ژن لە سیاسەتی عێراقدا...٣

پاش دیکتاتۆریە ژنان ڕۆڵیان پێدراوە، بەڵام هێشتا ڕێگا بە بەشداریکردنیان نادرێت لە پرسە چارەنووس سازەکاندا، شارەزایەکیش بەشێکی بۆ مێژووی عێراق و هەژموونی پیاوان دەگەڕێنێتەوە، هەروەها لە سەرجەم سێکتەرەکاندا گرنگی بە ژن نادرێت، کە ئەمە زیانێکی زۆری بە پڕۆسەی دیموکراسی عێراق گەیاندووە.

پاش دیکتاتۆریەت ژنان ڕۆڵیان پێدراوە، بەڵام هێشتا ڕێگا بە بەشداریکردنیان نادرێت لە پرسە چارەنووس سازەکاندا، شارەزایەکیش بەشێکی بۆ مێژووی عێراق و هەژموونی پیاوان دەگەڕێنێتەوە، هەروەها لە سەرجەم سێکتەرەکاندا گرنگی بە ژن نادرێت، کە ئەمە زیانێکی زۆری بە پڕۆسەی دیموکراسی عێراق گەیاندووە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- پاش هاتنە سەرتەختی سەدام حسێن، لە ساڵی ١٩٧٩ تا ڕوخانی حکومەتەکەی لە ٢٠٠٣، بەشداری ژنان لە حکومەت و سیاسەتدا لە خراپترین ئاستدا بوو، کە نزیک بوو لە سفر، لە حکومڕانییەکی دیکتاتۆریدا ژنان هێندەی دیکە سەرکوت کرابوون.

 

هیچ ژنێک لە ماوەی حکومڕانی دیکتاتۆری سەدام حسێندا ڕۆڵی پێنەدراوە، بەڵام پاش ڕووخانی سەدام حسێن، ژنان پۆستیان وەرگرتن، هەر لە دروستکردنی حکومەتی هاوپەیمانی کاتییەوە، ژنان بەشداربوون، لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦  چەند ژنێک پۆستی وەزیر وەردەگرن، لەوانە نەسیرن بەرواری، سەوسەن عەلی شەریفی، باسکاڵ ئیشو و نەرمین عوسمان و چەند ژنێکی دیکە.

 

هەرچەندە ئێستا بەراورد بە سەردەمی دیکتاتۆریەت ژنان بوونیان هەیە، بەڵام لە دۆخێکی وەک ئێستادا کە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێ چڕکراونەتەوە، کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام هەیە، شاندنی هەر لایەن و پێکهاتەیەک هەوڵی زاڵکردنی هەژموونی خۆیەتی، بەڵام لەنێو ئەم شاندانە هیچ ژنێک نابیندرێت، ئەمەش جارێکی دیکە پیاوسالاری سیاسەتی عێراق نمایشدەکات.

 

بەشداری ژن بەپێی دەستور و یاسا

بەپێی دەستوری عێراقی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ نوسراوە، دەبێت بەشداری ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا لە چوار یەکی پیاوان کەمتر نەبێت، واتە دەبێت بەشداری ژن ٪٢٥ کەمتر نەبێت، لە خاڵی چوارەمی ماددەی ٤٩  لە بەندی سێیەمی دەستووری عێراقدا هاتووە، "یاسای هەڵبژاردن ڕێژەیەک بۆ بەشداربوونی ئافرەتان دادەنێت، بەجۆرێک کە لە چارەکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کەمتر نەبێت".

بەڵام جگە لەم شوێنە کە باسی ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەکات، گرنگی بە بەشداریکردنی ژنان لە هیچ دەسەڵاتێکی دیکەی وەک، ئەنجومەنی وەزیران، دەسەڵاتی داوەری و خودی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانیش نەکراوە.

 

ئەنجومەنی نوێنەران

تا ئێستا هیچ ژنێک پۆستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پێنەدراوە، ئەم پۆستە دراوە بە لایەنە سونەکان، ئەوانیش لەنێو خۆیاندا بەسەر چەندین بەرەدا دابەشبوون، پیاوان بەجۆرێک هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو پۆستەدا گرتووە و ململانێکانیان لە ئاستێکی هێندە توندایە، کە بواریان بۆ هیچ ژنێک نەهێشتووەتەوە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرێت.

 

لە هەمان کاتدا ڕێگا نادرێت کە ژنان ببنە ئەندامی لیژنەکانی وەک ناوخۆ، سامانە سروشتییەکان، دارایی و بەرگری، کە لێرەشدا جارێکی دیکەی دەسەڵات و کارە گرنگ و جدییەکان بە ژنان نادەن.

 

لە یەکەم خولی هەڵبژارندنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، ژنان ڕێژەی ٪٣١ ئەنجومەنیان بەدەستهێنا، لە ساڵی ٢٠٠٨ لایەنە سیاسییەکان هەوڵیاندا کە بەشداری ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا کەمتر بکەنەوە، وێڕای دروستکردنی چەندین تانەوتەشەر و ناوزڕاندن، هەوڵیاندا ڕێژەی بەشداری ژنان کە ٪٢٥ بوو لەسەر ئاستی پارێزگاکان کەمی بکەنەوە و ناڕەزایەتیان گەیاندە دادگای فیدڕاڵی، بەڵام دادگای فیدڕاڵی ناڕيزایەتییەکانی ڕەتکردەووە، ڕێگەی نەدا بەشداری ژنان ٪٢٥ کەمتر بکەنەوە.

 

لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا بوو، بەشداری ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکرد، لە کۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار ٩٧ ژن سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، کە دەکاتە ڕێژەی ٪٢٩، بەشێکی زۆریان بەبێ سیستمی کۆتا دەرچوون.

 

دەسەڵاتی دادوەری

لە ئەنجومەنی دادوەری باڵادا، پێنج دادوەر هەیە، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە، جێگری سەرۆک، سەرۆکی داواکاری گشتی، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە، لەناوی ئەم دادوەراندا هیچ ژنێک نییە.

 

لە دادگای تێهەڵچوونەوەدا لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، ١٦ دادوەر هەیە کە پیاون، هاوکات لە کۆی دادوەرەکانی عێراقدا لە کۆی هەزار و ٥٨٩ دادوەر هەیە، کە تەنها ١١٧ ژنە، ئەوەی دیکەی پیاوە.

 

دادگای فیدڕاڵی لە عێراقدا هەیە، کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری عێراق بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو سکاڵا و ناڕوونیانەی لە دەستوردا هەیە، لەم دادگایەدا ١٢ ئەندام هەیە، کە بەسەر پێکهاتەکانی عێراقدا "سونە، شیعە، کورد" دابەشبووە، بەڵام لەم دادگایەدا هیچ ژنێک بوونی نییە.

 

دەسەڵاتی جێبەجێکردن

پاش ساڵی ٢٠٠٣، یەکەم ژن کە بووە وەزیر نەسرین بەرواری بوو، لە حکومەتی ئینتقالی عێراقیدا بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی لە ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥، زۆرترین بەشداری ژن هەبووە، کە شەش ژن وەزیر بوون.

 

لە ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ لە حکومەتەکەی ئیبراهیم جەعفەری پێنج ژن وەزیر بوون، لە ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠ لە حکومەتەکەی نوری مالکیدا تەنها سی ژن هەبوون، لە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی دوو ژن هەبووە.

 

لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدیدا لە ٢٠١٨ هیچ ژنێک نەبووە، لەم کابینەیەشدا کە ئێستا هەیە بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سێ ژنی وەزیر لە کۆی ٢٤ وەزیر هەن، بەشێکی ئەم کەمبوونەوەی ڕێژەی ژنانە بۆ نەمانی وەزیری کاروباری ژنان دەگەڕێتەوە لە حکومەتدا.

 

"تا ئێستاش پیاوەکان حزب بەڕێوەدەبەن"

ڕەنگین عەبدوڵا، ئەندامی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شارەزا لە سیاسەتی عێراقدا، سیاسەتی ئێستا و نەبوونی ژن بە درێژەپێدەری کۆی مێژووی وڵاتەکە دەزانێت، کە بەردەوام وڵاتێکی پڕ کێشمەکێشی سیاسی و ئەمنی بووە، "لەو بارودۆخانەشدا هەمیشە پیاو وەک نیشانەی هێز و توانای ڕووبەڕووبوونەوە دانراوە"، بەڵام ئەوەشدەخاتەڕوو، کە لەدوای سەدام حسێنەوە هەنسەیەکی دیموکراسی بۆ عێراق گەڕاوەتەوە.

 

"هەندێک جار لە بەشێک لە پێکهاتەکان بەشداری و بوار دراوە بە ژنان، بەڵام تا ئێستاش پیاوە کە حزبەکان بەرێوەدەبات، هەیمەنەیان بەسەر حزبەکاندا کردووە و ماکینەی بیرکردنەوە و بڕیارەکانی حزبن".

 

باس لەوەشدەکات، کە ژن لە کۆمەڵگای عێراقیدا تەنها ڕۆڵی منداڵبوون و خێزانی پێدراوە، لەبەر ئەوە ژنان نە بواریان هەبووە و نە ڕێگایان پێدراوە کە بێنە بواری سیاسەتەوە، ژن لە ئاستی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە ئەنجومەنی نوێنەران شوێنی دەرچوونی بڕیارەکان نییە، "ئەنجومەنی وەزیران کە جێگا گرنگەکەیە تا ژن بوونی هەبێت، لێرەو لەوێ وەزارەێک دەدرێت بە ژن بەڵام ئەو وەزارەتانەی کە گرنگیەیان زۆرترە، وەک ناوخۆ، دارایی، وزە و سەربازی، بەهیچ جۆرێک بوار نییە لەم قۆناغەدا ئەو وەزارەتانە بدرێت بە ژن".

 

ڕاگەیاندنەکان گرنگی بە ژنان نادەن

ڕەنگین عەبدوڵا، ئەوە دەخاتەڕوو، کە ژنان لە ڕاگەیاندنەکانیشدا کەمترین گرنگی بە بوونی ژن لە سیاسەتەکاندا دەدرێت، ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی تا ئێستا لەسەرجەم سێکتەرەکاندا متمانە بە ژن نەکراوە، "ژن خۆی کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، بەڵام دیقەت بدە تەنانەت لە ڕاگەیاندنەکانیشدا ئەگەر بۆ ڕیکلامیش بێت کەمترین قسە لەسەر ئەو کاندیدە ژنانە دەکەن، ئەمە دەریدەخات لە سەرجەم سێکتەرەکاندا تا ئێستا ئەو متمانەیە بە ژن نەکراوە".

 

ژنان دەبێت پاشخانێکی مەعریفی بۆ خۆیان دروستبکەن

وێڕای ئەوەی کە پیاو هەژموونی خۆی بەسەر سیاسەتدا کردووە، بەڵام ڕەنگین ڕەخنە لە بەشێک لە ژنان دەگرێت، کە پاشخانێکی مەعریفیان نییە و ئامادەییان بۆ خۆڕۆشنبیرکردن نییە، "هۆکارەکە دوو لایەنەیە بەشێکی پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە هەیە، بەشێکی بە ژوورەکانی سیاسەتەوە هەیە کە پیاوەکان قۆرغیان کردووە، بەشێکیشی پەیوەندی بە ژنەوە هەیە، کە ڕازیبوون بەو ڕۆڵەی پێیان دراوە".

 

"جێی خۆیەتی ئەم ژنانەی دەبنە پەرلەمانتار بیرلەوەبکەنەوە، ئەوان تەنها بۆ دیمەن و بۆ جوانکردنی دیمەنە سیاسیەکە لەوێن نین، بەڵکو لەوێن بۆ ئەوەی ڕۆڵ ببین، هاوار بکەن و  دەنگی ژن بگەیەنن، ئەو تێڕوانینە بگۆڕن لە چاوی سیاسیەکاندا کە ژن توانای نییە"، ئەو باس لەوەشدەکات، ڕاستە ژن هەیە، بەڵام هەمیشە چەند ژنێکی کەم هەیە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا دەردەکەون.

 

"بەشێکی دیکە کێشەکەمان ئەوەیە، ئەو ژنانەی دێنە ناو سیاسەتەوە وەکو پیاو بیردەکەنەوە، وەکو پیاو سیاسەت دەکەن، لەناو سیاسەتکردنەکەیاندا ژنانەبوون نییە، لەناو سیاسەتەکەیاندا نابن ڕێبەرێک بۆ ژنانی دیکە".

 

نەبوونی ژن زیانی بە پڕۆسەی دیموکراسی عێراق گەیاندووە

نەبوونی ژن لە کۆی پڕۆسەی سیاسی عێراقدا، پرۆسەی دیموکراسی عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هاوکات زیان بە دۆزی ژن دەگەیەنێت، وەک ڕەنگین عەبدوڵا باسی دەکات، بەهۆی نەبوونی ڕۆڵی کارای ژن، ئەوەتا لە ٢٠١٤ تا ئێستا ڕێگا بەدەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەرنەچووە، ئومێدیش نییە لەم خولەشدا دەربچێت.

 

"ئەمە پێوەرێکە بۆ سوڵتە و ئەقڵی تاکی عێراقی، ئاستی بیرکردنەوە و هۆشیاری نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەیە کە یاسایەک دژی توندوتیژی دژی ژنان هەبێت".

 

ڕۆشنبیری کۆمەڵگا، چارەسەری سەرەکی

لە دیدی ڕەنگین عەبدوڵا، ڕۆشنبیری کۆمەڵگا کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانە، کاتێک کۆمەڵگا بگاتە ئەو ئاستە تێبگات کە ژنێک دەتوانێت کاربکات، ئەو کاتە ژنانیش دەتوانن هەنگاو بنێن، سیاسەت بکەن، "کەی ژنان ڕێگەیان پێبدرا بچنە ناو ژوورە سیاسیەکانەوە، لە کاتی بڕیارە گرنگەکاندا ڕۆڵیان هەبێت، پێم وایە ئەو کاتە ئەم جیاوازی باڵانسی جێندەرییە کۆتایی پێدیت، هەروەها ئەو ژنانەشی کە هەلێکیان بۆ دروستدەبێت پیاوانە سیاسەت نەکەن".

 

ت.پ