چالاکییەکانی ڕژاک بە کردنەوەی پێشانگایەکی شێوەکاری دەستیپێکرد

لە دەستپێکی چالاکییەکاندا بۆ ٨ی ئادار، رۆژی تێکۆشانی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ ١٤ ژنی بەهرەمەند ڕێکخست، ژنانیش دەڵێن هەر وێنەیەکی هەڵگری پەیامێکە بە دیدێکی ژنانەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی پێشانگایەکی شێوەکاری بە دروشمی "ڕەنج و هونەری ژن بناغەی کۆمەڵگەیە" بۆ ١٤ ژنی بەهرەمەند ڕێکخست.

 

لە پێشانگاکەدا ٢٣ تابلۆ نمایشکران، گوزارشتیان لە تواناکان و ڕەنگینی تێڕوانینەکانی ژنانیان بۆ ژیان دەکرد، هاوکات چەند تابلۆیەکیش سروشتی جوانی وەرزی بەهار و ڕەنگینی ئەو وەرزەیان نیشاندەدا.

 

دەرون سەعید، یەکێک لە شێوەکارەکان، بە تابلۆیەک بەشداری کردووە کە ڕەنگاوڕەنگی سروشت نیشاندەدات، وەک دەڵێت چێژ لە بینینی جوانییەکانی سروشت وەردەگرێت، دەشڵێت ژنان لە ٨ی ئاداردا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان تێکۆشانیان کرد، بۆیە دەبێت ژنان ئێستاش بەردەوام بن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.

 

تەنکە مەجید، ماوەی نزیکی ٣٠ ساڵە کاری وێنەکێشان دەکات، بە دوو تابلۆ بەشداریکرووە، ساڵی ڕابردوو وێنەکانی گوزارشت بووە لە ئازارەکانی ژنان، بەڵام لەم ساڵدا هەوڵیداوە توانا و هێزی ژن نیشانبدات، دەڵێت "زیاتر وێنەکانی من لەسەر ژن و گوڵە"، هەوڵیداوە لە وێنەکانیدا ڕەنگاوڕەنگی ژیان نیشانبدات.

 

دەرون سابیر، یەکێکی دیکەیە لە شێوەکارەکان، ئەو تابلۆیەی کیشاویەتی خانوویەکی کەلەپوری کۆنە، کە لە ئێستادا خانووەکان زۆرینەی وەک باڵەخانەیەک دەردەکەون، "ئێستا زیاتر ڕەنگە ماتەکان بەکاردەهێندرێت، لەکاتێکدا ئەو ڕەنگە سەوزە هەمیشە گوزارشتە لە مۆرکی کوردەواری و ئەو سەوزاییەی کە هەیە، بەڵام ئێستا زۆر کەمتر گرنگی بە سەوزایی دەدرێت".

 

پێشانگاکە سەرەتای چالاکییەکانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاکە، ئەمڕۆ تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت، هەروەها بە درێژایی هەشت ڕۆژ تا ڕۆژی ٨ی ئادار ڕژاک چالاکیان دەبێت.

بڕیاریشە ٤ی ئادار، لە بەردەقارەمان کاتمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ ئاهەنگی پیرۆزبایی ٨ی ئادار بەڕێوەبچێت.

 

ت.پ