لەیلا سۆفی بە تەل وسیم ئازارەکان بەڵگە دەکات

مێژووی کورد هەمیشە بەهۆی داگیرکرانەوە پڕە لە هێرش و ئازار، بەڵام ژنانی هونەرمەند لەڕێگەی کارە هونەرییەکانیانەوە ئازارەکانیان بەڵگە کردووە تاوەکو نەوەی داهاتوو هەروەها جیهان ئاگاداری بارودۆخی نەتەوەی کورد بن.

 شلێر کۆیی

 

کۆیە-مێژووی ساڵەی کورد پڕیەتی لە دەربەدەری، برین و نائارامی، بەڵام ژنان هەمیشە دووجار زیانبەرکەتووی ئەم دۆخە و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان بوون، هەوڵیانداوە لەڕێگەی هونەرەوە ئازارەکان دەرببڕن چونکە دەزانن هونەر هەمیشە تەنها بۆ جوانی نییە، زۆرجار دەبێتە تاکە چەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و زیندانی ڕاگرتنی مێژوو.

 

لەناو شەپۆلی بێدەنگکردنی دەنگە ئازادیخوازەکاندا، لەیلا سۆفی سوڵتانی، پەیکەرسازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە پەنجە لێهاتووەکانی و لە ڕێگەی سادەترین کەرەستەوە کە 'تەلی سیم'ـە، خەریکی نەخشاندنی مێژوویەکی پڕ لە برینە، کە نەک تەنها هاواری مەینەتی و قوربانیانی ژنی کورد دەگەیەنێتە جیهان، بەڵکو چیرۆکی ئەو سیمبول و شەهیدانەش دەپارێزێت کە ڕژێمی داگیرکەر دەیەوێت ناویان لەناو ببات.

 

 لەم دۆسیەیەدا ئاوڕێک لە جیهانبینی، پەیام و چیرۆکی پشت پەیکەرەکانی لەیلا سۆفی سوڵتانی دەدەینەوە، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: ماوەی چەند ساڵێکە دەستم داوەتە پەیکەر درووستکردن بەتەلی سیم، بۆ ئەو کەسانەی کە سیمبولی کۆمەڵگە بوون و شۆڕشەکانیان درووستکرد، بەدەستی زۆرداری جومهوری ئیسلامی ئێران، بەند کراون ئازارو ئەشکەنجە دراون، لە سێدارە دراون، هەروەها پەیکەری ئەوانەم کردووە کە لە باشوری کوردستان بەر درۆنی ڕژێم کەوتن و شەهید بوون.

 

"کارەکانم بەشێکی کەمە لەو جینۆسایدەی بەرامبەر کورد کراوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

لەیلا سۆفی وتیشی: ئامانجم لەکارەکانم بە زیندوو هێشتنەوەی ناوی ئەوکەسانە و بەدنیای بناسێنم ڕژێمی جمهوری ئێران چ تاوانێکی ئەنجامداوە دژ بەکورد، ئەوە بەشێکی کەمە لەو جینۆسایدانەی بەرامبەر گەلی کورد کراوە لە ڕۆژهەڵات، وهیوادارم ڕۆژێک بێت پەیکەری ئازادی درووست بکەم، هەرچەندە من دەرفەتی زۆرم نییە دەمەوێت بەم شتە بچووکانە گەورەترین پەیام بنێرم،  پەیکەرەکانم تەنها سیمێکی ئاساییە کاری خانوو بەرەی پێدەکرێت.

 

"ئازاری ژنان زیاترەو دەبێت پەیکەرەکانی ژنان زیاتر بن"

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئازادی ژنانی کورد زیاترەو وتی: دەمەوێت لێرە هەم پەیامی خۆم بگەیەنم هەم ئازارەکانی ژنان بگەیەنم چونکە مەینەتەکانی ژن زۆرترە و ژنان قوربانی زۆریان داوە، جا بەهۆی وڵاتەکەی بێت یان بەهۆی داب و نەریتەکان، بۆیە ژنان دووجار قوربانی زۆریان داوە، پێموایە چەند هەوڵبدەم بۆگەیاندنی ئازەرەکان هەر بەکەمی دەزانم، دەبێت پەیکەرەکانی ژنان زۆر زیاتر بن.

 

پەیکەری غەزەل و لەیلا قاسم


         


        

لەیلا سۆفی نەشیشاردەوە کە کورد شتێکی نییە بەناوی ئارامی و بەدرێژایی ١١٠ساڵ مێژوی کورد پڕە لە نائارامی گەر بەشێکیشی ئارامی هەبێت لە بەشەکەی دیکەی نائارامە، پڕیەتی لە دەربەدەری و ئازار و مەینەتی وتی: بۆیە من هەوڵمداوە لە هەرشوێنێک برینێک تێهەڵکێش بکەم تا بەزیندوویی بمێنێت، وەک پەیکەری بەیان و کوڕەکەی لەچاوەڕوانی باوکی کە لەسێدارە درا، بەیان قژی کوڕەکەی نەبڕیبوو وتبوی تا باوکی دێتەوە، بڵام دوای لەسێدارەدانی باوکی منداڵەکەی پرچی کوڕەکەی بڕی، هەروەها پەیکەری غەزەل کە لەم دوایانەدا بەدرۆنی ڕژێمی ئێران شەهید بوو، هەروەها پەیکەری لەیلا قاسمم هەیە کە ژنێک بو بەتەنها توانی بەرامبەر سەدام حسێن لە عێراق بوەستێ، هەروەها پەیکەری کۆڵبەرەکانم هەیە و پەیکەری ژینگەدۆستانم درووست کردووە کە لەپێناو ژینگەی شارەکەیان سووتان، بۆیە پەیکەرەکانم هەریەکەو چیرۆکێکە هەمو ڕاستین ئەوانە سیمبولێکن دەبێت بمێننەوە، هەریەکەو چیرۆکی خۆی هەیە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا لەیلا سۆفی وتی: پڕۆژەی دیکەشم هەیە بۆ هەڵەبجەو ناوچەکانی دیکە لەداهاتوودا، ئەو پەیکەرانە بۆ فرۆشتن نین و تەنها لە پێشانگاکان نمایشیان دەکەم، دەمەوێت بمێننەوەو پاراستنی ناوەکانیان و پشتگیری بکرێن تا دنیا ئەو ئازارانەی ئێمە ببینێت، هەموو ژنێکی کورد چیرۆکێکی پڕ لە ئازاری هەیە بۆیە مەرج نییە پەیکەر بکێشی یان وێنە یان ببیە نووسەر، دەتوانی بەهەر شێوەیەک بێت چیرۆکەکان بگێڕیتەوە گەر تەنیا بەدەنگێکیش بێت نەهێڵێت بمرێت چونکە ئێمە پڕین لە دەرد و ئازار وبرین کە هەرگیز ساڕێژ نابێت، من هەموو کات بەژنان دەڵێم کە زۆرجار شەڕدەکەی و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبیتەوە، بەڵام بۆ شەڕ ناکەی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانت مەوەستە مەترسە، چونکە ئەوشتانەی ئازارمان دەدەن با لەسەر مافەکانی خۆمان بێت، نابێت بوەستین و دەبێت هەموو ژنێک شوێنپەنجەی دیاربێت و شتێک لە دوای خۆی جێبهێڵێت بە زیندووی بیهێڵێتەوە.