایەن ژنانەوە، وەک "ئەو شایەنی ئەوە بوو، خیانەتی لێکرد، بۆیە کوشتی، ئەوە مافی خۆی بوو".
ئەمەی بە کاردانەوەیەک زانی کە پرسیاری ڕاستی دەوروژێنێت، وەک چ پێکهاتەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی وامان لێدەکات پاساو بۆ توندوتیژی بهێنینەوە؟ ئایا بەڕاستی هاوژینەکەی کوشتوویەتی؟.
ڕوونی کردەوە، لە ڕوانگەی ئەوەوە چیرۆکەکە پڕە لە بۆشایی و شایەنی لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینەیە، ژنانی هونەرمەندی ئەو سەردەمە تەنها دەنگ نەبوون، بەڵکو بەشدارێکی چالاک بوون لە چوارچێوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، هەروەها هونەر گۆشەگیر نەبووە لەوەی لە تونس ڕوودەدا، گرنگە لەڕێگەی ڕۆڵی ژنان لەناو ئەو قۆناغەدا لەم قۆناغە تێبگەین.
جەختی لەوە کردەوە، کە لە منداڵییەوە دوودڵێ چۆنیەتی دەربڕینی خۆی بووە، لە ژینگەیەکی کۆنەپەرستانەدا گەورە بوو، ناچار بوو شێوازەکانی دەربڕین بدۆزێتەوە، بۆیە بە شیعر دەستی پێکرد، پاشان شانۆ، کە بۆ ماوەی ١٠ساڵ سەرقاڵی کرد، دواتر ڕۆژنامەگەری و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و دواجار نووسین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ من نووسین تەنها دەربڕین نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیە، قۆناغێکە لە بیرکردنەوەیەکی بێدەنگ، هەوڵێکە بۆ جێهێشتنی جێپەنجە، ئاواتەکەی ئەوە بێت کە ڕۆژێک تیۆرێک لە میدیا و پەیوەندییەکاندا بخاتەڕوو یان بیرۆکەیەک کە جیاوازی دروست بکات.

دووپاتیشیکردەوە، لە پێشانگایی نێودەوڵەتی پەرتووکی تونسدا ژنێکی گەنجم ناسی کە پێی گوتم دەمەوێت بنووسم، بەڵام ناتوانم، منیش پێم گوت: تەنها بنووسە بیر لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە یان کاردانەوەکان مەکەرەوە هەستەکانت وەک خۆیان بڕێژنە سەر لاپەڕەکە و ئەگەر دەقەکە ڕاستگۆ بێت، ڕێگەی خۆی بۆ خەڵک دەدۆزێتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، لەگەڵ دایکان و باوکان جەختی لەسەر ڕۆڵی چارەنووسسازیان لە داڕشتنی کەسایەتی منداڵدا کردەوە و وتی: بنووسە، سەرکێشبە، بوێربە، بێدەنگ مەبە، بە مەرجێک ڕێز لە زمانەکە بگریت، منداڵ لە ژینگەی سەرەتایی خۆیدا دروست دەبێت، دەبێت بەهرەکانیان پەروەردە بکرێت و پەرەی پێبدرێت، هەروەها من بەختەوەر بووم، چونکە باوکم دەیبردم بۆ شانۆ و هانی دەدام بۆ خوێندنەوە و بەشداریکردنم لە یانە ڕۆشنبیرییەکان.