"خەون بە هونەرێکەوە دەبینم کە دەنگێک بێت بۆ ژنانی لەبیرکراو"

بەهیە فەتح، هونەرمەند و شاعیری مەغریبی ڕووخساری ژن لە تابلۆ و کۆمەڵە هۆنراوەکاندا بەرجەستە دەکات، ئەو هیوایە هەرگیز کاڵ نابێتەوە، تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا.

حەنان حارت

 

مەغریب ـ گەشتە هونەریەکەی بەهیە فەتح لە ستۆدیۆیەکی ڕەسەنەوە دەستی پێنەکردووە، نە لەناو ئەکادیمیاکانی هونەردا، چیرۆکەکەی لە منداڵییەوە دەستی پێکرد، لە پەراوێزی دەفتەرەکانی خوێندنگە، کە دارخورمایەک، دەموچاوی ژنێک، یان دیمەنێکی ژیانی ڕۆژانەی دەکێشا، وردە وردە ئەو هێڵە منداڵانە گۆڕا بۆ ڕێبازێکی هونەری ڕوون و دیاریکراو، لەسەر بنەمای سۆز و ئیرادە و ئەزموونی کەسی.

 

بەهیە فەتح، هونەرمەندێکی بینراو و شاعیری مەغریبییە، هەروەها پێشەنگی کۆمەڵەی پیشەسازیی کولتووری و هونەرییە، ڕەنگ و وشەکان لە پرۆژەیەکی هونەری و مرۆیی تێکەڵ دەکات، لەڕێگەیەوە هەوڵدەدات ڕۆشنایی بخاتە سەر ئازارەکانی ژنان، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان، تیشک دەخاتەسەر ئەو بابەتانەی کە کاریگەرییان لەسەر کەرامەت و مافی ژیان و خوێندن و هەڵبژاردنیان هەیە.

 

پێیوایە هونەر شتێکی خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو پەیام و هەڵوێستە و تابلۆیەک دەتوانێت ئامرازی بەرخۆدان بێت، هەروەک شیعرێک یان وتارێک.

 

بەهیە فەتح لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان باس لە ڕۆڵی خۆی دەکات وەک هونەرمەند و شاعیر لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و هاوسەرگیری منداڵان، چۆن پەیوەندی بە پرسەکانی ناو وڵاتەکەی و جیهانی عەرەبیەوە هەیە، بەتایبەتی ئەوەی لە فەڵەستین و وڵاتانی دیکەدا ڕوودەدات کە تووشی ململانێ و شەڕ دەبن، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ شیعردا دەگێڕێتەوە، لەنێویاندا دیارترین کۆمەڵەکانی وەک ""بنت آدم" و"همسات روح".

 

گەشتەکەت لەگەڵ هونەری بینراو چۆن دەستیپێکرد؟  کەی هەستت کرد کە بووەتە بەشێک لە ناسنامەکەت؟

پەیوەندیم لەگەڵ هونەر لە منداڵێکی بچووکەوە دەستی پێکرد، تەمەنم نۆ ساڵ بوو، هەموو شتێکم لە دەفتەرەکانی خوێندنگەکەمدا دەکێشا: دارخورمایەک، ئۆتۆمبێلێک، ژنێک کە منداڵەکانی هەڵدەگرت، لەو کاتەدا درکم بەوە نەدەکرد کە خۆم دەردەبڕم، بەڵام هەستم دەکرد وێنەکێشان بەشێکە لە من، شێوازێکی تایبەتە بۆ بینینی جیهان، ڕۆژێک، تووشی هونەرمەندێکی بینراو بووم کە لە شوێنێکی گشتیدا تابلۆی دەکێشا، سەرسام بووم بەو کارەی کە دەیکرد، دەستم کرد بە یاوەریکردنی، فێری سەبر و گوێگرتن لە شتە بچووکەکان بووم و بۆم دەرکەوت کە دەتوانم ئەوەی لە ناومدا هەیە بیگۆڕم بۆ ڕەنگ.

 

بە تێپەڕبوونی کات دەستم کرد بە نیگارکێشانی دیمەنەکانی سروشت و دەموچاوی ژنان و وردەکارییە سادە و لە هەمان کاتدا بارگاوی سۆزداری و ڕۆژانە. پاشان ژیان لەگەڵ بەرپرسیارێتی خۆیدا هات، هاوسەرگیریم کرد، بووم بە دایک، ساڵانێکی زۆر وازم لە نیگارکێشان هێنا، بەڵام دوای شۆکێکی قووڵی کەسی، هەستم بە پێویستییەکی بەهێز کرد بۆ گەڕانەوە بۆ خۆم...و فڵچە ڕێگاکە بوو. لەو ساتەوە چیتر بۆ خۆشی نیگارکێشانم نەدەکرد، بەڵکو بۆ مانەوە.

 

ئایا هونەری بیندراو شوێنی جوانکارییە یان ئامرازێکە بۆ دەربڕین و گۆڕانکاری؟ دەتەوێت لە ڕێگەی تابلۆکانتەوە کە ژن وێنا دەکات چی بڵێیت؟

کاتێک گەڕامەوە بۆ نیگارکێشان، ئەو ژنەم دۆزیەوە پێش خۆم، یەکەم شت بوو کە دوای نەبوونی درێژخایەنم کێشام، بە ماندوو و گوندنشین و بەهێزەوە کێشام، منداڵەکانیم لە باوەش گرت و ئازارەکانی شاردەوە، من وێنەیەکی ئایدیاڵم نەدەکێشا، بەڵکو ڕاستیەک بووم کە هەستم پێدەکرد، ئەزموونم دەکرد، یان لە دەوروبەرمدا دەمبینی، بۆ من هونەری بینراو ڕازاندنەوە نییە... ئامرازێکە بۆ دەربڕینی ئازار و هیوا، ژنەکانی ناو تابلۆکانم نەک هەر جوانن، بەڵکو بەهێزن، بێدەنگن، وابەستەن بە خاکەکەیانەوە و هەموو ڕۆژێک بەرەنگاری مانەوەن، هەندێک جار، ژنانی ئەمازیغ لە تابلۆکانمدا دەبینیت، فۆرمەکانیان ڕەنگ و هێمایان لە یادەوەری بەکۆمەڵەوە هەڵگرتووە، هەرجارەو هەوڵ دەدەم شتێکی جیاواز لەسەر ژنان بڵێم، نەک وەک گلەیی، بەڵکو وەک ڕێگەیەک بۆ ڕۆشنکردنەوەیان.

 

چۆن هونەر وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئازارەکانی ژنان لە گوندەکان و ناوچە ناسکەکاندا بەکاردەهێنیت؟ هەوڵی چ پەیامێک دەدەیت لەو پێشانگایانەی کە بەشداری تێدا دەکەیت؟

من نیگار دەکێشم بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە ئازارەکانی ژنان لە گوندەکان و ناوچە ناسکەکاندا نزیک بکەمەوە: پەراوێزخستن، هەژاری، و توندوتیژی دەروونی و هێمای. ژن هەیە دەنگیان نییە... ڕەنگە بە وشە بگات یان نەگات، بەڵام نیگایەک، تابلۆیەک، یان ساتێک لە هەستی ڕاستەقینە دەتوانێت.

 

من بەشداریم لە چەندین پێشانگای ناوەوە و دەرەوەی مەغریبدا کردووە، لەوانە پێشانگای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شانۆی محەمەد پێنجەم، تابلۆکانم ئامرازی من بوون بۆ دەربڕینی ئەوەی کە هەندێک جار وتنی قورسە.

 

من لە ڕێگەی ئەم بەشدارییانەوە ئاواتەخوازم بیرۆکەیەکی سادە بەڵام گرنگ بگەیەنم: کە ژنان دەبێ مافی خۆیان هەبێت و ڕێز لە کەرامەتی خۆیان بگرن، جا چ لە گوند یان شار، لە هەمان کاتدا من پێم وایە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لەسەر هاوسەنگی بونیاد نراوە، ژن ناتوانێت بەبێ پیاو بژی، پیاویش بەبێ ژن ناتوانێت بژی، یەکسانی شەڕ نییە، بەڵکو هاوبەشیە، هەریەکەمان ڕۆڵێکی هەیە لەم کۆمەڵگەیەدا.

 

چۆن هونەری بینراوت لە دەربڕینی خەباتی ژناندا لەگەڵ شیعرەکەتدا یەکتر دەبڕێت؟ ئایا پێت وایە هونەر بە تەنیا دەتوانێت بەڕاستی کاریگەری لەسەر هۆشیاری کۆمەڵگە هەبێت؟

جگە لە هونەری بینراو، شیعر دەنووسم، من پێم وایە وشەکان وەک ڕەنگ، هەمان هێزی دەربڕینیان هەڵگرتووە و بە شێوازی جیاواز دەچنە ناو دڵەکانەوە، تا ئێستا نۆ کۆمەڵەم بڵاوکردۆتەوە، هەریەکەیان بابەتی گەشتە کەسی و سۆزدارییەکەم وەک ژن و هونەرمەندێک، لەنێو ئەو کۆمەڵانەدا، من "بنت آدم" بە ئازیزترین دەزانم، نەک هەر لەبەر ئەوەی نازناوێکی قووڵی هێمای هەڵگرتووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی وەک لێدوانێکی شیعریی سەبارەت بە ژن و بوونە تەواو و ئاڵۆزەکانیان و ئەو ئازارەی کە هاوڕێیەتییان دەکات و هێزیان کە هەمیشە دیار نییە، خزمەت دەکات.

 

ژن وەک وتراوە بڕبڕەیەکی ونبوو نییە، بەڵکو بوونێکە کە ژیان هەڵدەگرێت و دەیپارێزێت، بوونێکە توانای خۆشەویستی و بەخشین، بەرگەگرتن و هەڵسانەوە لە خۆڵەمێشە  ئەمەیە کە هەوڵمدا لە شیعرەکانی ئەم کۆمەڵەدا دەریببڕم.

 

سەبارەت بە "همسات روح"، کۆمەڵەیەکە نزیکترە لە گفتوگۆیەکی ناوخۆیی، دانپێدانانێکی کەسی کە تێیدا کەسی و دەستەکۆمەڵەی یەکتر دەبڕن، من تێیدا نووسیم دەربارەی ئەو ساتانەی شکاویم کە ئەزموونم کرد، دەربارەی ئەو ترسەی کە ژن لە کۆمەڵگەکاندا دەگرێت و نایانپارێزێت، سەبارەت بە خۆشەویستی کە لە ڕزگاربوون دەچێت، سەبارەت بە دایکایەتی وەک ئەزموونێکی بوون و دەربارەی ئەو نیشتمانەی کە خۆشمان دەوێت سەرەڕای ئەو هەموو ئازارەی کە دروستی دەکات.

 

شیعرم بۆ جوانیناسی نەنووسیوە، بەڵکو بەدوای فۆرمێکی ڕاستگۆی دەربڕیندا دەگەڕام، هەروەک چۆن لەگەڵ ڕەنگەکاندا دەیکەم، پێم وایە ئەمەیە کە منی لەگەڵ هونەری بینراودا کۆکردەوە: ئارەزووی وتنی شتە نەگێڕدراوەکان، دەربڕینی هەستە ئاڵۆزەکان، بێدەنگییەکی قووڵ و ئازاری نەگێڕدراو.

 

هەر لەو پاڵنەرەوە کۆمەڵەیەکی ڕۆشنبیری و هونەریم دامەزراند، لەگەڵ بەشی هونەری بینراو و بەشێکی دیکە بۆ شیعر، ئەم کۆمەڵەیە تەنها چوارچێوەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو شوێنی کراوەیە بۆ داهێنان و سەکۆیەکە بۆ وەرگرتنی بەهرەمەند، بەتایبەتی لەنێو ژنان و ژنانی گەنجدا.

 

پێم وایە جوانی تەنیا لە گەلەری گەورە یان فێستیڤاڵە فەرمییەکان سنووردار نییە، جوانی ڕاستەقینە لە خوێندنگە و ناوەندە ڕۆشنبیری و بازاڕە باوەکان و گوندەکان و ئەو شوێنانەی پێویستیان بە هیوا هەیە ببینرێت.

 

هەمیشە نیگەرانی خۆت بۆ ڕاستی کچان لە ناوچە گوندنشینەکان دەردەبڕیت، کە هەژاری و ناسکی و هاوسەرگیری منداڵان زاڵە، ئەم هۆشیارییە چۆن لە کارە هونەریەکان یان نووسینە شیعرییەکانتدا ڕەنگ دەداتەوە؟ ئایا بۆت دەردەکەوێت کە دەنگی هونەرمەند دەگاتە ئەم کچانە؟

من کار لەسەر پرسەکانی ژنان دەکەم، بەتایبەتی ئەزموونی کچان لە ناوچە گوندنشینەکان: هاوسەرگیری منداڵان، زوو وازهێنان لە خوێندن، نەبوونی چاودێری تەندروستی و نەبوونی پاراستنی کۆمەڵایەتی، ئەمانە بابەتگەلێکی دوور لە من نین؛ من دەیانبینم و هەستیان پێدەکەم، چیرۆکی ئازاربەخشی ئەو کچانە دەبیستم کە بێتاوانی منداڵییان دزراون و پاڵیان پێواوە بەرەو چارەنووسێک کە جیاوازە لە هەموو چارەنووسێکی دیکە.

 

لەگەڵ هەر تابلۆیەک کە دەیکێشم، و هەر شیعرێک کە دەینووسم، هەوڵ دەدەم ئەو کچە بخەمە ناوەندی سەرنج، بۆ ئەوەی ناسکییەکەی نیشان بدەم، بەڵام هێزی ناوەوەی خۆیشی نیشان بدەم، دەمەوێت بە کۆمەڵگە بڵێم: سەیرکە، کچە بچووکەکان لە گوندەکاندا هەن، داوای هیچ شتێکی زۆر ناکەن- تەنها مافی خەونبینین، یاریکردن، خوێندن، دواخستنی ئازار.

 

ئایا دەنگم دەگاتە دەستیان؟ ڕەنگە نەبێت... ڕەنگە تابلۆکانم نەگاتە ماڵە قوڕەکان، نە شیعرەکانم بەو خوێندنگە لەبیرکراوانە، بەڵام ئەوە لە ئەرکەکەم بێبەری ناکات، ئەرکی من وەک هونەرمەندێکە لەبری ئەوان قسە بکەم، شوێنێکیان بۆ دروست بکەم، تەنانەت ئەگەر تەنها لە خەیاڵمدا بێت، تەنانەت ئەگەر تەنها لەسەر کانڤاسێک بێت.

 

پێم وایە هەموو کارێکی هونەری پەیامێکە بە هیواوە پێچراوەتەوە، بەناو کاتدا گەشت دەکات، ڕەنگە ڕۆژێک کەسێک بیکاتەوە و هەستی پێ بکات، هەر ژنێک کێشراوە، هەر وشەیەک بنووسرێت، دانپێدانانە بە بوونی ئەو کەسانەی کە هێشتا کەسێکیان نەدۆزیوەتەوە گوێیان لێبگرێت و لە ئازارەکانیان تێبگات، باوەڕیان بە توانای گۆڕانکاریان هەبێت.

 

لە کۆتاییدا من بۆ نوخبە نیگارکێشان ناکەم، نە تەنیا بۆ ئەو کەسانە دەنووسم کە دەخوێننەوە، نیگار دەکێشم بۆ ئەوەی بڵێم: دەتبینین، گوێت لێدەگرین و ئەم نیشتمان و چارەنووسە لەگەڵ ئێوەدا هاوبەش دەکەین.

 

پەیامت چییە بۆ ژنان و منداڵان لەم چوارچێوە سەختانەدا؟

ئەوەی ئەمڕۆ لە وڵاتانی ناوچەکە دەیبینین زۆر بە ئازارە... ساتێکیش تێناپەڕێت بێ ئەوەی هەواڵی بۆردوومان، برسێتی، یان ئاوارەبوونی نوێ نە گات، هەمیشە ژنان و منداڵان قوربانی یەکەمن.

 

لە فەڵەستین دایکان هەموو ڕۆژێک خەم دەخۆن و منداڵان بە داروپەردوودا دەنێژرێن و خێزانەکان لە بوون دەسڕدرێنەوە، لە سووریا ئیتر وشە نەماوە بۆ پێناسەکردنی گەورەیی زیانەکە، نەوەکان لە کەمپەکاندا لەدایک بوون، ژنان لە سنووری وڵاتان بێ هاوڵاتیبوون، بێ ئاسایش، بێ داهاتوو لەدایک بوون، لە سودان و یەمەن شەڕ خەریکە میللەت دەدڕێنێت و کۆمەڵگە پارچە پارچە دەبێت، کچان بە زۆر هاوسەرگیریان پێ دەکرێن یان ناچار دەکرێن هەڵبێن، ڕاستە لە مەغریبدا ئێمە لە هەستی ئاسایشدا دەژین، بەڵام لەم سەردەمە پڕ لە گێژاوانەدا هیچ کەسێک لەو کاریگەرییە بێبەری نییە، ترس ئیتر تەنیا ترسی جەستەیی نییە؛ بووەتە ترس لە بەهاکان، بۆ ئەوەی لە مرۆڤایەتیمان دەمێنێتەوە، بۆ داهاتووی منداڵەکانمان و بۆ واتای ژیان لە ناوچەیەکدا کە هەموو ڕۆژێک لە کارەساتێک بەئاگا دێتەوە، من وەک هونەرمەندێک ناتوانم خۆم لەم ڕاستییە داببڕم، ڕەنگە نەتوانم ڕێڕەوی ڕووداوەکان بگۆڕم، بەڵام دەتوانم فڵچە و نووسینەکەم بەرەو ڕووناکی ئاراستە بکەم، نزا دەکەم نیشتمانەکانمان بپارێزرێن، سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ئەو ماڵانەی کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوون، دڵم بۆ هەموو ئەو ژنانە دەڕوات کە کوڕەکانیان لەدەستداوە، بۆ ئەو دایکانەی کە چارەنووسی کچەکانیان نازانن، بۆ ئەو ژنە گەنجانەی کە بەهۆی ململانێیەکەوە کە هەڵیان نەبژاردووە، لە خوێندن و ژیانێک بێبەش بوون، هیوای من ئەوەیە کە بگەینە ساتێک کە چەکەکان بێدەنگ بن، کاتێک وشەکە دەبیسترێت و کاتێک خۆمان وەک گەلێک لە ئاشتی ڕاستەقینەدا یەکگرتوو دەبینینەوە- ئاشتییەک کە نەک لەسەر لەبیرکردنی قوربانییەکان، بەڵکو لەسەر داننان بە مافی دادپەروەری و کەرامەتیان بونیاد نراوە.