دەق: بەڵگەیەکی زیندوو لەسەر مێژووی ژنانی کورد و بەرخۆدانی جەستە

لە کرماشانەوە تا دهۆک دەق یادەوەری و میراسی ژنانی کوردە کە مێژووی خۆیان لەسەر پێستی خۆیان دەنووسن، دیزاینە کۆنەکان کە لە خۆر و مانگ و ئەستێرە پێکهاتوون، تەنها جوانی نین، بەڵکو دەربڕینێکن بۆ پاراستن و داننان بە کولتوور و بەرەنگاربوونەوەی ستەمی پیاوسالاری.

سارا پورخەزری


کرماشان – لە کرماشانەوە تا ئیلام، سنە، مهاباد و دهۆک، لەسەر ڕوخسار و دەستی ژنانی بەتەمەنی کورد نەخشگەلێک هەن کە لە ناوچەکەدا پێیان دەوترێت "دەق"، ئەمە ڕۆژ، مانگ و هەسارەکان دەخاتە یادەوەری مرۆڤ، ئەم نیشانانە تەنها جوانی نیین، بەڵکو لە ناو باوەڕە کۆنەکاندا کە نەوە دوای نەوە دەمێننەوە، ریشەیان داکوتاوە.

 

ئەم دەقانە وەک شایەتێکی زیندوو بۆ بیرەوەری نەتەوەیەک و پردێک لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا خزمەت دەکەن، هەروەها نەخشگەلێک کە پەیوەندییەکی قوول لە نێوان ژیانی ژنان و جیهانی ڕۆحیی دەوروبەریاندا دروست دەکەن، مێژوو و مایتۆلۆژیاکان لەسەر جەستەیان دەنووسن.

 

شایەتێکی زیندووی مێژوو

ماریا. ت، خوێندکاری بەشی مێژووە، ڕوونیکردەوە، کە دەق و نەخشەکان بە قەد مێژووی مرۆڤایەتی کۆنن، وتی: بەڵگە کۆنەکان دەریدەخەن کە مرۆڤ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵە لەسەر جەستەی خۆی نەخشی هەمیشەیی دروست دەکات، ئەم نەخشانە ئاماژەی ئایینی، ڕێوڕەسمی، باوەڕ، چارەسەری و تەنانەت کۆمەڵایەتین، ئەم مێژووە درێژە دەری ئەوەیە کە دەق لە ناوچە کوردییەکاندا خاوەن ڕیشەی زۆر کۆنن و دیاردەیەک نیین کە تەنها بە چەند سەدەی ڕابردوو سنوردار ببن، زۆرێک لەو نەخشانەی کە ئەمڕۆ لەسەر پێستی ژنانی بەتەمەنی کورد دەبینرێن، لە سەردەمەکانی پێشوودا لەسەر ڕووی سیرامیک، ئامرازە ڕێوڕەسمییەکان و شتە ڕۆژانەیەکانیش دروست کراون، ئەمەش بە ڕوونی دەیردەخات کە نەخشەکان خاوەن واتە و گرنگییەکی قوولن و تەنها بۆ مەبەستی جوانکاری نیین.

 

 

بیرەوەری کولتووری و میراسی بینراو

ماریا. ت، وتی: ئەم پەیوەندییە لە نێوان هونەری جەستە و نەخشە کۆنەکاندا، دەقەکەی کردووە بە بەشێک لە بیرەوەری کولتووری و میراسی بینراوی گەلی کورد، هەرچەندە ئەم جۆرە دەقانە زۆر جار لەسەر ڕوخسار و دەستی ژنانی بەتەمەن دەبینرێن، بەڵام لە ناو پیاواندا بوونی هەبوو، بە نزیکەی هەموو ژنانی بەتەمەنی کورد شوێنەواری ئەم ڕێوڕەسمە کۆنە لەسەر جەستەیان هەیە، کە بەبێ گومان گرنگی ئەم بابەتە دەردەخات.

 

لە ئاماژەی جوانی تێپەڕترە، پیرۆزی و پاراستنە

تاتۆ و دەقە کۆنەکان کە ریشەیان دەگاتە مێزۆپۆتامیای کۆن، لە ناو ژنانی کورددا بە تایبەت لە ناوچە یارسانەکانی کرماشاندا لە ئاماژەی جوانی تێپەڕتر شێوەیان گرتووە، ئەوان بەشێکن لە دیدگای جیهانی، پیرۆزی، پاراستن و چارەسەرین، سەرەڕای ئەم مێژووە درێژە، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و دەرکەوتنی باوەڕە نوێیەکان لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم کولتوورەی زۆر کەم کردووەتەوە و ئێستا تەنها لە ناو ژنانی بەتەمەندا دەبینرێت، بەڵام لە مانگەکانی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێی بووژانەوە دەرکەوتووە کە ئامانجیەتی ئەم دەقانە بە ناسنامەی کولتووری و بیرەوەری کۆمەڵیکەوە گرێ بدات و گێڕانەوە زارەکییەکانی پشت ئەم نەخشەسازییانە کردووەتە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی قوول.

 

توران ئەسڵانی (ناوی خوازرو)، یەکێک لەم ژنانە، بە نیگایەکی پڕ لە یادەوەرییەوە دەقەکانی سەر جەستەی خۆی پیشان دەدات و وتی: پێشتر خۆرمان لەسەر جەستەمان دەکێشا بۆ ئەوەی هەمیشە ڕووناکی و گەشبینی بچێتە ناو ژیانمانەوە، وێنەی گوڵ و گوڵی کێویمان دەکێشا بۆ ئەوەی گەنجی و زیندوویی هەرگیز لە ڕۆحمان دەرنەچێت.

 

توران ئەسڵانی وتی: لەسەر دەستی دایکم شێوەی داری سنوبەر هەبوو، ئەو باوەڕی وا بوو کە ئەم شێوەیە ئازاری دەستەکانی دەرمان دەکات، هەر یەکێک لەم شێوەیانە توانایەکی سەروسروشتی تایبەتی هەبوو، کە واتا و هیوای بە ژیانمان دەدا، بەڵام ئەمڕۆ، زۆرینەی ئەم باوەڕانە لەبیر کراون، منداڵام کچی زۆر کەم ئیتر دەیانەوێت دەق لەسەر پێستی خۆیان دروست بکەن و ئەم کولتوورە کۆنە وردە وردە لە بیرەوەری کۆمەڵایەتیدا ون دەبێت.

 

 

بیرەوەری زارەکی و سەرچاوە ونبووەکانی دەق

توران ئەسڵانی ڕوونیکردەوە، کە پێشتر، ئەم دەقانە بە باوەڕە ڕۆحییەکان، چارەسەری و داواکارییەکانی مرۆڤەکانەوە گرێ درابوون، سروشت و ژیانیان دەکردە یەک، هەرچەندە ئەم کولتوورە ئەمڕۆ ون دەبێت و تەنها لە بیرەوەری زارەکی مرۆڤەکاندا دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی سەرچاوە نووسراوەکان لەسەر ئەم بابەتە کمن، بۆ ئاشکراکردن و دەرخستنی نهێنییەکانی ئەم دەقانەن، پێویستە مرۆڤ گوێ لە چیرۆکی هەڵگرە ڕەسەنەکانی ئەم کولتوورە بگرێت.

 

شیوا. س، ڕۆژنامەنووس کە ماوەیەکی درێژە لەسەر ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە دەکات، جەختی لەو کردەوە، کە ئەو لە زۆر ناوچەی کرماشاندا لێکۆڵینەوەی کردووە و ئەنجامەکانی لەو ناوچانە نزیکی یەک بوون، وتی: لێکۆڵینەوەکەی من لەسەر ناوچە جیاوازەکانی کرماشان بوو بەڵام لە ناو ئەم ناوچانەدا باوەڕە هاوبەشەکان بە نزیکەی وەک یەک بوون، ئەم باوەڕە ئەوە دەردەخات کە زۆرینەی ئەو ژنانەی کە ئەم نەخشانەیان لەسەر جەستەی خۆیان خستووەتە ناو نەخشەکانەوە، تێگەیشتنێکی هاوبەشی واتای ئەم ڕێوڕەسمەیان پشک بە پشک کردووە.

 

ڕەسەنی و واتای ئەو ماددانەی کە لە دەقدا بەکاردێن

شیوا ئاماژەی بەوەشکرد، کە بە بۆچوونی خۆی یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی پرۆسەی کێشانی ئەم دیزاینانە ئەو کەرەستە خاوانەیە کە بەکارهێنراون، وتی: دەبێت دوکەڵی چراکە تێکەڵ بە شیری ئەو ژنانە بکرێت کە منداڵێکی کچی لەدایک بووە، زۆرێک پێیان وابوو شیری ژنێکی لەو جۆرە دڵنیای دەدات لەوەی کە ڕەنگەکەی باشتر و زیاتر لەسەر جەستە دەمێنێتەوە، گروپێکی تر باسیان لەوە دەکرد کە ئەم ڕێوڕەسمە بەتەواوی ژنانەیە و پێویستە شیری ژنێک بێت کە منداڵی کچی لەدایک بووە بەکاربهێنرێت، هەرچەندە ئەم باوەڕە ڕەنگە لە یەکەم نیگادا سادە دەرکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا چینە قووڵەکانی سەرچاوەی ڕێوڕەسمی دەق ئاشکرا دەکات، چینەکان کە بەهای ژنان و شوێنی ئەوان لە کولتووری ناوخۆییدا ڕەنگ دەدەنەوە، هەروەها خودی ڕێوڕەسمی دەق نیشان دەدات کە ژنان دەتوانن بڕیار لەسەر جەستەیان بدەن و نەخشی بەردەوامیان لەسەر دروست بکەن، ئەم پراکتیزەیە جۆرێک لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و خاوەندارێتی جەستە بوو.

 

دەق وەک ئاماژەی بەرخۆدان و ئازادی جەستە

شیوا وتی: ئەم بابەتە لەم دواییانەدا گرنگتر بووە، دەیان ساڵە لە ئێران ئەگەر بە ئاشکرا قەدەغە نەکرابێت، فشارە کۆمەڵایەتییەکان، یاسا و پێکهاتەی پیاوسالاری وایکردووە ژنان نەتوانن تەنانەت بڕیارێکی بچووکیش سەبارەت بە جەستەیان بدەن یان تەنانەت دەقێکی سادە و کاتیش بکێشن،
وردەکارییەکانی سەرچاوەی ڕێوڕەسمی دەق و بیروباوەڕەکانی دەوروبەری بەڕاستی گرنگن، چونکە نیشانی دەدەن کە ئەم نەریتە تەنها کردەوەیەکی جوانی نییە، بەڵکو دەربڕینێکی کولتووری و کۆمەڵایەتییە، لە چینە شاراوەکانیدا، دەق ئاماژەی بەرەنگاربوونەوەی ژنانە لە بەرامبەر قەدەغەکردنەکان و ئەو گرنگییەی کە دەیدەن بە مافی هەڵبژاردن و دروستکردنی واتا بۆ جەستەیان.

 

مێژووی نەنووسراوی ژنانی مێزۆپۆتامیا

وێنەی مانگ، ڕۆژ و بە تایبەت ئەستێرەکان کە لە ناو ژناندا بڵاو بوون، نیشانەی خوداوەندە کۆنەکانی وەکو "عشتار" (ئاماژەی خۆشەویستی و بەرەکەت) و باوەڕە مایتۆلۆژییەکانی پێشوون، ئەم پەیوەندییە دەیردەخات کە کولتوورە کۆنەکان چۆن لە بیرەوەری کۆمەڵێکدا دەپەڕنەوە بەبێ ئەوەی تەنها لە بیرەوەری تاکەکەسییدا بمێننەوە و چۆن لەسەر جەستەی ژنان هەمیشەیی دەبن.

 

ئەم هەوڵانە، لە ناوەڕۆکەکەیدا، مێژووی نەنووسراوی ژنانە، مێژووی ئەو ژنانەی ناویان لە پەرتوکی مێژوودا نییە بەڵام چیرۆکی ژیان و بیروباوەڕی گەلەکەیان لەسەر پێست و جەستەیان نووسیوە، ئەمڕۆ هەمان ئەو هەوڵانە وەک بەڵگەنامەی زیندوو کاردەکەن، نهێنییەکانی مێژووی ژنان لە میزۆپۆتامیا و ناوچە کوردنشینەکان ئاشکرا دەکەن و چینە شاراوەکانی کولتوور و ناسنامەی ژنان ئاشکرا دەکەن.