هاجەر روم: کاتێک هونەر لە ڕاستگۆییەوە سەرچاوە دەگرێت، لە هەمان کاتدا دەبێتە کردەوەیەکی سیاسی و جوانکاری

لە بەرامبەر پەراوێزخستن و هاوسەرگیریی منداڵان، مامۆستایەکی مەغریبی هەڵیبژارد کە شۆکی وازهێنان لە خوێندن بگۆڕێت بۆ پرسیارێکی هونەری بە ئازار، هاجەر روم بە کامێرا نەک بە تەباشیر چیرۆکی کچانی لەبیرکراو دەنووسێت.

حەنان حارت

مەغریب- لە "عائیشە"ەوە کە تیشک دەخاتە سەر گرنگی قبوڵکردن و پەروەردەکردنی پێکەوەژیان، بۆ "ئەحلام حەلیمە" کە دژی ڕاستی وازهێنان و بێ توانای قسە دەکات، تا "نورە" کە قارەمانێتی ژنان لە سێبەردا چاک دەکاتەوە، هاجەر روم دەیسەلمێنێت کە دەنگێکی ڕاستگۆ پێویستی بە ڕوناکی نییە، بەڵکو پێویستی بە ویژدانێکی زیندوو و یادەوەرییەکی پڕ لە ئازار هەیە.

 

لەناو دیوارەکانی پۆلێکدا لە گوندێکی دوورەدەست لە جەرگەی شاری سوەیرە لە باشووری ڕۆژئاوای مەغریب، کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا هاجەر روم،مامۆستای مەغریبی لەوێ وانە دەوتەوە، دیمەنێکی بینی کە لە بێدەنگییەکی پڕ لە ئازاردا دووبارە بووەوە، لەناکاو خوێندکارە گەنجەکان ونبوون، نە ماڵئاوایی، نە ڕوونکردنەوە، تەنیا مێزێکی بەتاڵ و دەفتەرێکی بۆ هەمیشە داخراوە، لەوێدا کە لێکۆڵینەوەکە لەناکاو کۆتایی دێت، پرسیارێک دەست پێدەکات کە هەرگیز لە یادەوەرییەکە دەرناچێت: خەونەکانیان بۆ کوێ ڕۆیشت؟

 

 فیلمی 'ئەحلام حەلیمە' تەنها کورتە بەرهەمێکی هونەری نییە، بەڵکو هاوارێکە دژی بێدەنگی

ساڵانێکە پرسیارێک بە دوای هاجەر رومیەوەویە، تەنانەت دوای ئەوەی بۆ درێژەدان بە وانە وتنەوەی ڕووی لە داربیز کرد، ئەو گوندەی کە بەجێی هێشتووە هێشتا یادەوەرییەکەی دەگرێتەوە، ئەوەی لە چاوی کچەکاندا دەیبینی بەردەوامە لە دەنگدانەوە لە مێشکیدا، وای لێدەکات بەدوای ڕێگەیەکدا بگەڕێت بۆ دەربڕینی هاوارە دواکەوتووەکەیان کە لەمێژە دواکەوتووە.

 

لێرەوە فیلمی "ئەحلام حەلیمە" لەدایک بوو، کە دووەم ئەزموونی سینەمایی بوو، هەرچەندە لە ڕووی ئەکادیمییەوە دەرهێنەرێکی پیشەیی نییە، بەڵام چەندین خولی پەروەردەی لە بوارەکانی دەرهێنان، سیناریۆنووسی، سینەما، تەکنیکەکانی وێنە و دەنگ،  دەنگدانەوە ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی پڕۆژە هونەریەکەی لەگەڵ ئامرازە سەرەتاییەکانیدا دابین بکات.

 

لەم کورتە فیلمەدا (١١ خولەک و ٣٩ چرکە)، هاجەر چیرۆکی کچێکی گوند دەگێڕێتەوە کە زۆر حەزی لە خوێندن و فێربوونە، بە قسەکردن لەگەڵ مریشکە سپییە ئارامەکەی ئارامی دەروونی دەدۆزێتەوە، بەڵام ژیان لەناکاو پێچەوانە دەبێتەوە و داهاتووی دەخاتە مەترسییەوە. لە ڕاستییەکی کۆمەڵایەتیدا کە نەوە لە دوای نەوە خۆی بەسەر ژناندا دەسەپێنێت، چیرۆکەکە لەگەڵ دایک و کچ و ڕەنگە نەوەکەدا دووبارە دەبێتەوە... بەڵام ئایا هەرگیز ئەم خولە دەشکێت؟

 

هاجەر روم بە دەنگێکی هێمن بەڵام بارگاویەوە وتی: من ئەم ڕاستییە ژیاوم، تەنها لەبارەیەوە نەمخوێندەوە، لە ناوچەیەکی گوندنشین وانەم دەوتەوە، بە چاوی خۆم بینیم کە چۆن خەونی هەندێک کچ کوژاوەتەوە، دەفتەرەکانیان بۆ هەمیشە داخراوە.

 

بۆ ئەو فیلمی "ئەحلام حەلیمە" تەنها کارێکی هونەری کورت نییە، بەڵکو هاوارێکە دژی بێدەنگی و هەوڵێکە بۆ ئەوەی پرسیارێکی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە بخاتەڕوو، بۆچی کچانی گوندەکان زوو خەونەکانیان لەدەست دەدەن؟ وە کەی خەونێک دەبێتە پڕۆژەیەکی شایستە، نەک خۆشگوزەرانی کاتی؟

 

داب و نەریتە بەسەرچووەکان مافی ژنانی مەغریب پێشێل دەکەن

ئاماژەی بەوەشکردووە، وازهێنان لە خوێندن تەنها کۆتایی خوێندن نییە، بەڵکو سەرەتای زنجیرەیەک پاشەکشەیە، هاوسەرگیری زۆرەملێ، دایکایەتی زوو و پەراوێزخستن.

هاجەر روم هۆکاری دیاردەی وازهێنان لە خوێندن دەگەڕێنێتەوە بۆ تێڕوانینە کۆمەڵایەتییە ڕەگداکوتاوەکانی قووڵ کە دوژمنایەتی پەروەردەی کچان دەکەن، لە هەندێک گوندی مەغریب، شوێنی سروشتی کچ خوێندنگە نییە، بەڵکو ماڵی هاوسەرگیرییە، خێزانەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی کچەکانیان هاوسەرگیری بکەن، هەرکاتێک یەکێکیان خوێندنی کچەکەی ڕاگرت، ئەوی دیکەیان هەست بە فشار دەکات بۆ ئەوەی هەمان بڕیار بدات، خوێندن لەوێ بە یاخیبوون دادەنرێت و ئەوانەی پێداگری لەسەر پەروەردەکردنی کچەکانیان دەکەن، بە قسە و باس و قسەڵۆک ڕاوەدوونراون، وەک ئەوەی گوناهێکیان کردبێت، سەبارەت بە کچەکەش، ڕەنگە بەهۆی ئەوەی لە نۆرم لایداوە، دەستدرێژی بکرێتە سەر.

 

ئەم عەقڵیەتە، وەک هاجەر روم وتی: ئەوەیە کە لە ڕێگەی سینەما هەوڵی ئاشکراکردنی دەدات، بە دەنگ و وێنە ئاڵەنگاری دەکات، بەبێ دروشم و وانە، ئاماژە بە ئەزموونی یەکەمی خۆی دەکات کە فیلمی "عائیشە"ە، کە بە وتەی خۆی پەنجەرە بۆ منداڵی و جیاوازی دەکاتەوە لە ڕێگەی چیرۆکی کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە کە لەلایەن هاوپۆلەکانیەوە تووشی قسەی ناشرین بووە.

 

سینەما تەنها ئامرازێک نییە بۆ بەڵگەنامەکردن، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ شوێنی پەروەردەیی

ڕوونیشیکردەوە، کچەکە ئیلهامبەخش بوو بۆ مامۆستاکەی لە داڕشتنی میتۆدێکی پەروەردەیی کە ڕێگە بە منداڵان بدات بەهای ئەوانی دیکە بدۆزنەوە و پەیوەندییان لەگەڵدا بکەن بەبێ‌ پێشوەختە،سینەما لێرە تەنها ئامرازێک نییە بۆ بەڵگەنامەکردن،دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی پەروەردەیی، کە هەموو دیمەنێک دەبێتە بانگهێشتنامەیەک بۆ پەروەردەکردنی قبوڵکردن و پێکەوەژیان، چونکە جیاوازی بەهایە، نەک بەربەستێک.

 

لە نوێترین فیلمی دیکۆمێنتارییدا بە ناوی "نورە: لە خەباتەوە بۆ هیوا" کە سیناریۆی فیلمەکەی نووسیوە و دەنگی پێشکەش کردووە، هاجەر روم ڕۆشنایی دەخاتە سەر ژنێک کە لە بەرامبەر ناخۆشیەکاندا بەرز وەستاوە بۆ کوڕە پێویستییە تایبەتەکانی، سەبارەت بە پاڵەوانەکەی وتی: نورە نیگای بەزەیی کردە سەرچاوەی هێز، ئازارە کەسییەکانی کردە پریشکێک بۆ گۆڕینی ژیانی زۆرێک لە منداڵان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە نورە تەنها چیرۆکی دایکێکی ئازا نییە، بەڵکو چیرۆکی ژنێکە کە سەرکەوت بەسەر هەموو ئەو شتانەی کە لەسەر ژنان دەوترێ، کە دەبێت لە سێبەردا ئازار بچێژێت.

 

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کێ زیاتر شایەنی باسکردنی پرسی ژنانە، دەرهێنەری پیاو یان دەرهێنەری ژن، ڕوونیکردەوە، ژن هەستیارییەکی جیاوازیان هەیە، چونکە تووشی ئەم ئازارە دەبن، یان لانیکەم لە ناوەوە لێی تێدەگەن، بەڵام نکۆڵی ئەوە ناکەم دەرهێنەری پیاو هەن کە بەرهەمی جوان و تەنانەت ئیلهامبەخشیشیان لەسەر ژنان بەرهەمهێناوە، ئەوەی گرنگە چیرۆکەکە ڕاستگۆیانە و لە دڵەوە دەگێڕدرێتەوە.

 

پێیوایە دەربڕینی پرسی ژنان نابێت تەنها لە سینەمادا سنووردار بێت، دەتوانرێت لەڕێگەی سینەما، شانۆ، هونەرە بینراوەکان، یان تەنانەت گۆرانیشەوە بەرگری لە ژنان بکرێت، هونەر، هەرچییەک بێت، کاتێک لە ڕاستگۆییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەم دەبێتە کردەوەیەکی سیاسی و هەم جوانکاری.