هونەر وەک خۆڕاگری؛ چیرۆکی ئەو ژنانەی لە بامیان ڕەتیانکردەوە ڕادەست بن

سەرەڕای ئەو سنووردارکردنە توندانەی کە بەسەر پەروەردە و چالاکییەکانی ژنان لە ئەفغانستاندا سەپێنراوە، ژنانی بامیان بەردەوامن لە سەرقاڵبوون بە پەروەردە و هونەر، هەنگاوێک کە بووەتە هێمای خۆڕاگری و ئیرادە بۆ بەشداریکردن لە کۆمەڵگەدا.

بەهاران لەهیب

 

بامیان-لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەفغانستان، هونەر وەک هێمای خەبات و خۆڕاگری بۆ ژنان سەریهەڵداوە، ژنان تەنانەت سادەترین دەرفەتەکانیش دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی بوونی خۆیان دووپات بکەنەوە، لە ناوەڕاستی قەیرانی کابول و شارەکانی دیکەدا دەنگی ژنانی ستەملێکراو لە ڕێگەی چالاکییە نهێنییەکانەوە دەنگ دەداتەوە، لەوانە خولی ئابووری ماڵەوە، فێرکردنی زمانی ئینگلیزی، چنین، ناڕەزایەتی ناوماڵ، فەرش دروستکردن و دەستپێشخەرییەکانی دیکە.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بامیان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە کەشێکی جیاوازی هەیە، ژنان و منداڵانی کچ دەبێت چەندین کاتژمێر بە پێ بڕۆن بۆ ئەوەی بگەنە خولەکانی پەروەردەی گشتی، سەرەڕای ئەو هەڕەشە و توندوتیژی و سەرکوتکردنەی کە لەلایەن هەندێک لە توندڕەوەکانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە بەرامبەر ئامادەبوونیان لە ناوەندە پەروەردەییەکان یان دەرکەوتنیان لە میدیاکان، ژنانی بامیان بەردەوامن لە کارکردن و بەشداری چالاکانە لە کۆمەڵگەدا دەکەن، ڕەتیدەکەنەوە خۆیان ڕادەستی ئەو سنووردارکردنانە بکەن کە بەسەریاندا سەپێندراوە.

 

لە ڕۆژێکی سەخت و سارد و بەفراویدا لە پارێزگای بامیان، کە پلەکانی گەرما لە ژێر پلەی بەستنن، سەردانی ناوەندی هونەری ”قلم”مان کرد، کە ناوەندێکی بچووکە و لە کاتی گەیشتنماندا تەنها لە دوو ژوور پێکهاتبوو، شەکیبا عەلی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد، هاوکات سێ ئەندامی "الأمر بالمعروف" لەناو ناوەندەکەدا ئامادەبوون.

 

گروپەکە چاوەڕێی ئەوە بوون تا ئەندامەکان ژوورەکە بەجێدەهێڵن، لە کاتێکدا خوێندکارە کچەکان و مامۆستایانی ژووری تەنیشت بە بێدەنگی بەردەوام بوون لە چالاکییە پەروەردەییەکانیان، لە کاتی ئامادەبوونیاندا، بینیان کە ئەندامانی گروپەکە بە تووڕەییەوە قسەیان لەگەڵ برای شەکیبا عەلی کردووە کە کوڕێکی گەنجە، لە دیمەنێکدا کە ڕەنگدانەوەی ئەو گرژی و فشارە بوو کە ژنانی شارەکە ڕووبەڕووی دەبنەوە، بزووتنەوەکانیان وایان پیشان دەدا کە توڕەیی توند و تۆڵە، پرسیاری لەسەر ئەو "تاوانە گەورەیە" دروست دەکرد کە ژنان چیان کردووە بۆ ئەوەی شایەنی ئەم ئاستەبن لە سەرزەنشتکردن.

 

شەکیبا عەلی، بەرپرسی سەمتەری هونەری ”قلم” لە بامیان دووپاتی دەکاتەوە، کە ژنانی ئەوێ پابەند نین بەو ڕێنمایانەی کە لەلایەن گروپی "فەرماندان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە" دەرچووە، لەوانەش کۆدی جل و بەرگ، هەروەها گروپەکە پەنا بۆ بێڕێزیکردن و هۆشداری دەبەن بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئەو ژنانە بۆ پابەندبوون بەو سنووردارکردنانە، یەکێک لە خوێندکارەکان بەهۆی جلوبەرگەکەیەوە هەراسان کراوە، کاتێکیش بۆیان دەرکەوتووە ناوی خۆی تۆمارکردووە لە خولە پەروەردەیەکە، هاتنە ناوەندەکە و سەرزەنشتی کارمەندانیان کرد، ئەم ڕەفتارە بۆ ئێمە بووەتە شتێکی ئاسایی، ئێمە ڕاهاتووین لەسەر کارەکانیان، با ئەوان ئەوەی دەیانەوێت بیڵێن، بەردەوام دەبم لە کارەکەم لەگەڵ خوێندکارەکانم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ناوی براکەی لە تۆمارە فەرمییەکانی تاڵیباندا وەک سەرۆکی ناوەندەکە هاتووە، هەرچەندە ئەو کەسەیە کە دایمەزراندووە و لەڕاستیدا بەڕێوەی دەبات، چونکە مەرجی دەسەڵات ئەوەیە کە ئەو پۆستە فەرمییە دەبێت پیاوێک بێت.

 

لە یەکێک لە وانەکاندا منداڵێکی کچی تەمەن ١٠ ساڵ دوای ئەوەی بەهۆی جلوبەرگەکەیەوە لەلایەن دانیشتووانی گەڕەکەکەوە هەراسان کرا، بە ترسەوە چووە ناو پۆلەکەوە و وتی پەنایەکی بۆ ناوەندەکە بردووە بۆ ئەوەی لە هەراسانکردن ڕزگاری بێت، لە نیشاندانی هاودەنگیدا، شەکیبا عەلی و کچەکە، زەینەب حوسێنی تەمەن ١٢ ساڵ، لە باوەشیان گرت و دڵنیایان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پاراستنی خوێندکاران و ڕێگری لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی دەکەن لە وانەکاندا.

 

شەکیبا عەلی و دوو مامۆستای دیکە جەختیان لەسەر ئیرادەی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن و وانەوتنەوە کردەوە، هەروەها ستەمکردن لەو ڕێگایە دووریان ناخاتەوە کە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە هەڵیانبژاردبوو.

 

لە یەکەم نیگادا ناوەندی هونەری ”قلم” لە بامیان تەنها دوو ژووری بێگەرد دەردەکەوێ، بەڵام لە ڕاستیدا نوێنەرایەتی قەڵایەک دەکات کە ژنان بەرگری لە مافی خوێندن و بوونیان دەکەن، لە سەرمای سەختی شاردا، سۆپایەکی بچووک دەبێتە مایەی هیوا، هەستێکی کۆڵنەدان و خۆڕاگری بە منداڵانی کچ دەبەخشێت، لە وڵاتێکدا کە وەدەرنانی ژنان بووەتە سیاسەتی فەرمی، هەر بۆیە بوونیان لە ژوورێکی خشتی قوڕاوی لە پشت دەرگا نیوە داخراوەکانەوە، خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکە.