پانۆڕاما، دەستکەوتەکانی ژنان لە ساڵی ٢٠٢١دا
کار و چالاکییەکان و هەڵوێستەکانی ژنانی باشوری کوردستان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی ئابووری و بوارە جیاوازەکان، دەستکەوتێکی گرنگ بوو بۆ ژنان، یەکێک لەوانە تێپەڕاندنی سیستمی کۆتا بوو بۆ چوونە پەرلەمانی عێراق.
لاڤین مەحمود
ناوەندی هەواڵ- لەم بەشەی پانۆڕامادا ئەو دەستکەتانەی ژنان دەهێنینەوە یاد کە لە ماوەی ساڵێکدا توانیویانە بەدەستی بهێنن.
-لە دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، "د.مونا یوحەنا یاقوب" بە دەنگی ٧١ پەرلەمانتار بووە سەرۆکی نوێی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان.
-بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگی ژنان و هەڵوێستە کردن لەسەر بابەتە گرنگەکانی پەیوەست بە ژنانەوە، هاوپەیمانی ژنانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر ڕاگەیەندرا، هاوپەیمانییەکە لە ژنانی چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی ژنان تێیدا بەشدارن.
-کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری یەکێک بوو لەو کەمپینە چالاکانەی چەندین چالاکی جۆراوجۆری تایبەت بە پرسەکانی ژنان ئەنجامدا، کەمپەینەکە کار دەکات لەسەر توندوتیژی و داگیرکاری لەسەر هەرێمی کوردستان، یەکێک لە چالاکییەکان کۆکردنەوەی ٢٤٥ واژۆ بوو دژی بازرگانیکردن بە ژنان لە فیلم و ریکلام و راگەیاندنەکاندا بەئامانجی ئەوەی سنورێک بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە مامەڵە بە ژنان دەکەن، بۆ ئەوەش داواکانیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.
-تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕێگەبگیرێت لەو کارە نەشیاو و سوکایەتیکردنەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، جگە لەمانە چەندین سیمینار و کۆبونەوە و هۆشیاری بەرامبەر توندوتیژیەکانی دەکرێتە سەر ژنان و هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی و دۆخی ژنانی شەڵتەرەکان لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بەڕێوەچووە.
-ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-رژاک لە بناری قەندیل و شاری سلێمانیش یادی ٢٥ ساڵەی چالاکییە گیانبازییەکەی زەینەب کەناجی، ناسراو بە زیلانیان کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا ئەوبەرخۆدانەی شەهید زیلان ئەنجامیدا بووە سیمبولی ئازادی و ئاشتی و بەدەستهێنانی ئیرادەی تەواو بۆ لەناوبردنی دوژمنان.
-ناوەندی ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢١دا چەند کۆرسێکی پەروەردەیی بۆ ژنان کردەوە، ئەمەش هەنگاوێکی نوێی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بایەخدان بوو بە هۆشیاری ژنان و تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای ژنان لە کوردستان، هەروەها پڕۆژەی ژنۆلۆژی بۆ کردنەوەی پەرتوکخانەیەک تایبەت بە ژنان لە دواکاتەکانی تەواوبوونیدایە و بڕیارە ئەو پەرتوکخانەیە ببێتە ماڵی نوسینەکانی ژنان.
هەرلەمساڵدا بەرهەمێکی نوێی پەرتوکی ناوەندی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بەناوی "سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنە" کە پەرتوکێکی فیکرییە و کۆکراوەی بەرهەمی کۆمەڵێک نووسەری ژنە، باس لە ژنان لە سەردەمی نوێ و تێگەیشتن لە واتای نوێی ئازادی و پێویستی ئەم سەدەیە بە بەشداری ژنان دەکات، بڵاوکرایەوە.
-لە ڕۆژانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو، لەوانە بە دروشمی "کات کاتی پاراستنی ژنی ئازاد و کۆمەڵگەی ئازادە"بە بەشداری هونەرمەندان و رۆشنبیرو چالاکوانان و هاولاتیان و بە پێشەنگایەتی ڕژاک ئاهەنگ سازکرا، هەروەها لە گردبوونەوەیەکدا ژنان داوایان کرد کە دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری بوەستنەوە و هەموو ڕۆژێکیان بکەنە ٨ی ئادار.
-لەناو قەیرانی ئابوری سیاسی و فکری ئازاد و دیموکراسی و نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، مەشخەڵی شۆرشێک هەڵگیرسا ئەویش لەلایەن خوێندکارانی زانکۆ وپ ەیمانگکانی هەرێمی کوردستان بوو کە بۆ داواکردنی مافەکانیان ڕژانە سەرشەقامەکان و ژنانی گەنج پێشەنگایەتییان دەکرد، هێزە ئەمنییەکان بە ڕوویاندا وەستانەوە و بەشێکیان دەستبەسەر کران و بریندار بوون، لە گردبوونەوەکانیان بەردەوام بوون تا داواکانیان جێبەجێ بکرێت.
-لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربووەنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ بوونی بارودۆخی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی ژنان لە تێکۆشانیان بۆ ئازادی و ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی کۆڵیان نەدا، چەندین هەڵمەت و چالاکی بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنان بەرامبەر توندوتیژیەکان ئەنجامدرا.
لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕۆژانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ ژن گیانیان لەدەستدا، کە دووانیان خۆیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا، یەکێکی دیکەش لەلایەن هاوژینکەیەوە بە فیشەک کوژرا.
ت.پ