قەڵای شێروانە؛ مۆرکی مێژوویی و بەرخۆدان بۆ مانەوە

سەرەڕای هاتنە سەر تەختی چەندین کەس و ڕووداوە مێژووییەکان، قەڵای شێروانە هەر ماوەتەوە و مۆرکی مێژووی خۆی لە دەست نەداوە.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- شوێنەوار یەکێکە لەو شتانەی کە مێژووی هەر وڵاتێک پێشان دەدات، کوردستانیش یەکێکە لەو شوێنانەی کە شوێنەواری مێژووی گرنگ و کۆنی تێدایە، هەر یەکەیان لە سەردەمێکدا و بۆ مەبەستێک دروستکراون و تائێستا ماونەتەوە، بۆیە پاراستنی ئەو شوێنەوارانە ئەركێكی مرۆڤایەتیە، قەڵای شێروانە یەکێکە لەو شوێنەوارە دێرینانەی کوردستان کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی پاراستن و گرنگی پێدانی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە تا ئێستا ماوەتەوە و ساڵانە هەزاران کەس بە مەبەستی زانینی مێژووەکەی و بینینی قەڵاکە سەردانی دەکەن.

 

قەڵای شێروانە چۆن پێکهاتووە

قەڵاکە لە سێ گرد پێکهاتووە، گردی یەکەم زەمینیە کە کۆنترین گردیانە، گردی دووەم بەشی قادرمەکانیەتی و سێیەمیش قەڵاکە خۆیەتی.

 

ڕووبەری قەڵای شێروانە ٤٠٠ مەتر چوار گۆشەیە، لە ٢٤ ژوور پێکهاتووە، قاتی یەکەم و دووەمی لە کۆمەڵێک ژوور و ڕێڕەو پێکهاتووە، کراوە بە مۆزەخانە و چەندین تاق، ئاگردان و دوکەڵکێشی هەیە، قاتی سێیەم کە بە کڵاوەکەی ناسراوە شوێنی ئەدەبیات بووە، دەرگای قەڵاکەش تەنها دەرگایەکی دوولایە و لە چوارلای قەڵاکەدا شوێنی چاودێری هەیە.

 

قەڵای شێروانە لە چی دروستکراوە

لە دروستکردنی قەڵای شێروانەدا خشتی قوڕ، بەرد، قسڵ و گەچ و بۆ دەرگا و پەنجەرەکانی داری گوێز بەکارهاتووە، کە لە گوندەکانی شێخ باوە، کوڵەجۆ، زەنگاباد، شیرەوەنەوە کەرەستەکانیان بە گوێدرێژ و ئێستر بۆ هێناوە و لە ڕووباری سیروانیشەوە ئاویان بۆ بردووە.

 

کەی دەست بە دروست کردنی قەڵای شێروانە کراوە

بەپێ زۆرێک لە سەرچاوە و توێژینەوەکانی شارستانیەتی کورد و عەرەب و ئینگلیزەکان، قەڵای شێروانە لە نێوان ساڵانی ١٨٦٦_١٨٧٤ لەلایەن محەمەد پاشای جافەوە دروستکراوە و ماوەی ٨ ساڵی خایاندووە، سەرەتا قەڵاکە یەک گرد بووە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئاشوری و بابلیەکان گەڕاوەتەوە، بەڵام لەبەر بچووکی گردەکە لەسەر شوێنی ئێستای دروستکراوە و بووەتە شوێنی دانیشتن و حەوانەوەی محەمەد پاشا، دواتر نەوەکەی کە ناوی کەریم بەگ بووە تا ساڵی ١٩٣٠ تیایدا ژیاوە، دواتر دەبێت بە بنکەی پۆلیس و دوای هاتنی عەبدولکەریم قاسم، کەریم بەگ قەڵاکە بە کرێی ١٥٠ روپیە دەدات بە حکومەت.

 

ناوی قەڵای شێروانە لە چیەوە هاتووە؟

وەک دەگێڕنەوە گوندێک هەبووە ناوی شێروانە بووە لە نزیک گردەکە، بۆیە ئەو قەڵایەی کە دروست کراوە ناوی شێروانەی لێنراوە.

 

لە سەردەمی ڕژێمی بەعس کاتێک لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر ئەو خشتانەی قەڵاکەی پێ دروستکراوە، دەردەکەوێت کە لە دوو جۆر خشت پێکهاتووە، جۆرێکیان تازەن و جۆرێکیان کۆنەن، بۆیە لیژنەی شوێنەوار وتیان ئەگەر خشتە کۆنەکە زیاتر بوو ئەوا قەڵاکە کۆنە، بەڵام ئەگەر خشتە تازەکە زیاتر بوو ئەوا قەڵاکە تازەیە.

 

دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت، کاتی دروستکردنی قەڵاکە ئەندازیارەکە داوای خشتی کردووە، چونکە خشتی کەم هەبووە و بەشی دروستکردنی نەکردووە، محەمەد پاشاش لە ناوچەی تازە شار و زەنگابات خشتی بۆ دەهێنێت و بە خشتە کۆنەکان بنەڕەتی قەڵاکە و بە خشتە تازەکانیش قەڵاکە تەواو دەکرێت.

 

قەڵای شێروانە لە ساڵی ١٩٩٦ نۆژەن کراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٧ جارێکیتر لەلایەن بەڕێوبەرایەتی شوێنەوارەوە نۆژەنکرایەوە.