لە پێشەنگایەکدا تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا نمایشکرا

لە پێشەنگایەکدا دڕەندەیی، هێرش و بە تاڵانبردنی خاکی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نمایشکرا.

سلێمانی

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان و لاوانی کوردستان، پێشەنگایەکی بەڵگەیی فۆتۆییان بە دروشمی "داگیرکەران وێرانی دەکەن، ئێمە ئاوەدانی دەکەینەوە" لە دژی بڕینەوە و سوتاندنی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن ڕژێمی تورکیاوە کردەوە.

لە پێشەنگاکەدا ٢١ وێنەی بەراوردکاری نمایشکرابوون، تێیدا دڕندەی دەوڵەتی تورکیا و هێرش و داگیرکارییەکانی دەخستەڕوو، هەر لە وێنەکاندا بڕینەوەی دارەکانی کوردستان و بە تاڵانبردنی خاکەکەی نیشانی هاتوچۆکاران درا.

 

ڕوناک محەمەد، ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان بە ژنهای ڕاگەیاند ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم پێشەنگایە خستەڕووی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیایە دژی خاکی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی بادینان و ئەو لەشکرکێشیەیە کە ئەنجامی دەدات، وتیشی: ئێمە ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین، داواکارین کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستێنرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: داواکارم لە لایەنە سیاسییەکان، بەرپرس و کەسایەتییەکان کە هەموو هەوڵێکی خۆتان بدەن و یەکڕیز بن تا شەڕی براکوژی و ناوخۆ ڕوونەدات لە کوردستاندا، ئامانجیشمانە بە، پێشەنگایە بتوانین بەشێک لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشانی هاوڵاتیان بدەین.

پێشەنگاکە تا درەنگانێکی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.

ت.پ