ساکینە جانسز؛ ناوێکی درەوشاوە لە مێژووی ژنی کورددا 

لە گوندەکانی دێرسیمەوە تا ناو خەباتی سیاسی و ژنانی کورد لە ئەوروپا، ساکینە جانسز ژیانێکی پر لە خەبات و بەرخۆدانی تۆمار کرد، ناوی لە مێووژی ژنانی کورددا هەمیشە درەوشاوەیە. 

هێڤی سەڵاح  

  

ناوەندی هەواڵ- ساکینە جانسز یەکێک بوو لە ناسراوترین ژنانی کورد کە ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ خەباتی ئازادی، مافەکانی ژنان و مافی گەلی کورد. لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٨ بوو لە گوندی دێرسیم  لە باکووری کوردستان، و لە منداڵییەوە بە ئازاری نادادپەروەری و ستەم ئاشنا بوو.  

   

ساکینە جانسز لە ساڵانی گەنجییدا تێکەڵبوو بە تەڤگەری ئازادی‌خوازی کورد و بوو بە یەکێک لە دامەزرێنەران و پێشەنگانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ئەو ژنێک بوو کە تێڕوانینی نوێی هێنا بۆ رۆڵی ژن لە خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕدا، و باوەڕی وابوو کە ئازادی کۆمەڵگا بەبێ ئازادی ژن مەحاڵە.  

   

''زیندانی کرد بە هێمای بەرخۆدان '' 

لە ماوەی خەباتیدا، ساکینە جانسز چەندین جار دەستگیر کرا و ساڵانێک لە زیندانەکانی تورکیا بەسەربرد، بەڵام هەرگیز لە باوەڕ و ئامانجەکانی وەک نەهێنا. لە زینداندا بووە هێمای بەرخۆدان، بەرگری و ئەرکی ژنان لە بەرەوپێشبردنی خەبات.  

لە دوای کودەتا سەربازیەکەی تورکیا لە ١٣-٠٣-١٩٧١ دەچێتە ڕیزی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ، پاشان لەناو ڕیزی شۆڕشگێڕانی کورددا دەمێنێتەوە.  

 

ساکینە جانسز لەو کاتەدا لەناو گرووپی ئاپۆچیاندا درێژە بە خەبات دەدات کە لە شۆڕشگێڕانی کوردستانی و تورک پێکهاتبوون و لە لایەن ڕێبەری  پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە سەرۆکایەتی دەکرا  

   

پاشان لە شاری ئەلعەزیز لە دژی چەتەکانی ئەو شارە چالاکانە تێدەکۆشێت، لەوێ لە گەڕەکەکانی "فەوزی چاکماک، یڵماز باغڵەر" کە زۆربەی کوردی عەلەوین خەبات دەکات و گرنگی نەتەوەیی کورد بەبنەما دەگرێت و ڕۆڵێکی چالاکانەی دەبێت لەرێکخستن کردنی لاوانی کورددا.  

  

ساکینە جانسز لە ساڵی ١٩٧٨دا خەباتی ڕێکخستنی گەنجان بەڕێوەدەبات. لە شاری دێرسیم و دەوروبەری بەشداری خەباتی ڕێکخستن دەکات. هاوکات لە دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دا وەکوو شۆڕشگێڕێکی ئاکتیڤ و پڕۆفسیۆناڵ ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێت.  

  

ژنە شۆڕشگێڕی کورد ساکینە جانسیز لە ٢٧_١١_١٩٧٨ دا بەشداری یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی پاری کرێکارانی کوردستان PKK دەبێتو لە ساڵی ١٩٧٩ دا لە شاری ئەلعەزیز دەچێت ڕیزی هەڤاڵەکانییەوە.  

لە کودەتای١٢_٠٩_١٩٨٠ دا لە زیندانی ئامەد لە دژی هەموو ئەشکەنجە و فشارەکانی ناو زیندان سازش لە ناسنامەی ئاپۆچێتیو PKK بوونی خۆی ناکات. لە بەندیخانەکانی ئەلعەزیز، ماڵاتیا، ئامەد، بورسا، چەناککه، ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و لە ساڵی ١٩٩١دا دا لە زیندان ئازاد دەکرێت.  

  

''لە چیاکان بەردەوامی بە خەباتدا '' 

پاش ئەوە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری ڕیزی تێکۆشەرانی کورد دەبێت. دەچێتە ئەکادیمای مەعسوم کۆرکماز و پەروەردەی ئایدۆلۆژی و سەربازی دەبینێت کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پەکەکەوە سەرپەرشتی دەکرێت. هەر لەوێ بەشداری یەکەمین کۆنفرانسی زیندانیانی سیاسی دەبێت. ماوەیەک لە فەڵەستین، سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەمێنێتەوە. پاشان دەچێتە چیاکانی کوردستان و بەشداری تێکۆشینی گەریلایەتی دەبێت و لە کۆنگرە و کۆنفرانسی تەڤگەری گەنجان و پەکەکەدا بەشدار دەبێت  و دواتر دەچێتە ئەوروپا و کار و خەباتی ڕێکخستنی لە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوە دەبات.  

  

ساکینە جانسز لەگەڵ دوو هەڤاڵیدا بەناوەکانی "فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز" لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣لە پاریس لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا شەهیدکران لە ساڵی ،لە ڕووداوێکدا کە تا ئێستا وەک تاوانێکی سیاسی ناسراوە. شەهید بوونی بوو بە تاوانێک دژی مرۆڤایەتی و لە یادەوەری گەلی کورددا وەک هێمای قوربانی‌دان بۆ ئازادی ماوەتەوە.  

   

ساکینە جانسز ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە بە پارتبوونی ژنان، ڕێکخستن و ئەکادیمیای تایبەت بە ژنان دادەمەزرێنێت لەسەر بنەمای زانستی ژن ‘ژنۆلۆژی’، لەوێشەوە بنەڕەتی یەکینە و هێزی سەربازی ژنان پێشدەخات، تا ئەمڕۆ وەک سمبولێکی خەبات، بەرخۆدان و شجاعەتی ژنان ناسراوە و ناوی لە مێژووی خەباتی ژنانی کورددا درەوشاوەیە.