زمان، ناسنامە و هەبوونی نەتەوەیەکە

ئاستی پێشکەوتووی زمان، ئاستی پێشکەوتووی ژیانە، لەم وتەیەوە دەردەکەوێت، زمان وەک بەشێکی سەرەکی بنەڕەتی هەبوون و مانەوەی نەتەوە و ناسنامەی گەلێکە، بە پێی ڕاپۆرتەکان لە مانگێکدا دوو زمان لەناو نەچیت ئەمەش لە ناوچوونی کلتور و نەتەوە و ناسنامەیەکە.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- زمان یەکەم پەیوەندی منداڵە لەگەڵ گەردووندا، ئەو کەسەشی پەیوەندییەکە گرێدەدات دایکە، بۆیە ئەو زمانەی پێی گفتوگۆ دەکەین بە زمانی دایک ناودەبرێت، زمان توخمێکی سەرەکی بەستراوە بە کلتورە، هەر کۆمەڵگەیەک زمانی بەدەستهێنابێت و پارێزگاری لێبکات، خاوەنی بیانووی گەورەیە بۆ ژیانکردن، ئاستی پێشکەوتووی زمانیش ئاستی پێشکەوتووی ژیانە، بۆیە هەر نەتەوە و گەلێک نەتوانێت پارێزگاری لە زمانەکەی بکات دەکەوێتە بەر لێشاوی لەناوچوون.

 

ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی زمان دەڵیت " کۆمەڵگەیەک چەندە زمانی دایکی پەرە پێبدات، بەو ڕادەیە ئاستی ژیانی پێشخستووە، هەروەها چەندە دووچاری لەدەستدانی زمان هاتبێت و کەوتبێتە ژێر کاریگەری زمانی دیکەوە، ئەوەندەش دووچاری داگیرکاری ئاسیمیلاسیۆن و تراژیدیا دەبێتەوە"، زمانی کوردیش وەک زمانی دایکمان، سەرەڕای هەوڵی چەند سەد ساڵەی داگیرکاران بۆ لەناوبردنی بەڵام نەتوانراوە ئەو زمانە هەڵبوەشێنرێتەوە.

 

مێژووی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە شەهیدانی زمانی بەنگالییەوەیە

٢١ی شوبات بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دیاریکراوە، ئەم دیاریکردنەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٩ کە بە فەرمی لە لایەن ڕێکخراوی په‌روه‌رده‌یی، زانستی و فه‌رهه‌نگیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان- یونسکۆوە لەسەر داوای بەنگلادیشییەکان دیاریکراوە.

ئەم ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ ٢١ی شوباتی ١٩٥٢ی شەهیدانی بزوتنەوەی زمانی بەنگلادیشی، لەو کاتەی پاکستان لە نیمچە دورگەی هیندستانی داگیرکراوی بەریتانیا جیادەبێتەوە، بەنگلادش دەبێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی پاکستان و بە زمانی بەنگالی قسە دەکەن، بەشی ڕۆژهەڵاتیش بە ئوردو قسە دەکەن، لە جاڕنامەیەکدا پاکستان ئاماژە بەوە دەکات تاکە زمانی پاکستان ئوردووە ودەبێت هەموو ناوەندەکان ببێتە ئەو زمانە، ئەم جاڕنامەیە دەبێتە پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی پاکسان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان سەر هەڵدەدەن و چەندین کەس لەلایەن پاکستانەوە دەکوژرێن، ئەم خۆپیشاندانانە دەبنە بزوتنەوە و تا سەرەنجام بەنگلادش لە پاکسان جیا دەکەنەوە، لەسەر خوێنی خۆپیشاندەران لە ٢١ی شوباتی ١٩٥٢دا بەنگلادش داوا دەکات ئەو ڕۆژە بکرێتە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک.

 

یونسکۆ: چەندە زمان لەناوبچیت، ئەوەندە دەوڵەمەندی کلتوری ون دەبێت

ڕاپۆرتەکانی یونسکۆ ئاماژە بەوە دەکەن لەگەڵ گەشەسەندی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و باڵادەستبوونی زیاتری سیستمی سەرمایەداری، ڕۆژانە زمانێک لەناو دەچێت کە لێکەوتەکەی لەناوچوونی کلتور، ڕۆشنبیری، نەتەوە، شێوازێکی ژیان و دەربڕینە، ئەمەش مەترسییەکە و جیهان و ژیان دوچاری قەیران دەبێتەوە.

 

بە پێی ڕاپۆرتێکی یونسکۆ ٣٧٠ نەتەوە لە ٩٠ وڵاتی جیهاندا ژیان دەکەن، لەو ٣٧٠ نەتەوەیە ٥ هەزار کلتوری جیاواز و ٦٧٠٠ زمان هەیە، لەو ژمارەیەش ٢٤٠٠ زمان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە هەر مانگێک دوو زمان لەناو دەچێت، تا ئێستاش ٦٤٠٠ زمان لەناوچوون.

 

لە جیهاندا ٣٠٠ زمانی فەرمی هەیە کە هەوڵ بۆ پاراستن و مانەوەیان دەدرێت، لەو چەند سەد زمانەش کەمتر لە ١٠٠ زمانی لە میدیا و ناوەندە دیجیتاڵییەکان بەکار دەهێنرێت.

 

زمانی کوردی لە ڕیزبەندی ٥٧ی زمانەکانی جیهانە

بە پێی ڕیزبەندییەکان بۆ زمانەکانی جیهان، زمانی کوردی لە ڕیزبەندی ٥٧ـەمین دایە و ٢١ ملیۆن کەس قسەی پێدەکات، زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانانەی بەردەوام هەوڵی لەناوبردن و پوکانەوەی دەدرێت هاوشان لەگەڵ مێژووی ئەو گەلەدا.

 

زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە دەوڵەمەندەکان بە پەیڤ و زاراوە و خاوەندی چەندین زاراوەیە، بە گشتی دابەش دەکرێت بەسەر چوار زاراوەدا، کرمانجی ژووروو، ناوەراست، خواروو، گۆران، هەر یەکێکیش لەم زاراوانە ورد دەبنەوە.

لە بەشی کرمانجی ژووروو(باکور) هەریەک لە بایەزیدی، هەکاری، بۆتانی، شەمدینانی، بەهدینانی، زاراوەی ڕۆژئاوای لێپێکدێت، بەشێک لە باشوری کورستان و باکور و ڕۆژئاوا بەم زاراوەیە دەئاخڤن.

لە کرمانجی ناوەڕاستدا بەشی زۆری زمانی سۆرانییە، هەریەک لە موکریانی، سۆرانی، ئەردەڵانی، سلێمانی و گەرمیانی سەر بەم کۆمەڵەیەن و لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاریدێت.

لە بەشی زاراوەی کرمانجی خواروودا، لوڕی ڕەسەن، بەختیاری، مامەسەنی، کۆهگڵۆ، لەک و کەلهوڕ هەن و لە زاراوەی گۆراندا، گۆرانی ڕەسەن، هەورامانی، باجەڵانی و زازا هەن و قسەی پیدەکرێت.

 

لە باکوری کوردستان زۆرترین هەوڵ بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی دەدرێت                

مێژووی کورد پڕاوپرە لە تێکۆشان دژبەری هەوڵەکانی داگیرکەر بۆ لەناوبردنی ئەو نەتەوەیە لە ڕووی کلتور، زمان، شوناس و مێژووەکەیەوە، ڕۆڵەکانی کورد لەسەر هەر تاڵە دەزوویەک گرێیان بدات بە کورد و کوردستانەوە دەکوژرێن و قڕ دەکرێن، بەڵام ئەوە سەلمێنراوە سەرباری هەوڵەکانی وڵاتانی داگیرکەر و کۆمپلۆ و کۆمەڵکوژییەکان، کورد سور بووە لەسەر پارێزگاریکردن لە ناسنامە و شوناسەکەی، زمانی کوردی وەک یەکێک لە ئامڕازەکانی مانەوەی نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی لێدان و قەدەغەکردن بووەتەوە.

لە باکوری کوردستان لەگەڵ دامەزراندی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣دا لە لایەن ئەتاتورکەوە، بەو بەڵێنانەی درابووە کوردەکان، کوردان ڕۆڵیان گێڕا لە دامەزراندنی کۆمارەکە و سەرکەوتن بەسەر دەوڵەتی زلهێزی وەک بەریتانیا و ئەمریکادا، بەڵام زۆر ناخایەنێت دەوڵەت لە دژی کوردان دەست دەکات بە قڕکردن، قسەکردن بە زمانی کوردی لە دوای کۆماری تورکیا و لە ڕاپەڕینی دەرسیمی ساڵی ١٩٣٧ەوە قەدەغە دەکرێت، لەبەر کردنی جلی کوردیش بەشێک دەبێت لەو قەدەغەکردنە، ئەگەر کەسێک لە دەرەوەی ماڵدا بە کوردی قسەی بکردایە لە لایەن دەوڵەتەوە سزای پارە دەدرا و بە قامچی لێی دەدرا، ئەم ڕەوشە بەسەر زمان و کلتوری کوردان تا ئاوابوونی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باکور بەردەوام بوو، لە دواتردا کاتێک کە کورد لەوپەڕی لەناو چووندا بوون ئەو بزوتنەوەیە بووە هۆکارێک بۆ زیندووکردنەوەی زمان و کلتور و ناسنامە.

 

لە ڕۆژهەڵاتدا زمانی کوردی تەنها لە ناو ناوچە کوردییەکان و لەناو کورداندا قسەی پێدەکرێت، خوێندن و دەزگاکانی بە زمانی فارسین، ئەگەرچی ڕژێمی ئێران کورد وەک نەتەوەیەکی ئاری لە وڵاتەکەیدا پەسەند دەکات بەڵام تا ئێستا بە فەرمی دانی بە هەبوونی زمانێک کە تایبەتە بە کوردان نەناوە، لە ڕۆژئاوای کوردستانیشدا زمانی کوردی لە دۆخێکی باشدا نەبوو، خوێندن و دامودەزگاکان بە زمانی عەرەبی بوون، ئەم ڕەوشە بەردەوام بوو تا دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١١دا، کرانەوە و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی لە ڕۆژئاوادا دەستیپێکرد و سەرجەم ناوەندەکانی خوێدن و زانکۆکان لە ئیستادا بە زمانی کوردین.

 

لە باشوری کوردستان لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا خوێندن بە زمانی کوردی بوو بەڵام هەر تێکۆشان و خەباتێک لە پێناو کوردبووندا بە خیانەت لە سیادەی عێراق لە قەڵەم دەدرا و چەندین ژن و گەنجی کورد لەو پێناوەدا گیانیان بەخت کردووە، لە دوای ڕاپەڕینیشەوە خوێندنی کوردی بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی.

 

 

ڕۆژی جیهانی زمانی دایک هەموو ساڵێک بۆ پێشخستنی فرە زمانی و مانەوەی کلتورە جیاوازەکان یاد دەکرێتەوە، بایەخدان بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک خەباتە دژ بە داپڵۆساندنی نەتەوەیی و پاراستنی زمان و ناسنامە، زمانی کوردی کە ئێستا دەتوانریت زیاتر بایەخی پێبدرێت بەڵام یەکێکە لەو زمانانەی لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە، وڵاتانی داگیرکەر لە ڕێگەی کردنەوەی خوێندنگە ئەهلییەکان و هێنانە ناوەوەی وشە و ئاماژەی بیانی بۆ ناو زمانی کوردی لە هەوڵی لەناوبردنەکانیان بەردەوامن.

 

ت.پ