ئاماری ساڵێک؛ ئامارە فەرمییەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان دەشاردرێنەوە
بە پێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسەکەمان، لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، تاوەکو تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، ٤٢ ژن کوژراون، ١٩ ژنیش بەشێوەیەکی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە، ٥ ژنیش هەوڵی کوشتنیان دراوە، ١ ژنیش ناچار بەخۆکوشتن کراوە.
هێرۆ عەلی
ناوەندی هەواڵ- ماوەی زیاتر لە چوارساڵە، لایەنی پەیوەندیدار بە پاساوی جیاجیا، ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان بە تایبەت ژن کوشتن دەشارێتەوە، بەڕێوبەرایەتییەکانی توندوتیژی دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی ئاماریان لێ زەوتکراوە، ڕێگە نادرێت ئەو ئامارانە بگەنە میدیا بۆ ئەوەی کۆمەڵگە قسەیان لە بارەوە بکات و ستراتیژی کەمکردنەوە و بنبڕکردنی توندوتیژییەکان دابنرێت، هەروەها ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش بەرچاویان ڕوون بێت و بتوانن ڕەوشی ژن هەڵبسەنگێنن، ئامانجەکەش کەمکردنەوەی دیاردەکە نیە، بەڵکو هەوڵێکی فریودەرانەیە بۆ کپکردنی پرسەکە و درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەدا، هەروەها ٢٤ی ئاداریش وەزارەتی داد بڕیاری ڕاگرتنی ڕووماڵەکانی کوشتنی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەرکرد.
کوشتنی ژنان بە یەکێک لە گرنگترین قەیرانەکانی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت و لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان وەک نەریتێک دەبێنرێت کە لە کولتووری کۆنەپەرستی وعەقڵییەتی پیاوسالارییدا سەرچاوەی گرتووە، کە زۆرجار لە لایەن باوک، برا و هاوژینەوە ئەو تاوانە ئەنجام دەدرێت و بانگەشەی پاراستنی شەرەف دەکەن، ژنان بە هۆی بڕیاری کەسیی وەک هەڵبژاردنی هاوژین، جیابوونەوە لە هاوژین، چۆنییەتی جلوبەرگ و تێکەڵاوبوون، چەندین هۆکاری تر بوونەتە قوربانی ئەو توندوتیژییە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسەکەمان "نوژنها"، ژمارەی کوشتنەکان لە سەرەتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بەم شێوەیەبووە:
لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، بەشێوەیەکی گوماناویی ژنێک بە ناوی لاڤە سەدرەدینی تەمەن ١٦ ساڵ، کەوتە ناو ڕووباری زێی بچووکەوە و خنکا، دوای ڕۆژێک تەرمەکەی دۆزرایەوە.
لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، برایەک بە ئەنقەست دوو خوشکی خۆی کوشت کە لە ساڵەکانی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٥ لە دایکببوون.
لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، سێ خوشک لە شاری کەرکووک لە لایەن برایەکیانەوە بەر دەستڕێژی گولە دەدرێن و لە ئەنجامدا یەکێکیان کە تەمەنی ١٥ ساڵە دەکوژرێت و دوو خوشکەکەی دیکەش بریندار دەکرێن، کە ئەوانیش تەمەنیان لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ ساڵان بوو و دواتر براکەیان دەستگیر دەکرێت.
لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە شارۆچکەی حاجیاوا، تەرمی ژنێک کە خاوەنی سێ منداڵەبوو گەیاندرایە پزیشکی دادی ڕانیە، دواتر پۆلیسی ڕاپەرین پشتڕاستی کردەوە کە ژنەکە کوژراوە.
لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە گەڕەکی چراخانی شاری سلێمانی، ژنە خوێندکارێکی پۆلی ١٠ی ئامادەیی رازی کچان، كە تەمەنی ١٦ ساڵ بوو بە چەکی باوکی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ژنێک کە پێشمەرگەی زێرەڤانی سەربە پەدەکە بوو، لەلایەن براکەیەوە لە شاری هەولێر کوژرا.
لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ژنێک بە ناوی ''ت.گ'' تەمەن ٤٣ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی ئەلیاسەفڕەی شارۆچکەی پێنجوێن، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە شێوازێکی دڕندانە کوژرا و جەستەی شێوێندرا و دواتر بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵهاتوو و دواجار دەستگیر کرا.
لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، ژنێک كە تەمەنی لەنێوان ٣٧ بۆ ٤٠ ساڵدا بوو، لەلایەن براکەیەوە بە چەقۆ کوژرا و دوای ماوەیەک بکوژەکە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد.
شەوی ٣١ی کانوونی دووەمیش، لە یەكێک لە سیتییەكانی نزیك گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی، تەرمی ژنێک بە كوژراوی دۆزرایەوە.
لە شەوی ٢ی شووبات، لە گەڕەکی کانی کوردەی شاری سلێمانی لە نزیک مزگەوتی ڕەحمان، تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ دۆزرایەوە، شوێنەواری گولە بە جەستەیەوە دیاربوو، دواتر بکوژەکەی دەستگیر کرا.
لە پاشنیوەڕۆی ٣ی شووبات، لە گەڕەکی ڕزگاری شارۆچکەی چەمچەماڵ، ژنێکی گەنجی لەدایکبووی ١٩٩١، لەلایەن خاڵییەوە کوژرا، دواتر بکوژەکە دەستگیر کرا.
لە ئێوارەی ٢٢ی شووبات، لە زێی گەورە لەسەر پردی نێوان خەبات و کەلەکەوە، تەرمی ژنێکی ٢٩ ساڵ دانیشتووی شاری هەولێر دۆزرایەوە کە بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدابوو.
لە پێش نیوەڕۆی ٢٧ی شووبات، لە شارۆچكەی بنەسڵاوەی شاری هەولێر، ژنێک لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە حەوت فیشەک کوژرا.
لە ٤ی ئادار، لە سنووری ئیدارەی سۆران، مامۆستایەک بە ناوی ئاوات محەمەد کەریم خەڵکی دەڤەری برادۆست و دانیشتووی شارۆچکەی چۆمان، دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەی گیانی لەدەستدا.
لە ١٣ی ئادار، لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ، لە زێى گەورە سەر بە گوندى زەنگل، لە سنووری ئاکرێ، تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، كە تەلى ئاسن لە قاچ و ملى ژنەکە گرێدرابوو وە پێى خنکێندرابوو، دواتر خرابۆیە ناو زێى گەورەوە.
لە شەوی ١٣ مانگی ئادار، پزیشکێکی شاری هەولێر، بهناوی ''س، م''، لە هێرشێکی دڕندانەدا، هاوژینەکەی سەنا کەمال، خوشكی هاوژینەکەی سەنارکەمال، دایکی سەنا، بە دەستڕێژی گولە کوشت، پاشان لە لایەن ئاسایشیی هەولێرەوە دەستگیرکرا.
لە ١٩ی ئادار، لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق، ''ب، ش'' كە لە دەرەوەی وڵات گەڕابۆوە پێنج ئەندامی خێزانەكەی خۆی كوشت، کە سیانیان ژن بوون بەناوەکانی (نیهایەت قادر، دایکی بکوژ، سیما سالار و یارا سالار( خوشکی بکوژ.
لە ٢ی نیسان، ژنێک بە ناوی ژیار محەمەد تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی سەیدسادق و دانیشتووی شارۆچکەی بازیان لە سنووری سلێمانی، لە ماڵەکەی خۆیدا بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.
لە ٤ی نیسان، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢١ ساڵ لە شارۆچکەی مەخموور لەلایەن براکەیەوە بە فیشەک کوژرا.
لە ٦ی نیسان، ژنێکی دانیشتووی شارەدیی ڕۆڤیان لە سنووری ئاکرێ، بە ناوی ''م. م. ك'' تەمەن ٢٤ ساڵ لەلایەن هاوژینەكەیەوە بەناوی ''ا. م. چ' تەمەن ٢٧ ساڵ كوژرا.
لە ٩ی نیسان، تەرمی ژنێک بە ناوی ''ش،ن،م'' لە گەڕەکی سەرای شاری هەڵەبجە دۆزرایەوە، کە شوێنەواری فیشەک بەسەرییەوە دیاربووە.
لە ٢٤ی نیسان، ئاشنا فەرهاد دانیشتووی شارۆچكەی سۆران لە سنووری هەولێر، بەشێوازێکی گوماناویی لەدوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی سووتاوی هەولێر گیانی لەدەستدا.
لە ٣ی ئایار، لە گەڕەكی تەیراوای پارێزگای هەولێر، گەنجێكی تەمەن ١٨ ساڵ بە ١١ فیشەك خوشكە تەمەن ١٧ ساڵانەكەی خۆی كوشت و دواتر لەلایەن پۆلیسی شارەكەوە دەستگیر كرا.
لە ٢٠ی ئایار، لە پارێزگای دهۆک، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٩ ساڵ هەوڵی کوشتنیدرا.
لە ٢٣ی ئایار، لە گوندی پیرڕەشی سەر بە پارێزگای هەولێر، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن براکەیەوە بە فیشەک کوژرا.
لە ٢٨ی ئایار، لە پارێزگای هەولێر، تەرمی ژنێکی گەنج بە ناوی خەرمان شەمسەدین دۆزرایەوە کە بەشێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستدا.
لە ٣١ی ئایار، لە گەڕەکی قەندیل لە شارۆچکەی چوارقوڕنە، پیاوێك دەستڕێژی گولـەی لە ماڵە خەزووری کرد و لە ئەنجامدا ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ، کە دەکاتە دایكی هاوژینی تەقەکەرەکە گیانی لەدەستدا.
هەروەها لە ٣١ی ئایار، لەبەردەم پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ''دریم سیتێ' لە شاری هەولێر، ژنێک لەلایەن چەکدارێکەوە بە ١٠ فیشەک کوژرا.
لە ٢ی حوزەیران ، لە گەڕەکی بنەسڵاوە لە پارێزگای هەولێر، ژنێکی گەنج بە ناوی سارا فەرەیدون خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی بەشێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستدا.
لە ١٦ی حوزەیران، لە سەنتەری ئیدارەی زاخۆ، ژنێکی گەنج بە ناوی ''ن،أ،غ' تەمەن ٢٦ ساڵ بە دەستڕێژی گولە لە لایەن هاوژینەکەوە کوژرا.
لە ٢٢ی حوزەیران، ژنێک بە ناوی ئاشنا خەسرەو خوێندکاری پۆلی دەیەمی ئامادەیی لە ئیدارەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستدا، کە ئاگر لە جەستەی بەربووە و بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەی گیانی لەدەستدا.
لە ٣ی تەمووز، لە شارەدێی چوارقوڕنە، ژنێک بەناوی ''هـ.ڕ'' بەشێوەیەکی گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات.
لە ٥ی تەمووز، ژنێک بە ناوی مریەم سیارئاڤدەل، تەمەن ٤١ ساڵ، لەسەر بانی ماڵەکەی خۆی بەشێوەیەکی گوماناویی گیانی لە دەستدا.
لە شەوی ١٢ی تەمووز، لە هەولێر، فریشتە سەعدی پاش ئەشکەنجەدانی بە زیاتر لە ٩ گولە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا و لە چۆڵەوانیەکی ناحیەی شاوێس تەرمەکەی فڕێدرا.
لە ١٤ی تەمووز، لە گەڕەکی شاکەل لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ژنێک بە ناوی ''ز.ع '' ی تەمەن ٦٦ ساڵ بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.
لە ٢ی ئاب، لە گەڕەکی شێخانی سلێمانی، ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بە فیشەک لە لایەن براکەیەوە کوژرا و دواتر براکەی لە لایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیر کرا.
لە ٥ی ئاب، لە دەربەندی شارۆچکەی ڕانیەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی دەڤەری ڕاپەڕین، ژنێکی خەڵکی بەری مەرگە لە ناوچەی مەمەند ئاوای سەر بە شارۆچکەی دووکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی گومانایی گیانی لەدەستدا.
لە ٧ ی ئاب، لە گەڕەكی ٩٩ی زانكۆ لە شاری هەولێر، تەرمی ژنە مامۆستایەکی خانەنشینی زانكۆ بە ناوی گزنگ كامیل مەجید لە دایكبووی ساڵی ١٩٥٤ دۆزرایەوە.
لە ٨ ی ئاب، تەرمی ژنێكی گەنجی تەمەن ٢٥ ساڵی دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەرین لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە.
لە ١١ی ئاب، لە شارۆچکەی دوکان لە سنووری سلێمانی، پیاوێک بە چەک هێرشی کردە سەر ماڵی خەزووری و لە ئەنجامدا هاوژینەکەی کوشت و دواتر هەوڵی خۆکوژیدا.
لە ١٨ی ئاب، لە زاخۆ تەرمی ژنێکی تەمەن ٧٢ ساڵ دۆزرایەوە، کە بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەست دابوو، هەروەها لە هەمانڕۆژ تهرمی ژنێکی لهدایكبووی ساڵی ١٩٨٨، كه پیشهی فهرمانبهره، دوای نزیكهی ١٠ ڕۆژ له ونبوون و دیارنهمانی، لە ماڵێکدا لە گەڕەکی ڕزگاری شاری سلێمانی دۆزرایهوه.
لە ٢٧ی ئاب، لە گەڕەکی ڕاپەرینی شاری سلێمانی، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە دەستڕێژی گولە کوژرا، کە دانیشتووی شارۆچکەی ڕانییە بوو.
لە ٥ی ئەیلوول، لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەربە پارێزگای سلێمانی، ژنێک بە ناوی چاوان حەسەن لە لایەن هاوژینەکەی کوژرا.
لە ٦ی ئەیلوول، لە پارێزگای هەڵەبجە، تەرمی دایک و کچێک بە ناوی "ج .ف.س" تەمەن ٥٤ساڵ و "ه .ه .ع" تەمەن ۱۷ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزرانەوە کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە دیاربووە.
لە ٨ی ئەیلوول، لە شارۆچکەی کفری، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە ڕووداوێکی شەڕە چەقۆدا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
لە ٢٥ی ئەیلوول، ژنێک لە شارۆچکەی ڕانیە، بەناوی ئەوین ساڵح، لە یەکەمین ساڵیادی هاوسەرگیریەکەییدا، بەشێوەیەکی گوماناویی بە سووتان گیانی لەدەستدا.
لە ٢٦ی ئەیلوول، لە شاری کەرکوک، ژنێکی تەمەن ٢٣ساڵ لەلایەن براکەیەوە بە ١٤ فیشەک کوژرا.
لە ٢٧ی ئەیلوول، لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی، تەرمی ژنێک لە ناو ماڵەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە، دواتر بکوژانی دەستگیرکرا.
لە ٧ی تشرینی یەکەم، لە گەڕەکی کارێزەوشکی شاری سلێمانی، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.
لە ١٣ی تشرینی یەکەم، لە گەڕەکی مامەیارەی پارێزگای سلێمانی، تەرمی ژنێکی تەمەن ٤١ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا بە خنکاوی دۆزرایەوە کە بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.
لە ١٥ی تشرینی یەکەم، لە گەڕەکی عەدەنی پاریزگای کەرکووک، ژنێک بەناوێ'ک.ی.ش' تەمەن ٣٢ ساڵ لەنێو ماڵی خۆیدا بە فیشەک کوژرا.
لە ٢١ی تشرینی یەکەم، لە گەڕەكی دۆمیزی پارێزگای کەرکووک، ژنێکی تەمەن ٤٦ ساڵ لە لایەن هاوژینەکەی کوژرا.
لە ٥ی تشرینی دووەم، ژنێکی تەمەن ٥٥ ساڵ لە نهۆمی ٢٥جەوە كەوتە خوارەوە و بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.
''لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە هیچ ئامارێکی فەرمی کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژ بە ژنان بڵاونەکراوەتەوە''
لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە هیچ ئامارێکی فەرمی کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژ بە ژنان بڵاونەکراوەتەوە، لەکاتێک دا پێشتر لە کۆتایی هەر ساڵێکدا رادەگەیەندرا، چونکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا هەمووهەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ قەدەغەکردن و ڕیگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژ بە ژنان، بەبیانووی ئەوەی بڵاو کردنەوەی ئامارەکان هاندەرە بۆ زیادبوونی ڕێژەی کوشتنەکان، بەڵام شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی کوشتنی ژنان نەبووە و تەنها وەک پاشەکشێیەکی فراوان لە پرسی ژن بەدیدەکرێت، بەو پێیەی کابینەکەی مەسرور بارزانی بە پێچەوانەی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣ کە لە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە، هەموو جۆرە ئامارێکی ژن کوشتن دەشارێتەوە و ئامادە نییە ئامارەکە بداتە میدیا و ڕای گشتیی، ئەمەش وایکردووە کوشتنی ژنان بە هۆی عەقڵییەتی پیاوسالاریی، داڵدەدانی بکوژان لەلایەن دەسەڵات، سەروەرنەبوونی یاسا، دەستێوەردانە ناو کاری دادگا و نەگەشتنە ئەنجامی کەیسەکانی ژنان بەردەوام بێت.