سەرهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری، سەرەتایەک بۆ قۆرخکاری

بە کۆیلەکردنی ڕەشپێستەکان بە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری دادەنرێت، لە پاش سیستمی کۆلۆنیالیزم خاوەنداریەتی لە کۆمەڵ سەندرایەوە و درایە تاک، کەمبوونەوەی ژمارەی سەرمایەداران ئەو چینە دەکاتە مۆنۆپۆڵ و چەوساندنەوەی خەڵکی و ستەمکردن دروستدەبێت.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- سیستمی ئابووری سەرمایەداری لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا لە هەموو وڵاتانی جیهان زاڵ بوو، سیستمی ئابووری سەرمایەداری باوەڕی بە قازانجی مادی هەیە وەک هاندەرێک بۆ تاکەکان، بۆ ئەوەی دەستپێشخەری وەبەرهێنانی سەرمایە بکەن بۆ بەدەستهێنانی قازانجی دوو ئەوەندە، بەڵام جیاوازییەک لە وڵاتانی جیهاندا هەیە لە بەکارهێنانی بنەماکانی سیستەمی سەرمایەداری، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕۆڵی دەوڵەت لە ئابووری و پلەی ئازادبوونی بازاڕدا.

 

کاپیتالیزم- سەرمایەداری بە سێ قۆناغی سەرەکی گەشەی کردووە: سەرمایەداری بازرگانی، سەرمایەداری پیشەسازی و سەرمایەداری دارایی، سەرهەڵدانی سەرمایەداری پەیوەست بوو بە جوڵەی دۆزینەوە جوگرافییەکان لە سەدەی ١٦دا، کە ڕێگای بازرگانی تازەی بۆ بازرگانانی ئەوروپی و دەرفەتەکان کردەوە بۆ پەیداکردنی قازانج بە هێنانی کاڵای جۆراوجۆر و کۆکردنەوەی سامان.

 

شۆڕشی کشتوکاڵی لە کۆتای سەدەی پازدەهەم سەریهەڵدا و لە سەدەی شازدەهەمدا بەردەوامبوو، بە کرێدانی زەوی بەشێکی خەڵکی بەخێرای دەوڵەمەند دەکرد و گوندنشیینەکان ڕووبەڕووی هەژاری دەبوونەوە، دابەزینی نرخی دراو کە لەگەڵیدا کرێی کارکردنی دابەزاند و نرخی خواردن و شتومەک بەرزبوەوە، دەبووە هۆی قازانجی زیاتر بۆ بازرگانەکان و بەکرێگرەکان، بەمەش چینی کرێکارەکان زیاتر بەرەو هەژاری دەچوون.

 

قۆناغی دووەمی گەشەکردنی سەرمایەداری، سەرهەڵدانی سەرمایەداری پیشەسازییە لە سەدەی ١٨دا، لە ئەنجامی شۆڕشی پیشەسازی کە لە ئینگلتەرا دەستیپێکرد تەکنیکی بەرهەمهێنانی نوێی وەک مەکینەی هەڵم و مەکینەی خولانەوە لە هەموو ئەوروپادا دۆزرایەوە و بڵاوبوەوە.

 

سەرهەڵدانی کارگەکان لە ئەوروپادا بووە هۆی سەرهەڵدانی چینێکی نوێ لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی، ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە گەشەپێدانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و بەرزکردنەوەی بیروبۆچونی سەرمایەداری و پشوودانێک لەگەڵ سیستمی پێشوودا.

 

کۆیلە کردنی ڕەشپێستەکان لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی سەرهەڵدانی سەرمایەداری بوو

دۆزینەوەی کانی ئاڵتوون و زیو لە ئەمریکا، لەناوبردن و بە کۆیلەکردنی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی و ناشتنیان بە زیندوویەتی لە کانەکاندا، وەک هەنگاوی یەکەمی داگیرکاریی بوو، تاڵانکردنی هیندی خۆرهەڵات و کردنی ئەفریقیا بە شوێنی ستەمکاری بەرامبەر ڕەش پێستەکان بۆ بازرگانی پێکردنیان وەک کۆیلە، لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بوون.

 

سەرمایەداری لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم چووە قۆناغی سێیەمییەوە کە بە قۆناغی سەرمایەداری دارایی پێناسە دەکرێت، ئەم قۆناغە دەرکەوتنی دامەزراوە گەورەکانی بانکی جیهانی لێکەوتەوە و کۆمپانیا و بازاڕی سەرمایەکان پەکخران و کۆمپانیا پیشەسازییەکان کەوتنەژێر دەسەڵاتی کەرتی بانکەوە.

 

سیستمی کۆلۆنیالیستی فاکتەرێکە لە بنچینەی سەرهەڵدانی سەرمایەداری وەک سیستمێکی جیهانی، کە گەشەی بازرگانی و دەریاوانی خێراتر کرد، مۆنۆپۆلەکانیش " کە بە مانای دەست بەسەراگرتنى ئاو خاک و هەوا و سامان و سەروەت و هەناسەدانى خەڵکی دێت لەلایەن دەسەڵاتى سیاسى " پاڵنەرێکی گەورەی کۆبوونەوەی سەرمایە بوون لە ئاستێکی فراواندا.

 

 

قەرزی دەوڵەت، چەکێکی کۆکردنەوەی سەرمایەیە

وڵاتە کۆلۆنیەکان-دەسەڵاتدارەکان بەخێرایی بازاڕی ساغکردنەوەیان مسۆگەر کرد بۆ مانیفاکتۆرە تازەکان، مونۆپۆڵکرنی خۆشیان بووە هۆی کۆکردنەوەی زیاتری سەرمایە، ئەو سامانەشی لە دەرەوەی ئەوروپا بەهۆی تاڵانی و چەوساندنەوە و بە کۆیلەکردن و داگیرکارییەوە دەستدەکەوت دەگەڕایەوە بۆ نیشتمانی دایک و لەوێش دەکرا بە سەرمایە، هۆڵەندا یەکەم ووڵات بوو سیستمی کۆلۆنیالیستی برەوپێدا و لە ساڵی ١٦٤٨ گەیشتە بەرزترین پلەی بازرگانی.

 

قەرزی دەوڵەتیش فاکتەرێکی تری بەهێزی کۆکردنەوەی سەرەتای سەرمایەیە، بڕی سامانە نەقدە بەرهەمنەهێنەکانیش دەکرایە سەرمایە لە ڕێگەی قەرزدان بە دەوڵەت، ئەوەش چینێکی دروستکرد کە بەبێ کارکردن سوودمەند دەبوون، کۆمپانیا هاوپشکەکان بازرگانیکردنی دروستدەکرد بە مامەڵەی داراییەوە، کە لە دوایدا یاریەکانی بۆرسە و بانکۆکراتەکانی دروستکرد، لە سەرەتاوە بانکە نیشتمانیەکان بانکی تایبەت بوون بە نازناوی نیشتمانیەوە لە خزمەتی حکومەتدا بوون و لە توانایاندا بوو قەرزی پێبدەن، لە هەنگاویی یەکەمدا بانکی ئینگلتەرا دەستیکرد بە قەرزدان بە دەوڵەت بە سوودی ٨٪.

 

قۆرخکاری لە پێناو کۆکردنەوەی سەرمایە

خاوەنداری تایبەتی دژی خاوەنداری کۆمەڵایەتییە، واتە خاوەندارێتی بەکۆمەڵ بوونی نییە ئەگەر کەرەستەکانی کار و مەرجەکانی کار بەدەست تاکەکان خۆیانەوە نەبن، مۆرکی خاوەندارێتی تایبەتی بەو پێیە گۆڕانی بەسەردادێت کە ئایا موڵکدارەکان خۆیان کارگەڕن یاخود نا، مافی خاوەندارێتی تایبەتی بەرهەمهێنەران بۆ کەرەستەکانی بەرهەمهێنان بنچینەی بەرهەمهێنانی بچووکە، بەرهەمهێنانی بچووکیش مەرجێکی پێویستی پێشکەوتنی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و کەسایەتیەکی ئازادانەی کارگەڕ خۆیەتی.

 

کردنی کەرەستە بەرهەمهێنەرە پچڕپچڕەکانی تاک بە کەرەستەیەکی کۆبوەوەی کۆمەڵایەتی، گۆڕینی ژمارەیەکی زۆر لە موڵکدار بۆ ژمارەیەکی کەم لە موڵکدار، داماڵینی جەماوەرێکی فراوان لە کێڵگە و زەوی لە بژێوی و ئامرازەکانی ژیان، ئەم داماڵینە ترسناکە قورسەی جەماوەر پێشینەی مێژوویی سەرمایە پێکدەهێنێت.

 

چینی ژێردەست هۆکاری کۆکردنەوەی سەرمایەن

کاتێک هەنگاوەکانی گۆڕانکاری تا ئاستی پێویست ئەم کۆمەڵگا کۆنەی گۆڕی، بەرهەمهێن کرایە چینی ژێردەست و مەرجی کارکردنیشیان کرایە سەرمایە و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەسەر پێی خۆی وەستا، ئەوکاتە فۆرمێکی نوێ سەریهەڵدا بۆ پێشکەوتنی ئایندەی کاری کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاری زیاتر.

 

لە هەمانکاتدا کەمبوونەوەی ژمارەی سەرمایەداران، پێدانی توانایە بەو بەشەیان کە هەموو ئەم پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییە مۆنۆپۆڵ دەکەن، لە لایەکی ترەوە چەوساندنەوەی خەڵکی و ستەملێکردن و کۆیلایەتی و سووکایەتی پێکردنیان زیاد دەکات.