ڕۆژى جیهانیى کۆچبهران؛ ژنان زیانبەرکەوتووی سەرەکی کۆچکردنن
١٨ کانوونى یهکهمى ههموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانی کۆچبەران ناسراوە، کە ساڵانە کۆچبەران ڕووبەڕووی سەختی و دژواری زۆر دەبنەوە لە پێناو گەشتن بە ئارامی، هەروەها ژنانیش پشکی سەرەکییان بەردەکەوێت و وەک کاڵا مامەڵەیان پێوە دەکرێت.
هێڤی سەلاح
ناوەندی هەواڵ- کۆچ یان کۆچکردن، واتە گواستنەوەی مرۆڤەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بۆ کار یان ژیان کردن، بەزۆری خەڵک کۆچ دەکەن بۆ ئەوەی لە بارودۆخی نالەبار یان ھۆکارەکانی وەک ھەژاری، نەخۆشی، پرسە سیاسییەکان، کەمیی خۆراک، کارەساتی سروشتی، شەڕ، بێکاری و نەبوونی ئاسایش دووربکەونەوە، هەروەها ھۆکاری دیکەش هەیە کە دەتوانێ ھەلومەرج و ھۆکارگەلێکی لەبار بێت کە شوێنی مەبەستی کۆچبەران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، وەکو دامەزراوەی تەندروستی زیاتر، پەروەردەی باشتر، داھاتی زیاتر، نیشتەجێبوونی باشتر، ئازادی سیاسی و کەشێکی باشتر.
چەندین جۆری کۆچکردن هەیە، وەک کۆچکردنی تاکە کەسی، کۆچکردنی بە کۆمەڵ، کۆچکردنی ناوخۆیی و دەرەکی، هەروەها کۆچی ئارەزوومەندانە و کۆچی ناچاری.
هەروەها کۆمەڵێک هۆکار هەن کە ڕاستەوخۆ پەیوەنیان بە کۆچکردنەوە هەیەو هۆکاری سەرەکین، وەک هۆکارە ئابوورییەکان، سیاسییەکان، کۆمەڵایەتییەکان و سروشتییەکان.
زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران لە سەرتاسەری جیهاندا کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناچارکرد بە دیاریکردنی ١٨ کانوونی یەکەم بە ڕۆژی جیهانی کۆچبەران و ساڵانە لەو ڕۆژەدا بە چالاکی جیاواز یادی دەکرێتەوە .
لە ٤ی کانوونی یەکەم ٢٠٠٠، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٨ی کانوونی یەکەم وەک ڕۆژی جیهانی کۆچبەران دەستنیشان کرد ، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی زۆری کۆچبەران لە جیهاندا، لە ڕێگەی بڕیارنامەی A/RES/55/93، UNGA بانگهێشتی وڵاتانی ئەندام و ئەوانی دیکەی کرد بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی کۆچبەران، هاوبەشکردنی ئەزموونەکان و داڕشتنی کردەوەکان بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی کۆچبەران، ئەو ڕۆژە بەڕێوەببەن.
UNGA ١٨ی کانوونی یەکەمی بۆ ئەو ڕۆژە هەڵبژارد بۆ یادی پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی پاراستنی مافەکانی هەموو کرێکارانی کۆچبەر و ئەندامانی خێزانەکانیان لە ساڵی ١٩٩٠.
کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٠ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی جیهانی کۆچبەران، نزیکەی ١٥٠ ملیۆن کۆچبەر هەبوون، بەڵام ڕۆژانە بەهۆی ستەم و دەسەڵاتدارانەوە لە تەواوی جیهان ئەم ژمارەیە لە زیادبووندایە.
کۆچکردن مێژووەیەکی تاڵ و بەردەوامە بۆ کورد
بە دڕیژایی مێژوو کورد بە هۆکاری جیاواز کۆچی کردووە هۆکاری سیاسیی یەکێک بووە لە هۆکارە هەرە باوەکان کە بووەتە هۆی کۆچکردنی کوردان و ناچارکردنیان بە جێهێشتی خاکی خۆیان، لە مێژووەوە تا ئێستا بەردەوام کوردستان بۆتە ناوەندی ململانێی دەسەڵاتە جیاوازەکان لە سەردەمی سەفەوەیەکان وعوسمانیەکانەوە ئەو هاوکێشەیە بەردەوام بووە تا ئێستا و هاوکات حکومەتە یەک لە دوا یەیەکانی عێراقیش ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە هەوڵدان بۆ کۆچکردنی کوردان لە خاکی خۆیاندا بەتایبەت لەو ناوچانەی کە دەوڵەمەندن بە کانزا سروشتییەکان.
لە دوای ڕاپەڕینی کوردەکان کە ٣١ ئاداری ساڵی ١٩٩١ ڕوویدا. دوای ئەوەی شاری کەرکوک ئازادکرا لە دەستی ڕژێمی بەعس ھەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکرد بۆ سەر کوردەکانی باشووری کوردستان.
لە دوای کۆڕەوە گرانیەکی تاقەت پروکێن ڕوو لە کوردستان دەکات ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەووەی کە ڕێژەیەکی زۆری خەڵک روو لە ئەوروپا بکەن و وڵات جێبهێڵن.
دوای چەندین ساڵ مێژوو خۆی دووبارە کردەوە و لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و هاتنی داعش و بوونی قەیرانی ئابووری لە باشوردا و هەموو بەشەکانی کوردستانەوە، کوردان بەرەوە ئەوروپا و ئەمریکا کۆچ دەکەن و وڵاتی خۆیان جێدەهێڵن و لەو وڵاتانە کۆچبەرێکی زۆری کوردان هەیە. بە تایبەت دوای زیاتربوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر ڕۆژئاوا، لە باشوور. هەروەها لە ئێران و تورکیاش بە هۆکاری بوونی گوشارەکان لە ڕۆژهەڵات و باکوور بە هەزاران لە کوردان کۆچی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی باکووری ئەمریکا دەکەن.
بە پێی دواین ئامار کە سەرەتای مانی ١٢ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامارەکانی کۆچی گەنجان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لە لایەن سەرۆکی ڕێکخراوی گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕینەوە خرایەڕوو، کە بە پێی ئامارەکان شەش هەزارو ۸٠٠ کەس کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە، کە دوو هەزارو ۳٠٠ گەنجیان لە دەڤەری ڕاپەڕین بوون.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کۆچی زیاتر کردووە
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ باشوور چەندین گوندی سنورەکانی ناچار بۆ چۆڵکردن کردووەو بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری لێجێگر کراوە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ چۆڵکردنی گوندەکان و کەم بوونەوەی بەرهەمی خۆماڵی.
ئەو پەنابەرانەی کە لەدەرنجامی فشاری دەوڵەتانەوە لە هەرچوار پارچەکەی کوردستان کۆچ دەکەن ڕووبەڕووی بارودۆخی سەرختی کۆچ دەبنەوە. ئەم سەختیانەش چ لە ڕێگەی ئاوی یان وشکانییەوە زۆرن. دەوڵەتان لە بری ئەوەی بە چاوی مافی مرۆڤەوە لە کۆچبەران بڕوانن، وەک دوژمنێکی نەخوازراو سەیر دەکرێن. ڕێگەی کۆچبەری خۆی زۆر زەحمەتە، ئەم زەحمەتییە بۆ ژنان زۆر زیاترەبێت.
ژنان زیانبەرکەووی یەکەمن
هاوکات ژنان بەردەوام زیانبەرکەوتووی یەکەمن و زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت لە کاتی کۆچکردن و بوونی نائارامی سیاسیەوە، ژنان ماڵیان لێتێک دەچێت و لەپێناو پاریزراوی خۆیان و منداڵەکانیان ڕێگەی کۆچ دەگرنەبر، لەناو کامپەکان ڕووبەڕووی سەختی ژیان دەبنەوەو پیداویستییەکانیان بەردەست نییە، هەروەها ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە.
پرۆفیسۆر نەشە ئۆزگەن باسی لەو سەختیانە دەکات ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە کاتی ڕێگای کۆچکردندا و دەڵێت: " لە کۆچبەریدا وەک موڵکێک لە ژنان دەڕوانرێت، ئەم شتەش جێگەی سەرنجە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە وەک مرۆڤ لە ژنان ناڕوانرێت، بێبەش دەکرێن لە مافی مرۆڤ؛ ڕووبەڕووی چەندین ڕووداوی دەستردێژیکردنە سەر و ڕووداوی خراپی تر دەبنەوە، هەتا ئەوەی وەک کۆیلەیەکی ماڵ لێێان دەڕوانرێت، لە هەموو ڕوویەکەوە وەک ماڵبوون و دەستبەسرداگرتن لێیان نزیک دەبنەوە. بۆیە کاتێک باسی مافی مرۆڤ دەکرێت، پێیویستە بە تایبەتی باسی دۆخی ژنان لە ژیانی کۆچبەریدا بکرێت."
کۆچبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان
ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هەمانشێوە لە مێژووەوە تا ئێستا چەندین جار رووبەری کۆچی ناجاری بۆتەوە لە دەرئەنجامی گۆشەگیری و چەوساندنەوەی حکومەتە یەک لە دوا یەکەکان بەتایبەت لە سالانی ١٩٣٠ دا کە زۆرێک لە کۆمەڵکوژی دێرسیم هەڵاتوون بۆ ناوجەکانی دیکە وەک باکوورو ڕۆژئاوای سووریا، دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هەموو خاکی سووریادا، پرسی کورد بە توندی سەریهەڵدایەوە وەک یەکێک لە دیارترین ئاڵەنگارییەکان کە دەبوو ڕووبەڕووی ببێتەوە.
هاوکات ناوچەکە بە هۆکاری جۆراوجۆر شاهیدی کۆچی بەرچاو و بەردەوامی کوردە بۆ ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بە سەدان هەزار کورد لەڕۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەی دەیان ساڵ لەژێر سەرژمێری ساڵی ١٩٦٢دا بەدەست (پێگەی تۆمارنەکراو) دەناڵێنن، ئەمەش مافە سەرەتاییەکان و هەلی کار و ئازادی هاتوچۆیان لێ زەوت کرد، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە خەڵک کۆچ بکەن.
هەروەها شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ەوە شەڕی ناوخۆ بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان سووری، لەناویاندا کورد، لە دوای پاریزراوی و سەقامگیریدا دەگەران، ململانێ بەردەوامەکان، لەوانە ململانێی نێوان هێزە کوردییەکان و دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" و دەستێوەردانەکانی تورکیا، شەپۆلی ئاوارەبوونی ناوخۆیی و کۆچی دەرەکیی لێکەوتووەتەوە. سەبارەت بە خولی ئەم دواییەی ئەحمەد شەرع، حکومەتی نوێیکاتیبە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٥ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک واژۆکرد، ئەم ڕێککەوتنە ئامانجی تێکەڵکردنی خۆبەڕێوەبەریی کورد بوو بە حکومەتی نیشتمانی و زامنکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد، لەوانەش مافی بەکارهێنانی زمانەکەی، سەرەڕای ئەو گەشبینییە وریاانەی کە لەلایەن هەندێکەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە دەربڕدراون، نیگەرانی و گومانەکان لە جێبەجێکردنی تەواو و کاریگەردا ماونەتەوە، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی کۆچبەری داهاتوو هەبێت.
بەکورتی کۆچی کورد بۆ ئەوروپا دیاردەیەکی مێژوویی و ئاڵۆزە کە لە ئەنجامی دەیان ساڵەی پەراوێزخستن و ململانێیەوە سەرچاوەی گرتووە.