ئەو ٧٤ فەرمانە ڕەنگدانەوەی چیرۆکی کۆمەڵگەیەکە کە ئامادە نەبوون ملکەچ بن

جینۆسایدی شنگال، لە ١١هەمین ساڵیادیدا، چیرۆکی ئازار و لەدەستدانی بەردەوامە و ئیرادەی ژنێکە بۆ پاراستن و کۆتاییهێنان بە ستەم و چەوساندنەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی.

سەنا عەلی

 

ناوەندی هەواڵ ـ ١١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەوەی یەکێک لە ترسناکترین کۆمەڵکوژییەکانی سەدەی ٢٠ لە دژی گەلێکی ئاشتیخواز ئەنجامدرا، بەڵام هێشتا دادپەروەری بۆ قوربانییەکان بەدەست نەهاتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، بەڕاستی کۆمەڵکوژییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامن بە هەمان هۆکار، ئەویش ڕەتکردنەوەی ئەویتر، ئەم ڕەتکردنەوە تەنانەت تا ڕادەیەک درێژ دەبێتەوە کە سزای کوشتنی کەسانی دیکە و دەستدرێژیکردنە سەر ژنەکانیان و تەنانەت فرۆشتنیان لە بازاڕەکاندا وەک کاڵاکان، سەیر لەوەدایە کە بیانوو و کەرەستە و عەقڵیەتی پشت ئەو هەموو تاوانانە وەک خۆی ماوەتەوە.

 

پێکهاتەی ئێزدی کێیە؟

ئایینی ئێزدی ئایینێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەتی میزۆپۆتامیا، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە کۆنترین ئایینەکان کە مرۆڤایەتی ناسیویەتی، فێرکارییەکانی ڕێز و پێزانینی زۆر بۆ ژن و سروشت دەردەبڕن، گێڕانەوەی ئێزدیەکان سەبارەت بە چیرۆکی دروستکردن و دابەزینی ئادەم و حەوا لە بەهەشتەوە ڕێگایەکی جیاواز لە ئایینەکانی تر دەگرێتەبەر، جا بتپەرستی بێت یان یەکتاپەرستی.

 

ئەم گێڕانەوە جیاوازە وای لە جیهادییەکان کردووە کە ئێزدییەکان بە کافر بزانن، وەک ئەوەی هەموو گەلانی جیهان دەبێ موسڵمان بن، بەپێی ئەو ئایدۆلۆژیای توندڕەوەی کە ئەم توندڕەوانە مێشکیان پێ شۆردووە، کوشتن و دەستدرێژی و تاڵانکردن و فرۆشتنی ئەم پێکهاتە بەبێ هیچ ڕێگرییەکی مرۆیی ڕێگەپێدراوە، ئەمەش تاوانێک لە دژی فرەچەشنی و پێکەوەژیان و ئازادی ئایینی و ئایدیۆلۆژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنێت و هەڕەشە لە مێژوو و ڕاستی ئەم ناوچەیە دەکات.

 

٧٤ فەرمان... لێکچوونەکان

کۆمەڵگەی ئێزدی هەڵمەتە جینۆسایدەکانیان بە "فەرمان" ناودەبەن و ئەو کۆمەڵکوژییەی داعش ئەنجامی دابوو ژمارەیان ٧٤ بوو، ئەمەش بەو واتایەیە کە پێش ئەم فەرمانە بە درێژایی مێژوو ٧٣ فەرمان لە دژی ئەوان ئەنجامدرابوو، دیارترینی ئەم فەرمانانە فەرمانەکەی سوڵتانی عوسمانی سلێمان خان بوو لە ساڵی ١٥٧٠ کە فەتوای فەرمی دەرکرد کە ڕێگەی بە کوشتن و فرۆشتنیانی لە بازاڕەکاندا دا، هەروەک چۆن داعش کردی، فەرمانی سەفەوییەکانی فارس بە پءشەنگایەتیی قارجی قایخان لە ساڵی ١٦٣٠دا بووە هۆی کوشتنی هەزاران ئێزدی و بە کۆیلەکردنی ژنان و ڕفاندنی منداڵان، هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕوویدا، دواتر چەندین هەڵمەتی جینۆساید لەلایەن سەفەوییەکان و عوسمانییەکانەوە ئەنجامدرا.

 

لە سەدەی هەژدەیەمدا عوسمانیەکان زنجیرەیەک فەرمانیان دژی پێکهاتەی ئێزدی دەرکرد، دەسەڵاتدارانی بەغدا و موسڵ بە یەکەوە پێشەنگایەتی ئەو هەڵمەتانەیان دەکرد، فەرمانەکانی سەفەوی تا سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بەردەوام بوون. هەروەها دوژمنی پێکهاتەی ئێزیدی عەرەب و کوردی وەک کەرەستەی کوشتنی بەکارهێنا، وەک لە فەرمانی ١٩ کە بە فەرمانی پارێزگاری بەغدا، سلێمان پاشا ئەبو لەیلا (١١٦٦-١٧٥٢) هاتووە، قوربانیانی ئەم فەرمانە زۆرتر کەسانی بەساڵاچوو و ژن و منداڵ بوون، هەروەها لە فەرماننامەی ژماره ٣١ کە عەبدول عەزیز شاری لە ساڵی ١٧٨٩ دەرچوو، ژن و منداڵیان بە دیل برد و سەری چەکدارانی ئێزدییان بۆ به غدا گواستووەتەوە، ئەم ڕق و کینە لە کۆمەڵگەی ئێزدی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی و بریکارەکانیەوە گەیشتە ئاستی کوشتنیان بە فەرمانی محمد پاشا جەلیلی لە ساڵی ١٧٩٤ و سەریان گواسترایەوە بۆ موسڵ و پاشان بۆ بەغدا، لە ساڵی ١٧٩١ شنگال ڕووخێنرایە سەر زەوی و هاوڵاتیانی کوژران.

ئەم فەرمانانە تەنها نوکی شاخی سەهۆڵین، بەڵام باسکردنیان گرنگە بۆ تێگەیشتن لەو ناوەڕۆکی کە وایکرد داعش دڕندانەترین کۆمەڵکوژی لە مێژوودا بەرامبەر ئەم گەلە ئەنجام بدات.

 

فەرمانەکان ڕەنگدانەوەی چیرۆکی کۆمەڵگەیەکن کە ڕەتیکردەوە ملکەچ بێت

خوێنەرێکی نائاشنا بە مێژووی ئێزدی لەوانەیە وا بیر بکاتەوە کە ئەم کۆمەڵگەیە چەوساوەیە و هیچی نەکردووە بۆ پاراستنی خۆی، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەموو فەرمانەکان بۆ ملکەچکردنی کۆمەڵگەیەک دەرچووە کە ڕەتیدەکردەوە دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی و داگیرکردنی خاکەکەی قبوڵ بکات، بەم شێوەیە ئەم دوو دەوڵەتە کۆمەڵکوژی تۆڵەسەندنەوەیان ئەنجامدا کە هەندێکیان بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئیزدییەکان لە پێدانی باج بە دەوڵەتی عوسمانی ئەنجامدرا، ئەم گەلە بە ئازایەتی شەڕی کرد و شەڕڤانان لەوانە زەریفا ئۆسی و ستیا نەسران و خاتونا فەخرا لە زۆر شەڕدا سەرکەوتوو بوون، ئەمەش لە فەرمانەکانی ٤٠دا بوو، کاتێک دەوڵەتی عوسمانی هێزی هەزاران سەربازی کۆکردەوە کە ژمارەیان دەگەیشتە ٤٠ هەزار سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر شنگال، بەهۆی ئەم هێزە گەورەیە، مێژوونووسان بە "سوپایەک کە شوێن پڕ دەکەنەوە" پێناسەیان کردووە، سەرەڕای ئەم هەموو کۆکردنەوە، نەیانتوانی شکست بە هاوڵاتیانی شنگال بهێنن.

 

ڕۆژی چارەنووسساز

جینۆساید، کۆمەڵکوژی، یان "فەرمانی ٧٤"، وەک هاوڵاتیانی شنگال پێی دەڵێن، یەکێکە لە خوێناویترین ڕووداوەکانی سەدەی بیست و یەکەم، ڕۆژی٣ی ئابی ٢٠١٤، نزیکەی کاتژمێر ٢:٠٠ی بەیانی، هاوڵاتیانی شنگال بەئاگا هاتنەوە بە هێرشێکی دڕندانە لەلایەن داعشەوە، کە بە خێرایی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا فراوانتر دەبوو، پێکهاتەی ئێزدی دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە بێ ئەوەی دانیشتوانی بێ گومان لە بڕیارەکەیان ئاگادار بکەنەوە، بە تەنیا مانەوە. سوپای عێراقیش هەمان شتیان کرد، لە هەمان کاتدا دانیشتووان لە بەرامبەر مردندا بێدەنگ نەبوون، بەرخۆدانی "گرزەرک" بە پێشەنگایەتی هاوڵاتیانی گوندەکە کە خاوەنی چەکی سووک و بڕێک تەقەمەنی بوون، یارمەتیدەر بوو بۆ دابینکردنی کات بۆ خێزانەکان بۆ ئەوەی بەرەو شاخی شنگال بڕۆن.

 

پێشێلکاری بەکۆمەڵ... سووتاندن و دیلکردن و بۆردوومانکردن

لە یەکەم ڕۆژەوە، تەنانەت پێش هێرشەکەش، ١٢ هەزار پێشمەرگەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵهاتن، ئەمەش زەمینەی بۆ جینۆساید خۆشکرد، لەئەنجامی ئەم بێهەڵوێستەدا، چەتەکانی داعش کۆمەڵکوژییەکیان لەدژی پێکهاتەی ئێزدی ئەنجامدا، لە ڕۆژانی تاریکی شنگالدا سێ هەزار و ٥٠٤ ژن و دوو هەزار و ٨٦٩ پیاو ڕفێندراون، هەزاران کچ تووشی ترسناکترین پێشێلکاری کران، لەوانە کۆیلایەتی سێکسی و ئەشکەنجەدان، زۆرێکیان بە ڕفێنراوی ماونەتەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان تا پێنج هەزار کەس شەهید کران.

 

تاوانەکان هەر بەوەوە نەوەستا، لە موسڵ، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦، ١٩ ژنی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە بە دیل گیرابوون، ڕەتیانکردەوە موسڵمان ببن، لە بەرامبەردا داعش تۆڵەی کردەوە و بە زیندووی سووتاندنی دوای ئەوەی لە قەفەسدا زیندانی کردن، ڕەنگە ویژدانی مرۆڤایەتی هێشتا خەوتوو بووبێت کاتێک سەدان منداڵی ئێزدی لە کاتی جینۆسایدەکەدا بەهۆی تینوێتی و برسێتی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها کاتێک سەدان منداڵی دیکە شەهید کران و تەنانەت کاتێک منداڵان لەلایەن داعشەوە گیران و ئیسلامی توندڕەو وەک ئایدۆلۆژیایەکی جێگرەوە سەپێنرا، ئەم منداڵانە بەبێ ئارەزووی خۆیان خولی پەروەردەییان پێدەکرا بۆ ئەوەی ببنە سوتەمەنی بۆ شەڕ، دوو برای هاوڵاتی گوندی تل قەساب لە شنگال، بە ناوی ساختە کە پێیان دراوە، لە ١٤ی شوباتی ٢٠١٧ لە شەڕێکدا لە موسڵ خۆیان تەقاندەوە.

 

لەو شارانەی کە دەوڵەتی بەناو داعش فراوان بوو (ڕەققە - موسڵ)، ژنان وەک هەر کاڵایەکی دیکە نمایش دەکران کە نرخەکەی ڕەنگە ١٠ دۆلار، ٤٠ دۆلار، یان زیاتر بێت، ئەم نرخە هاوتایە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی جەستەی ژن کە ئەو پیاوانە ڕازی دەکەن کە بە مێشکیان بیر ناکەنەوە، پاشان ئەندامێکی داعش دێت و بە شێوەیەکی ئەوپەڕی زەلیلکەر لە جەستەیان دەپشکنێت، بۆ کۆیلایەتی سێکسی و خزمەتکردنی ناوماڵ دەکڕدرێن، ئەم پراکتیزانە ئەو شتانە دەهێنێتە بەرچاو کە زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە کاتی فەتحەکانی ئیسلامی بۆ سەر هۆزەکاندا ڕوویدا، بەڵام زۆرێک لە شێخەکان لەم ساڵانەی دواییدا ئەم کارەیان قەدەغە کردووە و گروپە بناژۆخوازەکان بەردەوام بوون لە پراکتیزەکردنی.

پێش ئەوە، بەبێ ئاو و خواردن لە خۆری سووتێنەری شاخی شنگال، بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ سەدان هەزار ئێزدی پەنایان بردبوو، ئەوان دەکوژران ئەگەر ئەو کارە خێرای شەڕڤانانی پەکەکە بە ژن و پیاو نەبوایە کە ئاو و خواردنیان بۆ دابین دەکرد و بەساڵاچووانی گیریخواردوو لە دۆڵەکاندا لەسەر شانیان هەڵگرتبوو، یەپەگە و یەپەژە ڕێڕەوێکی مرۆیییان لە نێوان شنگال و ڕۆژئاوادا کردەوە (شارەکانی دیکە هێشتا ئازاد نەکرابوون بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئخۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا).

 

هاوپشتی سنوور بەزاندن

دوای سێ ڕۆژ لە کوشتن و دیلبوون و دەستدرێژی سێکسی، جیهان نەیتوانی کار بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی بکات، بەڵام تا ئێستا ویژدانی مرۆڤ نەمردووە، وەک ئەوەی پەکەکە دەرکەوتووە کە لە ٦ی ئاب هێزەکانی خۆی لە شاخی قەندیلەوە بۆ بەرگریکردن لە کۆمەڵگەی ئێزدی جێگیر کرد، هەروەها هۆشیاری لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا سەریهەڵدا لە پێویستی خۆڕێکخستن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە و وەرگرتنەوەی خاک و کەرامەتەکەی، کوڕ و کچەکانی شنگال بە هاوکاری پەکەکە، چەند ڕۆژێک دوای کۆمەڵکوژییەکە، "یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال" یان پێکهێنا، کە لە شەڕەکانیاندا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا، بە نوێنەرایەتی یەپەگە و یەپەژە پشتیوانییان لێدەکرا.

 

ئەم هێزانە لە خانەسۆر و سینونییەوە، تا دەگاتە شلۆ، سیبا شێخ خدر، تل بەنات، ڕامبوسی، و دهوڵا، دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی ڕزگاریکردن لە مانگی ئاداری ٢٠١٥ پێکەوە شەڕیان کردووە، لە ڕێگەی هەوڵی هاوبەشەوە سەرکەوتوو بوون لە نەهێشتنی بوونی داعش، لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، دوای نزیکەی نۆ مانگ شەڕ و قوربانیدان، سەرکەوتن ڕاگەیەندرا.

 

بەشی ئیرۆنی و دڵتەزێنی ئەم سەرکەوتنە ئەوە بوو کە هێزی پێشمەرگە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەی دا و بانگەشەی ڕزگارکردنی شنگالیان کرد، مەسعوود بارزانی، پێشەنگی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان هاتە دەرەوە بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتنە گوماناوییەکەی و بڕیارەکەی بۆ لکاندنی شنگال بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمە بۆ ئەو کەسانە قبوڵنەکراو بوو کە پێشتر بێهیوا بوون و بەجێهێڵران بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی کوشتن و برسێتی و مردن و دیلبوون ببنەوە.

 

ژنانی شنگال لە خۆڵەمێشەوە هەڵدەستن

پێش کۆمەڵکوژی پێکهاتەی ئێزدی، پارێزگارییان نەبوو، جا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵی بێت یان حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوڵاتیانی شنگالیش لە واتای خۆپاراستن تێنەگەیشتن، زۆر هەڵە لەلایەن هاوڵاتیانەوە کرا چونکە متمانەیان بە هێزی دەرەکی هەبوو بۆ بەرگریکردن لێیان، ئەم هەڵانە بە جۆرێکی تر بوونە هۆی ئەو کۆمەڵکوژییە.

 

خۆبەڕێوبەری دیموکراتیکی شنگال لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٥ دامەزرا، لەسەر بنەمای خۆپاراستن و ئازادی ژنان، خۆپاراستن لەو کۆمەڵگەیانەی کە لە مێژە کراونەتە ئامانج و لەلایەن سوپای دەوڵەتەوە پارێزراو نین، زۆر گرنگە زۆرجاریش ئەم سوپایە هاوبەشن، هەروەک چۆن لە شنگال و لەم دواییانەشدا لە شاری سوویدای سووریا ڕوویدا، هەربۆیە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٥ ژن و کچانی شنگال پەلەیان کرد بۆ دامەزراندنی یەپەژە لە شنگال، کە ئەزموونی شەڕی چەتە و ئازادکردنی سەدان ژنی ڕفێنراویان بەدەستهێنابوو، ئەم شەڕڤانانە کار بۆ پاراستنی ناوچەکە و تۆڵەسەندنەوەی ئەو کەسانە دەکەن کە تووشی پێشێلکاری بوون، ئەم ڕۆڵە خول و پەروەردەش دەگرێتەوە.

 

تەڤگەری ژنان لەگەڵ دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٦ چالاکی کرد، ئەم تەڤگەرییە بە پێی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، ئازادی ژنان و ڕزگارکردنی ئەو ژنە ڕفێندراوانەی کە ماونەتەوە وەک پێشەنگی کاردەکات، ئەم تەڤگەرییە، هاوشانی تۆڕی ڕزگاربووانی ئێزدی، هەوڵی ناساندنی جینۆسایدیان داوە، سەرەڕای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە دوای ئازادکردنیەوە هێرشی ڕاستەوخۆ و ڕوونیان ئەنجامداوە، نە تورکیای داگیرکەر و نە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتوو نەبوون لە نەهێشتنی خۆبەڕێوبەری لە شنگال، فرۆکەکانی تورکیا لە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٧دا بوێرانە بارەگای یەپەگەیان لە شنگال بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا ٢٠ شەرڤانی مێ  و نێرکوژراون، بەئامانجکردنی کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

 

ڕۆژانە تاوانێک دەدۆزرێتەوە
ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان کە بەردەوامە، خەریکی هەڵگرتنی پەردەی برینێکە کە هێشتا چاک نەبووەتەوە، دوای ڕزگارکردنی گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال و گوندەکانی دۆزرایەوە و پێدەچێت لەگەڵ بەردەوامی گەڕان و پشکنین ژمارەکە زیاتر ببێت، لە یەکێک لە گۆڕەکانی نزیک تل عەفەر، لە نێوان هەزار و ٥٠٠ بۆ دوو هەزار تەرمی دۆزرایەوە و ژمارەی ئەو منداڵە بێباوکانەی کە یەکێک یان هەردوو دایک و باوکیان لەدەستداوە دوو هەزار و ٧٤٥ کەسی تێپەڕاندووە. 


لە کاتێکدا تا ئێستا لە کۆی نزیکەی دوو هەزار ژن هەزار و ١٨٤ ژن ڕزگارکراون، دوو هەزار و ٩٠٠ ئێزدی لە دەستی داعشدا ماون و چارەنووسیان نادیارە، زۆربەیان ژن و منداڵن، کە بیروباوەڕیان گۆڕاوە و داعش بەکاریان دەهێنن.
لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی یەپەژە و هەسەدە لە دژی داعش، و هەڵمەتەکانیان لە کەمپی هۆل، توانیان زۆرێک لە ڕفێندراوەکان ئازاد بکەن و لە ڕێگەی ماڵی ئێزدیەکانەوە بیانگەڕێننەوە بۆ ناو خێزانەکانیان، ئەم هێزانە سەرەرای مەترسییەکانی کەمپی هۆل بەتایبەت بەشی کۆچبەران کە ڕفێنراوەکانی تێدا نیشتەجێن، کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی هەموویان.


چاوەڕوانی ناساندن
جینۆساید بریتییە لە لەناوبردنی بە ئەنقەست و سیستماتیکی کۆمەڵێک مرۆڤ بە پشتبەسن بە نەتەوە، ئایین، یان بنەچە، ڕێک ئەمەیە لە شنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، ئەم تاوانە لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەم ناوە پۆلێن کراوە، گروپێکی تایبەتی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ ڕایگەیاند کە بەڵگەی ڕوون و قەناعەتپێکەریان کۆکردۆتەوە کە داعش کۆمەڵکوژی لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامداوە.


سەبارەت بە ڕێکەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید کە لەلایەن ١٣٣ وڵاتی جیهانەوە پەسەندکراوە، تەنها مشتێک وڵات دانیان بە کۆمەڵکوژی شنگالدا ناوە، ئەو وڵاتانەی دانیان پێدا ناوە بریتین لە بەریتانیا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، ئوسترالیا، هۆڵەندا.


بەڵام حکومەتی عێراق دانی بە جینۆساید نەناوە، چونکە ئەو وڵاتە یاسایەکی نییە کە "تاوانە نێودەوڵەتییەکان" بگرێتەوە، وەک پێشێلکاریی ڕاستەقینە یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، جینۆساید، ئەشکەنجەدان، یان بێ سەروشوێنکردنی زۆرەملێ، لەبری ئەوە یاسای ڕزگاربووانی مێینەی ئێزدی ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٢١ی دەرکردووە، کە ئامانج لێی تێکەڵکردنی ئەو کەسانەیە کە ڕفێنراون و تووشی هەموو جۆرە ئازاردانێک بوون بە پێشکەشکردنی پشتیوانی ماددی و ئەخلاقی، ئەم پشتگیرییە پارەی مانگانە لەخۆدەگرێت، هەروەها بەپێی یاساکە، پشتگیری منداڵان دابین دەکرێت، هەروەها هەلی کار بۆ ڕزگاربووان، هەلی ڕاوێژکاری و چارەسەری تەندروستی دەروونی.


جیاوازی تاوان نییە، بەڵکو سوودێکە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتدا، هەمەجۆریی نەتەوەیی و تائیفی و کولتووری بێئەندازەیە، بەڵام لەبری ئەوەی ئەم فرەچەشنییە ببێتە هێزێک بۆ وڵات، بۆتە نەفرەت، بە "زۆرینە" "کەمینە" تۆمەتبارکردنی "کەمینە" بە لادانە، دەرگای بۆ خراپەکاری زیاتر کردەوە، لەبەرئەوەی ئەم هەرێمە ئامانجی سەرمایە و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، هەموو جیاوازییەک لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە چەوسێنراونەتەوە، لەوانەش ڕۆژئاوا کە بە ئاشکرا دەستی خۆی ڕاگرتووە و لە هەمان کاتدا بە نهێنی درێژی کردووەتەوە بۆ هەر کەسێک کە هەوڵی زیانگەیاندن بە وڵاتەکانی بدات، ئەمەش وایکردووە ئەم وڵاتانە لاواز و بەکاربەر بن، چارەسەر ڕەتکردنەوەی توندڕەوی و قبوڵکردنی ئەویترە، ئەم قبوڵکردنە چاکە نییە، بەڵکو مافی ئەویترە بۆ ژیان و ئاسایش.

 

ئەمڕۆ لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی جیهادیەکانی هەتەش لە سووریا، هیوا بۆ داعش گەڕاوەتەوە، بەتایبەتی کە ئەو بناغە ئایدیۆلۆژییەی هەتەشە و داعش لێیەوە سەریان هەڵداوە، هەمان بناغەیە، ئەمەش بە دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتڕاستکرایەوە، کە هۆشداری دەدات لە مەترسی گەڕانەوەی، بە لەبەرچاوگرتنی شکستی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی پرسی کەمپی هۆل، هەروەها نەبوونی متمانەی خۆبەڕێوبەری و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕادەستکردنی دۆسیەی داعش و کەمپی هۆل بە حکومەتی کاتی بە پێشەنگایەتی هەتەشە، بە پێشەنگایەتی ئەحمەد شەرع "جۆلانی" ئەو کەسەی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر تاوانی دژی گەلی عێراق ئەنجامدا.