کورد؛ ئەو گەلەی ئاوارەی سەر خاکی خۆی دەبێت

ماوەی ١٠٠ ساڵە کوردستانی گەورە پارچە کراوە و کوردان بەهۆی سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتانی داگیرکەرەوە، هەر جارەو ڕوو دەکەنە پارچەیەک و بە ئاوارە ناوزەند دەکرێن لە خاکی خۆیاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، بە پێی پەیماننامەی سایکس بیکۆ، خاکی کوردستان کرایە چوار پارچە و کوردان بە ناوی پارچەکانەوە جیاکرانەوە، ١٠٠ ساڵ بەسەر ئەو پەیماننامەیەدا تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەدا کورد بە بەردەوامی لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە ڕووبەڕووی کۆڵۆنیالیستی و کوشتنی بە کۆمەڵ بوونەتەوە، هەر جارە و کوردانی پارچەیەک ئاوارەی پارچەیەکی دیکە بوون و دەبن، هەرچەند  هەر چوار پارچەکە خاکی کوردانە، بەڵام بە ئاوارە ناوزەند دەکرێن، لە ڕابردوودا ئاوارەبوونی کوردان بە هۆکاری ڕاپەڕین و جەنگ بووە، لە ئێستاشدا ناسەقامگیری سیاسی دەوڵەتانی دراوسێ و سیاسەتی لەناوبردنی شوناس و زمان، کوردانی ناچار بە ئاوارەبوون کردووە.

 

ژمارەی کوردان لە میزۆپۆتامیادا زیاتر بووە لە ٣٠ ملیۆن کورد

لە پێش جەنگی جیهانی یەکەم و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، لە میزۆپۆتامیادا  ٢٥ بۆ ٣٥ ملیۆن کورد لە سنورەکانی تورکیا و عێراق و سوریا و ئێران و ئەرمینیادا دەژیان، چوارەم و گەورەترین نەتەوە بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەو ٣٥ ملیۆنە، ١٤.٧ ملویۆنیان لە باکوور،  ٨.١ ملیۆنیان لە ڕۆژهەڵات، ٥.٥ ملیۆن لە باشوور و ١.٧ ملیۆنیان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، لە دوای ڕوخانی دەسەڵاتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمیشدا، بە پێی پەیماننامەی سایکس پیکۆ لە ٩ ئایاری ١٩١٦دا کوردستانی گەورە و کوردەکان کرانە چوار بەش و ئیدی وڵاتێک نەما بەناوی کوردستانی گەورە.

 

سایکس بیکۆ پڕۆژەیەکی کۆلۆنیالیستی ھەرسێ دەوڵەتی بەریتانیا، فەڕەنسا و ڕووسیا بوو، ئامانج لێی ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دۆڕاو لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا و لێک جیاکردنەوەی کوردستان و بەشکردنی بەسەر دەوڵەتانی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا بوو، کوردان بە بەردەوامی لە ماوەی ئەم ١٠٠ ساڵەدا لەلایەن دەوڵەتانەوە کۆڵۆنیا و توندوتیژیان بەرامبەر کراوە و هەرجارە و پارچەیەکیان ئاوارەی پارچەکەی تر دەبن و لە خاکی خۆیاندا بە ئاوارە ناو دەبرێن، بەمەش دەوترێت ئاوارە بوون لە خاک و وڵاتی خۆتدا.

 

ئاوارەبوونی کوردانی باشووری کوردستان لە خاکی خۆیاندا

لە دوای مۆرکردنی ڕێکەوتنامەی جزائیر لە نێوان عێراق و ئێران لە ئاداری ساڵی ١٩٧٥دا، کوردانی باشووری کوردستان ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و لە ئۆردوگاکانی ئێراندا نیشتەجێ بوون، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨یشدا، ڕژێمی بەعس دەستی کرد بە بۆردومانکردن و کیمیاباران کردنی گوندەکانی باشووری کوردستان و دووبارە ئاوارەبوون بەرەو سنورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد.

 

هەروەها لە ٣١ی ئاداری ١٩٩١ و ١٠ ڕۆژ دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان، ڕژێمی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن، بە هەزاران تانک و زرێپۆش و فڕۆکە و هەلیکۆپتەری سەربازی هاتەوە باشووری کوردستان و هێرشێکی زەمینی و ئاسمانیی فراوانی دەستپێکرد، بە هۆیەوە ملیۆنەها کورد لە باشووری کوردستانەوە، ئاوارەبوون و ڕوویان لە سنوورەکانی وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریا کرد و ژمارەیەکی زۆریش گیانیان لەدەستدا.

 

ئاوارەبوونی ئێزیدییەکان

ئێزدییەکان لە مێژووی خۆیاندا ڕووبەڕووی ٧٣ کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، بەڵام هیچ کات و سەردەمێک دەستبەرداری باوەڕیی، شوناس و خاکی خۆیان نەبوون، لەم چەند ساڵەی دوایدا کۆمەڵکوژی ٧٤ لە بەرەبەیانێكی زووی ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بەسەر ئێزیدییەکاندا هات و داعش گەورەترین کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، بەگوێرەی ئامارەکان بەهۆی ئەو هێرشەوە ٤٣٠ هەزار هاوڵاتی ئێزیدی ناچاربوون ئاوارەی پارچەکانی دیکەی کوردستان ببن، نزیکەی ١.٣ ملیۆنیشیان ئاوارەی باشووری کوردستان بوون.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتاکو ئێستا ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ ڕووینەداوە

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتاکو ئێستا ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ ڕووینەداوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی ئازادی و خراپی باری ئابووری لە ئێران و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرەتای سەدەی ٢١ەوە بەشێکی زۆریان بە شێوەی خودی بە خێزانی ڕوویان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بە تایبەت باشووری کوردستان کردووە، کە لە ئێستا ژمارەیان لە باشووری کوردستان زیاترە لە ١٣ هەزار کەس، بە هۆی سیاسەتی لایەنە جیاوازەکان و کاریگەری دەوڵەتە داگیرکەران، بەشێک لە کوردەکان بە هاوڵاتیانی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەڵین ئێرانی یاخود پەنابەر، کە ئەمەش نیگەرانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی لێدەکەوێتەوە، دەڵین ئێمەش کوردین ئێرانی نین.

 

ئاوارەبوونی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان

لە کاتی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی قامیشلۆ لە ساڵی ٢٠٠٤، بەشێک لە کوردان ڕۆژئاوای کوردستانیان بەجێهێشت و وەک پەنابەر لە خاکی باشووردا نیشتەجێ بوون، لە ساڵی ٢٠١١ کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەشێکی ناوچەکانیان داگیر کرد، کوردانی ڕۆژئاوا ناچار بوون بۆ پاراستنی گیانیان لەدەست ئەو چەتانە ڕووبکەنە باشووری کوردستان و لە ناوچە سنوریەکانی باشووردا وەک ئاوەرە نیشتەجێ ببن و ژیان بگوزەرێنن.

 

لە ٩ تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا هێرشێکی سەربازی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردەوە، بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و بە پێی ئامارە بەردەستەکان زیاتر لە ١٢ هەزار کوردی ڕۆژئاوا بە هۆی ئەم هێرشەوە ئاوارەی ناوچە سنووریەکانی باشووری کوردستان بوون.

 

ئاوارەبوونی کوردانی باکووری کوردستان

لە باکووری کوردستانیش بە هۆی زۆری زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە کوردەکان، هەمیشە کورد لە راپەڕین و شۆڕشدا بوون، بەو هۆیەشەوە دەوڵەتی تورک بەردوام هەوڵی دامرکاندنەوەی شۆرشەکانی داوە، بەتایبەتیش ڕاگواستنی کوردەکان لە ناوچەکانی خۆیان بۆ ناوچەیەکی تر.

 

لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا لە ساڵی ١٩١٤دا ژمارەیەکی زۆر کورد و زازا لە باکووری کوردستان، کە ژمارەیان زیاتر بووە لە ٧٠٠ هەزار کەس، ئاوارەی ناوچەکانی تر بوون لە کاتی ئەو ئاوارەبوونەشدا ٣٥٠ هەزار کەس بە هۆی برسێتی و زۆری ڕۆشتن بە پیادەڕەوی گیانیان لە دەستداوە.

 

لە نێوان ساڵەکانی ١٩٢٦ بۆ ١٩٣٠ کوردانی ناوچەکانی ئارارات ناچارکران کە شوێنی نیشتەجێبوونیان چۆڵ بکەن و ئاوارەی ناوچەکانی تری کوردستان بن، هەروەها لە ساڵی ١٩٣٧ کوردانی باکووری کوردستان ڕاپەڕینی دەرسیمیان دژی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدا، بە هۆی ئەم ڕاپەڕینەوە ١٣ هەزار و ١٦٠ کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کۆمەڵکوژ کران و زیاتر لە ١٢ هەزار کوردیش ئاوارەی سنورەکانی پارچەکانی تری کوردستان بوون.

 

لە دوای ڕاپەڕینی کوردانی جەزیرە و بۆتان کە لە بەهاری ساڵی ١٩٩٢ دەستیپێکرد، بە هۆی سیاسەتە نامرۆڤیەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باکووری کوردستان ئاوارەی ناوچە سنوریەکانی باشووری کوردستان بوون و وەک ئاوارە لە خاکی خۆیاندا نیشتەجی بوون.

 

جێی ئاماژەیە لە ڕابردوودا کوردان بە هۆکاری ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکان بە کۆمەڵ ئاوارەی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەبوون، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بەردەوامی لە دەسەڵاتە نامرۆڤیەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە کوردەکان و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی و قەدەغەکردنی دوان بە زمانی کوردی، کوردان بە خێزانی و بە تاک بە ناچاری ڕوودەکەنە پارچەکانی دیکەی کوردستان و لە دواتریشدا لە خاکی خۆیاندا بە ئاوارە ناوزەند دەکرێن.