"تاکی ئێستا بۆ کەسێک دەگەڕێت تا کەمێک وزەی ئەرێنی پێبدات"

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵێکی کوشتن یاخود خۆکوشتن، بەبێ‌ هیچ گرنگیدان بە دەروونی تاک و کۆمەڵگا ڕاگەیاندنەکان لەپێناو زۆرترین بینەر ڕووداوەکان بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئەم کارەی بەشێک لە دەزگاکان بووەتە جێی ڕەخنەی ڕاهێنەرانی دەروونی و باس لە لێکەوتە خراپییەکانی دەکەن.

 

تەزە تەها

سلێمانی- کردەی خۆکوشتن یاخود کوشتن، کردەیەکی کۆمەڵایەتییە، لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەیە، بەڵام کاتێک لە حاڵەت دەردەچێت و دەبێتە دیاردە ئیتر ئەم کردەیە دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، ناکرێت وەک حاڵەتێک سەریبکرێت.

 

ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە جیهاندا ساڵانە بەڕێژەییەکی بەرچاو هەن، بەپێی ئاماری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ساڵانە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس خۆیان دەکوژن، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەسیش دەکوژرێن، ئەوەی جێی سەرنجە کوشتن و خۆ کوشتنەکان زۆرترینیان لە وڵاتە مامناوەند و هەژارەکاندان، هەروەها ئەو وڵاتانەی توندوتیژی و نا دیموکراسیترن کوشتن تێیاندا بەردەوام بەرزترە.

 

ئێستا کوشتن و خۆکوشتن بووەتە هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤایەتی و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان ساڵانە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکەن، لەبەرئەوەشە کە هەندێک لە وڵاتەکان ڕێگا بە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە نادەن، یاخود دەبێت کەمترین گرنگی پێبدرێت، لەبەر ئەوەی ئاگادارن لە لێکەوتەی ئەو جۆرە هەواڵانەی کە بڵاودەکرێنەوە، کاریگەرییەکانی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و کۆمەڵگاکانیان.

 

هەواڵەکانی کوشتن سەردێڕی میدیاکانن

بەڵام لە باشوری کوردستان کوشتن و خۆکوشتن گرنگترین هەواڵ و سەردێڕی میدیاکانن، کاتێک کەسێک دەکوژرێت یاخود خۆی دەکوژێت پەیامنێرەکان دەچنە شوێنی ڕووداوەکە، ڤیدیۆ و وێنەی ڕووداوەکە دەگرن و کەسانی ئاگادار لە ڕووداوەکەوە نیشاندەدەن، زۆرجاریش دەچنە پرسەکانەوە و شیوەنی پرسەکانیان دەگوازنەوە.

 

میدیا ئەلیکترۆنییەکان پشکی شێرییان لەم دۆخەدا هەیە، لەگەڵ هەر ڕووداوێکدا دەچنە سەر ڕووداوەکە و ڕاستەخۆیەک ئەنجام دەدەن، لەبەرامبەر ئەمەشدا بە سەدان و هەزاران کەس سەیری بابەتەکانیان دەکەن، ئەمەش لە هەفتەی ڕابردوودا دەرکەوت کە چەند حاڵەتێکی کوشتن و خۆکوشتن لەدوایەک ئەنجامدرا، بوونە هەواڵی گەرمی میدیاکان.

 

بڵاوکردنەوەی ئەم ڕووداوی کوشتن و خۆکوشتنە بەردەوام و هەواڵ لە دوای هەواڵ کاریگەری زۆر دروست دەکات، بەپێی توێژینەوەکانی بواری کۆمەڵناسی لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەر ڕووداوێکی کوشتن یاخود خۆکوشتندا دوای ئەوە چەند حاڵەتێکی دیکە ڕوودەدات و زیاد دەکات.

هەندێک لە کۆمەڵناسەکان ئێستا مایک و چەک وەک دوو ئامڕاز، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کێشەی دروستکردووە، بەناودەکەن، هەندێک لە دەزگا میدیاکان وەک لێکۆڵەرێک مامەڵە دەکەن.

 

بڵاوکردنەوەی بەردەوامی ئەم هەواڵانە لە دەزگا میدییایەکانەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروونی تاک و کۆمەڵگاش دروستکردووە، بە ئاشکرا ئەم کاریگەرییە دەروونی و شڵەژاویە لەسەر کۆمەڵگا دیارە، ڕاهێنەرێکیش چەند باس لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم جۆرە هەواڵانە دەکات.

 

زۆر بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی خەمۆکی دەهێنێت

تریفە جەلال، ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی، باس لەوەدەکات، بەپێی توێژینەوەکان کە ئەنجام دراوە، ئەو گەنجانەی کاتێکی زۆر لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەسەر دەبەن دواتر تووشی خەمۆکی دەبن، لەبەر ئەوەی یان بەردەوام هەواڵە ناخۆشەکان دەبینێت و وزەی نەرێنی پێدەدات، یاخود بەردەوام ژیانی خۆشی کۆمەڵێک کەسی دیکە دەبینێت کە ئەمەش جارێکی دیکە کاریگەری نەرێنی دروست دەکات، کە ئەو گەنجە توانای دەستەبەرکردنی ئەو ژیانەی نییە.

 

ئەو دەڵێت وتەیەکی بەڕیتانی هەیە کە دەڵێت "ئەگەر دەتەوێت کاریگەری ئەرێنی بڵاو بکەیتەوە، سەردێڕی هەواڵەکان بگۆڕە"، ئەمەش بەهای گرنگی ئەو هەواڵ و بابەتانە دەگەیەنێت کە تا ڕادەییەکی یەکجار زۆر کاریگەری لەسەر دەروونی تاک دروستدەکات.

 

میدیا ئامانجی کۆکردنەوەی بینەرە

 ئەو ڕاهێنەرە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە میدیا ئەلیکترۆنییەکان لە ئێستا تەنها ئامانجیان کۆکردنەوەی زۆرترین بینەر، بیر لە کاریگەری نەرێنی ئەو بابەتانە ناکەنەوە کە بڵاوی دەکەنەوە، دەزگاکان سەرباری ئەوەی کە خۆیان دەزانن چەندە کاریگەری نەرێنییان هەیە، بەڵام هێشتا نابەرپرسانە هەر بابەتەکان بڵاو دەکەنەوە، لەبەر ئەوەش شێوازی داڕشتنەوەی هەواڵەکان زۆر کاریگەری هەیە.

 

ئەو بەشێکی دیکە لە شڵەژاوی دەروونی کۆمەڵگا بۆ لاوازی و قەیرانەکان دەگەڕێنێتەوە، کە بواری ئابووری و سیاسەت ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکەنە سەر بوارە کۆمەڵایەتییەکەی ژیانی هاوڵاتیان، هەر کات سیاسەت و ئابووری بەهێز بن، ئەوا کۆمەڵگاش پێشدەکەوێت.

 

تریفە جەلال، پێی وایە هەر وەک چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری کێشەکانن، دەشتوانن ببنە دەرچەیەک بۆ چارەسەر، لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بابەتی هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە.

لە کۆتایشدا بە گرنگی دەزانێت، دەزگا میدیاییەکان بەرپرسانە مامەڵە بکەن، بیر لە دەروونی تاک بکەنەوە، چونکە وەک ئەوەی دەردەکەوێت تاکی کورد ئێستا لە ڕووی دەروونییەوە زۆر بێزارە و بۆ کەسێک دەگەڕێت کەمێک وزەی ئەرێنێ پێبدات.

 

ت.پ