میسر... ژنان و قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا
لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا کە دەسەڵات لەگەڵ کولتووردا تێکەڵ بووە، و زاڵبوون لەگەڵ پرۆسەی کۆمەڵایەتیکردندا، چەندین جۆری توندوتیژی دژی ژنان لە میسردا سەرهەڵدەدەن.
ئەسما فەتحی
میسر- ژنان لە میسر لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی ئاڵۆزی توندوتیژیدان، بەمەش ململانێی بەردەوامی نێوان دەسەڵات و بەرخۆدان بەسەر جەستەی ژناندا دیار و ڕوون دەبێتەوە. جەخت لەوە دەکەنەوە کە دادپەروەری تەنیا بە یاساکان ناپێورێت، بەڵکو بە توانای ژنان بۆ وەرگرتنەوەی سەروەری بەسەر ژیانی خۆیاندا دەپێورێت.
توندوتیژی دژی ژنان لە میسر تەنیا زنجیرەیەک کردەوەی تاکەکەسی نییە؛ سیستمێکە کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەیە و بووەتە بەشێک لە کولتوری باو. لە توندوتیژی خێزانییەوە بۆ جیاکاری یاسایی، لە گوتاری میدیاییەوە بۆ سیاسەتی گشتی، فۆرمێکی فرە چینەیی هەژموون بەردەوامە لە سنووردارکردنی ئازادی ژنان و بەردەوامکردنی پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەماندا بەدواداچوون بۆ دەرکەوتەکانی توندوتیژی لە میسر دەکەین و ڕەهەندە پێکهاتەییەکانی شی دەکەینەوە و پرسیاری بنەڕەتی سەبارەت بە دادپەروەری و بەهێزکردنی ژنان دەوروژێنین.
ڕاستی توندوتیژی ئەمڕۆ گۆڕاوە. توندوتیژی دژ بە ژنان چیتر وەک کێشەیەکی تاکەکەسی یان لادانێکی ڕەفتاری سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک ئامرازێک دەبینرێت کە پێکهاتەی دەسەڵاتی پیاوسالاری کە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دامەزرا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو لایەنەکانی ژیان و ڕاگرتنی بزووتنەوەکانی ژنان لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵدا.
سەرەڕای بوونی بزووتنەوەیەکی ناوخۆیی دژی توندوتیژی، نزیکەی 31٣١٪ی ئەو ژنانەی هاوسەرگیریان کردووە یان پێشتر هاوسەرگیریان کردووە و تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٤٩ ساڵدایە، تووشی توندوتیژی جەستەیی یان دەروونی بوون. ئەم ڕاستییە بۆ ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە پرسی ژنانەوە هەیە و لێکۆڵەرانی ئەم بوارە گرنگییەکی سەرەکی هەیە، چونکە تیشک دەخاتە سەر پێویستی تێگەیشتن لە واقیعی توندوتیژی و ئاڵۆزییەکانی و پەیوەندییەکانی بەیەکەوە. چونکە ئەم دیاردەیە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ژیانی ژنان و ڕێبازە پیشەیی و خێزانییەکانیان هەیە و تەنانەت مەودای ئامادەبوونیان لە کایەی گشتی و بەشداریکردنیان لە ئاستە جیاوازەکاندا دیاری دەکات.
پێکهاتەی توندوتیژی لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا
توندوتیژی دژی ژنان لە میسردا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چەمکی دەسەڵاتەوە؛ تەنیا پەیوەندی نێوان دوو تاک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی تۆڕێکی دامەزراوەیی و کولتوورییە کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی داکوتاوە. دەوڵەتی میسر زۆرجار پشتیوانی خۆی بۆ ژنان ڕادەگەیەنێت و تەنانەت گوتارێکی سیاسی بە وردی داڕێژراویش دەگرێتەبەر و بانگەشەی ئەوە دەکات کە دیموکراسیترینە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی ژنان لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەڵام چەندین ڕاپۆرت و شیکاری نەبوونی بناغەیەکی یاسایی و دەستووری بەهێز پشتڕاست دەکەنەوە کە بە شێوەیەکی کاریگەر پشتگیری لە ژنان لە میسر بکات. سەرەڕای گۆڕانکاری لە حکومەتدا، هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستەمەکەدا ڕووینەداوە و هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژناندا بەدی نەهاتووە. ئەمڕۆ تەنانەت پێناسەی توندوتیژی دژی ژنانیش گۆڕاوە، ئەم واقیعە ئاڵۆزەی بۆ ناونانی "ناکۆکییەکانی خێزان" کورتکردووەتەوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ سادەکردنەوەی و دابڕانی لە چوارچێوەی پێکهاتەیی و سیاسی خۆی.
توندوتیژی لە میسر
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی دامەزراوەی ئێدراک بۆ گەشەپێدان و یەکسانی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥دادا، ٤٩٥ تاوانی توندوتیژی لە میسر تۆمارکراوە. زۆرینەی ڕەهای ئەم کەیسانە بە تاوانی تاوانکاری قورس پۆلێن کرابوون، بە لەبەرچاوگرتنی توندی سزا یاساییەکانی پەیوەست بەو کەیسانەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کوشتنی ژنان و کچان باوترین جۆری توندوتیژییە؛ ١٥٦ کوشتنی ژنان بەڵگەدارکراون، کە نزیکەی ١٢٠یان لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە بووە. زۆرجار تاوانبار ئەو پیاوەیە کە ژنەکە لەگەڵیدا دەژی یان پێشتر پەیوەندیی لەگەڵدا هەبووە. لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم تاوانانە، ناکۆکی بنەماڵەیی و بارودۆخی ئابووری و نەبوونی سیستمێکی دیموکراسی کە ئیلهامبەخش بێت بۆ هیوا و متمانە بە کۆمەڵگە.
سەبارەت بە دابەشبوونی جوگرافیای ئەم تاوانانە، بە تایبەتی لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی وەک قاهیرە، جیزە و قەلووبیا چڕبوونەتەوە، کە ٤٨ حاڵەتی کوشتنی ژن تێیدا تۆمارکراوە. دواتر پارێزگاکانی میسری سەرەوە بە ٢٩ حاڵەتی دەستدرێژی توندوتیژی، دواتر هەرێمی دێڵتا بە ٢٦ حاڵەت. هەروەها هێرشە توندوتیژەکان لە باکووری میسر و ناوچەی کەناڵی سوێس و پارێزگا سنوورییەکان تۆمارکراون.
ژمارە شۆککەرەکان و بانگەوازێک بۆ دەستێوەردانی بەپەلە
هەروەها کوشتنی ١٥ ژنی نەناسراو بەڵگەدار کراوە. پشکنینەکان نیشانەکانی ئەشکەنجەدان، چەقۆ لێدان، یان خنکاندن لەسەر جەستەیان دەرکەوت. بەڵام دەوڵەت بێتوانایی خۆی لە ناسینەوەی تاوانباران ڕاگەیاند. هەروەها پێشنیار کرا کە هەندێک حاڵەت پەیوەندییان بە پشتگوێخستن یان مردنەوە هەیە لە کاتی منداڵبووندا. ئەگەر ئەم ڕوونکردنەوە ڕاست بێت، کەموکورتییەکی جددی لە چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرا دەکات.
سەبارەت بە دەستدرێژی و دەستدرێژی سێکسی، ١٠ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە کە ٨ حاڵەتیان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست ڕوویداوە. سەرەڕای ئەوەش، ٦٢ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بەڵگەدار کراوە، کە لە دەستدرێژی سێکسییەوە دەست پێدەکات تا ئەشکەنجەدان، کە هەندێکیان بووەتە هۆی مردن. لە نێو قوربانییەکان ٩ کچ و ٩ کوڕ و ٥ منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت بوون. ئەم ژمارانە گوزارشت لە واقیعێکی کارەساتبار دەکەن و نیشان دەدەن کە لاوازترین گروپەکانی کۆمەڵگا، وەک منداڵان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بە تایبەتی دەکرێنە ئامانج، ئەمەش پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلە و هەمەلایەنە هەیە لەسەر هەردوو ئاستی یاسایی و کۆمەڵایەتی، خاڵێکی دیار لە ڕاپۆرتەکەدا تۆمارکردنی ١٤ کوشتنی ژنانی غەیرە میسرییە، ئەمەش ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی بە کێشەکە دەبەخشێت و تیشک دەخاتە سەر ناسکی پاراستنی یاسایی بۆ ژنانی بیانی لە میسر.
هەراسانکردنی سێکسی یەکێکە لە دیارترین جۆرەکانی توندوتیژی، کە ١٢٢ حاڵەت بەڵگەدار کراوە، کە زۆربەیان لە فەزای گشتی و تایبەت لە ناو پارێزگاکانی ناوەڕاستدا ڕوویانداوە. هەروەها توندوتیژی دیجیتاڵی و زەوتکردنی بە شێوەی ئۆنلاین وەک فۆرمێکی نوێی سووکایەتیکردن سەریهەڵداوە و ١٩ تاوانی ئەلیکترۆنی تۆمارکراوە، کە ١٣یان لە پارێزگاکانی ناوەڕاستدا ڕوویانداوە و پەیوەندییان بە پەیوەندی سێکسی یان هەوڵی زەوتکردنەوە هەبووە. ئەم واقیعە ئەوە نیشان دەدات کە فەزای دیجیتاڵی وردە وردە دەبێتە سەکۆیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی.
جگە لەوەش تۆمارە بەڵگەدارەکانی توندوتیژی لە میسر بریتین لە ١٣ هێرشی ترشەڵۆک دژی ژنان و کچان. ئەم هێرشانە بووە هۆی شێواندنی هەمیشەیی و لە هەندێک حاڵەتدا مردن. زۆرجار پاڵنەرەکانی پشت ئەم تاوانانە بریتی بوون لە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ لای هاوبەشێک یان بڕیاردان بۆ جیابوونەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قووڵایی ئەو قەیرانە دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگا دەبێتەوە.
بەپێی داتا و شیکارییەکان، ٪١٠.٥ی حاڵەتەکانی توندوتیژی ژنانی تەمەن ١٩ بۆ ٣٠ ساڵان دەکەنە ئامانج، ٥١٪ ئەوانەی تەمەنیان لە ١٢ بۆ ١٨ ساڵدایە، ٪٧.٩٢ کچانی تەمەن ٦ بۆ ١١ ساڵان دەکەنە ئامانج. لەبەرامبەردا هێشتا لە ٪١١.١٨ی حاڵەتەکاندا تاوانباران دەستنیشان نەکراون.
پێوەرە گشتیەکان ئاماژە بە زیادبوونی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و هەندێک منداڵیش لەنێو تاوانباراندا دەردەکەون. توندوتیژی خێزانی وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرێت. لاوازی پاراستنی یاسایی بۆ کچانی خوار تەمەنیش دیارە.
هۆکارە دەروونی و ئابوورییەکان لە دیارترین پاڵنەرەکانن بۆ توندوتیژی، بەتایبەتی لە کوشتنەکاندا. جگە لەوەش، پەیوەندی نێوان خۆکوشتن و توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی، بەرزبوونەوەی توندوتیژی ئەلیکترۆنی و زیادبوونی ئەو کوشتنانەی کە لە ژێر پەردەی "دیسیپلین" ئەنجام دەدرێن، هەموویان جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکەنەوە بۆ جێبەجێکردنی کاریگەرانەی یاساکانی پاراستنی ژنان.
زەبر و زەنگی دەروونی قووڵ کە دەتوانێت تەمەنێک بخایەنێت
لە کۆتاییدا کاریگەرییەکانی توندوتیژی تەنیا لە برینداربوونی جەستەیی سنووردار نییە؛ هەروەها دەبنە هۆی زەبر و زەنگی دەروونی قووڵ کە دەتوانێت تەمەنێک بخایەنێت. بۆیە پێشکەشکردنی پاڵپشتی و چارەسەری دەروونی گشتگیر بۆ ئەو ژنانەی کە لە توندوتیژی ڕزگاریان بووە، بۆ چاکبوونەوەیان و تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگا و دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانە بۆ هەمووان زۆر گرنگە.
بەپێی زانیارییەکانی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA)، نزیکەی ٧.٨ ملیۆن ژن لە میسر ساڵانە تووشی یەکێک یان چەند جۆرێک لە توندوتیژی جێندەری دەبن، جا لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، خێزانە نزیکەکانیانەوە، یان لە فەزای گشتیدا ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، توێژینەوەیەکی هاوبەشی ئەنجومەنی نیشتمانی ژنان لە میسر (NCW) و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) ئاشکرایکردووە کە ٪٤٨یان لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە تووشی توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، یان سێکسی بوون، هەروەها ٦١٪ی ژنانی خێزاندار تووشی توندوتیژی بوون لەسەر دەستی هاوسەرەکانیان.
ئەم ژمارانە ناتوانرێت بە تەنها ڕووداوی گۆشەگیر هەژمار بکرێن؛ بەڵکو نیشان دەدەن کە توندوتیژی تا چەند لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا چەسپاوە و بەستراوەتەوە بە سەرچاوەکانی دەسەڵاتەوە. توندوتیژی دژ بە ژنان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ڕەگەزە، کە هەستکردن بە دەسەڵات بەرهەم دەهێنێت کە چاوەڕوان دەکرێت ژنان گوێڕایەڵی بکەن و بێدەنگ بن و خۆیان بگونجێنن. ئەگەر ئەم ڕۆڵە ڕەت بکەنەوە، وەک شایستەی سزا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
فۆرمەکانی توندوتیژی و ڕەهەندە بەستراوەکانیان
توندوتیژی دژی ژنان لە میسر بە چەندین شێوە دەردەکەوێت، لە کایەی تایبەتەوە بۆ کایەی گشتی و لە کردەوەی تاکەکەسیەوە تا پراکتیکی دامەزراوەیی. ئەم واقیعە جەخت لەوە دەکاتەوە کە توندوتیژی تەنیا دەستدرێژی جەستەیی یان هەراسانکردن نییە، بەڵکو هێرشێکی کۆمەڵایەتی سیستماتیکە کە لە ڕووی پێکهاتەوە پەیوەستە بە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و کولتوورییەوە.
توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان و سنووردارکردنی خۆبەڕیوەبەرییان لە ڕێگەی تۆڕێکی بەرفراوانی پراکتیکەوە کە ئەم کۆنترۆڵە شەرعییەت پێدەدەن، چ لە ڕێگەی یاسا، میدیا، یان نۆرمەکانی کۆمەڵایەتییەوە بەکاردەهێنرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە توندوتیژی دژی ژنان ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کە بەردەوام خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، وابەستەیی و باڵادەستی لە ژێر پەردەی نەزمی گشتی یان پاراستنی خێزاندا چەسپاندووە.
توندوتیژی سیستمی: خوێنبەربوونی بەردەوام بەبێ لێپرسینەوە
توندوتیژی دامەزراوەیی لە ڕێگەی سیاسەت و میکانیزمێکەوە خۆی دەردەخات کە ژنان بەدەر دەکەن یان دەیانخەنە پۆستی وابەستەیی. بۆ نموونە دامەزراوە پەروەردەییەکان، لە ڕێگەی پرۆگرامەکانی خوێندن و گوتاری پەروەردەیی خۆیانەوە، بەردەوامن لە بەرهەمهێنانەوەی ڕۆڵی ڕەگەزی تەقلیدی. لە بەرامبەردا سیستەمی تەندروستی هەندێک جار بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوپەیمانی لەگەڵ پراکتیزە توندوتیژەکانی وەک خەتەنەکردنی مێینە (FGM) دەکات، یان لە ڕێگەی بێدەنگی یان پاساودانەوە، بەم شێوەیە دەبێتە هاوبەشێکی ناڕاستەوخۆ لە تاوانەکەدا.
هەرچەندە ئاماری ورد کەم نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی حەوت ملیۆن کچ لە میسر لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٣٠ لە مەترسیی خەتەنەکردندان. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی ئەم کارە تا ساڵی ٢٠٣٠، وەک لە ئامانجە جیهانییەکاندا هاتووە، دەبێت پانزە هێندە زیاد بکرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، لیژنەی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی خەتەنەکردنی مێینە، بە هاوکاری ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ منداڵی و دایکایەتی و ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ژنان، پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی خەتەنەکردنی حەوت کچ لە ئاسیوت، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە لە سۆهاگ، بە هەماهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتی لە ماوەی مانگی تەمموزی ٢٠٢٥دا، ڕاگەیاند.
ئەم ڕاستییە ئەوە دەردەخات کە توندوتیژی دژی ژنان تەنیا لە تاکەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو بەشێکە لە پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی کە پێویستی بە چاکسازی ڕیشەیی هەیە، چ یاسایی و چ کولتووری، بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی کاریگەر و هەمەلایەنە بۆ کچان و ژنان
بۆچی خێزان توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت؟
توندوتیژی خێزانی بەربڵاوترین جۆری توندوتیژییە لە میسردا، لەگەڵ ئەوەشدا کەمترین شێوەی توندوتیژییە کە لە ڕووی یاساییەوە دانپێدانراوە، یاساکانی میسر هێشتا ماددەیەکیان نییە کە بەڕوونی توندوتیژی خێزانی بە تاوان بزانێت، جگە لەوەش لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی ژنان و ڕێکخراوەکانی تری ژنان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە چارەکێک لە ژنانی خێزاندار لە ماوەی ژیانیاندا تووشی جۆرێک لە توندوتیژی خێزانی بوون، بەڵام زۆرجار کۆمەڵگە و دامەزراوەکان ئەم ڕاستیە پشتگوێ دەخەن و زۆرجار بە "بابەتی خێزانی تایبەت" دەزانن.
توندوتیژی ئابووری لە توندوتیژی جەستەیی کەمتر وێرانکەر نییە، بەو پێیەی ژنان لە گرنگترین ئامرازەکانی خۆڕاگریان بێبەش دەکات، ئەویش سەربەخۆیی ئابوورییە، لە ئەنجامدا وابەستەیی دەبێتە مەرجی مانەوە بۆ ژنان، کە لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی سەرچاوە ئابوورییەکان یان دوورخستنەوە لە بازاڕی کار تووشی ئەم جۆرە توندوتیژییە دەبن.
سەبارەت بە ژنانی کرێکار، لەگەڵ چوونە ناو کایەی گشتی، ڕووبەڕووی نایەکسانییەکی بەرچاوی مولوچە و دەرکردنی ئارەزوومەندانە و نەبوونی پاراستنی یاسایی لە کەرتی نافەرمیدا دەبنەوە.
یاساکانی میسر بە ئاشکرا دان بە تاوانی دەستدرێژی سێکسیدا نانێت، توندوتیژی یاسایی بە فێڵبازترین و لە هەمان کاتدا چەسپاوەترین جۆری توندوتیژی دادەنرێت، چونکە خودی دەقەکانی یاساکان دەگرێتەوە، بۆ نموونە یاساکانی میسر دان بە دەستدرێژی هاوسەرگیریدا نانێت و پیاوان دەسەڵاتی فراوانتریان پێدەدرێت لە بابەتی سەرپەرشتیکردن و جیابوونەوەدا، جگە لەوەش یاساکانی کار پارێزگارییەکی تەواو لە بەرامبەر هەراسانکردن یان هەڵاواردن لە شوێنی کاردا دابین ناکەن.
میدیا و کولتووری جەماوەری لە مەترسیدارترین گۆڕەپانەکانن کە گەل پیاوسالاری تێیدا بەرهەم دەهێنرێتەوە، زنجیرە تەلەفزیۆنی و فیلمەکان زۆرجار پاساو بۆ توندوتیژی دژی ژنان دەهێننەوە و گاڵتە بە قوربانیانی توندوتیژی ژنان دەکەن و وێنەی "ژنی پاکیزە" وەک نموونە دەخەنە ڕوو، بەم شێوەیە هێماکانی هەڵاواردنی ڕەگەزی وەک کولتوورێکی کۆمەڵایەتی چەسپاون.
لەم چوارچێوەیەدا نەریت و هەندێک لێکدانەوە ئایینی هاوبەش دەبن لە توندوتیژیدا، بەو پێیەی ژنان فێر دەکرێن کە ئارامی پاڵەوانێتیە و گوێڕایەڵی فەزیلەتێکە.
ململانێکان بەرەو کوێ دەڕوات؟
ململانێ تەنها پرسێکی یاسایی یان مافدار نییە، هەروەها کولتوورێکی قووڵە، ئەمڕۆ دەرکەوتنی توندوتیژی لە دەرەوەی پەیوەندییەکان نەماوە بەڵکو بە قووڵی لەناو پەیوەندییەکاندا چەسپاوە، لە زمان، پەروەردە، دامەزراوەکان و تەنانەت لە ناو ماڵەکانیشدا بە ڕوونی دیارە، بۆیە خۆڕاگری ژنان تەنها بەدواداچوون نییە بۆ دادپەروەری، بەڵکو خەباتە بۆ ئازادی جەستەیی و فیکری، و وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی خۆیان.
ناسنامەی ژن دەتوانێت لە ڕێگەی ئەم پێوەرانە واتای ڕاستەقینەی خۆی بەدەست بهێنێت: ئایا ژن دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات؟ ئایا ئەو ژنە مافی ئەوەی هەیە کە ئەو کارە بکات؟ ئایا دەتوانێت کار بکات؟ ئایا بەڕێوبەری بڕیاردانی هەیە؟ ئایا وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە ژیانی گشتیدا ڕێزی لێدەگیرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە نیشاندەری بنەڕەتی پێگەیشتنی کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنن.
ئەگەر ئەو دیوارانەی کە ژنان لە ناوەوە قەتیس دەکەن، وەک چەواشەکاری، بێدەنگی و ملکەچبوون، هەڵنەوەشێنرێنەوە، تەنها یاساکان بەس نابن، هەروەها قەیرانی پەتای کۆڤید-١٩ بە توندی ئەم ڕاستیەی ئاشکرا کرد، ئەو ژنانەی لە کەرتی نافەرمی کاردەکەن یان ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەم ماوەیەدا باجێکی ناڕێژەیییان داوە، ژنان وەک هەمیشە وەک ئەو گروپە دەمێننەوە کە قورسترین بارگرانیان لە قەیران و شەڕ و کارەسات و هەموو جۆرە ململانێیەکدا هەڵدەگرن.
توندوتیژی وەک پێکهاتە و میرات و پراکتیک
کۆمەڵناسەکان لە پیێر بۆردیۆوە تا جودیس باتلەر وتیان توندوتیژی نەک هەر جەستەییە بەڵکو هێمایشە، وەک میکانیزمێک کاردەکات کە پلەبەندی لەناو کۆمەڵگەدا بەهێز دەکات، لە نموونەی میسردا، کولتووری ئیسلامی سیاسی و ئابووریی پیاوسالاری دەگۆڕێت بۆ شێوازێکی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای توندوتیژی دامەزراوە، هەروەها توندوتیژی خێزانی بە تاوانێکی ڕاشکاوانە نازانرێت، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن گاڵتە بە قوربانییەکان دەکەن یان چەواشەکارییان بۆ دەکەن، هەندێکی تریش بەردەوامن لە پەرەپێدانی وتاری ئایینی کە یاسای بە توندوتیژی دەدات لە ژێر زاراوەی وەک "دیسیپلین" یان "پەروەردە"، هەموو ئەم پراکتیزانە قۆڵی جیاوازی هەمان سیستەمی باڵادەستی پێکدەهێنن.
لەسەر ئاستی دامەزراوەیی، زۆرێک لە ژنان لە شوێنی کار یان لە کاتی داوای دادپەروەریدا ڕووبەڕووی توندوتیژی بیرۆکراتی دەبنەوە، لە زۆرێک لە بنکەکانی پۆلیسدا، ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی خێزانی هێشتا بە گاڵتەجاڕی یان ڕەتکردنەوە بەرەوڕوو دەبنەوە، بە بیانووی "پاراستنی یەکێتی خێزان" یان "پێویستە پەروەردە لەناو خێزاندا ئەنجام بدرێت"، سەرەڕای دووبارەبوونەوەی هەموارکردنەوەی یاسایی، یاساکان تا ئێستاش بێ توانان لە پێدانی پاراستنی کاریگەر بە ژنان، چونکە لە هەندێک کەیسدا، کولتووری یاسایی خۆی سووتەمەنی جیاکارییە و توندوتیژی بەردەوام دەکات.
گۆرانییەک و پەندێک لە جیاکاری ڕەگەزی
هەروەها توندوتیژی دزەی کردۆتە ناو جیهانی هونەرەوە، کە بیرکردنەوەی پیاوسالاری لە ڕێگەی پەند و گێڕانەوە و گۆرانییەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە کە بەهێزیان دەکات، هەروەها دەستەواژەکانی وەک "شوێنی ژن لە ماڵەوەیە" یان "پیاو هەرگیز تاوانبار نییە" نەخشگەلێکن کە دۆخی نالەباری ژنان قووڵتر دەکەنەوە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یاسای بە توندوتیژی دەدەن، جیاوازی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕێگەی ئەم ئامرازانەوە کۆد دەکرێت، لەم بونیادنە کولتوورییەدا پیاوسالاری بەستراوەتەوە بە هێز و کۆنترۆڵکردنەوە، لە کاتێکدا ژنانی لەسەر بنەمای "ئارامی فەزیلەتێکە" پەروەردە دەکرێن، کە سووتەمەنی ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان دەدات و بەرگێکی ئەخلاقی بۆ زۆر کەس بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دابین دەکات، بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکرێت وەک ئەوەی تاوانبار بن لەو تاوانانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی کە ناوەندی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و تاوانناسی بڵاویکردۆتەوە، زیاتر لە نیوەی ئەو ژنانەی میسری کە تووشی توندوتیژی دەبن، ڕووداوەکە بۆ دەسەڵاتداران ناگێڕنەوە، لە هۆکارە دیارەکانی ئەمەش ترس لە شەرمەزاری، دڵەڕاوکێ لە لەدەستدانی منداڵەکانیان، یان لەدەستدانی هیوا بۆ گەیشتن بە دادپەروەری، بەم شێوەیە توندوتیژی لە ڕووی کولتوورییەوە دامەزراوەیی دەبێت و لە ڕێگەی زمان و شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ و ڕاگەیاندنەوە بەهێزتر دەبێت.
کاریگەرییەکی سنوورداری چالاکی ژنان
میسر هێشتا چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر و سیستماتیکی نییە، زۆرجار دامەزراوەکان وەک "پرسێکی کۆمەڵایەتی" مامەڵە لەگەڵ توندوتیژی دەکەن نەک وەک پرسێکی پێکهاتەیی دان بەو توندوتیژیەدا بنێن، بەلام پرسی ڕاستەقینە لە نەبوونی سەرچاوەی دەوڵەتدا نییە، بەڵکو لە بیرکردنەوەدایە کە توندوتیژی دژی ژنان تەنها وەک بابەتێکی ناوماڵ سەیر دەکات، چاوی لە یاسایدانەکەی لەناو خودی سیستەمەکەدا پەراوێز دەکات.
بەم شێوەیە توندوتیژی لە میسر بەرهەمی سیستەمێکی پیاوسالارییە کە لە ماڵەوە تا دەوڵەت درێژ دەبێتەوە، ئەم توندوتیژییە تەنها لە دەستدرێژی جەستەیی سنووردار نییە، بەڵکو دەگاتە ئاستی لەناوبردنی هێمای ژنان و لە ڕێگەی هونەر و سیاسەت و ئایین و ئابووری و ڕاگەیاندنەوە هەموو کایەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، لەم ڕوانگەیەوە، میسر جێگای گەرمی هەڵاواردنی ئایینی و ڕاگەزییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
خەباتی ژنان لە دژی ئەم سیستەمە هەبووە سنووردار و ناڕێکخراوە، بێتوانایی ژنان لە ڕێکخستنی خۆیان بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدارە لە بەردەوامبوونی کولتووری توندوتیژی،لەم چوارچێوەیەدا میسر ڕووبەڕووی دوو قەیرانی بنەڕەتی دەبێتەوە کە بریتین لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و لاوازی بزووتنەوەی ژنان ئەو شۆڕشە گەلییەی کە لە بەهاری عەرەبیەوە دەستی پێکرد، سەرکەوتوو نەبووە لە پاککردنەوەی میسر لە بیرکردنەوەی ژنکوژی، چونکە بەبێ دیموکراتیکی ناوخۆیی ڕاستەقینە، ناتوانرێت ناسنامەی ژنان بە تەواوی بەدی بهێنرێت، ئەمەش وا دەکات کە مەحاڵ بێت میسر لە قەیرانەکانی دەربچێت.