مێژووی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ژنان لە باشوری کوردستان - بەشی یەکەم

لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی تا ساڵی ١٨٩٨ ڕۆژنامەی کوردی بوونی نەبوو، ڕۆژنامەی کوردستان وەک یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ لە قاهیرە یەکەم ژمارەی لێدەرچوو، هەستی نیشتیمانپەروەری لە بابەتەکانی ئەو ڕۆژنامەیەدا باڵادەست بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لە نێوان ڕۆژنامەکانی جیهاندا، ڕۆژنامەی کوردی یەکێکە لەو ڕۆژنامانەی کە درەنگ کەوتوون لە دروست بوونیاندا، بەڵام سەرەڕای ئەو دواکەوتنە لە یەک قۆناغدا چەندین بڵاوکراوەی ڕۆژنامەوانی دەرکراون. ڕۆژنامەی کوردستان بە دەستپێکی ڕۆژنامەوانی کوردی دادەندرێت، بەڵام لەم ڕۆژنامەیەدا هیچ بەشێکی تێدا نابیندرێت کە مۆرکی ژنی پێوەبێت و تایبەت بێت بە ژنان، لەو سەردەمەدا بە هۆی ئەو بارودۆخە سیاسییەی کوردی تێدا بوو ژنان نەیانتوانیوە کێشە وگرفتەکانی خۆیان لەسەر پەڕەی ڕۆژنامەکان بنوسن.

 یەکەمین وتار سەبارەت بە ژنانی کورد بە واژووی ئەرغەنلی ی.ن لەسەر پەڕەی ژمارە ٤ ی گۆڤاری رۆژی کورد بڵاوکرایەوە، لە ساڵی ١٩١٩ـشدا یەکەمین رێکخراوی ئافرەتانی کورد دروستکرا، ئەو ڕێکخراوە چەند ناوێکی تری هەبوو وەک کۆمەڵەی بەرزی ئافرەتانی کورد و کۆمەڵەی پێشکەتنا پیرەکێن کورد.

 

گۆڤار و ڕۆژنامەکان لە بەرژەوەندی پارتەکان بەڕیوە دەبرێن

بەشێک لە رێکخراوەکانی ژنان کار و چالاکییەکانیان لە لایەن پارتە سیاسییەکانەوە بڕیاری لێدەدرێت، ئەو گۆڤار و رۆژنامانەی تایبەتن بەو ڕێکخراوانەش بە هەمان شێوەی کار و چالاکییەکانیان لە بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەکاندا هەڵدەسوڕێن، لە ناو ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی باشوری کوردستانیش دەتوانین بڵێین هەر یەکەیان سەر بە لایەنێکی سیاسی جیاوازن و لەسەر پەرەنسیپی کارکردنی ئەوان کاردەکەن.

مامۆستا و خوێندکاری دکتۆرا ڕۆزە حەمە وەیس ، لە توێژینەوەیەکیدا بە ناوی بونیاد و رێکخستنی بابەت لە ڕۆژنامەی ژناندا، باس لەوە دەکات ڕۆژنامە وانانی ژن بە گشتی دوو ئاڕاستەی سەرەکی لە کاریاندا دەبیندرێت، یەکەمیان ئاراستەی ڕۆژنامە وانی ژنانی عەلمانی و دووەمیان ڕۆژنامە وانی ژنانی ئیسلامیە، ئەوان بەو شێوەیە ناسێنراون، ڕۆژنامە وانی ژنانی ئیسلامی ئەو ڕۆژنامە وانیەیە کە کێشەکانی ژنان و خێزان و کاریگەریەکانی، لە ڕوانگەی دیدێکی ئیسلامی و سەرچاوەیەکی ئیسلامیەوە دەخەنە ڕوو، دوور لەو ڕازاندنەوە ڕووکەشییە، کە هەندێک لە ڕۆژنامە وانانی ژن پێ هەڵدەستن کە دەتوانین ناویان بنێین بازرگانی، ئەمەش جیایان دەکاتەوە لە ڕۆژنامە وانانی علمانی لە ڕووی شێوازی کار کردنیان.

ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی باشوری کوردستان

 

گۆڤار و ڕۆژنامەکانی تایبەت بە ژنان سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان

بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتی ژنانی کوردستان سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە رێکخراوەکەی خۆیان و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی تایبەت بە ژنان بۆ ژنها دوا و دەڵێت: "لە ڕوانگەی ئەوەی کە یەکیتی ژنانی کوردستان ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری بە ھۆکارێکی گرنگ دەزانی بۆ گەیاندنی پەیامەکەی بۆیە ھەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بایەخی زۆری داوە بەو بوارە".

گۆڤاری تەوار، یەکەم بڵاوکراوەی یەکێتی ژنانی کوردستانە، کە گۆڤارێکی وەرزی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییە لە کاتی شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا لە شاخ دەرچووە، یەکەم ژمارەی لە ٨ی ئاداری١٩٩٠ دەرچوو و تا ئێستا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی و ٧٢ ژمارەی لێدەرچووە

دووەم بڵاوکراوەی یەکێتی ژنان ڕۆژنامەی دەنگی ژنان‌ە، لقی سلێمانی یەکێتی ژنانی کوردستان ئامادەیکردووە و بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری ژنان بوو، لە ٨ی ئاداری ١٩٩٦ یەکەم ژمارەی دەرچووە ٣ ساڵ بەردەوام بوو، ئەم گۆڤارە ٧٠ ژمارەی لێدەرچوو.

ڕۆژنامەی ژیانەوە بە سێیەم بڵاوکراوەی یەکێتی ژنان دادەنرێت، کە بڵاوکراوەیەکی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی تایبەتە، یەکەم ژمارەی لە ساڵی ١٩٩٧ دەرچوو، و ھەتا ئێستا بەردەوامە ٨٢٨ ژمارەی لێدەرچووە.

 جگە لەمانە یەکێتی ژنانی کوردستان ژمارەیەکی زۆر چاپەمەنی بڵاو کردووەتەوە لە کتێب، توێژینەوە، چیرۆک، ڕۆمان و شیعر، کە ھەمووی بەرھەمی ژنان بووە یان تایبەت بووە بە بابەتەکانی پەیوەست بە ژنانەوە.

لە ناو بڵاوکراوە و ڕیکخراوەکانی ژنانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرنوسەر و بڕیاردەری سەرجەم کارەکانی ڕاگەیاندن لە یەکیتی ژنانی کوردستان ژن پێی ھەڵدەستێت و بەرھەمی ژنانە.

 

گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ژنانی یەکگرتووی ئیسلامی

یەکگرتووی ئیسلامی تەنها گۆڤاری ئایندەسازی‌یان هەبووە کە تایبەت بێت بە ژنان، ئەندامی رێکخراوی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان بەڕێز شۆخان بۆ ژنها دەڵێت: "ئەم گۆڤارە لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٩٧ ژمارەی سفری دەرچووە، کەوسەر سنجاوی سەرنووسەری گۆڤارەکە بووە و خاتوو بەیان خاوەنی ئیمتیاز بووە".

ئەو ژنانەی کاریان لە گۆڤاری ئایندەسازیدا کوردووە بریتین لە هەڵالە محەمەد، ئەڵماس، لاولاو حسێن، خەرامان محەمەد، بێخاڵ ئەبوو بەکر، د.کوردستان، بەیان نوری، ئەم گۆڤارە لە سەرەتادا مانگانە دەردەچوو لە دوای دا کرا بە گۆڤارێکی وەرزی، لەو کاتەی گۆڤارەکە مانگانە دەردەچوو بابەتەکانی هەمەڕەنگ بوون، گرنگی بە بابەتی کۆمەڵایەتی، هونەری، سیاسی، ئابووری و ژنان بە تایبەت داوە.

لە ئێستادا گۆڤاری ئایندەسازی بە شێوەیەکی وەرزی دەردەچێت، هەرجارێک دۆسیەیەکی تایبەتی تێدا بڵاو دەکرێتەوە.

 

گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ژنانی کۆمەڵی ئیسلامی

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئەندامی رێکخراوی خوشکانی ئیسلامی بەڕێز نەجیبە وەرگیراوە، کۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی دوو گۆڤاری تایبەت بە ژنانە، یەکەمیان گۆڤاری پەیامی خوشکانی ئیسلامە، کە سەر نووسەری ئەم گۆڤارە ئامینە سدیق عبدول عزیز و خاوەن ئیمتیاز سعاد عوسمان بووە، ئەم گۆڤارە ٢١ ژمارەی لێ دەرچوو تا ساڵی ١٩٩٩ بەردەوام بوو.

گۆڤاری پەیامی خوشکانی ئیسلامی نزیکەی ٦ بۆ ٧ ژن کاریان تێدا کردووە، بە شێوەیەکی بەردەوام بابەتی تێدا دەنوسرا و ژنان سەرپەرشتیاری گۆڤارەکەیان کردووە، گۆڤارەکە سەرەتا مانگانە دەردەچوو لە دوایدا کرا بە شێوەی وەرزی، هەروەها ئامینە سدیق، نەرمین مستەفا جێگری سەر نوسەری گۆڤارەکە بوون لە ساڵی ٢٠٠٠ لە بڵاوکراوەکانی وەستا، پاشان دەستی بە کارکردەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ دووبارە دەستی بە کارکردەوە و ٧ ژمارەی لێدەرچوو.

لە گۆڤاری پەیامی خوشکاندا بابەتەکانی ژنان، خێزان، منداڵان، کۆمەڵایەتیش کاریان لەسەر دەکرا، هەتا کۆتایی تەمەنی گۆڤارەکە ٢٨ ژمارەی لێدەرچووە.

دووەم گۆڤاری ژنانی کۆمەڵی ئیسلامی گۆڤاری سایە بوو، لە ساڵی ٢٠٠٧ یەکەمین ژمارەی لێدەرچوو تا ساڵی ٢٠١٤ بەردەوامی هەبوو، لەو ماوەیەدا ٢٢ ژمارەی لێدەرچوو، سەرەتا سعاد عبدلقادر سەرنوسەری گۆڤارەکە بوو، دواتر سەرگوڵ قەرەداغی بووە سەرنوسەری گۆڤارەکە، دەستەی نوسەرانی گۆڤارەکە بریتی بوون لە نەرمین مستەفا، نەجیبە لەتیف، شنۆ عبدللە، فیردەوس قەیوانی و پەیام مەحموود، ئەم ژنانە بە بەردەوامی بابەتیان نوسیوە، هەروەها چەند ژن هە بوون بە بەردەوامی بابەتەکانیان دەربارەی ژنان لەم گۆڤارەدا بڵاوکراوەتەوە، ئەوانیش شکوریە ساڵح، دانێر قەرەداغی، پەروین غەفور، گوڵاڵە حەمەعلی بوون.

 

لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەدا کۆمەڵێک لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی تایبەت بە ژنان خرایە ڕوو، ئەم ڕاپۆرتە درێژەی دەبێت و لە بەشی دووەمدا کۆمەڵێکی دیکە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ژنان لە باشوری کوردستان دەخەینە ڕوو.

 

ت.پ