بەخشین .. نەریتێک بۆ پاکبوونەوەی دڵەکان

لە گوندی هاوار سەر بە پارێزگای هەڵەبجە کاکەیی نشینانی گوندی هاوار مەراسیمی رۆژی بەخشین (ماستی قەلاتێ)یان بەرز ڕاگرت.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ڕۆژی بەخشین یاخود ماستی قەڵاتێ، رۆژێکی پیرۆزی مێژووی کاکەییەکانی هاوارە، هەموو ساڵێکیش لەو ڕۆژەدا گەنج و پیر لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانەوە ڕوو لە گوندی هاوار دەکەن و بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری رۆژی بەخشین دەکەن.

 

وەک هەموو ساڵێک، دوێن‌ێ لە گوندی هاوار ڕۆژی بەخشین بەرز ڕاگیرا، شنیار یادگار، ئەندامی خۆبەخش لە ڕێکخراوی شنروێی کاکەیی وتی: ئێمە لەگەڵ ڕۆژی بەخشین داین و وەک نەریتێک ساڵانە ئەم یادە دەکەینەوە، پێمان خۆشە خواردنی یەکتر بخۆین (نمەکی یەکتر بکەین)، چونکە لە کۆنەوە وتراوە نمەک کردنی یەکتر وات لێدەکات خراپە بەرامبەر یەکتر نەکەین.

 

ئەمیرە فەتاح، ژنێکی بەشداربووی ڕۆژی بەخشین (ماستی قەڵاتێ)یە و وتی: لە کۆندا ماست و دۆ زۆر بووە و دارێکمان هەبووە بە ناوی داری قەڵاتێ و لەژێریدا خواردنەکان دابەشکراوە لەسەر ئەو کەسانەی کە ماست و دۆی کەمیان هەبووە، باوەڕ وابووە دەبێت خواردنی دەستی یەکتر بخۆین و نمەکی یەکتر بکەین، بەڵام ئیستا شت زۆر بووە و هەموو جۆرە خواردنێک لێرە دەبەخشینەوە، بەو هیوایەی خواردنی دەستی یەکتر بخوین و دڵمان لە یەکتر پاک بێتەوە.

 

ڕەنگین مارف ژنیکی گەنجە و وتی: ئەمرۆ ڕۆژێکی کولتووری کۆمەڵایەتی ئاینییە و ساڵانە یادی دەکەینەوە، ئەو کەسانەش بەشداری دەکەن سەرجەم خواردنەکانیان دەهێنن بە تایبەت ماست، بەنیەتی پاک بوونەوەی دڵەکان، وەک سپێتی ماست و پێشمان خۆشە هەموو ساڵێک بەشداری ئەم یادە بکەین.

 

لە لایەکی دیکەوە، ئامێری تەمبور کە تایبەتە بە کاکەییەکان، لە مەراسیمەکەدا لێدرا و گروپی تەمبور ژەنانی هاواری شنروێ بە ئاوازەکانیان مەراسیمەکەیان ڕازاندوەوە.

 

ماستی قەڵاتێ، بەخشین، مەراسیمێکی ئاینی کولتووری کۆمەڵایەتییە، ئەم ڕۆژە بەخشینە لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی تر، قوربانیدانە لەپێناو مانەوە و دەگوترێت، ئەم رۆژە قوربانیان داوە بۆ پیرێکی یاری خۆیان، کە سەری سپاردوە لەپێناو مانەوەی یارانی کاکەیی، ئەم ڕۆژەش هەموو ساڵێک لە ٢١ی نیساندا بەرز ڕادەگیرێت.