ڤیان جاف؛ ئەو ژنە تێکۆشەرەی لە تەمەنی بەهاری خۆیدا ڕۆحی بەرخۆدانی لەدوای خۆی بەجێهێشت

ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا والی حسێن ناسراو بە ''ڤیان جاف''، بوو بە سیمبولی گیانفیدای و بەرخۆدان بۆ تەواوی گەلی کورد و بەتایبەتی ژنان، ئەو بەردەوام دەیگوت کە بێ سەرۆکایەتی و بێ ئازادی هەرگیز ژیان نابێت، دەمەوێ ببمە دەنگێک، کە گوێی دوژمن کەڕو کاس بکات.

هێرۆ عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- لەیلا والی حسێن ناسراو بە ''ڤیان جاف'' لە هەندێک نووسینەکانی خۆشی دا بە بە ''ڤیان کاروخ'' و ''ڤیان سۆران'' ناسراو بوو لە ساڵی ١٩٨١ لەشاری سلێمانی چاوی بە ژیان هەڵهێنا، هەر لەم شارەدا قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و یەکێک بووە لەخوێندکارە دیار و هەڵکەوتووەکان، هەروەها ئەو نووسەرێکی بەتواناش بوو و خاوەن قەڵەمێکی بەهێزی دەربڕینی کێشە و چارەسەرییەکان بوو، بە تایبەت سەبارەت بەکێشە و ئازادییەکانی ژنانی کورد و بابەتە هزریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، چەندین وتار و لێکۆڵینەوەی نووسیوە و لە ژێر ڕێنمایی ڕێبەر ئاپۆدا کە ''شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنە'' وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی ڕۆڵی سەرکردایەتی ژنانی لە باشوور دەگێڕا.

 

هەر لەمنداڵیشەوە درکی بە زوڵم و ستەمی سیستمی کۆمەڵایەتی کردووە و پێی پەسەند نەکراوە، هەربۆیە هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو عەقڵییەتە کۆنە پارێزە بووەتەوە، کە ژنی کۆتگیر و بێ ئیرادە کردوو، هەروەها جگە لە تێکۆشان بۆ ئازادیی ژن و ئازادیی گەلەکەی  و  لە گۆڕنانی بیر پیاوسالاری لە کۆمەڵگەى پیاوسالاردا هیچ خەون و خەیاڵێکی دیکە ئەوی کەمەرکێش نەدەکرد بۆ مانەوە، هەر ئەو خەونەش وایلێکرد کە جەستەى خۆی بکاتە ژیلەمۆ و چرایەک بۆ ڕێگا تاریکەکان، هەروەها بووە داردەستی گەریلایەک لە هەوراز و نشێوەکانى چیاکانی کوردستاندا.

 

لە بەهاری ساڵی ١٩٩٧دا دەستبەردارى خوێندن دەبێت و بەشداریی لە شۆڕشی ئازادیی گەلی کوردستان دەکات، لەڕێگەی پەروەردە و خۆپەروەردەکردندا دەرک بە ڕاستینەی کۆمەڵگە و کەسێتی ژن دەکات و وزە و توانستی شاراوەی زیاتر دەکەوێتە ڕوو.

 

دواتر لەسەر داخوازی و پێداگریی خۆی، گۆڕەپانی شەڕ وەک یەکەمین بەشداریی شۆڕشگێڕانە هەڵدەبژێرێت و بەشداری ڕیزەکانی گەریلا دەبێت.

 

ڤیان جاف لە ساڵی ١٩٩٨ بەشداری لە کۆنفڕانسی باشووری کوردستان دەکات، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٠شدا بەشداری لە کۆنفڕانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوێستانەکانی ''دۆڵەکۆکێ'' دەکات، بیر و بۆچوونەکانی دەبێتە مایەی تێڕامانی هەموو ئەندامانی کۆنفڕانسەکە، دواتر بەشداریى لە خەباتی ڕێکخستنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکات و لە گەیاندنی پەیامی ئازادیدا و تێکۆشان لەپێناویدا، مایەی سەرنجی ئەو جێگایانە دەبێت کە لە پارچەی کوردستاندا کاردەکات.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا لە پێناو بەرگریکردن لە تێکۆشان و خەباتەکانی کورد لە باشووری کوردستان ڕۆڵێکی مێژوویی بینی وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ''بزاڤی چارەسەری دیموکراتى'' و پاشانیش لەیەکەمین کۆنگرەی ''پەچەدەکە'' لەساڵى ٢٠٠٢دا وەک ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی و مەکتەبی سیاسی، خاوەن ڕۆڵێکی بەرچاو بوو لە پێشخستنی خەباتی ڕێکخستنی و ڕاگەیاندنی و بوارەکانی دیکەی تێکۆشانی ''پەچەدەکە''.

 

پاشان لە چوارەمین کۆنگرەی بزاڤی ژناندا دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی پارتی ژنی ئازاد و ڕۆڵێکی کاریگەری لەتێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی ژندا دەبێت.

 

لەساڵی ٢٠٠٣دا وەک ئەندامێکی دەستەی گشتی بەشداری لە دامەزراندنی ''کۆنگرەی گەل''دا کرد و لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتیدا ئەرکی خۆی بەجێگەیاند، هەروەها لەکۆمیتەی کاروباری ژناندا بەرپرسیارێتی لەئەستۆ گرت و لەدژی هەموو هەوڵە تەسلیمکاریی و تێکدەرانەکاندا تێکۆشا، دواتریش لەسەربنەمای پێشنیار و پێداگری خۆی چووە ڕیزەکانی ''هێزی پاراستنی گەل-هەپەگە'' و وەک فەرماندەیەکی 'یەکینەکانی ''ژنی ئازاد یەژا ستاردا'' لەناوچەی ''هەفتانین''ی بادیناندا بە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆگرت.

 

ڤیان جاف لە نامەکەی خۆیدا ڕووی دەمی دەکاتە گەنجانی گەلی کورد و بەتایبەت گەنجانی باشووری کوردستان دەڵێت: ''هەموو هەوڵ و هیوا و ئاواتێكم ئازادیی گەلی كوردی هەر چوار پارچەیە و دیموكراتیزەبوون و ئازادیی زیهنییەتە لە باشووری كوردستاندا و دوایی هێنانە بە خۆکوژیی و بێچارەیی و كۆیلایەتی ژن و ڕاكردنی گەنجان لە وڵاتی خۆیان و هەموو كێشە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە''.

 

''بە گیان و جەستەی خۆی دژی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی وەستایەوە''

لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ گە لەکۆمەی نێودەوڵەتى دژی ڕێبەر ئاپۆ کرا، ڤیان جاف هەرگیز ئامادە نەبوو ئەم گەلەکۆمەیە قبوڵ بکات، بۆیە خۆی لە نامەى کۆتاییدا وتی: هەرگیز نەمدەتوانی هەشتەمین ساڵوەگەڕی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات قبوڵ بکەم، بۆیە پێویست بوو وەک بورکانێک ڕووبەڕووی سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی دووژمنانی ئازادیی ژن و گەلی کوردستان ببمەوە، هەروەها بەردەوام دەیگوت و دەیگوتەوە کە بێ سەرۆکایەتی و بێ ئازادی هەرگیز ژیان نابێت، دەمەوێ ببمە دەنگێک، کە  گوێی دوژمن کەڕو کاس بکات، ئەم دروشمانەش ڤیان جافی خستە سەر شاڕێی گیانفیدایی تا لە شەوی ٢ی شوباتی ٢٠٠٦دا لە ناوچەی هەفتانین بە دروشمی ''سەرلەنوێ واتادایین بەگوتەکانمان، چالاکی گیانبازیی ئەنجام دا و بۆ هەمیشە بووە ئاماژەی دڵسۆزی و گیانفیدای بۆ گەلی کورد.