سەدەی ژن و قەیرانی دەوڵەت نەتەوە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا
هێرشە سیستماتیکییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە دژی ژنان لە هەموو جیهاندا دیارە، بەڵام ژنان بەرەنگاری ئەم هێرشانە بوونەتەوە و خەباتەکانیان بەرگری لەو باوەڕە دەکەن کە "سەدەی بیست و یەک سەدەی ژن دەبێت.

ئاڤزەم ڤیان
ناوەندی هەواڵ – دیدگای “شۆڕشی ژنان” و ئەو وتارانەی کە ژنانی کورد وردە وردە لە قاڵبیان داوە، لەگەڵ شیکردنەوەی ئەو قەیرانانەی کە حکومەتەکان و دەسەڵاتە نەتەوەییەکان دروستیان کردووە، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە گۆڕینی سەدەی بیست و یەک بۆ “سەدەی ژن”. ئه مه له کاتێکدایه شه ڕی مۆدێرنیتەی سەڕمایەداری له دژی ژنان به یەکێک له پایه سەرەکییەکانی ئەم قەیرانه دادەنرێت.
هێرشە سیستماتیکییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە دژی ژنان لە هەموو جیهاندا دیارە، بەڵام ژنان بەرەنگاری ئەم هێرشانە بوونەتەوە و خەباتەکانیان بەرگری لەو باوەڕە دەکەن کە "سەدەی بیست و یەک سەدەی ژن دەبێت"؛ باوەڕێک کە پێیان وایە لە ڕێگەی شۆڕشی ژنانەوە بەدی دێت.
ئەو لێدوانەی کە سەدەی بیست و یەک سەدەی ژن دەبێت، واتایەکی قووڵی هەیە، بەڵام نیشانەکانی ئەم گۆڕانکارییە چین؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیاره دەبێت مرۆڤ له سەرچاوەی مێژووی کۆمەڵایەتی بپشکنێت و ڕۆشنایی بخاته سەر قەیرانەکانی ئە سەدەیە، ناکرێت لە گرنگی شۆڕشی ژنان لە سەدەی بیست و یەکدا تێبگەین بەبێ تێگەیشتن لە قەیرانی پێکهاتەیی مۆدێرنیتە سەرمایەداری، ئەم قەیرانە لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکاندا خۆی دەرخستووە، وەک قەیرانی دەوڵەت نەتەوە، قەیرانی ژینگەیی، قەیرانی ئابووری، کۆمەڵکوژیی ژنان. پێویستە هەریەکێک لەو قەیرانانە بەجیا بکۆڵینەوە.
بۆچی ئەم قەیرانە بە "بنیاتنەر" ناودەبرێت؟
سەرمایەداری ئەمڕۆ لەبەردەم قەیرانێکی جدیدایە، شیکردنەوەی سیستمێکی ٥٠٠٠ ساڵەی باڵادەستی پیاو، تێگەیشتنێکی قووڵتر لە جینۆسایدی ژنان دەڕەخسێنێت، بەردەوامی ئەم سیستمە بەبێ دروستکردنی فۆڕمی نوێی هەژموونی پیاوان و کۆیلەکردنی ژنان مەحاڵە. لەگەڵ دژە شۆڕشی پیاوان کە زەمینەی سەرهەڵدانی دەوڵەت و شارستانیەتی خۆشکرد، یەکەم دەستدرێژی بۆ سەر ژنان ڕوویدا و پڕۆسەی ئیستغلالکردنی کار و جەستەی ژنان دەستیپێکرد. ئەم پرۆسەیە بە یەکخستنی دەوڵەت و هەژموونی پیاو لە چوارچێوەی ئایینە یەکتاپەرستەکاندا چەسپاند و بووە هۆی بەدامەزراوەییکردنی کۆیلایەتی ژنان. سەرمایەداری، بە قووڵکردنەوەی ئەم بۆشاییە جێندەرییانە، بەربڵاوترین سیستەمی ئیستغلالکردنی ژنانی لە قاڵب داوە.
هەر قۆناغێکی گەشەسەندنی شارستانیەتی دەوڵەتی و بەردەوامیی سەرمایەداری شەپۆلێکی نوێی هێرش و جینۆسایدی دژی ژنان لەگەڵ خۆیدا هێناوە، وەک چۆن لە ئەوروپا لە سەدەکانی ڕابردوودا، ڕاوکردنی جادووگەرەکان، وەک یەکێک لە یەکەم فۆرمەکانی سەرهەڵدانی سەرمایەداری، بووە هۆی کوشتنی بەربڵاوی ژنان، ئەمڕۆش ژنان باجی قورس دەدەن بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانە پێکهاتەییەکانی سەدەی بیست و یەکەم و خەریکە دەبنە ئامانجی کوشتن و توندوتیژی.
قەیرانەکان کە بەهۆی دەوڵەت نەتەوە دروست دەبن
لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم، قەیرانی دەوڵەتە نەتەوەییەکان توندتر بووە، لە سەدەی بیستەمدا ژمارەی دەوڵەتە نەتەوەییەکان سێ هێندە زیادی کرد؛ بەڵام لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان بووە هۆی زیادبوونی ململانێکان و شەڕی نوێ. ناسیۆنالیزم و ئایدۆلۆژیا ئایینیەکان کولتوور و نەتەوە و بیروباوەڕی جیاوازیان سەرکوت دەکرد، ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە لە بڕی بودجەی تەرخانکراو بۆ سوپاکان دەبینرێت؛ بە تایبەتی لە وڵاتانی وەک ئەمریکا، چین، هیندستان، ڕووسیا، سعودیە، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، و تورکیا.
بە ملیۆنان قوربانی لە شەڕەکاندا
لە سەدەی بیستەمدا ملیۆنان کەس لە شەڕەکاندا گیانیان لەدەستدا کە بەهۆی دەوڵەتە نەتەوەییەکانەوە بوون، ئەو جینۆسایدانەی کە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزی ئەنجامدراون، نیشانی دەدەن کە سروشتی دەوڵەتی نەتەوەیی فاشیزمە، هەموو دەوڵەتە نەتەوەییەکان بەردەوام کێشە بۆ کۆمەڵگەکانی خۆیان و بۆ گەلانی دیکە دروست دەکەن. پەرەسەندنی سەرمایەداری پێویستی بە تاڵانکردنی سروشت و چەوساندنەوەی ژنان و چەوساندنەوەی کۆمەڵگە خۆڕاگرەکان و ئیستغلالکردنی کرێکاران هەیە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی گەڕانەوەی دەسەڵاتە فاشیستەکان بۆ دەسەڵات جیهاندا.
بەردەوامی هەژموونی نێرینە
فاشیزم قووڵترین و دامەزراوەییترین شێوەی هەژموونی پیاوسالارییە. ئەم سیستەمە ئەو کۆمەڵگەیانە دەقۆزێتەوە و دەیانچەوسێنێتەوە بە کۆیلە، فۆڕمی تایبەتی کۆلۆنیالیزم بەسەر جەستە و کارەکانیاندا دەسەپێنێت. شێوازی جۆراوجۆری سەرکوتکردن، لە جینۆسایدەوە تا کەمکردنەوەی دانیشتوان لە ڕێگەی ئاسمیلەکردنی کولتووری، لەشفرۆشی، ماددە هۆشبەرەکان، گەندەڵی ڕێکخراو و هەژاری، ئامرازەکانی ئەم هەژموونەن. قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ، هاندانی زیادبوونی دانیشتووان و چەسپاندنی کۆنترۆڵی پیاوان بەسەر ژناندا لە سیاسەتە سەرەکییەکانی ڕژێمە فاشیستەکانە. لەم ڕووەوە دەکرێ دەوڵەتە نەتەوەییەکان بە ڕژێمی ژنکوژیش هەژمار بکرێن.
لە شەڕەکاندا کە لە دەوڵەت نەتەوەوە سەرچاوە دەگرن، توندوتیژی دژی ژنان لە فۆرمێکی دڕندەتردا خۆی دەردەخات، سوپا و هێزەکانی پۆلیس و گروپە نیمچە سەربازییەکان وەک بەشێک لە غەنیمەتەکانی شەڕ مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن و هێرشی بە پلان و داڕێژڕاو لە دژی ئەنجام دەدەن، لەوانە دەستدرێژی، ڕفاندن، کۆیلەکردن و کوشتنە. ئەم ڕەوتە هەمیشە لەگەڵ زیادبوونی شەڕ و میلیتاریزم توندتر بووە.
هاوکات بە پەرەسەندنی جۆرەکانی شەڕ، چەمکەکانی وەک مافی مرۆڤ و یاساکانی شەڕ لەناو دەچن, تەکنەلۆژیای جەنگی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی نیمچە سەربازی و قەیرانی ئابووری وایکردووە حکومەتەکان بتوانن شەڕ لە دژی یەکتر بکەن بەبێ ئەوەی بە فەرمی شەڕ ڕابگەیەنن، هاوکات گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان وەک ئامرازێک بۆ ناسەقامگیری و ململانێی درێژخایەن بەکارهێنراون. پەنابەران، کە لە زێدی خۆیانەوە دوورخراونەتەوە، وەک کرێکاری هەرزان، قوربانی مافیای ئۆرگ، یان لە پیشەسازی لەشفرۆشیدا دەقۆزرێنەوە. لە هەمان کاتدا بە ئەنقەست بە درێژایی ڕێگاکانی کۆچکردن دەکوژرێن.
بەهێزکردنی ناسیۆنالیزم و خۆپەرستی ئایینی و جیاکاری ڕەگەزی
ئەم دۆخە زەمینە بۆ گەشەی ناسیۆنالیزم و خۆپەرستی ئایینی و هەڵاواردنی جێندەری دەڕەخسێنێت، حکومەتە نیشتمانییەکان هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان دەقۆزنەوە بۆ سەپاندنی ڕێوشوێنی ئەمنی سەرکوتگەرانە بەسەر هاوڵاتیانی خۆیان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە دیموکراسیەکان، لەگەڵ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی حکومەتە فاشیستەکان، دۆخی پەنابەران لە زۆرێک لە وڵاتان وەک هەڕەشەیەک دەقۆزرێتەوە.