ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران...شۆڕشی گەلان و بەرخۆدانی "ژن، ژیان، ئازادی"...٢
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بزووتنەوەکانی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی بە پێشەنگایەتی ژنان وەک داینامیکی سەرەکی دەردەکەون کە خواستی گۆڕینی دیموکراتی و ڕزگاریخوازانە لە سەردەمێکدا کە قەیرانی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا قووڵتر دەبێتەوە.
ڕۆژبین دەنیز
ناوەندی هەواڵ-بەشی یەکەمی ئەم ڕاپۆرتە کە باس لە پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات، پاشخانی مێژوویی وڵات، بناغە ئایدیۆلۆژییەکانی ڕژێم و پێگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم پێکهاتەدا شی دەکاتەوە، بەشی دووەم لە شۆڕشی گەلانە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕوویانداوە و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەکۆڵێتەوە کە لە ژێر پێشەنگایەتی ژناندا سەریهەڵدا.
قووڵبوونەوەی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە ئەو کێشە پێکهاتەییانە دەخاتەڕوو کە سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی دروستی کردووە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بە تایبەتی لە ژێر پێشەنگایەتی ژنان پەرەی سەند، بەدواداچوون بۆ سیستەمێکی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ڕزگاریخوازی ژنان لە بەرامبەر ڕژێمە پاوانخوازەکاندا بەهێزتر دەکات، هەروەها بناغەی فرە ناسنامەیی و فرە کولتووری هەرێم پێویستی بە چارەسەری دیموکراتی هەیە، ئەم چارەسەرە بە دەستێوەردانی دەرەکی ناتوانرێت بەدی بهێنرێت، بەڵکو بە خەباتی پێکەوەی خەڵک و پشتبەستنیان بە دینامیکی ناوخۆییان.
”ڕێکخراوی سیاسی و سەربازی کورد”
تەڤگەر و لایەنە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچە کوردنشینەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاویان لەم پرۆسەیەدا هەبووە، خەباتی ڕێکخراوە کوردییەکان لەدژی ڕژێمی ئێران، لە ڕابردووەوە تا ئێستا بێ پچڕان بەردەوام بووە، لە نێو ئەو ڕێکخراوانەدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێکخراوەکان، لە ٤ی نیسانی ٢٠٠٤ دامەزراوە، نموونەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و ئیکۆلۆژی و ڕزگاریخوازی ژنان دەگرێتەبەر.
پژاک لە سیستەمی هاوسەرۆکایەتیدا ڕێکخراوە، خەباتی هاوبەشی ژنان و پیاوان، پەرەپێدانی ئیرادەیەکی هاوبەش و گەیشتن بە نوێنەرایەتی یەکسان بە بنەمای بنەڕەتی دەزانێت، خەریکی چالاکی سیاسی و مەدەنییە، ئەم چالاکییانە لە ڕێگەی یەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتی کورد (KDAR) و پێکهاتە مەدەنییەکەی و سیستەمی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" کە ڕێکخراوی ژنانە بەڕێوەدەبرێن، حیزب لە ڕێگەی ئەم پێکهاتانە خاوەنی تۆڕێکی فراوانی ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەوەندیشدا ئامادەیی ڕێکخراوەیی بەرچاوی پەرەپێداوە.
پژاک باڵێکی سەربازیشی هەیە، ئەم باڵە لە ڕێگەی هێزەکانی گەریلا کە پێکهاتوون لە یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و هێزەکانی پاراستنی ژنان (هەپەژە) ڕێکدەخرێت، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا پژاک وەک یەکێک لە چالاکترین حیزبە کوردییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی ئێراندا دەرکەوتووە و بنەما سەرەکییەکانیشی بریتین لە "یەکێتی نەتەوەیی کورد" و "ئازادیی ژنان".
حیزبی دیموکراتی کوردستانی-ئێران، یەکێکە لە کۆنترین و دیارترین حیزبە کوردییەکانی ئێرانە، یەکێکی دیکە لە قەوارە سیاسییەکان ڕێکخراوی خەبات بۆ کوردستانی ئێران ”سازمان خەبات”ە کە ئەمینداری گشتیی ئەو ڕێکخراوە بابا شێخ حسێنە، ڕێکخراوەکە ڕاستەوخۆ دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران لەلایەن زانایانی ئایینی کوردی سوننە وەک شێخ ناسر سوبحانی دامەزراوە، خۆی بە "بزووتنەوەیەکی ئیسلامی ناتوندوتیژ" پێناسە دەکات.
پەکەکە و پارتی ئازادیی کوردستان "پاک" لە ئێستادا کاریگەرییەکی بەرچاو کەمتریان هەیە بە بەراورد بە ڕابردوو، پەکەکە بە سەرۆکایەتی ڕەزا کەعبی لە ساڵی ٢٠٠٧ دوای جیابوونەوە لە حیزبی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دامەزرا، ئەو گروپە لە ١٩ی ئابی ٢٠١٧، نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی خەباتی چەکداری لە دژی ئێران ڕاگەیاند.
بەشێک لەو ڕێکخراوانە بە گشتی لە بازنەی سیاسی کورددا بە ناوی کۆمەڵە ناسراون کە لە ساڵی ١٩٧٩ دامەزراون، چالاکییە سیاسییەکانی کۆمەڵە پشت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی ئێران لە ئەمریکا دەبەستێت، پارتەکە سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە گرنگی بە بەشداریکردنی دیپلۆماسی و لۆبیکردنی نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی میدیایی دەدات، دەوترێت هێزی پێشمەرگەی هەیە کە نزیکەی هەزار چەکداری تێدایە.
شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ی گرتەبەر، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنێکی هاوبەشەوە سیمایەکی یەکگرتووی بەدەستهێنا، ئەم پارتە کوردییانە پێشتر هاوپەیمانی دوو قۆڵی یان سێ قۆڵییان لە دەوری بابەتی تایبەت پێکهێنابوو، لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا و لە نێو کەشوهەوای شەڕ لە ناوچەکەدا، ئەم قۆناغە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەم زیادبوونی هێرشە جینۆسایدییەکان دژی کوردەکان و هەم بە دەرکەوتنی دەرفەتی سیاسی نوێ دەبینرێت، لەو چوارچێوەیەدا حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هاوبەش هەنگاویان ناوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم هاوپەیمانییە چەسپاندنی بناغەکانی یەکێتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لایەنەکان گەیشتنە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش کە بنەما سەرەکییەکانی خستەڕوو، دیارترینیان دانپێدانان بە مافی چارەنووسی گەلی کورد بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، دامەزراندنی سیستەمێکی بەڕێوبەری دیموکراتی و فرەنەتەوەی لەسەر بنەمای ئیرادەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بونیادنانی نموونەیەکی عەلمانی و دیموکراتی لە دەسەلاتدا، مسۆگەریکردنی مافی هەموو گروپە نەتەوەیی و ئایینییەکان، بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پەسەندکردنی سیاسەتەکانی پاراستنی ژینگە لە چوارچێوەی دەسەڵاتدا، هەروەها ئەم هاوپەیمانییە وەک هەنگاوێکی چارەنووسساز لە بەهێزکردنی ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتییە سەیر دەکرێت کە لەگەڵ شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سەریهەڵدا و لەم قۆناغەدا بەرەو پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتیی پتەوتر پاڵپشت دەکات.
”شۆڕشەکانی گەلان لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا”
دوابەدوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژیانی سیاسی، ئابووری، یاسایی و کۆمەڵایەتی بە پێی سیاسەتەکانی بنەمای یاسای شەریعەت ڕێکخرایەوە، مێژووی ئێران بە شۆڕشە دووبارەبووەکان و دژە شۆڕشەکانەوە دیارە و لەم چوارچێوەیەشدا پرسگەلێکی وەک جل و بەرگ و ماف و ئەرکەکانی ژنان لە ڕێگەی یاسای شەریعەتەوە ئاشکراوە پێناسە کران.
بەپێی یاسا نوێیەکان، بوون و ئیرادەی ژنان تاڕادەیەکی زۆر پەراوێز خرا و دەستیان کرد بە دوورخستنەوە لە ژیانی گشتی، یەکێک لە هەنگاوە یەکەمەکان کە سیاسەتەکانی سەرکوتی ژنانی کردە سیستماتیک لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا لە نێوان ٨ بۆ ١٤ی ئاداری ١٩٧٩دا ڕوویدا، لەو ماوەیەدا ژنان بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕاگەیاندنی باڵاپۆشی زۆرەملێ ڕژانە سەر شەقامەکان، ژنان ئاگادارکرانەوە کە نەپۆشینی حیجاب دەبێتە هۆی قەدەغەکردنی چوونە ناو دامەزراوە فەرمییەکان و کەشی گشتی، لە ماوەی ئەم شەش ڕۆژەدا فشار و جێبەجێکردنی حیجاب دژی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو چڕتر بووەوە.
لەم قۆناغەدا ئەو بۆچوونەی کە جەستە و قژی ژن "تاوان"ە دەستی پێکرد، ئەم شەش ڕۆژە تەنها وەک پێشێلکارییەکی گۆشەگیرانەی مافی مرۆڤ سەیر نەکرا، بەڵکو وەک ئاماژەیەک بۆ سیاسەتە سەرکوتگەرییە ڕیشەییەکانی ڕژێم کە ئامانج لێی سەپاندنی گۆڕانکارییەکی زۆرەملێی کۆمەڵایەتی و کولتووری بوو، بە تێپەڕبوونی کات ئەم پراکتیزانە بووە هۆی فراوانبوونی سیاسەتی سەرکوتگەرانە لە دژی ڕێکخراوەکانی ژنان و بزووتنەوەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا.
شۆڕشی خوێندکارانی ساڵی ١٩٩٩: ناڕەزایەتییەکان بە پێشەنگایەتی خوێندکارانی زانکۆ سەریان هەڵدا، کە دواتر بە "شۆڕشەکانی خوێندکاریی تەمووزی ١٩٩٩ی ئێران" ناسراون، ڕووداوەکان لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی تاران ”كوی دانشكاه”دەستیان پێکرد و بەخێرایی بڵاوبوونەوە، لە ٩ تا ١٤ی حوزەیران بەردەوام بوو، ئەم شۆڕشە لە سەردەمی سەرۆکایەتی محەمەد خاتەمیدا ڕوویدا، لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران دەستگیر کران و هەندێکیان گیانیان لەدەستدا و هێزە ئەمنییەکانیش بە توندوتیژی خۆپیشاندانەکانیان سەرکوت کرد.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٠: لەم ماوەیەدا بەشێکی بەرچاوی دانیشتووان دەنگیان بە میر حسێن موسەوی دا کە بانگەشە بۆ گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ڕژێمدا دەکرد و لایەنگری دیدێکی عەلمانیتر بوو، بەڵام تۆمەتە بەرفراوانەکان لەسەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان و ساختەکاری لە دەنگەکان لە بەرژەوەندی مەحمود ئەحمەدی نژاد بۆ دڵنیابوون لە دووبارە هەڵبژاردنەوە سەریان هەڵدا، لە ئەنجامدا خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی "دەنگی من لە کوێیە؟" دەوڵەت بە شێوەیەکی دڕندانە ئەم شۆڕشییە گەلییەی سەرکوت کرد، ئەم ڕووداوانەش بەرچاوتر و زۆرترین خاڵی وەرچەرخانی داخوازی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران بوون.
شۆڕشی ٢٠١٧ مەشهەد: لە نێوان کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ و کانوونی دووەمی ٢٠١٨. ناڕەزایەتی گەلانی لە مەشهەد و ناوچەکانی دەوروبەری سەریهەڵدا، کە بەهۆی بێکاری و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانەوە بوو، ئەم شۆڕشە بە خێرایی لە ١٠٠ شاری سەرتاسەری ئێراندا بڵاوبووەوە و بوو بە یەکێک لە گەورەترین بزووتنەوەکانی گەلی ئەو وڵاتە، ڕژێم بە سەرکوتی ئەوپەڕی وەڵامی ئەم ناڕەزایەتیانەی دایەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر کوژران و گرتن و ئەشکەنجەدانیان لێکەوتەوە.
شۆڕشی ”چوارشەمەی سپی” ساڵی ٢٠١٧: ئەو سنووردارکردنانەی کە ڕژێم بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ژناندا سەپاندی، لەگەڵ فشارەکانی دامەزراوەی ئایینی کۆنەپەرست و جێبەجێکردنی ڕێسا توندەکان و باڵاپۆشی زۆرەملێ، پەرەسەندنی توڕەیی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر بوو، ڕەتکردنەوەی باڵاپۆشی زۆرەملێ یەکێک لە کۆنترین شێوازەکانی چالاکی بەرامنەر ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی سەرەتای دوای شۆڕش، ئەم بزووتنەوەیە سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکردن لە سەردەمی جیاوازدا، تا ئەمڕۆش هەر بەردەوام بووە و ناڕەزایەتیی ژنان لە دژی سیاسەتەکانی ڕژێم هەرگیز بە تەواوی نەوەستاوە.
بزووتنەوەی ژنان لە ساڵی ٢٠١٧دا بە ناڕەزایەتییەکی بەرچاو لە گۆڕەپانی شۆڕشی تاران، کە ژنێک حیجابەکەی لابرد و کردی بە هێمای ناڕەزایەتی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری کۆمەڵگەدا دەنگی دایەوە، ئەم کردەوەیە بە خێرایی گۆڕا بۆ شەپۆلێکی بەرفراوانتر لە ناڕەزایەتییەکان بە سەرکردایەتی ژنان، ئەم بزووتنەوەیانە دواتر بە "بزووتنەوەی چوارشەمەی سپی" ناسراون و بوون بە یەکێک لە دیارترین شێوەکانی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی بە سەرکردایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
ناڕەزایەتی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ساڵی ٢٠١٩: شەپۆلێکی بەربڵاوی ناڕەزایەتی گەلان لە ساڵی ٢٠١٩دا سەریهەڵدا، دوای بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی، ئەم شۆڕش بە خێرایی بڵاووبووەوە و گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکی گەورەی ناڕەزایەتی، بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان، لە کاتی سەرکوتکردنی ئەو ناڕەزایەتیانە لەلایەن ڕژێمەوە، کە دوو هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون، جگە لە دەستگیرکردنی هەزاران کەسی دیکە.
شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ساڵی ٢٠٢٢: دەستگیرکردنی ژینا ئەمینی لە لایەن "پۆلیسی ڕەوشت"ەوە بەهۆی ئەوەی بەشێک لە قژی دەرخستووە و دواتر ئەشکەنجەدانی و دواجار مردنی، شەپۆلێکی بەرفراوانی توڕەیی گشتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە، ئەم ڕووداوە هەر زوو پەرەی سەند و بوو بە ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو و بە پێشەنگایەتی ژنان کە لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکە و جیهاندا بڵاوبووەوە.
ئەو بزووتنەوەیە کە لە دەوری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یەکگرتبوو، پەرەی سەند و بوو بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە کە لەلایەن زۆر کەسەوە بە شۆڕشێکی ژنان دادەنرێت، ئەم شۆڕشە کە ناوەندی ئازادی ژنان بوو، بناغەکانی سیستەمی پیاوسالاری هەژاند و بوو بە یەکێک لە ئاستەنگە هەرە بەرچاوەکانی ڕژێمی ئێران لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا ڕووبەڕووی بووەتەوە، ئەم ناڕەزایەتیانە بە پێشەنگایەتی ژنان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بەردەوام بوون و لە ئاستی جیهانیدا دەنگی دایەوە.
جگە لەوەش پشتبەستنی شۆڕش بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەشداریی لە پەیوەندیی هزری و ئایدیۆلۆژیی ئەو شۆڕشە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا کرد، ڕژێم بە سەرکوتی دڕندانە وەڵامی ئەم شۆڕشەی دایەوە، لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژران و هەزاران کەسی دیکەش دەسبەسەر کران، جگە لە لەسێدارەدانی بەشێک لە دەستبەسەرکراوان، زۆرێک لەو ژنانەی کە پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشەیان کرد، تا ئێستاش لە ئێران لە بارودۆخی سەختدا زیندانی کراون.
شۆڕشی ساڵی ٢٠٢٥: خراپتربوونی قەیرانی ئابووری ئێران و تێکچوونی بارودۆخی ژیان و هەژاری بەربڵاو بووە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین کە لە بازرگانەکانەوە دەستی پێکرد، ئەم ناڕەزایەتیانە بە خێرایی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبوونەوە، سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی حکومەت و کارەکانی کە قەیرانی ئابوورییان توندتر کرد و وەڵامدانەوەی توندوتیژانەی بۆ داواکارییەکانی گەل توڕەیی گشتییان زیاتر کرد و مەودای شۆڕشەکەیان فراوانتر کرد.
ئەم ناڕەزایەتیانە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ دەستی پێکرد، زیاتر لە دوو مانگی خایاند، ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک کوژران، بەپێی ئامارە فەرمییەکان ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە نزیکەی ٣٥ هەزار کەس، لەکاتێکدا سەرچاوە ناوخۆییەکان و شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە ٥٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، زۆربەی زیانبەرکەوتووان گەنجان بوون، چ ژن و پیاو.
هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەم ماوەیەدا شایەتی زیادبوونی بەرچاوی لەسێدارەدانەکانی بەخۆیەوە بینی، شایانی باسە کە قۆناغەکانی بەرزبوونەوەی شۆڕشەکانی گەلان پەیوەست بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، هەروەها لە سەردەمی شۆڕشی ئەم دواییەدا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی لەسێدارەدانەکانی بەخۆیەوە بینیوە، سەرەڕای باوەڕی ڕژێم کە سەرکوت و کوشتن و لەسێدارەدان مسۆگەری مانەوەی ئەو ڕژێمە دەکات، بەڵام ئەم شۆڕشانە بە ڕوونی لاوازیان کردووە و شەرعیەتییان لەناوبردووە و بەشێکی بەرچاوی پشتیوانی گەلانی لەدەست داوە، خۆڕاگریی خەڵک و بەتایبەت ژنان ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ناسەقامگیرکردنی ڕژێمدا هەبووە.
بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بوو لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا لە ٢٨ی شوباتدا، کوژرانی خامنەیی و چەند کەسێکی نزیکی لە یەکەم ڕۆژی شەڕدا، قەیرانی ناوخۆی ئەو وڵاتەی قووڵتر کردەوە.
”هەڵوێستی بزووتنەوەی ژنان”
هەر لەسەرەتاوە بزووتنەوەکانی ژنان جەختیان لە بێلایەنی خۆیان کردووەتەوە لەم ململانێیانەدا، پابەندبوونیان بە نموونەیەکی دیموکراتی دەسەڵات کە لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان و یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئیرادەی گەل دووپات کردووەتەوە، پێشهاتەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زەمینەیەکی بەپیتیان بۆ پەرەسەندنی داخوازییەکانی ئازادی لە نێو خەڵک و ژنان و گروپە ئایینی و کۆمەڵایەتییە جاوازەکاندا دابین کردووە، بەڕوونی ئەم قۆناغەی گۆڕانکاری بە ناوچەکەدا، دەرگا بەڕووی دەرفەتی بەرچاو بۆ بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتی نوێ بکاتەوە.
”قەیرانی ئێران”
ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەی کە هێزەکانی سەردەمی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دایانمەزراندووە، بە پێی بەرژەوەندییە ئایدیۆلۆژییەکانیان، هەرگیز دەوڵەت نەبوون بۆ خەڵک و بەتایبەتی ژنان، بە پێچەوانەوە ئەم دەوڵەتانە لەسەر پایەکانی ناسیۆنالیزم و بناژۆخوازی ئایینی و پیاوسالاری دامەزران و سیاسەتێکی یەکپارچەیی و تایبەتی لەسەر بنەمای سەرکوتکردن و ئاسمیلەکردن سەپاند، سیستەمێکی هەمەلایەنە لە دەوری چەمکەکانی نیشتمان، نەتەوە، دەوڵەت، زانست و ڕێوڕەسمە ئاینییەکان بونیاد نرا، ئەم سیستەمانە لە ڕێگەی یاسا و ئامێرە ئایدیۆلۆژییەکانەوە بەکاردەهێنرێن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان لە تۆڕێکی کێشەی پێکهاتەیی بەردەوامدا گیریان خواردبێت، بە تێپەڕبوونی کات، ئەم ڕژێمانە هەوڵیان داوە ئەم قەیرانانە وەک چارەنووسێکی دڵنیای بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان بدەن، لە کاتێکدا بەرهەمی قەیرانێکی پێکهاتەیی و هەلومەرجییە کە بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە.
لە قۆناغی ئێستادا، لەگەڵ داڕمانی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانەی کە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەرەو وێرانکاری بردووە، کارەساتەکانی هاوشێوەی ئەوەی لە غەززە ڕوودەدەن بەجێدەهێڵن، ئەو قەیرانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئیتر تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەتیس نەماوە، بەڵکو بووەتە قەیرانێکی جیهانی کە سووتەمەنی جەنگی جیهانی سێیەمیداوە، هەرچەندە ئەم دەربڕینە ئاسانە بۆ وتن، بەڵام ئەوەی لەسەر زەوی دەگوزەرێت کارەساتێکی گەورەی مرۆڤایەتییە، هەڕەمەکی و توندوتیژی و ڕق و کینە قووڵەکانی نێوان لایەنە شەڕکەرەکان خەریکە وێرانکاری بەرهەم دەهێنێت کە کۆمەڵگە و گەل و ژن و سروشت دەکاتە ئامانج.
ڕوونە کە ململانێی نێوان ڕژێمە چەسپاوەکان بە وێرانە دەوڵەتە نەتەوەییەکان و هێزەکانی سەردەمی سەرمایەدارییەکانەوە بەردەوامە، بەبێ گوێدانە قەبارەی ئەو وێرانکارییەی کە پێشتر بووەتە هۆی دروستبوونی وێرانکاریی زیاتر، جگە لەوەش پێناچێت قەیرانی سەردەمی سەرمایەداری خۆی کەم ببێتەوە.
”گەڕانەوە بۆ ڕەگەکان: پارادایمێکی ئیکۆدیموکراتی ژنان”
ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە ئەم قەیرانە بەرهەمی دەهێنێت، لە هەمان کاتدا دەرگای گەڕان بەدوای چارەسەری نوێدا دەکاتەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک شانەدانی مرۆڤایەتی، ئەو شوێنەیە کە کولتوور و باوەڕ و ئەزموونەکانی پێکەوەژیان تێیدا دروستبوون. هەر لەم ناوچەیە بوو کە مرۆڤایەتی فێری بناغەکانی ژیانی هاوبەشی نێوان ژن و پیاو بوو، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پەرەی سەند. گرێبەستی کۆمەڵایەتی سروشتی لەو سەردەمەدا سەریهەڵدا، لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی مرۆڤ و پەیوەندی سروشتی. سەرەڕای هەوڵی ڕژێمە پیاوسالارەکان و پاوانخوازەکان بە درێژایی مێژوو بۆ سڕینەوەی ئەم یادەوەرییە، بەڵام لە قووڵایی کۆمەڵگادا و بە تایبەتی لە ڕۆحی ژندا بە زیندووی دەمێنێتەوە.
بە درێژایی مێژوو هەموو قۆناغێکی ئاژاوەگێڕی وایکردووە مرۆڤەکان بگەڕێنەوە بۆ یادەوەرییە بەکۆمەڵەکانیان بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرێکدا، ئەمڕۆش چارەسەر لە بونیادنانی نموونەیەکی دیموکراتی و ئیکۆلۆژیدایە کە لەسەر بنەمای ئازادی ژن دامەزرابێت، کە هەموو بوونەوەرە زیندووەکان لە چوارچێوەی یەک سیستەمدا پێکەوە دەژین، ئەم نموونەیە ئەوەیە کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی مرۆڤایەتییەوە بۆ هەزاران ساڵ ئەم هەرێمەی پاراستووە و سروشتییە کە ڕێگای دەربازبوون بێت لەو قەیرانە قووڵەی ئەمڕۆ تووشی دەبین.
سەردەمی دەوڵەتە نەتەوەییەکان و بە تایبەت دەسەڵاتە پاوانخوازەکان لە کۆتایی خۆی نزیک دەبێتەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانەکان و کۆبوونەوەت کێشەکان، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت خۆی ڕزگار بکات، ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕوودەدات، بەڕوونی هەڵوەشاندنەوەی ئەو فاشیزمە دەردەخات کە ڕژێم لەسەری بونیاد نراوە، هەروەک لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا ڕوونمان کردۆتەوە، ئێران لەگەڵ خەڵکەکەی و بە تایبەت ژنەکانی، لە ڕیزی ئەو ناوچانەدایە کە زۆرترین دینامیزمی شۆڕشگێڕانەی ناوچەکەیان هەیە.
بە درێژایی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گەلەکەی و کورد و ژنان بەتایبەتی، بەرەنگاری و خەباتیان لەگەڵ ڕژێمی شادا کرد، هەرگیز ملکەچبوونیان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕژێمەدا قبوڵ نەکرد، هەمان شت بۆ ڕژێمی ئیسلامیش دەگونجێت کە ٤٧ ساڵە دەسەڵاتی کردووە، ژنان پێشەنگایەتی بەرخۆدانێکی بەربڵاو و ناسراویان کردووە، ژنان لە ڕێگەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ەوە بەهێزترین گورزی خۆیان لە ڕژێم دا، کە جێگرەوەیەکی دیموکراتی و ئیکۆلۆژی و ڕزگارکەری بۆ ژنان لە بەرامبەر ڕژێمی پاوانخوازی ئیسلامیدا پێشکەش کرد.
ئەم داواکارییە چیتر تەنها لە ژناندا سنووردار نییە، بۆتە هاوارێکی هاوبەش بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی، ژنان و پیاوان پێکەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای سیستەمێکی دیموکراتییان لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل کردووە.
”هێڵی سێیەم”
هەموو ئەم پێشهاتانە ئەوە دەردەخەن کە گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تایبەتی کورد خاوەنی ئەو توانایەن کە لە ڕێگەی داینامیکی ناوخۆیی خۆیانەوە، سەربەخۆ لە شەڕە وێرانکەرەکان، گۆڕانکاری ئەنجام بدەن، لەم ڕوانگەیەوە ئێران لە ڕووی دینامیزمی کۆمەڵایەتییەوە لە ڕیزی زیندووترین وڵاتانی ناوچەکەیە، نەتەوەیەکی ناسنامە و ئایین و کولتووری جیاوازە، لە کاتێکدا فارسەکان زۆرینەی دانیشتووان پێکدەهێنن، کورد، ئازەری، لوڕ، بەلوچ، عەرەب و مەسیحییەکان پایەی کۆمەڵایەتی بناغەی وڵات پێکدەهێنن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم فرەنەتەوەییە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە چارەسەرێکی بەردەوام تەنها لە ڕێگەی سیستەمێکی دیموکراتییەوە بەدەست دێت کە مسۆگەری پاراستنی ئەو ناسنامە هەمەچەشنانە و مافەکانیان بکات، جگە لەوەش ئەم گۆڕانکارییە ناتوانرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی سەربازی دەرەکییەوە بێتە ئاراوە، بەڵکو لە ڕێگەی خەباتی کۆمەڵایەتی ناوخۆییەوە بێت.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو داینامیکی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بە تایبەت خەباتی ژنان، دیارە کە چارەسەر نە لە گەڕانەوە بۆ سەردەمی شا، نە لە دامەزراندنی ڕژێمێکی هاوشێوەی تاڵیبان و نە لە درێژەدان بە سیستەمی ئایینی کە هەیە، لێرەوە چەمکی "کۆماری دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران" وەک بیرۆکەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی لە بناغە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەرهەڵدەدات، توانای یەکخستنی هەموو داینامیکی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەیەکی یاسایی ئازاد و دیموکراتیکدا هەیە.
چارەسەر لە وەرگرتنی دیدگای نەتەوەیەکی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمێکی دیموکراتیکدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خەڵک، لایەنی کوردی بە گۆڕینی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ هاوپەیمانییەکی بەهێز و ڕاگەیاندنی بنەماکان لەسەر بنەمای یەکڕیزی نەتەوەیی و یەکگرتوویی گەل و ئازادی ژنان هەنگاوی یەکەمی بەرەو چارەسەر ناوە، ئەم ڕێبازە یەکێکە لەو ڕێبازە گرنگانەی کە دەتوانێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرەو چارەسەرێکی ڕادیکاڵ و بەردەوام ببات، جگە لەوەش، ڕاگەیاندنی سیستەمی ژنانی ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لە ٨ی ئاداردا نەخشەڕێگایەکی بەهێزی خستەڕوو کە ژنان لە ناوەندی چارەسەردا دادەنێت.
ئەم نەخشەڕێگایە بە ئاڕاستەکردنی پارادایمی "ژن ژیان، ئازادی" لە ڕێگەی سێ هێڵی بنەڕەتییەوە هەوڵی پەرەپێدانی ڕێکخراوی هاوبەشی ژنانی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی پەرەپێدانی ڕێکخراوە ناوخۆییەکان دەکاتەوە بۆ بەرجەستەکردنی ئیرادەی خەڵک و ئایینەکان و کولتوورەکان و پێویستی ژنان بۆ پێشەنگایەتیکردنی پرۆسەی بەستنەوەی کۆمەڵگە بە ڕەگ و ڕیشە دیموکراتیک و ئازادەکانییەوە، ئەم هەنگاوانە بناغەیەکی گرنگ بۆ بونیادنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێرانێکی دیموکراتیک پێکدەهێنن کە هەموو گەلان و شوناسەکان لەخۆ بگرێت.
ڕژێمی ئیسلامی هەنووکە هەموو تواناکانی خۆی ماندوو کردووە و بۆتە پێویست بۆ بونیادنانی کۆمارێکی دیموکراتیکی جێگرەوە، هەروەها ئازادی ژن تەنها لە چوارچێوەی سیستەمێکی لەو جۆرەدا دەتوانێت ببێتە هەمیشەیی، چارەسەری پەرەسەندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو ڕاگەیاندنانەی کە لە لایەن کژار و هاوپەیمانی کوردییەوە دەردەکرێن، دەکرێ بە بەرنامەیەک بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەژمار بکرێن، لێرەوە گرنگی پەرەپێدانی هاوپەیمانی گەلان و بەهێزکردنی خەباتی هاوبەش لەسەر ئەم بنەمایە ڕوون دەبێتەوە.