لە تەمووزدا ٩ ژن بە ڕووداوی جیاواز کۆتایی بە ژیانیان هاتووە

ئەقڵیەتی پیاوسالاری لەگەڵ بوونی چەندین ڕێکخراوی ژنان و چالاکی جۆراو جۆر هێشتا بەرجەستە دەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان.

سلێمانی

 

گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان بووەتە هەواڵی ڕۆژانە و بکوژانی ژن زۆربەی کات بە جۆرێک کردارەکە ئەنجام دەدەن کە گوومانای دەرکەوێت، ئەمەش بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان و دەرچوون لە سزا سوودی بۆیان دەبێت.

 

ڕووداوەکانی گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان لە زیادبووندایە و کەوتنە خوارەوە لە شوێنە بەرزەکانەوە گومانی زیاتری دروست کردووە، جگە لەوەش لە ئێستادا شێوازی نوێ بۆ کوشتن و توندوتیژی ژنان بەکاردەهێندرێت و بە جۆرێک بڵاوی دەکەنەوە کە کێشەی کۆمەڵایەتییە، بەڵام سەرجەمیان هۆکارێکی لە پشتەوەیە و خێزان و کۆمەڵگە بە بیانووی جیاوازی وەک شەرەف، کێشەی کۆمەڵایەتی، تێکچوونی باری دەروونی و چەندین بیانووی دیکە دەیشارنەوە، کە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ یەک هۆکار، ئەویش ئەقڵیەتی پیاوسالاری و قۆرخکارییە، کە خۆی لەسەر بناغەی ژن دەهێڵێتەوە و ژنان دەکاتە ئامانج.

 

ڕووداوەکانی تەمووز بەم شێووەیە بوون:

هەولێر

٤ی تەمووز تەرمی ژنێک بەناوی "قەدەم خێر عەزیز" لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر دۆزراوەتە و پاش ٦ ڕۆژ بکوژەکەی دەستگیر کراوە.

 

هەولێر

لە بەرواری ١٠ی تەمووز، لە شاری هەولێر ژنێک بە گوماناوی لە نهۆمی پێنجەمی باڵەخانەیەک کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.

ژنەکە ناوی ڤیان جاف، لە نهۆمی پێنجی "بانک سیتی" لە هەولێر، بە گوماناوی کەوتوەتەخوارەوە و بەهۆیەوە ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست داوە.

 

کەلار

شەوی ١٥ی تەمووز، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵان بە ناوی 'هـ.ئ.م'ە دانیشتوی گەڕەکی شەهیدان و خوێندکاری ئامادەیی بووە، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاویەکەوە لە دوای ئەنجامدانی چارەسەری سەرەتایی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار ڕەوانەی شاری سلێمانی کراوە.

 

بەڵام بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاویەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، بەپێی سەرچاوەیەکی نادیار، ئاماژەی بەوەکردووە خێزانەکەی وتوویانە خۆی سووتاندووە.

 

ڕاپەڕین

لە بەرواری ٢٠ی تەمووزدا ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٣ ساڵ لە ڕانیە بە گوماناوی گیانی لەدەستداوە، بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، ژنەکە ناوی (لا، هـ، ع) لە دایکبووی ساڵی ۲۰۰۱ە

 ئاماژە بەوەشکراوە، بە وتەی کەسوکاری ئەو ژنە گەنجە باری دەروونی تەواو نەبووە و بە تەنیا ڕۆیشتووە بۆ نزیک گوندی قوڕەگۆ، لەوێش خۆی خستۆتە ناوی پاشاوی قوڕەگۆو بەو هۆیەوە خنکاوە.

 

هەڵەبجە

٢٠ی تەمووز لە گەڕەکی فەرمانبەرانی پارێزگای هەڵەبجە، ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ بەناوی "چ. س. ک"، کە ژنی ماڵەوە بووە، بە گوماناوی سووتا و بەهۆی بەرزی ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی سلێمانی کراوە و دواتر گیانی لەدەستدا.

 

هەولێر  

لە ٢٢ی تەمووزدا، لە یەکێک لە کۆمەڵگەکانی نێشتەجێبوون لە شارەدێی کەسنەزان کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکیی کۆیە – هەولێر، ژنێک و منداڵێک لە نهۆمی هەشتەمی باڵەخانەیەکەوە کەوتنە خوارەوەو گیانیان لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان ژنەکە عەرەبە و منداڵەکە هی خۆی بووە.

 

کەلار

ئێوارەی ٢٣ی تەمووز بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ژنێک بەهۆی خنکانەوە گیانی لەدەستداوە گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانە، ژنەکە ناوی ژ.م.م، تەمەنی ٢٣ ساڵ بووە و دەڵێن کردەوەکە خۆ کووژی بووە.

 

دهۆک

شەوی ٢٣ی تەمووز، بەپێی زانیارییەکانی وتەبێژی پۆلیسی دهۆک، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە له سنووری پارێزگای دهۆک، ژنێک بە ناوی "ج.ج.م." لە شارۆچکەی سێمێل کوژرا، دوای ڕووداوەکە هێزەكانی پۆلیسی مسێریک و سێمێڵ گەیشتنه شوێنەکە و بكوژەکەیان دەستگیر كرد.

 

ئاکرێ

لە ٣١ی تەمووزدا، پۆلیسی ئاکرێ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە سەنتەری قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی برایەک خوشکەکەی خۆی خنکاندووە، لەدوای ڕوداوەکە براکەیان دەستگیرکردووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

ژنەکە ناوی (پ،ت،ع)، تەمەنی ٣٨ ساڵە بووە، هەروەها بکوژەکە ناوی (ج،ت،ع) تەمەنی ٣٥ ساڵە.