لە هەرێمی کوردستان زیاتر ٣ هەزار پرۆژەی گەشتیاری هەیە

هەر گەشتیارێک کە سەردانی هەرێمی کردستان دەکات زیاتر لە ٣٠٠$ لە بازاڕەکانی هەرێم خەرج دەکات، ئەو بڕە پارەیەی کە گەشتیار خەرجی دەکات تەنیا بۆ کەرتی گەشتوگوزار نیە، بەڵکو بازاڕ و هۆتێل و مۆتێلەکانیش دەگرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

له‌ ڕوانگه‌ی بنه‌ماکانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌، ده‌بینین که‌ سروشت و مێژوو و شارستانییه‌ت زۆر که‌ره‌سته‌ له‌خۆده‌گرن، وه‌کو شوێنه‌ گه‌شتیاری، ئایینی و کۆنه‌ جیاجیاکان، دۆڵه‌کان، شیوه‌کان، گرده‌کان، کێوه‌کان، ئه‌شکه‌وته‌کان، نه‌خشه‌ تاشراوه‌کان، مزگه‌وت و که‌نیسه‌کان. هه‌روه‌ها که‌شوهه‌وای خۆشی کوردستان و میوانداری گه‌رمی گه‌شتیاران یارمه‌تیده‌رن بۆ هێنانی گه‌شتیاران به‌ درێژی ساڵ. له‌ پاڵ ئه‌مانه‌ش هاوکاریکردنی جوڵانه‌وه‌ی بازرگانی چالاك، که په‌یوه‌سته‌ به‌ شوێنی جو‌گرافی ستراتیجیەوە.

 

هەرێمی کوردستان تاکە سەرچاوەی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکانە، قەیرانی دارایی پلان و ستراتیژی حکومەتی هەریمی کوردستانی گۆڕی تا بیر لە داهاتیتر بکاتەوە، کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، ناوچە گەشتیاریەکان ڕوو لە بوژانەوە و گەشبوونەوە دەکەن، کە گەشیاران دەتوانن لە هەر چوار وەرز گەشتبکەن و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی داهاتی نەوت دەبێت.

 

گەشتوگوزاری شوێنەواریی

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە٣٥٠٠ شوێنەوار هەیە، ژمارەیەك لەم شوێنەوارانە گرنگن بۆ گەشتوگوزار، وەك قەڵاكانی هەولێر، خانزاد، دێرێ‌، دوین، سارتكە، ئاكرێ‌، ئامێدی، رواندز، شێروانە، بەرزنجە، هەروەها ژمارەیەك هەلكۆلدراو هەیە وەك قسقاپان، خنس و هەڵامتان، لەگەڵ ژمارەیەك پەیكەری هەڵكۆڵدراو وەك هەریر، دەربەندی بێلولە، دەربەندی گاور، میرقولی، ژمارەیەك ئەشكەوتی شوێنەواری گرنگیش لە كوردستان هەیە وەك شانەدەر، كە مرۆڤی نیاندرتاڵی تێدا ژیاوە و زیاتر لە ٩ ئیسكە پەیكەری لێ‌ دۆزراوەتەوە و مێژووی بۆ٦٠ هەزار ساڵ بەر لە زاین دەگەڕێتەوە، ئەشكەوتی چوار ئەستون كە پەرستگای ئاینی زەردەشت بووە، گوندك چەند وێنەی هەڵكۆڵدراوی لەسەرە، ئەشكەوتی بێستون و هەودیان، چەمی ڕەزان و هەزارمێرد و زەرزی، كە كەلوپەلی شوێنەواریان لێ‌ دۆزراوتەوە، مۆزەخانە لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر، دهۆك هەیە و هەزاران پارچەی شوێنەواریان تێدایە، ژیانی كشتوكاڵی١٠ هەزار ساڵ بەر لە زاین لە گوندی زویا چەمی و ٧ هەزار ساڵ بەر لە زاین لە گوندی چەرمۆ دەستیپێکردووە و ئێستا شوێنەری گەشتیاری شوێنەوارن و ئامادەن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران .

 

کۆمەڵێک لە شوێنەوارە دیارەکانی هەرێمی کوردستان

 هاوینەهەواری جوندیان:

١١٢كم لە ناوەندی شاری هەولێرەوە دوورە، بەر لەوەی بگەیتە شارۆچكەی ڕواندز بە دووری ٥كم بەو هاوینەهەوارە دەگەیت، كە كانیاوێكی سازگاری ئەم ناوچەیەیە لە دامێنی چیای هەندرێن.

 

جوندیان بەم كانییە سەرنجراكێشە ناوبانگی دەركردووە، لە قووڵایی ئەم ئەشكەوتەوە دێتە دەرێ‌ و ئاوێكی سازگاری سارد و سروشتێكی جوانی بەم ناوچەیە داوە، جوندیان لەلایەن حكومەتی هەرێم جوانكاری بۆ كراوە و تەواوی ئەم هاوینەهەوارە بە دار و درەخت داپۆشراوە، چەندان كافتریا و گازینۆ و چێشتخانەی گەشتیاری و میللی تێدایە، ساڵانە گەشتیاران بە شێوەیەكی بەرفراوان لە شارەكانی هەرێم و خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە ڕووی تێدەكەن، ناوی جوندیان لە گوندی دیانانوە هاتووە، سەردەمانێك پەیرەوانی ئایینی مسیحی لەم ناوچەیەدا رێژەیان زۆر بووە، بۆیە جوندیان ناوی گوندی دیانانی پێوەماوە .

 

هاوینەهەواری گەلی علی بەگ

یەكێكە لە ناوچە گەشتیارییە جوان و دڵگیرەكانی پارێزگای هەولێر، گەلی عەلی بەگ، كە ١٣٠كم لە ناوەندی شاری هەولێر دووره، لەسەر دراوەكانی عێراق وێنەی كێشراوە.

 

تاڤگەکە لە لێكترازانێكی سروشتی نێوان هەردوو چیای رواندوز لە بەری ڕۆژهەڵات و برادۆست لەبەری ڕۆژئاوا دروستبووە .

 

دۆڵەكە زۆری بە دار و درەخت داپۆشراوە لەگەڵ چەندان تاڤگەی بچووك، لە بەهارانیشدا كۆمەڵێك تاڤگە دەتەقنەوە و بە تاڤگەی كانی ماران ناسراون، لە نێو گەلیدا هەرسێ‌ رووباری رواندز و سیدەكان خەلیفان یەك دەگرنەوە و رووباری بێخمەی لێ‌ پێكدێت و تێكەڵ بە زێی گەورە دەبن .

 

لە نێو ئەم گەلیەدا بنمیچێكی درێژ هەیە كە لە پاشماوەی رێگای هامڵتۆنەوە دروستبووە، ئێستا گەشتیاران بۆ دانیشتنی خێزانی كەڵكی لێوەردەگرن.

 

هاوینەهەواری چنارۆك

لە باكوری ڕۆژهەلاتی كۆیەیە بە دووری ١٣كم لە سەر چیای هەیبەت سوڵتانە بە دیوی ڕۆژهەڵات، دەروانێتە دەشتی بێتوین، ئەم هاوینەهەوارە چەندان چێشتخانە و كافتریای میللی لێ‌ دروستكراوە و ناوچەیەكی جوان و سەرنجراكێشە و دار و درەخت و چەندین كانیاوی تێدایە و گەشتیاران سەردانی دەكەن. ئەم هاوینەهەوارە دەروازەیەكە بۆ گەیشتن بە هاوینەهەواری دوكان و سنوری پارێزگای سلێمانی.

 

هاوینه‌هه‌واری بێخاڵ

١٠٥کم لە شاری هەولێر و ٥٥كم لە شارۆچكەی ڕەواندز دوورە، كەوتووەتە نێوان چەند لوتكە چیایەكی بەرز، پێكهاتووە لە تاڤگەیەكی سروشتی كە دەڕژێتە خوارێ و دیمەنێكی دڵڕفێنی بە سروشتی هاوینەهەوارەكە بەخشیوە، ژمارەیەك چێشتخانە و كەپر و شوێنی پشوودانی بۆ گەشتیاران لێ دروستكراوە و بە هاوینان پلەی گەرمی دەگاتە ٣٢ پلەی سەدی.

 

شەقڵاوە

شارۆچكەی شەقڵاوە بە دووری  ٥٠ كم دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێرە، لە نێوان چیای سەفین و چیا سۆرك هەڵكەوتووە، بە هۆی سروشتی جوانی بە بووكی كوردستان ناسراوە، هاوینەهەوارێكی سەرنجراكێش و ئاو و هەوا سازگارە، دیمەنی شەقڵاوە بە دار و درەختی زۆر داپۆشراوە و كانی و ئاوی زۆرە، چەندان كەلوپەل و خواردنی دەستكردی كوردەواری لە بازاری شەقڵاوە هەیە، باخەكانی شەقڵاوە چەندان جۆر میوەی هەیە، بۆیە گەشتیاران لە سەرانسەری عێراق و وڵاتانی دەرەوە رووی تێدەكەن.

 

گەشت و گوزاری چارەسەریی

لە هەرێمی كوردستان دوو جۆر گەشتوگوزاری چارەسەری هەیە، یەكەم سروشتی و دووەم مرۆیی. لە سروشتیدا ژمارەیەك كانیاوی كانزای جۆراوجۆر هەیە، كە بۆ چارەسەری نەخۆشی خورشت، پێست زەرتك، لادانی بەردی كلیە و چەند جۆرە نەخۆشی تر بەكاردێت. هەروەها ناوچەی هەوا پاك و خاوێن و سروشتی جوان هەیە كە بۆ چارەسەری نەخۆشی دەرونی بە سوودە.

 

جۆری دووەم چارەسەری مرۆیی، سەرجەم نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، بە تایبەت كەرتی تایبەت كە دكتۆری تایبەت لە ولاتانی دیکە بۆ كوردستان دەهێنن، بەم هۆیەش گەشتیاران لە شارەكانی تری عێراق و وڵاتانی دەوروبەر ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. ئەم جۆرەی گەشتوگوزارە لە پێشكەوتن و گەشەسەندن دایە.