ژنۆلۆژی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیکە...٨

کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە شۆڕشی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی چاندن بە دەستی ژن خۆی بنیادنا و دایک بناغەی ئاواکردنی گوند و تا کۆتایی کۆمەڵگە بوو، ژنی کورد بەردەوام هەوڵیداوە لە دەرەوەی پەیوەندی خوێن و پێکهاتەی بنەماڵەیی خۆی لە دونیای تێکۆشان و بەشداری سیاسەتدا ببینێت.

تەوار عادل

 

ناوەندی هەواڵ- ئازادی ژن لە پرۆسەی بنیادنانی نەتەوەیەکی دیموکراتیکدا گرنگییەکی زۆری هەیە، ژنی ئازاد کۆمەڵگەیەکی ئازاد مسۆگەر دەکات، کۆمەڵگەی ئازادیش بناغەی نەتەوەیەکی دیموکراتیکە، لە سۆنگەی گرنگی تێکۆشانی ژنەوە، دەبێت بپرسین، تێکۆشانی ژن لە کەیەوە و چۆن دەستی پێکرد، ژن چی بەخشی بە مرۆڤایەتی و چیش لە ژن سەندرایەوە؟، پێناسەی ژن بوون چییە؟، هزری ژنێتی چۆن بناغەی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەیە؟، زانستی ژن-ژنۆلۆژی چۆن سەرلەنوێ پێناسە بۆ بوونی ژن دەکاتەوە؟، ئەم پرسیارانە و گەلێک پرسیاری دیکە لەمەڕ بوون و تێکۆشانی ژن، لەم زنجیرەیەی ڕایەڵکەدا دەخەینە بەرباس.

 

کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە شۆڕشی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی چاندن لەسەر دەستی ژن خۆی بنیادنا و دایک بناغەی ئاواکردنی گوند و تا کۆتایی کۆمەڵگە بوو، پەروەردە و فێرکردن، داهێنان، دۆزینەوە و پێشکەوتنەکان لەسەر دەستی ژن بەڕێوەچوون، کەواتە ژن بە تەوەرەی سەرەکی مرۆڤایەتی دادەنرێت و تەشی دەستی دایک، هەزاران ساڵە دەخولێتەوە و چەرخی تێکۆشانی ژن لە سووراندایە.

 

گەلێک نمونەی خوداوەند هەن کۆمەڵگەیان لەسەر بنەمای ژیانی سروشتی هاوبەش بەڕێوەبرد، هەزاران خوداوەندی پارێزەر، خۆر، مانگ، دایک، جوانی و خواردن و ئاسمان و زەوی، لەو خوداوەندانەن کە ژنان نوێنەرایەتییان دەکەن، خوداوەند ئینانا لە شاری لەگشی سۆمەرییەکان بەخوای زاین و جەنگ و دادوەری و سیاسەت لە ناوچەی میزۆپۆتامیا دانراوە. ئەناهیتا خوداوەندی کوردان لە سەردەمی میتراییدا لە کرماشان سەریھەڵداوە. هەروەها خوداوەندی هەتاو یاخود ئۆتۆ-ی سۆمەری، یەكێك بووە لە خوداوەندەكانی سروشت، لای میتراییەكانیش بووە بە یەكانەهێز و خوداوەند.

 

ئەم خوداوەندانەی سروشت و ژیان بە ناکۆکی قوڵی مێژوویدا تێپەڕین، داستانی گلگامێش نمونەی شکاندنی ژن و گلگامێشیش کە نوێنەرایەتی پیاو دەکات، بەدوای هێز و نەمریدا دەگەڕێت، هەروەها ئەفسانەی تیامات نمویەکەی دیکەی مێژوویی شکاندنی بوونی ژنە، کە خوداوەند تیامات نوێنەرایەتی هێزی بێ ڕامکراوی دەریاکان و سروشتی هەمیشە گۆڕاوی دروستکردن دەکات و بە هۆی هێز و کاریگەرییە ئیلاهییەکەیەوە بە دایکی خوداوەندەکان پێناسە دەکرێت، لە گەردوونناسی میزۆپۆتامیادا بوونی تیامات ئاماژەیە بۆ هاوسەنگی نێوان ڕێکخستن و ئاژاوە، هەروەها سروشتی خولگەیی بوونە، کاتێک مەردوخ بە سێ تیر لە ناوچەکانی مێشک، دڵ و زایەند تیامات دەکاتە ئامانج، هزر و هەست و لەدایکبوون و زاینی ژن لەناودەبات و دوای ئەوەش سەردەمی نەزمی خودایی پیاو دەستپێدەکات، کە تا ئەمڕۆ بە سیستمی پیاوسالاری بەردەوامی هەیە و بەردەوامی ئەو ئەفسانەیە، لە توندوتیژی، کوشتن و لە کایەخستنی ژندا ڕەنگدەداتەوە.

 

هەرچی خوداوەندەکانە، لە چیاکانی کوردستانی ئێستاوە سەریانهەڵداوە کە تەمەنیان بە نزیکەی ٣٠ هەزار ساڵ پێش زاینە، بە درێژایی زنجیرەکانی زاگرۆس کە ژیاری کۆمەڵگەکان بووە و خاکی بە پیت و فەڕ بووە، خوداوەندییان هەبووە. دواتر سۆمەرییەکان پەرەیان بە بیری خوداوەند داوە و سروشتیان لە شێوەی مرۆڤ-دایک وێناکردووە، تەنانەت لای سۆمەرییەکان ئەو خواوەندانە بە شاژنی چیا بەناو دەکرێن، ئەمەش بۆ ڕاستییەک دەگەڕێتەوە کە سۆمەرییەکان پێش چوونیان بۆ خوارووی عێراق ئەو میراتەیان لە چیاکانی کوردستانەوە وەرگرتووە، چونکە دۆڵی ڕافیدەین چیای سەرکەشی وەک کوردستانی نەبووە.

 

ئەم ئەفسانە و خواوەندانە بناغەی ئەمڕۆ پێکدەهێنن؛ ئەگەرچی مێژووی ژن نەنووسراوەتەوە و بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە بەڵام هەر لاپەڕەیەکی مێژوو هەڵبدرێتەوە، ناوی ژنێک دەدرەوشێتەوە. ئێمەش ڕایەڵکەی مێژووی ژن؛ دەهێنینەوە سەردەمی ناساندنی کەوانی زێڕین بە کوردستان، شۆڕشگێرانی وەک زەریفە خان، خانزادی میری سۆران، قەدەمخێر، لەیلا قاسم و چالاکوانانی ژن وەک عادیلە خانم و حەپسەخانی نەقیب و مینا قازی کە یەکەمین ڕێکخراوی ژنی بە ناوی ڕێکخراوی یایا دامەزراندووە، مێژوونووسانی وەک مەستورەی ئەردەڵان، کلام وتەکانی وەک خاتون دایراک، خاتون نێرگس، خاتون زەینەب و شەمینە لەناو ئاینی کاکەیی، مەیان خاتوون، ئەزنیوا رەشید، جەمیلە جەمیل و بنەوش ئاگال ئەو ژنە ئێزدییانەن لە مێژووی گەلی ئێزدیدا دژی فەرمان و لەناوبردن وەستاونەتەوە، ئەمانە و هەزاران ژنی دیکە ڕایەڵی مێژووی ژنیان بە شانازییەوە ڕیزکردووە و تەشییەکانی دەستی ئەو ژنانە ئەمڕۆ بە ناسنامەی ژنانی ئازادیخواز و گەریلا و شەڕڤان لە مەیدانی تێکۆشاندا بۆ نەتەوەی دیموکراتیک دەهۆنرێتەوە و جوانترین تابلۆی ژنی نەخشاندووە.

 

مێژووی ژن پەراوێزخرا

ئەم دەوڵەمەندییەی مێژووی ژن و هەزارانی هاوشێوەی کە لە پەراوێزدا ماونەتەوە، ئەگەر بەراوردیان بکەین بەو زهنیەتەی ئەمڕۆ دژی ژن بەڕێوەدەبرێت، بۆمان دەردەکەوێت پرسەکە بەدەر لەوەی کێشەیەکی نەتەوەیی و دیموکراسییە، کێشەیەکی ئەخلاقی و ویژدانیشە. بەشێک لە مێژووی نووسراوی ئەم هەرێمە؛ یان ڕۆژهەڵاتناسەکان نووسیویانە، یان ئەوانەی براوەی قۆناغی داگیرکاری و شەرەکانی دابەشکردن و تاڵانکاری بوون نووسیویانە، زیاتریش لە بەرژەوەندی تەسکی دەسەڵاتی هەرێمی و نۆرمی بنەماڵەیی و پیاوسالاری نووسراونەتەوە و دەستکەوت و سەروەرییەکانی ژن تاکەکەسی کراون و نەکراون بە قۆناغی شۆڕشێکی درێژکراوەی سەرهەڵدانی ژن و لە ڕەوتی کۆمەڵگەییبوونی دایبڕیوە، یەکێکی دیکە لەو سیاسەتانەی دوای دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە و بە تایبەت لە دەوڵەتانی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران بەسەر ژناندا سەپێندرا، مۆدێلی دامەزراندنی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی ژنانی سەر بە پارتە سیاسییەکان بوو، بە تایبەت لە عێراق و باشووری کوردستان، کە وەک پرسێکی ستراتیژی مامەڵەیان لەگەڵ تێكۆشانی ڕەگەزی نەکرد، بەردەوامیش هەوڵی بەستنەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانیان بە گۆڕینی یاسا و میکانیزمەکانی دەوڵەتەوە دەبەستەوە. ژن کەم تا زۆریش هەوڵی دابێت، ناسنامەی هەبوونەکەی لە ژێر کاریگەری ئاین، دابونەریتی خێڵەکی و بنەماڵەی و بە پاشکۆی پیاوەوە تێپەڕی نەدەکرد، دۆخی داگیرکراوێکی تێکهەڵکێشکراو لە زۆر ڕووەوە کاریگەری لەسەر ژنی کورد هەبوو، بەڵام، سەرباری لاوازکردنی پێگەی ژنیش لە هەموو سەردەمەکاندا؛ ژن هەوڵیان داوە مۆری خۆیان لە قۆناغەکان بدەن و ئاڵای تێکۆشانی ژن بە ئەمڕۆ گەشتووە.

 

ژنی کورد بەردەوام هەوڵیداوە لە دەرەوەی پەیوەندی خوێن و پێکهاتەی بنەماڵەیی خۆی لە دونیای تێکۆشان و بەشداری سیاسەتدا ببینێتەوە، لە ساڵانی حەفتاندا جگە لە وێنەی ئەفسانەیی شاماران، هەردوو تابلۆی پێشمەرگەی ئاشووری مارگرێت جۆرج و لەیلا قاسم هەڵدەواسران، ئەم ڕاڕەوە مێژوویە پێناسی پێگەی ژن بوو لە هەردوو قۆناغی ئەفسانە و حەقیقەتدا، بەڵام ڕەخنە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە نە تێکۆشانی هەشت ساڵەی مارگرێت جۆرج لە ڕیزەکانی پێشمەرگە و نە پەیامەکەی لەیلا قاسم لە بەردەم پەتی سێدارەکە کە وتی: "ئەگەر شتێک هەبێت داوای لێبوردنی لەسەر بکەم، ئەوەیە کە تەمەنم بەشی ئەوەی نەکرد خزمەت بە گەلەکەم بکەم" نەبوونە مانیفیستۆ بۆ چارەسەری پرسی ئازادی لەناو بزووتنەوە و پارتە سیاسییەکانی چوار پارچەدا. ئەم هەڵسەنگاندنەش بۆ ژنانی پێشەنگ و سوارچاکی پارچەکانی دیکەش ڕاستە کە مێژووە شکۆدارەکەیان تەنها لە پارچە یان ناوچە و ماڵەکانیاندا ماونەتەوە و نەکراون بە سیمبولێکی جیهانی.

 

ژن داینەمۆی شۆڕش بووە

بە چاوخشاندنێک بە مێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا، ژن داینەمۆی شۆڕش بووە و بەشدارییان بەهێز بووە، کە لە هەندێک ناوچە خۆیان پێشەنگی شۆڕش بوون، بەڵام دوای تەواوی ئەو شۆڕشانەی بەرپا بوون؛ ژن گەڕێنراوەتەوە ڕۆڵی نەریتیانەی بەر لە شۆڕش. یان خۆی بە پیاو چواندووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە بوارەکانی تێکۆشاندا جێگەی هەبێت. لە دوای دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، جگە لە ژیانەوەی گەلی کورد و زمان و ناسنامەکەی، دووبارە پێناسە بۆ بوونی ژن کرایەوە و ڕۆڵی سەرەکی لە بە کۆمەڵگەبوون و کۆیلەکردنی کۆمەڵگەش لە کەسایەتی ژندا شیکاری بۆ کرا. لەم بەشەشدا دەگەڕێینەوە بۆ هەڵسەنگاندنێکی ڕێبەری گەلان، عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە ژن.

 

ڕێبەر ئۆجالان لە بارەی ژیان و چەمکی ئازادی دەڵێت: " من، لە کار و خەباتەکانی ژندا زیاتر دەرکم بە ڕاستی، گرنگی حەقیقەتی مێژوویی و کۆمەڵایەتی کرد. ژن بۆ من جەوهەری خەباتی سۆسیۆلۆژیانە بوو. کورت و جەوهەری گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە؛ خۆ بگەیەنینە جوانیە خوداوەندێتیەکەی ژن، باشیەکەی و ڕاستیەکەی، وە لەگەڵیدا بژین". ئەو ئاماژەیە نیشانی دەدات کە هەڵوێست لەئاست ژندا هەڵویستێکی ستراتیژی و فەلسەفیە. شۆڕشی کوردستان وێڕای زەحمەتی و سەختیەکانی و قوربانی گەورە، هەر لە سەرەتاوە هانی ژنانی بۆ ناو شۆڕش دا و ژنانیش ڕژانە ناو ڕیزەکانی شۆڕشەوە، ئەوەش لە چەمکی ژیان و ئازادیشدا تا دوا ڕادە بە کاریگەر و ڕێنیشاندەر بووە لە سەرخستنی ئەو قۆناغەدا. لە ساڵی ١٩٧٧ دا ڕێبەر ئۆجالان لە گەڕانیدا بە کوردستاندا دەچێتە ماڵی بەساڵاچوویەک، لەوێ ژنه‌ گەنجێکی لێ دەبێت، وا دەزانێت نەوەیەتی، دواتر تێدەگات کە هاوسەرێتی، لە دڵی خۆی دا ده‌ڵێت:" کوردستانیش وەک ئەم ژنه‌ گەنجەیە بە زۆری زۆرداری زەوت کراوە. دەبێت ئەم کوردستانە بەو ژنه‌ گەنجەشەوە ئازاد بکەین". ئەو ڕووداوە گوزارەیە لە هەستکردن بە ئاستی پەیوەندی شۆڕشی کوردستان بە پێگەی کۆمەڵایەتی ژنەوە. ڕێبەر ئۆجالان ئەو هەستەی قوڵکردەوە و درێژەی بە تێکۆشان لە هەموو بوارەکاندا دا. ئەمەش نەک تەنیا بۆ ژنانی کوردستان بەڵکو ژنانی گەلانی دیکەشی هاندا بەشداری لە شۆڕشدا بکەن، یەکەمین ژنیش کە ئاڵاهەڵگری ئەم شۆڕشە نوێیە بە پێناسەی نوێی ژنەوە بوو، ساکینە جانسز بوو.

 

تەڤگەری ئازادیی کوردستان، کە پەکەکە وەک دواین سەرهەڵدانی کورد ڕابەرایەتی دەکات، لە ڕووی ڕێکخستنی، ئایدیۆلۆژی و کردەییەوە نەکەوتە ناو هەمان هەڵەی ستراتیژی ڕابردووەوە، واتە پرسی ژنی بۆ دوای شۆڕش هەڵنەگرت، بەڵکو پرسی ئازادی ژن و ئازادی پیاوی وەک شۆڕش لەناو شۆڕشدا واتادار کرد، لە ڕیزەکانی تێکۆشاندا لۆژیکی سەپێنراوی پیاوی سەردەست و کۆنەپەرست کە؛ "ژن ناتوانێت شەڕ بکات"، تایبەتمەندیەکانی ژنی نەریتیانە و کۆیلە و تەواوی ئەو کێشە قورسانەی لە تێکۆشاندا ڕەنگی داوەتەوە؛ لە پێشخستنی ئازادی ژندا وەک تەگەرە نەناسی، ئەمەش یەکەمین هەنگاوی شۆڕشی نوێ بوو بە پێشەنگایەتی ژن، لە دوای ساڵی ١٩٨٧یشدا بەدەسپێکردنی شیکردنەوە سۆسیۆلۆژیەکان لەسەر ژن-خێزان بناغەی بەرفراوانکردنی شۆڕش دانرا. لە مێژووی کوردستاندا هەرچەندە ئەزمونێکی نوێش نەبێت، بەڵام بەشداری ژنان لەسەر بنەمایەکی ئایدیۆلۆژی، رێكخستنی و سیاسی بەو شێوەیە، یەکەمجاری بوو.

 

لە ماوەی ساڵانی شۆڕشدا بە بەرفراوانی شیکاری کرا کە چۆن پەیوەندیەکانی ژن و پیاو لە ژێر کاریگەری داگیرکاریدا لە جەوهەری خۆی دوورخراوەتەوە و کۆیلەکراوە و چۆن بووەتە سەرچاوەی خۆراکدانی ئەو دۆخی داگیرکاریە لە کوردستان. بەهێندەی پەردە لەسەر کۆیلایەتی ژن هەڵدەدرایەوە، ئەوەندەش پەرە بە پرەنسیپەکانی چەمکی ناموسی ڕاستەقینە و خۆشەویستی ژن دەدرا. ئەزمونەکان و قوربانیە قورسەکان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاستی ئەو شیکاریانە هەبوو، بۆیە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: مێژووی پێنج هەزار ساڵم لەبەر ژن شیکار کرد، ئەگەر پەرەم بە شیکارەکانی دەرهەق بەژن نەدایە، ئەوا چارەسەری ئایدیۆلۆژی و سیاسیش ناتەواو دەبوو".

 

بۆیەش هەموو ئەو پێناسانەی بۆ ژنێکی لاواز و کۆیلە دەکرا و سەرەڕای بەشداری هەزاران ژن لە ریزەکانی گەریلادا دەوترا "ژن بارن، ناتوانن بەڕێوەبچن" بە شەهیدبوونی گوڵناز کاراتاش، ناسراو بە شەهید بێریتان سەرەوبن بوون و ڕێڕەوی مێژوو و پێناسەی ژن دووبارە پێداچوونەوەی بۆ کرا و بە دامەزراندنی سوپای ژنیش لە تشرینی دووەمی ١٩٩٣دا وەرچەرخان لە ڕێکخراوەبوونی ژندا تۆمار کرا، لە بارەی ژنەوە ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: "لەناو گەریلا و چالاکی سیاسیدا زۆر گرنگە ڕێکخراوەبوونی، تایبەتمەندێتی ئەرتەشتبوونی، خۆسەرێتی، تایبەتبوونەکەی لەسەر ویست و داخوازی ژن خۆی مسۆگەر ببێت، ئەگەر ئەوە نەکەین ئه‌وا لە جێیەکدا ئازادی پوچەڵ دەبێتەوە".

 

بەرمەبنای شیکارییەکان لەسەر ژن، ژنۆلۆژی سەریهەڵدا، کە زانستێکی تایبەتمەند بە ژنە و هەڵقوڵاوی مێژووی بوونی ژنە لە کەوانی زێڕیندا، وەک چەمک بۆ یەکەم جار لە بەرگرینامەی "سۆسیۆلۆژیای ئازادی"ی ڕێبەر ئۆجالان لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئاماژەی پێکرا. بەڵام ئەو تێگەیەی کە بناغەی ژنۆلۆژین، ماوەیەکی درێژ لەناو بزووتنەوەی ژنانی ئازادی کوردستاندا بابەتی ڕۆژ بوون. لە چوارچێوەی پێشکەوتنی کارەکانی ژنۆلۆژیدا، قۆناغی یەکەم پرۆسەی تێگەیشتن، پێناسەکردن، توێژینەوە لە چەمک و ئامادەکردنی پڕۆگرامی وانەکانی ژنۆلۆژی بوو. قۆناغی دووەم، پرۆسەی دامەزراوەییکردن، بوون بە کۆمیتە، دروستکردنی زەمینەکانی پەیوەندی و ڕێکخستنە جیاوازەکان بوو. لەم قۆناغەدا گفتوگۆکانی وەک "بۆچی پێویستمان بە ژنۆلۆژی هەیە، ژنۆلۆژی چی دەکات؟" درێژەی پێدرا. ئەو قۆناغەی کە ئێستا تێیداین، دەتوانین وەک پرۆسەی بەرجەستەکردنی ڕێبازەکانی ژنۆلۆژی و ڕێبازەکانی چارەسەری پێناسەی بکەین.

 

ژنۆلۆی

ئەگەر پێناسەیەک بۆ ژنۆلۆژی بکرێت، دەبێت بڵێین تێگەیشتنێکی زانستی کۆمەڵایەتییە کە بە دوای چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگەڕێت، لە سۆنگەی ئەو ئاگایی و هۆشیاریەی کە کێشەکانی ئازادی ژن ڕیشەی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکان دیاری دەکەن، ژن وەک پوختەی هەموو سیستمەکە دەبینێت. بە گەڕان بەدوای چارەسەرێک لە هێڵی ژندا، چەمک، تیۆری و دامەزراوەکانی خۆی بونیاد دەنێت، بۆیەش دەتوانین بڵێین "تەشی ژن هەزاران ساڵە دەسووڕێت و ئێستا بۆ ژنۆلۆژی دەسووڕێتەوە و دەڕێسێت.

 

لە دوای ساڵی ٢٠٠٨، گفتوگۆکان لەسەر ژنۆلۆژی لەناو هێزەکانی گەریلا و گیراوانی ناو زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەستیپێکرد. لە ساڵی ٢٠٠٩ مامۆستایانی ژن لە کامپی شەهید ڕۆستەم مەخموور هەنگاوێکیان نا و پەرتوکەکانی بەشی ئامادەیی ژنۆلۆژییان ئامادە کرد کە وەک وانە دەخوێندرێت. لە چیا ئازادەکانی کوردستانیشدا لە ساڵی ٢٠١١ گفتوگۆ لەسەر ژنۆلۆژی زیاتر فراوان کرا و دەستەیەکی ژنۆلۆژی دامەزرا. لە ساڵی ٢٠١٢ لە شاری هەولێری باشووری کوردستان بۆ یەکەم جار کۆنفرانسێک بە ناوی ژنۆلۆژی بەڕێوەچوو. ژمارەیەک لە ژنانی باشووری کوردستان و ڕۆشنبیران لەم کۆنفرانسەدا ئامادەبوون و گفتوگۆی گرنگیان بەڕێوەبرد. لە ساڵی ٢٠١٣ ژنۆلۆژی ئیتر لە هەموو ئەکادیمیاکانی بزووتنەوەی ئازادیدا وەک وانەیەک کەوتە پرۆگرامەوە. شەهید لەیلا ئاگری یەکێک لە دامەزرێنەر و پێشەنگەکانی ئەم زانستە بوو.

 

لەم قۆناغە بەدواوە ژنۆلۆژی هەمیشە خۆی بەرەوپێش دەبات و شیکاری قوڵی مێژوویی دەکات و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەکادیمیا و ناوەندەکانی خۆی پەرەپێدەدات، بە پێناسەی؛ ژنۆلۆژی دەستێوەردانێکە بەرامبەر بە دابڕانی زانست لە ژن و ژیان، ڕێبازە زانستییەکانی خۆی لەناو کاری پەروەردە و توێژینەوەدا کە پشت بە راستی ژن و ژیان دەبەستێت، یەکلادەکاتەوە. رێباز و زانینەکانی ژن و کۆمەڵگەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە حەقیقەتی ئەخلاقی-سیاسی خۆیان دەپارێزن، بۆ پێشخستنی تێزەکانی بەکاردەهێنێت. هەر بۆیەش لە پەیامێکیدا بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ڕێبەری نەتەوەی دیموکراتیک، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: "یەکەم جار کە برامە دوورگەی ئیمراڵی، وتم: "کارەکەم بۆ ژن پڕۆژەیەکی نیوەناچڵە" ئێستا ئەو کارە تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوە جێبەجێکردنێتی. پڕۆژە تەواو نەکراوەکەم بە ژنۆلۆژی مەودای بڕی. بەم تیۆر و چەمکە ویستم کێشەی ژن بە ڕاستی بناسێنم، کۆمەڵگە کێشەی زۆری هەیە، بەڵام خەنجەرەکەی پشتی، کۆیلایەتی ژنە و بەبێ دەرهێنانی ئەم خەنجەرە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت. ژنۆلۆژی لەم مەبەستەدا گەشتێکی گرنگی کردووە. ڕەنجێکی بەنرخ خەرج کراوە. ئەم ماندووبوونە لەگەڵ پڕۆسە نوێیەکەدا واتای زیاتر بەدەستدێنێت. پێویستە بوونی ژن بە ڕاستی بناسێندرێت و ناسنامە و بوونی ژن بە ڕێبازی هاوتاکردن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".

 

بۆ ئەوەی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی لەناوبردنی ژن، کۆمەڵگە و سروشت، پەرە بە تێڕوانینی خەباتێکی نوێی ژنان بدرێت، کارەکانی ئاستی گەردوونیبوونیش گرنگن. ژنۆلۆژی وەک زانستێکی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، لە بەهێزکردنی ژێرخانی تیۆری، ئایدیۆلۆژی و زانستی لە دامەزراندنی زەمینەکانی هاوپەیمانی ژناندا خاوەن ڕۆڵە و بەم فەلسەفەیەش هەنگاو بۆ ئاواکردنی نەتەوەی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی ژن دەنێت، هەروەک ڕێبەری ئازادیخوازان، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: دەزانم ژنان پێشەنگایەتی پڕۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" دەکەن کە هەوڵی پەرەپێدانی دەدەین. ئەوان خاوەنی زیاتر لە نیوەی ئەو سەرکەوتنانەن کە تا ئێستا بەدەستهاتوون. لە ئێستاشەوە باوەڕم بەوەیە کە پێشەنگایەتی دەکەن و دەڵێم بەو ئاستەی پێویستتانە، لەگەڵتان ژیان و لەگەڵتان بوون درێژە پێدەدەم.