دونیا عێراقی بە فڵچە هونەریەکەی دەیسەلمێنێت کە خولیا هەرگیز نامرێت

دونیا شەماع دوای کارێکی درێژخایەن لە بواری ئەندازیاری نەوت، بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ خولیای پێشووی نیگارکێشی و مۆسیقا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە داهێنان پەیوەندی بە تەمەنەوە نییە و دەتوانرێت خولیای دووبارە هەڵبگیرسێتەوە.

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق-ئەندازیار دونیا شەماع نوێنەرایەتی وێنەیەکی زیندوو لە ژنانی عێراق و نموونەیەکی درەوشاوەی ئیرادە و داهێنان دەکات؛ چونکە توانی سەرەڕای سەختی و بارودۆخەکان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا خۆی بسەلمێنێت و سەختییەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەتی سەرکەوتن.

 

دونیا لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا خۆی داهێنایەوە، دوای کاری ئەندازیاری نەوت، بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ خولیای کۆنی خۆی بۆ نیگارکێشان و مۆسیقا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە خولیای تەمەن سنووردار نییە و هەرکاتێک ئیرادەیەک هەبوو دەتوانرێت داهێنەریی زیندوو بکرێتەوە.

 

لە ئەندازیارییەوە بۆ هونەر

دوای خانەنشین بوون، ئەندازیار دونیا شەماع کە لە ئەندازیاری نەوتدا کاری کردووە و بەهرەی وێنەکێشانی هەبووە، خۆی تەرخان کردووە بۆ پەرەپێدانی ئەم لێهاتووییە و پراکتیزەکردنی خولیای دڵخوازی خۆی لە منداڵییەوە وتی: دوای خانەنشینبوون، هەوڵدەدەم کاتەکانم لە شتێکی بەسووددا وەبەربهێنم و تواناکانم لە بواری وێنەکێشان و مۆسیقادا پەرەپێبدەم.

 

دونیا باسی لەوکەرد کە خوێندنی سەرەتایی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بۆ ئەندازیاری هەڵبژێردراوە، کە بەهۆی حەزی لە بیرکاری و ئەندازیاری دژایەتی نەکردووە. بەردەوام بوو لە خوێندن و سەرکەوتنی لە ژیانی پیشەیی خۆیدا بەدەستهێنا، هاوکات کاتە بەتاڵەکانی بۆ بەشداریکردن لە خولی وێنەکێشان و مۆسیقا بەکارهێنا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا حەزێکی زۆر بە ڕۆشنبیری و هونەر هەبووە، بەو پێیەی خولی هونەری لە بواری نیگارکێشی و پەیکەرسازی و مۆسیقا لە ڕێگەی دامودەزگاکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەوە بەبێ بەرامبەر پێشکەش دەکرا، ئەمە جگە لە خولەکانی دیکە کە لە دامەزراوە تایبەتمەندەکاندا تۆمارکرابوون، وای هاوسەرگیری، بەهۆی بەرپرسیارێتی خێزانی و کارەوە، ژیانی هونەری ڕاگیرا، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا بگەڕێتەوە دوای خانەنشینی، وتی: هیچ شتێکی باشترم لە وێنەکێشان نەدۆزیەوە کە کاتە بەتاڵەکانم تێیدا بەسەربەرم.

 

نیگارکێشی پەناگەیەکی دەروونییە و خۆشی دەبەخشێت و مۆڕاڵ بەرز دەکاتەوە

دونیا شەماع دووپاتی دەکاتەوە کە نیگارکێشان لە سەختترین هەلومەرجدا هاوڕێی بووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تەنانەت کاتێک ماندوو دەبم یان نەخۆش دەبم، نیگارکێشان دەرمانی منە و ئارامی دەروونیم پێدەبەخشێت، لە ژێر کاریگەری هونەرمەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڤان کوخ و لیۆناردۆ داڤینچی بووم. لە هەمانکاتدا لە ئاستی ناوخۆدا کاریگەریم لەسەر بوو لە لایەن مامۆستا هونەریەکانم لە ئەکادیمیا. پێشتر خولی تایبەتی نیگارکێشم و وانەی لە ئەکادیمیا وەرگرتبوو، هونەر بەهۆی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دەروونی هونەرمەند شادی دەبەخشێت و مۆڕاڵ بەرز دەکاتەوە. چونکە یارمەتی دەدات بۆ دووبارە هەڵسەنگاندن و دۆزینەوەی هەڵەکانی و کارکردن بۆ ڕاستکردنەوەیان. هەروەها بەهاکانی هاوکاری و پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ ئەوانی تردا بەرەوپێش دەبات، بەتایبەتی لە کاتی خوێندنی ئەکادیمیدا.

 

پشتگیری خێزان بەردی بناغەیە

دونیا شەماع جەختی لەوە کردەوە کە پشتگیری خێزان بنەمای بونیادنانی نەوەکانە، چونکە یارمەتیدەرە بۆ چاندنی بەها و ڕەفتارەکان لە منداڵییەوە.ژنان دەتوانن بە سەرکەوتوویی هاوسەنگی لە نێوان بەرپرسیارێتی ماڵ و کار لە یەک کاتدا هاوسەنگ بکەن. هەروەها پێی وایە ژن بناغەی کۆمەڵگایە و دایک وەک پایەی سەرەکی لە پەروەردە و بونیادنانی کارەکتەردا دەبینێت.

 

ئاماژەی بەوەکرد، خێزانەکەی بە پاڵپشتییەکەیان یارمەتیان داوە بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئاستەنگییەکان، هاوژینەکەی یەکەم پاڵپشتی بووە، دواتر کچەکەی لە دڵسۆزی و سوپاسگوزارییەوە پاڵپشتی کردووە، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی ڕێکخستنی کات و تەرخانکردنی شوێن بۆ گەشەپێدانی خۆ لە ڕێگەی خوێندنەوە و فێربوونەوە دەکاتەوە کە پەرتوک باشترین هاوڕێیە.

 

"پاڵپشتی ژنان بۆ یەکتر گرنگە"

دونیا ئشەماع لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە گرنگی پاڵپشتی ژنان بۆ ژنان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پاڵپشتییە پێویستە لە دڵەوە و بونیادنەر بێت و وتی: پێویستە لەسەر بنەمای هاندان و ڕێزگرتن بێت، دوور لە بێڕێزیکردن بە تواناکانی ئەوانی تر یان بێهیواکردنی ئیرادەیان، بەڵام بە شێوەیەکی ئەرێنی و گونجاو کە یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.