دەنگی ڕۆژئاوا لە کۆیە؛ لاڤین سەکۆی گۆرانی نیشتمان

لە ڕێگەی ئەو خولە هونەرییانەی لە سەنتەری گەنجانی کۆیە بەڕێوەدەچن، گەنجان و ژنانی ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان بەهرەکانیان دەگەشێننەوە، لاڤین عەلی، کچێکی ئاوارەی ڕۆژئاوایەو ١٣ ساڵە لە کۆیە دەژی، بە دەنگ و سازەکەی پەیامی خۆی دەگەیەنێت.

شلێر کۆیی

 

کۆیە_ هونەر هەمیشە زمانی هاوبەشی مرۆڤایەتی و پردی پەڕینەوەیە لە خەمە گەورەکان بەرەو هیوایەکی ڕووناکتر. بۆ ئەو منداڵ و گەنجانەی بە ناچاری و بەهۆی کارەسات و نائارامییەکانەوە لانکەی داپیران و باپیرانیان جێهێشتووە، مۆسیقا و گۆرانی تەنها چێژێکی هونەری نییە، بەڵکو زمانێکی زیندووە بۆ پاراستنی ناسنامە و دەربڕینی هەستی نیشتمانی. نموونەی ڕوون بۆ ئەم ڕاستییە، گەنج و کچە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانن کە دوور لە زێدی خۆیان، لە شارە دۆست و قبوڵکەرەکانی باشووری کوردستان وەک کۆیە، چرای بەهرەکانیان دەگەشێننەوە و پەیامی ئازادی و بەرخۆدان بە دەنگ و سازەکانیان دەگەیەنن.

 

 خولی مۆسیقا و گۆرانی بۆ گەنجان و کچانی سنووری کۆیە کرایەوە. لە سەنتەری گەنجان لە کۆیە ساڵانە زۆرترین خولی جۆراوجۆر دەکەنەوە بۆ گەنجان، یەکێک لە خولەکان خولی مۆسیقا و گۆرانییە لەگەڵ چەندین خولی دیکەی هونەری وەک شێوەکاری. خولەکان بە هاوکاریی منداڵپارێزی کوردستان بەڕێوەدەچن، و لە خولە هونەرییەکاندا زیاتر دەبینیت کچانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدارن، بەتایبەت کچانی ڕۆژئاوا بە سەلیقە و دەنگی خۆشیان خولەکان پڕ دەکەن لە سەدای جوان.

 

 منداڵان و ژنانی ڕۆژئاوا بەهۆی ئاوارەیی و دووری لە زێدی داپیران و باپیرانیان، هەستی هونەری و گۆرانی وتن بۆ نیشتمان هەمیشە لە خوێنیاندایە، ئاوارەیی و دوورە وڵاتی نەبووەتە هۆی داپۆقینی بەهرەکانیان، بەڵکو زیاتر بەهێزی کردوون و بە گۆرانی و مۆسیقا هەستی نیشتمانی دەردەبڕن.

 

 لاڤین عەلی، خوێندکاری ئامادەیییە، لە کاتی ڕووداوەکانی شەڕی سووریاوە نزیکەی ١٣ ساڵە ئاوارەی شاری کۆیەن. بۆ لاڤین کۆیە وەک مەوتەنە. لاڤین عەلی لەگەڵ کۆمەڵێک لە کچانی سنووری کۆیە بەشدارە لە خولی مۆسیقا کە سەنتەری گەنجان بە هاوکاریی منداڵپارێزی ساڵانە ئەو خولانە دەکەنەوە بۆ فێرخوازان، و بەشێکی زۆری بەشداربووان کچانن.

 

سەرەتا خولیام مۆسیقا بوو بەڵام دواتر خۆم لە گۆرانی وتندا دۆییەوە

لاڤین عەلی وتی: خۆم خەڵکی ڕۆژئاوام و ئێستا پۆلی ١١ی ئامادەییم، بۆ ماوەی دوو ساڵە لە سەنتەری گەنجانم، خۆم گۆرانی دەڵێم و سازیش دەژەنم، لەو سەنتەرە زۆر بەجوانی فێری مۆسیقا و گۆرانی دەبین، زۆر دەستخۆشییان لێدەکەم کە لێرە ڕاهێنانمان پێدەکەن و ماندوون لەگەڵمان تا بە باشترین شێوە فێری مۆسیقا و گۆرانی ببين، من کە سەرەتا هاتم حەزم لە مۆسیقا بوو، بەڵام کە هاتمە ئەو سەنتەرە خۆم دۆزییەوە لە گۆرانی وتندا.

 

لاڤین هەڵسوکەوت و قسەکردنی وەک خەڵکی کۆیەیە وتی: ئێمە نزیکەی ١٣ ساڵە لە شاری کۆیە دەژین،  بەهۆی ئەوەی من لە منداڵییەوە لێرەم و لەگەڵ خەڵکی کۆیە دانیشتووین و خوێندومە، وەک ئەوانمان لێهاتووە تا لە قسەکردنیشدا. زۆر هاوکار و هاوڕێمانن، زۆر خۆشحاڵین کە لێرەین. ڕاستە خەڵکی ڕۆژئاوام، بەڵام ئێستا زیاتر حەزمان لێرەیە.

 

لاڤین عەلی لە کاتی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوادا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو؛ بە گۆرانی و هونەر ڕۆڵی بینی لە پێشاندانی ئەوەی چۆن دوژمنانی کورد، کورد دەچەوسێننەوەو شەهیدیان دەکەن و کەزیی کچەکان دەبڕن. هێشتا لە زەینی ئەواندا ئەو دەستدرێژییانە درێژەی هەیە، بۆیە لاڤین گۆرانیی 'دیلان'ی پێشکەش بە بینەر و بیسەرانی ئاژانسەکەمان کرد.